هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

برین و سارێژ

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

karim_parwizi_-_web_-_kp_-_2017١١ ساڵ پێش ، رێزی تێکۆشەرانی دێموکرات کەلێنێکی گەورەی تێکەوت و لقێکی ئەو رووبارە گەورە مێژوویەی دێموکرات، جیابووەوە. ئەو رووداوە تاڵە لە مێژوودا وەکوو رووداوێکی بەژان و برینێکی دیاری سەر جەستەی بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات ماوەتەوە و تێکۆشەرانی رێگای ئازادیی خاک و خەڵکی کوردستان، هەرگیز بە خۆشیەوە یادی ئەو رۆژە ناکەنەوە و تا ئەو برینە بە جەستەی بزووتنەوەوە بێ، ئازار و سوێی هەر جارە و بە شێوازێک خۆی دەر دەخاتەوە.

لێرەدا مەبەستم نیە کە بڕۆمە سەر هەڵذانەوەی توێژاڵی ئەو برینە قەتماخە بەستوووە کە جار جارێ ئاوە ئازاری لێ دەتکێتەوە، تەنیا لەم دەرەتانە کورتەدا دەمەوێ باس لە دوو تەوەری سەرەکیی ئەو برینە و برینهەڵگرتنە بکەم و بە پێی خوێندنەوە روانگەی خۆم، باس لە چۆنیەتیی سارێژکردنەوەی برینەکەش بکەم. بۆیەش دەڵێم لە روانگە و خوێندنەوەی خۆمەوە، چوونکە ئەمەی دەینووسم بریتی نیە لە سیاسەت و روانگەکانی حیزبی دێموکرات بۆ ئینشیعاب و لێکدابڕان و میکانیزمەکانی یەکریزکردنەوەی تێکۆشەرانی بڕوامەند بە خەباتی حیزبی دێموکرات، بەڵکوو لەم دەرەتانەدا دەمەوێ ئەوەی روانین و بۆچوونی شەخسیی خۆمە لە لاپەرەی فەیسبووکی شەخسیی خۆمەوە باسی بکەم و ئەو لاپەڕەیش هەرچەند زۆر شەخسی نیە و لە حیزبێکدا بوون و لە ئاستی بەرپرسیارەتییدا هەرچی بڵێی هەر خوێندنەوەی لەو بابەتەی بۆ دەکەن، بەڵام رای شەخسیی خۆمە!

سەبارەت بە برینی ئینشعاب و لێکدابڕان و تێکچوونی یەکریزیی نێو تێکۆشەرانی کورد لە هەموو بەشەکان و لە نێو هەموو حیزبەکانی کوردستاندا، قسە و باسی زۆر کراوە و رەنگە زۆر شتی نەگوتراوی دیکەش هەبێ کە لە هەنبانەی یادەوەریە مێژوویەکاندا هەڵگیرابن و بۆ کاتی دیکە وەدوا خرابن. سەبارەت بە هۆکار و رەگەکانی ئینشعاب لە حیزبی دێموکراتیشدا شتی وتراو زۆرە و شتی نەوتراویش رەنگە زۆرتر بێ، بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامانە هەوڵی حیزبی دێموکراتی کوردساتنی ئێران و لایەنی جیابووەوە، بۆ یەکگرتنەوە، روانین و سرنجەکانی لە هۆکارەکانی لێکدابڕان دوور خستۆتەوەو بەخۆشیەوە زۆربەی سرنج و بیروڕاکان بۆ چۆنیەتیی چارەسەرکردنی دەردەکەیە، و ئەمەش جێگای گەشبینیە.

بەڵام پیم وایە بەبێ ئەوەی لەم بڕگەیە لە مێژوودا پێویست بکا پەنجەی بەتاوانبار ناسین بۆ لای کەس درێژ بکەین، پێویستە کە هۆکارە سەرەکیەکانی دووپاتبوونەوەی برینی لێکدابڕان لە نێو حیزبی دێموکراتدا باس بکەین، بۆ ئەوەی کە بە ناسینی چاوگەی برینەکە، دەرمانەکەشی بۆ بدۆزینەوە چوونکە ناکرێ بەبێ ناسینی ڤایرۆسی نەخۆشیەکە دەرمانی بۆ دیاری بکەی. ئەوەش کە لێرەدا من دەیڵێم دووپاتی دەکەمەوە کە تەنیا روانگەی خۆمە و ئیدیعا ناکەم کە برین ناسێکی باش بم.

گرفتی کاری حیزبایەتی و رێکخستن و ئۆرگانیزاسیۆن لە نێو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە نیو کورددا هەڵدەگەڕێتەوە بۆ زۆر هۆکار، کە یەکێکیان ئەو دابەشکاریە بەربڵاوە کۆمەڵایەتیەیە کە بەتایبەت بە هۆکار مێژوویی و جوغرافیایەکانەوە، کۆمەڵگای کوردستان بە دەیان و بگرە سەدان ژێرگرووپی کۆمەڵایەتیەوە دابەش بووە. ئەم دابەشکاریە کاتێک دێتە دونیای سیاسەت و حیزبایەتیەوە و تێکەڵ بە میکانیزمەکانی بڕیاردان و بڕیار چەسپاندن دەبێ، دەبێتە هۆکاری دابەشکاریی سیاسیش و هەر بەم هۆیەوە دەبینی کە حیزبایەتی لە کوردستاندا زۆرتر باری پێگەی جوغرافیایی دەگرێتە خۆی تاوەکوو پێگەی کۆمەڵایەتی! بەو مانایە کە زۆربەی هەرە زۆری حیزبەکانی کوردستان لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا ناوچەی جوغرافیایی جێ نفووزی تایبەتیان هەیە و لە دەرەوەی ئەو ناوچەیەش پێگەیان لاوازە! بۆ ئەوەی زۆر لە باسەکە دوور نەکەوینەوە هەر ئەوەندە بڵێین کە لە نێو هەموو حیزبێکی سیاسیدا تاکەکان وردە وردە لەگەڵ راوبۆچوون و سەلیقەی جیاوز رادێن و سروشتی کاری رێکخستنی و حیزبی ئەوەیە کە گرووپەکان تێیدا وردە وردە شکڵ دەگرن و لە کوردستاندا زۆربەی جاران لەباتی ئەوەی گرووپەکانی نێو رێکخستن لە سەر ئەساسی روانینی سیاسی و جیاوازیی لێکدانەوەی سیاسی شکڵ بگرن، زۆرتر بنەما ئێحساسی و ناوچەیی و زاراوەیی و ... تەنانەت کەسایەتیە دیارە کۆمەڵایەتیەکان دەبنە هۆکارێک بۆ بەدەوریەکەوە کۆبوونەوەی نێو حێزبەکان.

 

pdki_pdk_-_2018_-_2


ئەم دیاردەیە لە بنەمادا دیاردەیەکی سروشتیە. بەو مانا کە تەنانەت لە نێو رێکخستنێکی ئاساییشدا، تاکەکانی نێو ئەو ریكخراوە، ویستی سروشتییان بەو لایەیاندا دەبا کە گرووپی جیا جیا پێک بێنن، ئێستە ئەگەر بەشێوەی فەرمیش نەبێ، لە کردەوەدا کەسانێک نزیکترن لەیەک تا کەسانی دیکە! و ئەمە سەرەتا گرووپبەندیە. بەڵام ئەو کاتە لە رەوتی سروشتی و ئۆرگانیک دەترازێ کە بنەمای دابەشکاریەکە، هەوڵ دەدرێ کە بنەمای جوغرافیایی و زاراوەیی و ... پێوانەی وەهای پێ بدرێ کە نەک بەقازانج نین، بەڵکوو دابەشکاریەکی ناتەندروست پێک دێننن کە دەرەتانی گۆڕانکاریی تێدا نادرێ. چوونکە گەر گرووپبەندی لە سەر ئەساسی خوێندنەوەی سیاسی بۆ رووداوێک بێ، رەنگە بە دەرکەوتنی زانیاری یان گۆڕینی دۆخی سیاسی و مێژوویی، خوێندنەوەکانیش گۆڕانیان بەسەردا بێ و لەراستیدا گرووپبەندیە نێوحیزبیەکانیش ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێ، بەڵام کە جلوبەرگی ناوچەیی و جوغرافیایی و زاراوەیی و ... بەبەردا کرا، ئیدی لە گرووپبەندیەکی سیاسیەوە دەبێ بە باندێکی مافیایی کە تاکەکانی ناچار بە ملڕاکێشان دەکا لەباتی ئەوەی قەناعەتی سیاسییان لەلا دروست بکا.

ئەمە هۆکاری سەرەکی و ریشەیی زۆر گرووپەندی لە نێو حیزبە کوردیەکانە کە ئیدیعای رەها و موتڵەقبوونیش ناکەم و رەنگە بەتەواوی بەهەڵەشدا چووبم.

لەنێو حیزبی دێموکراتیشدا لە لێکدابڕانەکانی پێشووشدا تەنیا لەکاتی ئینشیعابەکەی مامە غەنیی سەربە حیزبی توودە نەبێ، ئەوانی دیکە لێکدابڕانی فیکری نەبوون و زۆرتر گرووپبەندیی نێو تاکەکانی ئەندامی حیزب بوو کە لەلایەنی ئەندامانی رێبەریەوە بەڕێوەبراون. ئەوکاتەش کە لە ململانێ تەندروست و ناتەندروستە نێوخۆییەکاندا کەس یان کەسانێک خۆیان بە دۆڕاو یان غەدرلێکراو زانیوە، بیری لێکدابڕان سەری هەڵداوەتەوە و دابڕانی بەدواوە بووە.

وەکوو هەموو مرۆڤەکان و بەتایبەت وەکوو مرۆڤی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەو کێشە نێوخۆییانەی حیزبەکان، دوو لایەنی ئێحساسی و هەروەها لۆژیکیی هەبوە. دابڕانی ١١ ساڵ پێشی نێو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش بێبەش نەبوو لەو دوو لایەنە ئێحساسی و لۆژیکیە.

لایەنی ئێحساسی:

لەپێشدا باس لە لایەنە ئێحساسیەکەی بکەین. ئەوەش بڵێم کە باس لەو لایەنە بەو مانا نیە کە تەنیا کەسانێک کە لەگەڵ ئینشعاب کەوتوون لایەنە ئێحساسیەکەیان تێدا دیار بووە و ئەوانەی ئینشیعابیان نەکردوە، بێبەری بوون لە لایەنی ئێحساسی. من هەر دوو لایەنی ئیحساسی و لۆژیکیەکەی لە نێو هەر دوو بەشدا دەبینم، لە پێش هەموویاندا لەسەر خۆم و دوایەش بۆ کەسانی دیکە. تەنیا دەمێنێتەوە سەر کەم و زۆریی کاریگەریەکان و بەرچاوبوونیان کە ئەو داوەریە من نایکەم و دەیدەمە دەست مێژوو.

گرووپبەندی و بەدەوری یەکەوە بوونی تاکەکانی نێو حیزبی دێموکرات لە ئاستی رێبەریەوە بیگرە تاکوو کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب لە چوارگۆشەی دونیا، بێبەری نەبوو لەو هۆکار و کاریگەریە لاوەکیانە و ئێحساس و سۆز زۆرجار دەوری بەرچاوی هەبوو لە ململانێ نێوخۆییەکاندا. ئەوەش شتێکی ناسروشتی نیە، چوونکە پێشمەرگەش سۆزی هەیە و ئێحساسێک دەیجووڵێنێ و بە سۆز و ئێحساسیشەوە درێژە بە خەبات دەدا، سروشتیە کە سۆز و ئێحساسیش لەسەر خۆشویستن و ناخۆشویستن و بەگوێ کردن و بەگوێنەکردنەکانیدا کاریگەری هەبێ.

بەڵام ئەوەی ناسروشتیە، هەندێجار ئەو ئێحساس و سۆزە، لە رادەبەدر دەبوو و کاریگەریی لەسەر هەڵوێستی نێوخۆییش هەبوو و وای لێ دەهات کە تەنیا پێوەر بۆ جیاکاریی نێوان باش و باشتر، پێوەری ئێحساسی ( نزیکیی جوغرافی، خۆشەویستیی بەرامبەر بە کەسێک، یان رق و کین بەرامبەر بە کەسێکی دیکە) بوو و کاتێک کە پێوەر دەبێ بە شتە ئێحساسیەکان، ئیدی دەکرێ چاوەڕوانی ئەوەمان هەبێ کە ئێحساسات زوو هەڵ دەچێ و هەندێ جاریش هیچ سنوورێک نەناسێ! ئەم هەڵچوونی ئێحساساتە، رەنگە بوغزاندن و سووکایەتیی لێ کەوتبێتەوە و هەر ئەوە رەگە ئێحساسیانە ئێستاش لە لێدوانی هەندێک لە تاکەکاندا دەبینرێن کە هەست بە غەدرلێکراوی یان رقێکی شەخسی بەرامبەر بە کەسێک یان هەستی دؤراندنی رەوانی نەک دۆڕانی واقیعی وا دەکا کە تەمومژی سۆز و ئێحساس بەسەر هەوڵەکانی یەکگرتنەوە و دووبارە یەکخستنەوەی نێوماڵی حیزبی دێموکراتدا کاریگەریی خراپیان هەیە.

لایەنی لۆژیکی:

لایەنی لۆژیکیی ئەو دابڕانانە و دابڕانی ١١ ساڵ پێشیش کە باس بکەین، بەکورتی بریتیە لە نەبوونی رێکاری ئۆرگانیک و رێکخراوەیی بۆ دەستەبەرکردنی مافی بەکۆمەڵی ئەندامانی حیزبی.

لە حیزبی دێموکراتدا لەمێژساڵە مافی تاکی حیزبی و ئەندام جێگیر کراوە و رەنگە لە دۆخ و هەلومەرجی خەبات و شۆڕشدا ئەو رادەیە لە پێداگری لەسەر مافی ئەندامانی حێزب لە چاو هەندێک حیزبی دیکە شتێکی لەرادەبەدەر بێتە بەرچاو. هەموو ئەوانەش کە رۆژێک لە رۆژان لە حیزبی دێموکراتدا پێشمەرگایەتییان کردبێ، دەزانن کە بە هەر کەموکووڕیەکەوە لە سەر رێگا هەبێ، مافی تاکی حیزبی پارێزراوە و ئۆرگانی تایبەتیش هەیە کە هەر تاکێک دەتوانێ وەدوای مافی خۆی بکەوێ و دەیان ساڵە کە کار لەسەر ئۆرگانیکبوونی ئەو مافە کراوە و بە شەو و رۆژێک وەدی نەهاتوە.

بەڵام ئەوەی جێگای بەتاڵە و بەردوەام دەبێتە سەرچاوەی سەرهەڵدانەوەی کێشە و رووداوی ناخۆشی دابڕانیش لێ دەکەوێتەوە، نەبوونی رێگا چارەی ئۆرگانیکە بۆ دیاریکردنی مافی بەکۆمەڵ یان بە واتایەکی دیکە نەبوونی دەرەتانی یاسایی و حیزبی بۆ فراکسیۆنە.

لە کوردستان و ئێران زیاتر شوێنێکی دیکە نەچووم و نەمبینیوە، بەڵام هەندێ جار لە راگەیاندن و وتار و کتێبەکانەوە گوێم لێ بووە و خوێندوومە کە حیزبەکانی هەموو دونیا تێیاندا گرووپبەندی پێک دێ! نزیکترین کەسەکانی نێو کۆمەڵگایەکیش بەدەوری هەر گرووپ و رێکخستنێکەوە کۆببنەوە، سروشتی مرۆڤ وایە کە لەنیو خۆیاندا دووبارە گرووپبەندییان تێدا دروست دەبێ، هەر هیچ نەبێ لە سەر ئەوەی کە بۆ فڵانە کار و بڕیار ئایا ئێستە کاتیەتی یان نە؟ دەنگی بەڵێ و نەخێر پەیدا دەبن.

بەڵام لە رەوتی مێژوویی حیزبی دێموکراتدا و لە پێڕەوی نێوخۆ و لە کاری رۆژانەدا ئەو دیاردە بنەماییە وەبەرچاو نەگیراوە. لە هەندێ لە کۆنگرەکان، لە کۆنگرەی ١٠ی حیزبدا و لە کۆنگرەی ١٥دا، هەندێک بڕیاری سەرەتایی و تەنانەت خاڵی پێڕەوی نێوخۆ گونجێندراون، بەڵام ئەوە لە ئاستی ریشەداربوونی کێشەکەدا وەڵامدەر نەبووە.

ئەوەی راستیە لە حیزبی دێموکراتدا گرووپبەندی هەبووە و زۆریش ئاساییە، هەر وەک لە نیو تەنانەت یەکدەستترین حیزبەکانیشدا ئەو گرووپەندیە هەیە و لە ژێر پەردەوە هەوڵی شاردنەوەیان دەدرێ. ئەوەی کە ناسروشتیە، شێوازی گروپبەندیەکەیە کە لەگروپبەندی فیکری و سیاسیەوە بەرەو پێوەرە جوغرافی و زاراوەیی و کەسایەتیەکان دەکشێ و بەرگی نەگۆڕی بەبەردا دەکرێ و شتی نائاساییتریش قبووڵنەکردنی گرووپبەندی وهەوڵی شاردنەوەیەتی! هەروەک چۆن لە پێش دابڕانەکەی ١١ ساڵ پێشدا هەوڵ دەدرا کە حیزبی دێموکرات وەک حیزبێکی یەکدەست نیشان بدرێ و تەنانەت بڕیاریش دەدرا کە گرووپبەندی قەدەغەیە! بەڵام کەس نەبوو نەیکا! دوایش کە دابڕان رووی دا، هەموو لەش و جەستە و لق وپۆپی گرووپبەندیەکە خۆی دەرخست.

لۆژیکی کاری رێکخراوەیی دەڵێ کە دەبێ دەردەکە و ئازارەکە بناسی و دانی پێدابنێی. دەبێ دان بەوەدا بنێی کە لەمێژساڵە لە نێو هەموو حیزبەکان و بەتایبەت حیزبی دێموکراتیشدا ئاساییە کە گرووپی جیاواز شکڵی گرتبوو و ئیمکانی شکلگرتنی هەبووە و هەیە. دەبێ رێکاری بۆ بدۆزیتەوە. دەبێ کێبەرکێی نێوخۆیی دانی پێدا بنێی و رێکاری سەردەمیانەی بۆ بدۆزیتەوەو کاناڵیزەی بکەی تاکوو بەسەرتدا نەتەقێتەوە و دابڕانی لێ نەکەوێتەوە.

وەکوو ئاکامگرتنێک لەو دوو کۆڵەکە سەرەکیەی کە باسم کرد، دابڕانی ١١ ساڵ پێش، ئەو دوولایەنە ئێحساسی و لۆژیکیەی تێدا هەبوو و یەکتریان بەهێز دەکرد. جا هەڵە و تاوانەکە زۆرتر بەلای کێ دا بوو، داوەریەکەی بۆ خەڵک و مێژوو، بەڵام یەکتر بەهێزکردنی ئەو دوو هۆکارە ئێحساسی و لۆژیکیە، رووداوی پڕ لە خەساری ئینشعابی لێ کەوتەوە و رووداوی ناخۆشیشی بەدوای خۆیدا هێنا کە هیچ تاکێکی دێموکرات کە بڕوای بە ڕێبازەکەی هەیە، حەزی لە وەبیرهێنانەوەی ئەو رووداوە ناخۆشانە نیە، بەڵام پێویستە کە ئەزموونی واقیعییان لێ وەربگرین و چارەسەری گرفتەکانمان بکەین.

ئەوەی دەمەوێ لە باسەکە بیگەیەنمە مەبەست، ئەوەیە کە دەرمانێک کە بۆ دەردی دابڕان و سارێژبوونەوەی ئەو برینە دەینووسین دەبێ ئە دوولایەنە ئێحساسی و لۆژیکیە وەبەرچاو بگرێ. چوونکە دەرمان نەکردنی هۆکارە سەرەکیەکە، گەر تێکەڵبوونەوە و یەکگرتنەوەش بێتە ئاراوە، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی دووبارەی نەخۆشیەکە و دابڕانێکی دیکەی بەدوادا دێ. هەروەک ساڵی ١٣٧٥ دەرمانی کاتی کرا و ١٣٨٥ سەری هەڵ دایەوە.

پێم وایە کە لەباری ئێحساسیەوە دەبێ رێز بۆ هەست و سۆز و ئێحساسی یەک دابنێین و ئەو رق و کینە پەنگخواردوانە ئاوی پێدا بکەین، ئاوپێداکردنیش تەنیا بە قسەیەکی ئاسان ناکرێ ، دەبێ رۆحی لێبوردەییمان تێدا بەهێز بکەین، ئەویش سەرەتا بە وشەیەک دەست پێ دەکا. لێبوردەیی بە داوای لێبوردنەوە دەست پێ دەکا. تاکوو دەروونی تاکەکان میکانیزمەکانی لێبووردەییان تێدا وەگەڕ بکەوێ. من وەکوو خۆم رەنگە نەزانم چەند لەباری ئێحساسی و سۆزەوە کاریگەری و دەورم لەسەر ئەو دابڕانە هەبووبێ، رەنگە هەڵسوکەوتێکیشم نواندبێ کە خۆم ئاگام لێ نەبووبێ، بەڵام دڵی هاوسەنگەرێکمی رەنجاندبێ، بەڵام لێرەدا بەنۆرەی خۆم داوای لێبوردن لە هەر تاکێک و ئەندامێکی حیزبی دێموکرات دەکەم کە رۆژێک لە رۆژان بە قسە و کردارێکی من هەست و سۆزیان بریندار بووبێ و کاریگەریی خراپم لەسەری بووبێ و دەوریکم لە ئێحساس و سۆزە خراپەکان لەو دابڕانەی ١١ ساڵ پێشدا هەبووبێ.

لەباری لۆژیکیشەوە پێم وایە یەکێک لە بنەماکانی یەکگرتنەوە و پێکهێنانی یەکریزی دووبارە لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بریتیە لە بەرەسمی ناسینی فراکسیۆن و پێویستە رێکارە ئۆرگانیک و رێکخراوەییەکانی بۆ دەستنیشان بکرێ تاکوو لە حاڵەتی شاراوە بێتە دەر و فۆرمی رەسمی بەخۆیەوە بگرێ؛ ئەو کاتە فراکسیۆنەکان بەرپرسیارانەتر دەجووڵێنەوە نەک لەبنەوە یەکتر بنکۆڵ بکەن و لەسەرەوە دەستەوملان بن و بزەی ڕواڵەتی نیشانی کامێراکان بدەن و لەناکاودا دابڕانێکی دیکە و تەقینەوەیەکی رقە پەنگخواردوەکانی دیکەی بەدوادا بێ.

کات درەنگە و دوژمن لەسەرمان ڕاناوەستی، پێویستە هەرچی زووتر رێکارە دروستەکانی یەکگرتنەوەیەکی قورس و قایم بگرینە بەر، یەکگرتنەوەیەک کە مێژوویەکی نوێ بخوڵقێنێ و دەرمانی برینەکانی پێ بێ.

 

 _________________________________________

ــ بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌ى ماڵپه‌ڕ له رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ئێره‌ كلیك بكه‌ 


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 939
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy