هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە ڕۆژی زمانی دایکی

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

لە بەرەبەری هاتنی ڕۆژی جیهانی زمانی زگماکیدا، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا داوای لە خەڵکی کوردستان کردووە بە هەر شێوەیەك بۆیان دەگونجێ، لە پێشوازی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، یەکگرتووانە و بە كردەوە دەنگی مافخوازانەی خۆیان بەرز بكەنەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

 

nawandi_hawkari_3


بەیاننامەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

لە پێشوازی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک‌دا


خەڵکی مافخوازی کوردستان!

ڕۆڵە وشیارەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان!

هۆگران! پارێزەران و بەرگریکارانی زمانی کوردی لە وڵاتی ئێران!

وەک دەزانن ٢١ی فێوریەی هەموو ساڵێک (ئەمساڵ ٢ی ڕەشەممە) لە ئاستی جیهانی‌دا وەک ڕۆژی زمانی دایک ناسراوە و لەنێو گەل و نەتەوەكانی جیهان‌دا بە شێوازی جۆراوجۆر یادی دەكرێتەوە.

مرۆڤ، بوونەوەرێكی شوناسخوازە و زمان لە نواندن و سەلماندنی ئەو شوناسەدا پێگەیەكی تایبەتی هەیە. زمان پڕرەنگترین نوێنگەی شوناسی مرۆڤە. مرۆڤ بە رێگەی زمان، ژیان و شوناسی خۆی و دەوروبەر مانا دەكاتەوە. زمانی دایك، نەک هەر زمانی ئاخاوتن، بەڵكوو زمانی عاتیفە،زمانی هەست و بیركردنەوەی مرۆڤەكانە. هەر ئەم ڕاستیانەش وای کردووە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی بەرگری لە مافی مرۆڤ، گرنگی بە مافەکانی پێوەندیدار بە زمان بە تایبەتی پاراستن و پەرەپێدانی زمانی دایک بدەن. بەشێک لەو مافانە لە پەسندکراوە نیودەوڵەتییەکانی وەک ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافەكانی مرۆڤ، ڕێککەوتننامەی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەكان، كۆنوانسیۆنی نەهێشتنی هەڵاواردن لە سیستمی پەروەردە و فێركاری‌د‌‌‌ا، كۆنوانسیۆنی مافەكانی منداڵان، كۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی لابردنی هەرچەشنە هەڵاواردنێكی نژادی، بەیاننامەی مافی كەمینە مەزهەبی، نەتەوەیی، ئێتنیكی و زمانییەكان و ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافە زمانییەکان‌دا، ڕەنگیان داوەتەوە و پێیان لە سەر داگیراوە.

ئێران لە رووی پێكهاتەی زمانی،نەتەوەیی،ئایینی و كولتوورییەوە،وڵاتێكی فرەچەشن و فرە نەتەوەیە. بەڵام دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران لە جیاتی داننان بە بوونی ئەو نەتەوانە و بە ڕەسمی ناسینی مافەکانیان و یەک لەوان قبووڵکردنی خوێندن بە زمانی خۆیان، ئینکار و سەرکوت و لە پەڕاوێز خستنی ئەو زمانانەیان کردوە بە سیاسەتی خۆیان. بە فەرمی نەناسینی مافی خوێندن بە زمانی دایك بۆ ئەم نەتەوانە، لە رووی دەروونی،پەروەردە،كولتووری و زمانییەوە بووە بە سەرچاوەی گرفتی گەورە و زیانی قەرەبوونەکراو. لێكدانەوە و خوێندنەوەی ئیدئۆلۆژیك و سیاسی لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە، ئەم مافەی بەرەو ئاقارێكی دیكە بردووە. سیستمە شوینیستیەكان،شوناسی خۆیان تێكەڵكێشی زمانی باڵادەست كردوە و وەك ئامرازێك بۆ سەركوت و لەپەراوێزخستنی زمانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران بە كاریان هێناوە. دەسەڵاتداران لە پەیوەندی لە گەڵ مافی زمانی و مافەكانی دیكەی پێكهاتەكانی ئێران، كۆمەلێك پاساو و هۆكار دێننەوە كە لە بنەڕەتدا بەلارێدا بردنی واقعی كێشەكەیە، بۆ نموونە بە كارهێنانی چەمكی "كەمینە" و "وردە فەرهەنگەكان". بە تەواوی ئاشكرایە كە كۆی كەمینەكان(نەتەوە ژێردەسەتەكان)،زۆرینەی دانیشتوانی ئەم وڵاتە پێكدێنن لە كاتێكدا لە سەرەتاییترین مافەكانیان بێبەشن. ئەم چەمكانە لەسەر بنەمای هەڵاواردن و بە فەرمی نەناسینی جیاوازییەكان و نكۆڵی كردن لە مافە سروشتی و سیاسیەكانی سەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی و زمانی وئایینیەكانی ئەم وڵاتە بنیات نراوە. ئەمەش راستەوخۆ دەكەوێتە چوارچێوەی سەركوتێكی سیستامتیكەوە كە لایەنێكی یاسایی پێدراوە.

لە روانگەی دەسەڵاتدارانەوە، زمانی دایكیش هەڕەشەیە بۆ سەر "بەرژەوەندی نەتەوەیی"،"یەكپارچەیی خاك" و لە هەمانكاتدا، بیانوویەكە بۆ جیابوونەوە و سەربەخۆیی خوازی. هەر بۆیە پێیان وایە كە ئەم چەمكە فەرمییانە دەبێت كۆڵەكە سەرەكییەكانی" شوناسی رەسەنی" ئێرانی بن.

لایەنگرانی سیاسەتی تەك زمانی، بریتین لەو كەسایەتی، رەوت و لایەنانە كە تەنها خاڵی هاوبەشیان،رەنگە هەمان زەروورەتی پاراستی پێگەی پاوانخوازانەی زمانی نەتەوەی باڵادەست بێت. ئەمە لە هەمان كاتدا بووەتە هۆی بە كەم گرتنی زانست و ئەدەب و كولتووری نەتەوەكانی دیكە و بێ بایەخ كردن و تواندنەوەیان. گرتنەبەرى ئةمسیاسەته، لە راستیدا بنەمای فكری، سیاسی و ئیدئۆلۆژیی دەسەڵاتدارانی ئێران و رەوتە بێدەسەڵات و هاوبیرەكانیان بووە بە درێژای مێژوو تا دەگاتە ئێستا.

ئەم جۆرە روانین و سیاسەتە،بە كردەوە گورزێكی مەترسیداری لە پێكهاتەی فرەچەشن و رەنگاڵەیی ئێران داوە و مەترسی لەناوچوون و لەپەراوێزخستنی شوناسی نەتەوەیی نەتەوەكانی دیكەی بەدواوە بوو. بەڵام، بێ توانایی و لاوازیی پێكهاتەیی سیستمی سیاسی لە بەرەوپێشبردنی رەوتی یەكسانسازی و ئاسێمیلاسیۆنی فەرهەنگی و زمانی لە لایەک و وشیاریی نەتەوە بندەستەکان و بەرگریکردنیان لە زمانی خۆیان،هۆكاری سەرنەكەوتنی بووە.

ئەم ئیدیعایە كە بە فەرمی ناسینی زمانەكانی غەیرە فارسی، دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ویست و ئۆگری بە جیابوونەوەی نەتەوەكانی غەیرە فارس،زۆرتر لە ژێر كاریگەری "تئوری توطئه" و ماهییەتی پاوانخوازانەی دەسەڵات و دەسەڵاتداراندا بووە. ئاشكرایە كە سەپاندنی زمانێكی تایبەت دەكەوێتە چوارچێوەی زمان كوشتن و سەركوتێكی سیستماتیك بە تەواوی ماناوە. لە كاتێكدا لەم سەردەمەدا بە دەیان وڵاتی جیهان زیاتر لە یەك زمانی فەرمییان هەیە،سیستمی پەروەدرە وفێركارییان چەند زمانەیە و زۆربەشیان خاوەنی سیستمێكی سیاسی سەقامگیر و دێموكراتیكن.

ئێمەی نەتەوەی كوردیش، وەك نەتەوەیەكی خاوەن فەرهەنگ و شارستانیەت، لە رابردوو و تەنانەت لە ئێستاش كە زمان و كولتوورمان لەلایەن كولتوورە زاڵ و باڵادەستەوكانەوە مەترسیی سڕینەوە و لەناوچوونی لەسەرە، بە ئەركێكی نیشتمانی هەر تاكێكی كوردی دەزانین پرسی زمانی دایكی و پاراستنی بە هەند وەربگرێ و هەوڵی پاراستن وگەشەپێدانی بدات.

بانگەوازی ئێمە:

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک لە نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران، بە ڕێز و پێزانینەوە ئاوڕ لە هەوڵ و خەباتی دڵسۆزانەی ڕووناکبیران، مامۆستایان، نووسەران،تویژەران و وێژەوانانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نیوخۆی ئێران دەداتەوە کە سەرەرای گوشار و هەرەشە و کارشکێنیی دام و دەزگا حکوومەتییەکان، لە پاراستنی زمانەکەیان و خزمەتکردن و بووژاندنەوەی غافڵ نین.

لە پێشوازی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا بانگەوازی ئێمە بۆ تێکڕای ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیە: ڕۆژی زمانی دایک بکەن بە دەرفەتێک بۆ دەنگ هەڵبڕێن دژی سەرکوتی زمانی و پێشێلکردنی مافی نەتەوەیی کورد و پێکهاتە جیاوازەکانی دیکەی ئێران. بەڕێوەبەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نزیکەی ٤٠ ساڵە تەنانەت لە سەر ڕێی جێبەجێبوونی ئەو لانیکەمە لە مافی زمانیی پێکهاتەکانی ئێرانیش کە لەقانوونی ئەساسی‌دا هاتوە،بوون بە کۆسپ و ڕێگر و کردوویانە بە هەوێنی بانگەشەی مۆرەکانی خۆیان لە بە ناو هەڵبژاردنەکاندا و، بەم جۆرە گاڵتە بە شوعوور و ویستی ئەو پێکهاتە نەتەوەیی و زمانییانە دەکەن.

ئێمە داواکارین لە ڕۆژانی داهاتوو‌دا و بە تایبەتی لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک‌دا، بە ئامانجی مەحکوومکردنی ستەم و سەرکوتی زمانی و نەتەوەیی لە ئێران و، بەرزڕاگرتنی زمان و شوناسی نەتەوەیی خۆتان ببن بە یەکپارچە چالاکی. چاوەروانیی ئێمە ئەوەیە لە زانکۆکان، قوتابخانەکان،ئیدارەکان، بنکە و ناوەندە کولتوورییەکان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لەو ڕاگەیەنانەی دەنگتان پێیان دەگا، بەو پەڕی ڕاشکاوی و بوێرییەوە نارەزایەتی و بێزاریی خۆتان لە سیاسەتی زمانی و نەتەوەیی کۆماری ئیسلامی نیشان بدەنەوە. داوامان لە سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگای كوردستان،مامۆستایان، قوتابیان، خوێندكاران و چالاكانی فەرهەنگی و مەدەنی ئەوەیە كە بە هەر شێوەیەك بۆیان دەگونجێ،لە پێشوازی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، یەکگرتوانە و بە كردەوە دەنگی مافخوازانەی خۆیان بەرز بكەنەوە.

بە هیوای هەر چی پڕ شکۆتر بەڕێوەچوونی ڕۆژی زمانی دایک لە کوردستان

ناوەندى هاوكاریى حیزبەکانی كوردستانى ئێران

 

 _________________________________________

ــ بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌ى ماڵپه‌ڕ له رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ئێره‌ كلیك بكه‌ 



ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1129
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy