تەیموور مستەفایی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، لە ڕێوڕەسمێکدا کە بەم بۆنەوە لە چیاکانی کوردستان بەڕێوەچوو، پەیامێکی پێشکەش کرد کە دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
هاوڕێیانی تێكۆشەر
خوشكو برایانی بەڕێز
لێرە كۆ بووینەتەوە تا لەم ڕۆژە مێژوییەدا ڕێز لە پێشمەرگەی خەباتكاری ڕێگای ئازادی، ڕوڵەی فیداكارو داكۆكیكاری گەلو خاكی نیشتمانی پیرۆزمان بگرین.
كۆ بووینەتەوە تا ئاوڕێك لە ناوی پێشمەرگە، ڕۆژی پێشمەرگەو خەباتی حیزبی دێموكرات داهێنەری ناوی پێشمەرگە بدەینەوە.
هەروەك دەزانن، ناوی پێشمەرگە لە كۆبوونەوەیەكی بەرپرسانی حیزبی دێموكراتی كوردستان لە سەردەمی كۆماری كوردستاندا بۆ خەباتكاری كورد دیاری كراوە. ئەم ناوە ناوێكی خۆماڵیی پڕ بە پێست بۆ ڕوڵە فیداكارو گیان لەسەر دەستەكانی گەلە بەشخوراوو ستەملێكراوەكەمان بوو، گەلێك كە دەرەتانی ئازادیی ژیانی لێ ئەستێندراوە، بواری پێكهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی پێ نادرێو داگیركەرانی كوردستان بەردەوام لە هەوڵی سڕینەوەیدان كە ئەگەر بە هۆی لە خۆبردووییو بەرگریی هێزی پێشمەرگە لە نیشتمانەكەماندا نەبوایە ئیستا بە تەواوی ئاسیمیلە كرابووین، نیشتمانەكەشمان بۆ هەمیشە دەكەوتە ژێر پۆستاڵی ڕەشی داگیركەرەوەو هیچ هیوایەك بۆ ڕزگاری تێیدا بەدی نەدەكرا.
خەباتی هێزی پێشمەرگە لە دامەزرانی كۆماری كۆردستانەوە تا ئیستا لە قۆناخە جیاوازەكاندا لە بەرگری لە نیشتمان نەوەستاوە.
ئەگەر لە سەردەمی كۆماری كوردستاندا، پێشمەرگە پارێزگاریی لە دەسكەوتەكانی كۆمار كردووە. لە خەباتی ساڵەكانی ٤٦-٤٧دا بووژینەرەوەو دەرخەری خەباتی ئەو قۆناغەی حیزبی دێموكرات بووە. پاش ڕووخانی ڕێژیمی پاشایاتیو سەركەوتنی خەباتی گەلانی ئێران لە پێناو وەدیهێنانی ئازادیدا، ئاخوندەكان دەسكەوتەكانی شۆڕشی گەلانی ئێرانیان بە لاڕێدا بردو لەبری دابینكردنی مافی گەلانی ئێرانو یەك لەوان گەلی كورد، لە ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویدا خومەینی فەرمانی جیهادی دژی گەلی كورد دەركرد. بەم چەشنە هێزی پێشمەرگە كەوتە تاقیكارییەكی نوێوەو لە دووڕێیانی خۆبەدەستەوەدان بە فەرمانی جەللاد یان بەرەنگاربوونەوەی شاڵاوی هێرشی كونەپەرەستیدا، ڕێگای بەرەنگاربوونەوەییەكی قارەمانانەی هەڵبژارد.
بە خۆشییەوە لە ماوەیەكی كورتدا بە هۆی ئەو بەرەنگارییەوە، پێشمەرگە توانیی ئەو دیكتاتورییە ملهوڕە بە چۆكدا بهێنێت. هەربۆیە، خومەینی پاش بەچۆكداهاتن لە گۆڕەپانی شەڕدا، فێڵبازانە داوای چارەسەری كێشەی كوردستانی لە ڕێگای وتووێژەوە كرد.
حیزبی دێموكرات بەوپێیەی كە هەمیشە ڕێگای چارەسەری ئاشتیخوازانەی لە شەڕ پێ باشتر بووە، پێشوازیی لەم داوایە كرد، بەڵام زۆری نەخایاند كە سیمای ڕاستەقینەی خومەینی دەركەوتو لە پەیامێكی دیكەدا ڕایگەیاند مەبەستی ئەو لە وتووێژ، تەنیا بەدەستهێنانی دەرفەتێك بۆ سەرلەنوێ ڕێكخستنەوەی هێزەكانیانو گەمارۆدانی كوردستانو هێزی پێشمەرگە یان بە وتەی خۆیان داخستنی سنوورەكان بە سەر بزووتنەوەی كوردستاندا بووە. لێرەوە بوو كە بۆ جارێكی دیكە شەڕیان بە سەر كوردستاندا سەپاند.
لە درێژەی شەڕی كوردستاندا نزیكەی ٥٠٠٠ پێشمەرگەی حیزبە تێكۆشەرەكەمان لە خەباتو بەرەنگارییەكی ئازایانەدا گیانی شیرینیان بەخت كردووە كە لێرەوە سڵاو بۆ ڕۆحی پاكیان دەنێرم.
لە شاڵاوی هێرشەكانی ڕژیم بۆ سەر كوردستانو بەرەنگاریی قارەمانەی هێزی پێشمەرگەدا كە بەشێكی زۆر كەمی دۆكۆمێنت كراوەو بەشی هەرە زوری بە هۆی نەبوونی كەرەستەو ئیمكاناتی پێویست تۆمار نەكراوە. بە سەدان داستانی ئازایەتیو فیداكاریو لە خۆبردوویی هێزی پێشمەرگە لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەكەماندا تۆمار كراوەو ئەوەی كە ماوە، دەبێ لە داهاتوودا بنووسرێتەوەو لە فەوتان ڕزگار بكرێت. لێرەدا ئەركی هەموو ئەو تێكۆشەرانەی كە لە جەریانی خەباتی چەكداریدا بوون ئەوەیە كە بیرەوەرییەكانی خۆیان وەكوو بەشێك لە مێژووی حەماسەو بەرخۆدانی ئەم میللەتە تومار بكەن تا هەم ببنە ئەزموون بۆ نەسڵی داهاتووو هەم مێژووی خەباتە ڕەواكەمانی پێ دەوڵەمەند بكرێتەوەو ڕێگە نەدەین وەك ڕەوتی باوی مێژوو، داگیركەرانو دوژمنان، مێژووی نیشتمانو نەتەوەكەی ئێمە بنووسنەوەو ڕاستیییەكان بە سوودی خۆیانو بە زیانی ئێمە چەواشە بكەن.
ئامادەبوانی خۆشەویست!
٣٣ ساڵ پێش ئێستا لە كۆبوونەوەی كومیتەی ناوەندیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێراندا بۆ ڕێزگرتن لە خەباتی پێشمەرگە بڕیار درا ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز كە لەو ڕۆژەدا لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی دواین بنكەی دەسەڵاتی پاشایەتیی داگیركەر لە شاری مەهاباد، پایتەختی كۆماری كوردستان كۆتایی پێ هاتو هەر لەو ڕۆژەشدا ئاڵای پیرۆزی كوردستان هەڵكرا، وەك ڕۆژی پێشمەرگەی كوردستان دیاری بكرێت.
ئەم بڕیارە یەكێك لە بڕیارە بەجێیەكانی حیزبەكەمان بۆ ڕێز گرتن لە گیانبازیو تێكۆشانی پێشمەرگە، ڕوڵەی فیداكارو خەباتگێری گەلە كە ئامادەیە بۆ پارێزگاری لە ئامانجەكانی نەتەوەكەمانو پاراستنی خاكی نیشتمان بە بێ لە بەرچاوگرتنی هیچ پاداشێكی مادی پێ بنێتە مەیدانی خەباتێكی سەختو خوێناوییەوە.
هاوڕێیانی تێكۆشەر!
ئەمڕو وشەی پێشمەرگە نەك هەر لە نێو كورددا، بەڵكوو لە ئەدەبیاتی نێونەتەوەییدا جێی خۆی كردۆتەوەو ڕێزو ستایشی هەموو جیهانی بە هۆی ئازایەتیو بوێری لە خەباتی دژی تیرۆریزمی جیهانیدا بۆ خۆی ڕاكێشاوەو بۆتە جێی شانازیی نەتەوەكەمان. كردەوەو ئاكاری پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕدا، بەهاناوەچوونی خەڵكی لێقەوماوو ئاوارە، هەڵسوكەوتی ئینسانی لە گەڵ دیلەكانی شەڕو تەنانەت چارەسەركردنی بریندارانی دوژمنو دەرمانكردنیان لە بەرەكانی شەڕدا سەرنجو سۆزی دنیای بۆ لای خۆی ڕاكێشاوە.
بەشداربوانی بەڕێز!
وەك دەزانن حیزبەكەمان لە ڕەوتی خەباتی ئازادیخوازانەی گەلەكەماندا زۆری هەوڵ داوە تاكوو بە شێوەیەكی هێمنانە پرسی ڕەوای گەلەكەمان لە ڕێگای ئاشتیخوازانەوە چارەسەر بكرێ، بێ ئەوەی كەلەو نێوانەدا كەسێك بكوژرێ، بەڵام ڕێژیمە سەرەڕۆكانو داگیركەرانی كوردستان ڕێگای سەركوتو زەبروزەنگیان گرتۆتە بەرو پێیان وا بووە بە سەركوتو زەبرو زەنگ دەتوانن چۆك بەم گەلە تێكۆشەرەو ڕوڵە خەباتگێڕەكانی دابدەن كە بە خۆشییەوە نەك هەر نەیانتوانیوە چۆك بە گەلو پێشمەرگە دابدەن، بەڵكوو خەبات لەو ماوەیەدا كە كۆماری ئیسلامی دامەزراوە هەر وا بەردەوام بووەو كوردستان هەروەها لە سەر پێیە. زۆر جاریش كە بە هۆی بەرژەوەندیی نەتەوەییو لە بەرچاوگرتنی دۆخی پارچەكانی دیكەی كوردستانەوە بەرگریی چەكداری كە تەنیا یەكێك لە شێوازەكانی خەباتی ئەم حیزبە بۆ گەیشتن بە ئامانج بووە ڕاگیراوە، ڕێژیمی كۆنەپەرەستو داگیركەر بۆ ناهومێد كردنی خەڵكی كوردستان هەلپەرەستانە وای نیشان داوە كە حیزبەكانی ڕۆژهەڵات كۆتاییان هاتووە، جێگای داخ ئەوەیە كە تەنانەت دوستەكانیشمان كە ئەم هەنگاوە بەرپرسیارانەیەی حیزبی ئێمە زۆرتر بۆ لە بەرچاوگرتنی دۆخی ئەوان هەڵگیراوە، حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتو بزووتنەوەو هێزی پێشمەرگەی ئەو بەشەیان بە لاواز لە قەڵەم داوە. لە لایەكی دیكەوە هەبوونو هەن ئەو كەسانەش كە خەباتی پێشمەرگەیان كردۆتە هۆكاری پاساو هێنانەوە بۆ سەركوتەكانی ڕێژیمو وایان تەبلیغ دەكرد كە ئەگەر خەباتی هێزی پێشمەرگە نەبێ، ڕێژیمی دژی گەلیی كۆماری ئیسلامی ئاوڕ لە كوردستان دەداتەوەو كوردستان دەبووژێنێتەوە، بێكاریی خەڵك چارەسەر دەكرێو كوردستان ئاوەدان دەبێتەوە.
ڕاگرتنی خەباتی چەكداری لەم ماوە درێژەدا بەس بووە بۆ ئەوەیكە ئەم تاقمە تێبگەن كە ڕێژیم نە تەنیا كوردستانی ئاوەدان نەكردۆتەوە، بەڵكوو بە پلانی وردو پڕتێچووو بەربڵاو دەستی داوەتە سڕینەوەی شوناسی نەتەوەییو فەرهەنگیی كوردو لە باتی ئاوەدانیو دابینكردنی كار، زیاتر لە پێشوو كوردستانی كردۆتە ئامانجو خەڵكی بەرەو هەژاریی زیاتر بردووە.
بریاری گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەو حوزوور لە نێو خەڵكی كوردستان لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاویداو پێشوازیی كۆمەڵانی خەڵك لە ڕوڵە پێشمەرگەكانیان وەڵامێك بۆ كوماری ئیسلامی بوو كە تێبگات ئەو هێزە لە نێو دڵی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان هەڵقوڵاوەو نە كزو لاواز دەبێو نە لە میدان وەدەر دەنرێ، بۆیە هە زوو هاواریان لێ هەستاو ئەم جارە ویستیان وا بنوێنن كە ئەم حەرەكەتە بە فیتی ئەم وڵاتو ئەو وڵات بووە كە لەم پڕوپاگەندەیەشدا سەركەوتوو نەبوونو تەنانەت بەكرێگیراوانی خۆیشیان باوەڕیان بەم فرتوفێلو درۆو دەلەسەیە نەبوو.
ئەوە وەڵامێكیش بوو بۆ ئەو لایەنانەی كە پێیان وا بوو یان بۆ پێخۆشبوونی ڕێژیمی كوماری ئیسلامی دەیانهەویست وا بنوێنن كە حیزبەكانی ڕوژهەڵاتی كوردستان لاواز بوونە. هەڵسووڕانی تیمەكانی پێشمەرگە لە سێ ساڵی رابردوودا لە نێوخۆی وڵاتو لە نێو خەڵكی كوردستاندا ناوی ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی لە سەر دانرا. ڕاسانی ڕۆژهەڵات كە بە مانای لێك گرێدانی خەباتی شارو شاخ دێت، مانایەكی بەربڵاوتری لە ئەركو كاروباری ڕۆژهەڵات وێنا كردووە. ئێستا دوای سێ ساڵ وشەی "ڕاسان" لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بە واتای بووژانەوەی خەباتی كوردستانی ڕۆژهەڵات جێگەی خۆی كردۆتەوەو ناوی ڕاسان بووەتە ناوێكی خۆشەویست بۆ خەڵكی خەباتگێڕی كوردستان، هەر بویە زۆر بنەماڵە ناوی كۆرپە تازە لەدایكبووەكانیان كردۆتە ڕاسان. ڕاسان ئەگەر بۆ خەڵكی كوردستان ناوێكی هیوابەخشو خۆشەویستە، بۆ دوژمنان سەمبولی جووڵەیەكی توقێنەرە كە خەونی ئارامیو سەقامگیری لە چاوی ئەوان دەزڕێنێتو تووشی نیگەرانیو دڵەخورپەیان دەكات.
لەم قۆناغە نوێیەی خەباتدا كە بە ڕاسانی ڕۆژهەڵات دەناسرێتەوە، سەرنج دەخەینە سەر دوو پرسیار:
پێشمەرگە كێیەو پێشمەرگایەتی چیە؟
لە وەڵامی ئەو دوو پرسیارەدا دەبێ بڵێین: ئەركی خەبات بە سەر شارو شاخدا دابەش نابێت، بەڵكوو لێك گرێ دەدرێ. واتە ئەركی هاوبەش، پێناسەی هاوبەش بۆ شارو شاخ دیاری دەكات. لەم ڕووەوە بە هاوبەشی ئەركی پێشمەرگایەتی رادەپەڕێنن، بە تایبەتی كە خودی پێشمەرگایەتیش هەڵگری پێناسەی نوێیە. پێشمەرگایەتی تەنیا لە بەرگریی چەكداریدا كورت ناكرێتەوە، تێكۆشانی ئەندامانی حیزب لە نێوخۆو هەروەها ئەندامانی ئاشكرای حیزب لە شێوازی جۆراوجۆردا بەشێكی گرینگی پاڵپشتی لە بەرگریی چەكدارانەن. ئەندامانی نێوخۆی وڵات لە پێناوی بەرەوپێشبردنی ئەم خەباتە ڕەوایەدا بەرەوڕووی زیندان، ئەشكەنجەو ئازاری ڕێژیمە سەركوتكەرەكان بوونەتەوەو ژمارەیەكیشیان سزای ئیعدامیان بە سەردا سەپاوە، ئەندامانی تەشكیلاتی ئاشكراش بە هاوكارییە مادیو مەیدانییەكانیان لە ڕۆژە سەختو چارەنووسسازەكاندا سەلماندوویانە كە ئەوانیش پێشمەرگەن.
ڕاسان جووڵانەوەیەكە كە چەندین ڕەهەند لە بوارەكانی خەباتی تەشكیلاتی، دیپلۆماسی، ڕاگەیاندنو جەماوەری ... دەگرێتەوەو لە ڕاستیدا ڕاسان جووڵانەوەیەكە كە هەموو تاكەكانی كوردستان دەبێ بە بەشداریكردن لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەكانیدا ئەركی خۆیان بە جێ بگەیەنن.
پێشمەرگە تێكۆشەرەكان!
ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم ئاڵوگۆڕێكی چاوەڕوانكراودایە. ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی بەهۆی دەستێوەردانەكانی لە ناوچەكەداو هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەكی ناوكیو پشتیوانی لە ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانی ناوچەو بەم هۆیەوە لەمەترسی خستنی ئاسایشو بەرژەوەندییەكانی وڵاتانی ناوچەو هەروەها ڕوژئاوا كەوتۆتە بازنەی ڕوبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕوژئاواو وڵاتانی هاوپەیمانیی عەرەبی لەلایەكەوەو لە لایەكی دیكەوە بەهۆی خراپیی دۆخی ئابووری، سیاسی، كۆمەڵایەتیی نێوخۆی وڵات لە داهاتوویەكی نە زۆر دووردا بەرەو لاوازبوون دەچێت. لەم هەلومەرجەدا ئێوە تێكۆشەرانی ڕێگای خەبات بۆ ڕزگاریی گەل ئەركێكی قورستر لە ئێستاتان دەكەوێتە سەرشان. بۆیە هەر لە ئێستاوە دەبێ خۆتان بۆ ئەو ڕۆژە ئامادە بكەن. گومان لەوەدا نیە كە بە بوونی حیزبی دێموكراتو خەباتی هێزی پێشمەرگە، داهاتووی میللەتەكەمان هەركات لە سەركەوتن نزیكتر دەبێتەوە.
هاوڕێیانی تێكۆشەر!
ڕۆژی پێشمەرگە ڕۆژێكە بۆ ڕێزگرتن لە خەباتی پێشمەرگە لە هەمان كاتدا ڕۆژێكیشە بۆ پەیمان نوێكردنەوە لەگەڵ نەتەوە بندەستەكەمانو ڕاگەیاندنی ئیرادەی بەهێزی پێشمەرگانەمانو بۆ خەبات لە ڕێگای ئامانجەكانی گەلەكەماندا دەبێ درۆشمی نەسرەوتن تا سەركەوتن بكەینە ویردی زمانمان.
پێشمەرگە تێكۆشەرەكان!
هاوڕێیانی ئازیزم!
٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی كوردستان لە ئێوەو لە هەموو هێزی پێشمەرگەی كوردستان پیرۆز بێو هیوادارم بە خەباتو تێكۆشانی بێ وچانمان گەلەكەمان بگەیەنینە ئامانجە بەرزەكانی ئازادیو ڕزگاریی یەكجاریو بەم چەشنە هەم ڕۆحی پیرۆزی شەهیدەكانمان ئاسوودە دەبێتو هەم گەلەكەمان بە سەر ڕۆژڕەشییەكانیدا زاڵ دەبێتو بە سەركەوتنی یەكجاری دەگات.
پیرۆز بێ ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی كوردستان
سڵاو لە شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی گەل
سڵاو لە زیندانیانی سیاسیی خۆڕاگر

