دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە شایی بە وەها نەتەوەیەکەوە دەکاو لە بەرامبەر ئیرادەی نەتەوەییو هەستی پاکو بێگەردی مافخوازییاندا سەری ڕێز دادەنوێنێ.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
هاونیشتمانیانی بەڕێز،
خەڵکی وشیاری کوردستان،
بەداخەوە ڕۆژی ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕووداوی سروشتیی بوومەلەرزە لە کوردستانی داو لە هەر دوو دیوی ڕۆژهەڵاتو باشووری کوردستان وێرانی لێکەوتەوە کە وێرانیو قوربانی کەوتنەوەکە لە شارەکانی سەر بە پارێزگای کرماشان ئەوەندە زۆر بوو کە کارەساتێکی گەورەی لێکەوتەوە.
بەپێی هەندێ لە ئامارەکانی ڕێژیم (کە زۆریش جێگای باوەڕ نینو وێرانیو قوربانییەکان زۆر لەوە زۆرتر بوون) نزیک بە ٥٠٠ کەس کوژراوو زیاتر لە ١٠٠٠٠ کەس بریندار بوونو زیاتر لە ١٢٠٠٠ یەکەی نیشتەجێ بوون بەتەواوی تێکڕووخاونو بە هەزاران ماڵو یەکەی نیشتەجێ بوونی دیکە زەرەرو زیانیان پێگەیشتوه؛ به شێوەیەک که به کەڵکی نیشتەجێبوون نایەن. چەندین شارو نزیک بە ١٦٠٠ گوند بەر خەسارەتەکانی بوومەلەرزە کەوتوونو هەموو ئەمانەو هاتنی سەرماو بارانو قوربانی لێکەوتنەوەی دواترو ... نیشان دەدەنو پێمان دەڵێن کە ژمارەی وێرانیو قوربانیی ئەو کارەساتە زۆرتر لەوە بووە کە ڕاگەیەندراوەو قووڵایی ئه م کارەساته مرۆییه دواتر ڕوون دەبێتەوه.
لە هەر کارەساتێکدا، لە هەموو دونیا چاوەڕوانییەکان لە حکوومەتەکان ئەوەیە کە هەرچی خێراتر بە پیری لێقەوماوانەوە بچنو نەک هەموو ئاسانکارییەک بۆ فریاگوزاری بۆ فریاگوزارەکان فەراهەم بکەن، بەڵکوو بەشێکی زۆری ئیمکاناتو هێزی مرۆییو ماددیی حکوومەت بۆ دەربازکردنی خەڵک لە کارەساتەکەو یارمەتیدانیانو چاککردنەوەی ژیانو ماڵیان تەرخان بکەن. بەڵام لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیدا نەک ئەو کارە نەکراو به گوێرەی پێویست بە هانای خەڵکی بەڵا لێدراوەوە نەچوون، بەڵکوو زۆر بە درەنگی باسیان لەوە کرد کە بوومەلەرزەکە خەساری ماددیو گیانیی زۆری هەبووەو ئێستاشی لەگەڵ بێ هەر ڕاستییەکان دەشارنەوە.
سەرەڕای ئەوەش هێزه ئەمنییەتییەکانو سپای پاسدارانیان هێنا بۆ داپڵۆسینی خەڵک کە نەکا لەو دۆخە نالەبارە ڕەوانیەدا کە خەڵکی تێدایه بەگژ ڕێژیمدا بچنەوەو وەک بینیمان هێزی داپڵۆسێنەری ڕێژیم لەو خەڵکە لێقەوماوەیان دەداو بێحورمەتییان پێ دەکردن کە هاتبوون پاروە نانێک بۆ منداڵەکانیان ببەن. وێڕای ئەوەش یارمەتیو کاری بەهاناوەچوون لە لایەن دامودەزگاکانی ڕێژیمەوە ئەوەندە کەم بوو، کە هەم خەڵکە لێقەوماوەکە تووشی گوشاری دەروونیو داماوی زۆرتر بوونو هەم هەموو ئێران زانییان کە ڕێژیمی کوماری ئیسلامی نایهەوێ بەدەم خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی سەرپێڵو ئیزگەلەو سەلاسو شارەکانی دیکەی کوردستانەوە بچێ. ڕێژیم نەک حاڵەتی نائاسایی بۆ یارمەتیدانی خەڵک ڕانەگەیاند، بەڵکوو گوشاریشی بۆ ئەو خەڵکه هێنابوو کە بە زەحمەتی زۆرەوە تەرمی مردووەکانیان لەژێر وێرانەکان دەردێننو دەبێ بیبەنە پزیشکی بەناو قانوونی ڕێژیمو ئەوان ئیجازەی ناشتنی بدەنو تا ئەوان ئیجازە نەدەن نابێ هیچ تەرمێک بنێژرێ!
سەرباری هەموو ئەو کەمتەرخەمیو بەهاناوەنەچوونو سەرکوتکاریانه، ڕایانگەیاند کە هیچ یارمەتیەک لە دەرەوەی وڵات وەرناگرینو لە نێو شوێنە کارەسات لێدراوەکەشدا دەبێ هەموو کارەکان لەژێر بەڕێوەبەریی سپای پاسداراندا بەڕێوە بچێ.
لە وەها دۆخێکدا، خەڵکی کورد لە هەموو شارەکانی کوردستان لە بڕیارێکی نەتەوەییو مێژوویدا هەوڵی بەرفراوانی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ بوومەلەرزەلێدراوەکانو بەهاناوەچوونیان داو چەندین کەمپەین وەڕێ خران. لە هەموو شارو گوندێکی کوردستاندا دەست کرا بە کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ هاونیشتمانیو هاوزمانەکانیان لە شارەکانو گوندەکانی پارێزگای کرماشان کە تووشی ڕووداوی ماڵوێرانکەری بوومەلەرزە هاتبوون. وێنەو ڤیدیۆکان کە خەڵکی ئاسایی کورد دوور لە بوونی هیچ ڕاگەیەندکارێکی ئێرانیو بیانی تۆماریان کردووە، نیشانیان داو وەکوو بەڵگە لە مێژوودا دەمێننەوە کە دوای کارەساتی بوومەلەرزە، نەتەوەی کورد، لە دژوارترین هەلومەرجداو لەژێر گوشاری ڕێژیمو دامودەزگاکانیو بەتایبەت سپای پاسداراندا چ حەماسەیەکیان خوڵقاندو چۆن هەموو گەمارۆو گوشارێکی ڕێژیمیان تێک داو بەهانای هاونەتەوە بەڵالێدراوەکانیانەوە چوون.
کۆماری ئیسلامیو سپای پاسداران ویستیان کە بە گەمارۆی خەڵکی کورد لەو شوێنانەی بوومەلەرزەیان لێ دراوە، ڕۆحی نەتەوەییو ئیرادەی ئەو خەڵکە بشکێننو بەچۆکدا بێنن، بەڵام نەتەوەی کورد دووبارە سەلماندیانەوە کە زۆر وشیارترو ئامادەترو بەورەتر لەوەن کە پاسدارانو ڕێژیمی تاران بیریان لێ کردبوویەوە.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بە هەوڵو تێکۆشانی کوردەکان لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بکەین کە هەم بە پەیامی هاوخەمیو هەم بە هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی، یەک نەتەوە بوونی کوردیان دووبارە مانا کردەوەو لە هەموو بەشەکانی دیکەشدا هەوڵی بەهاناوەچوونی قوربانیانی بوومەلەرزەکە درا. هەروەها دەورو ڕۆڵی هێندیک له ڕاگەیەنە گشتییەکانی کوردستان بەرزو جێگای ڕێزە کە سات بە ساتو ڕۆژ بە ڕۆژ لەگەڵ قوربانیانو هەوڵی هەمەلایەنە بۆ کۆکردنەوەی یارمەتیەکاندا بوونو دەنگی قوربانیانو هەوڵی نەتەوەی کورد بۆ بەهاناوەچوونیان بە چاوو گوێی دونیا گەیاند.
لەو نێوەدا کە نەتەوەی کورد بە هەموو شێوەیەک ئیرادەی نەتەوەبوونو بەهاناوەچوونی هاوزمانەکانیان دەسەلماند، دوو شت جێگای بایەخو سەرنجی تایبەت بوون؛ یەکەم هەوڵی ڕێژیم بۆ ئەوەی سپای پاسداران بکا بە بڕیاردەرو بەڕێوەبەری کارەکانو تەنانەت وەرگرتنی یارمەتییەکانی خەڵک بۆ ئەوەی به ناوی ڕێژیمەوه بیدا به خەڵک، هەر بەو مەبەسته له چەندین شوێندا دەستی بەسەر ئەو یارمەتیانەدا گرت، بەڵام خەڵک هیچ بڕوایەکیان بە دامودەزگاکانی ڕێژیم نەبووو یارمەتیەکانیان بەوان نەداو لە ڕێگەی کەسانو ڕێکخراوە خەڵکیەکانەوە ئەو ئەرکانەیان ڕاپەڕاند.
دووهەم هەوڵی خەڵکی غەیرە کورد لە شارەکانی دیکەی ئێران کە هەرچەند لە سەرەتادا شتێکی ئەوتۆ بەدی نەدەکرا، بەڵام لەگەڵ ئەوەی زانییان ڕێژیم کەمتەرخەمە، ئەوانیش دوور لە دامودەزگاکانی ڕێژیمو لە لایەن خۆیانەوە دەستیان بە گەیاندنی یارمەتی بەو خەڵکە لێقەوماوە کردو دووبارە ڕێژیم لە خەڵک جیا کرایەوە.
لە سەروبەندی کۆکردنەوەی یارمەتیو گەیاندنی یارمەتی بە خەڵکی لێقەوماودا ڕووداوێکی دڵتەزێنی دیکە ڕوویدا کە خەڵک لەوەش حەماسەیان دروست کرد. هاووڵاتیەکی خەڵکی بووکان بە ناوی "ئەبووبەکر مەعرووفی" لەکاتی گەیاندنی یارمەتی بە خەڵکی سەلاسو سەرپێڵدا لە ڕووداوی وەرگەڕانی ماشێندا گیانی لەدەست دا. گەڕانەوەی تەرمی خوالێخۆشبوو، گەڕانەوەیەکی ئاسایی نەبوو.
هەر لە شوێنی ڕووداوەکەوە شار بە شارو گوند بە گوندی کوردستان لەسەر ڕێگا پێشوازییان لە تەرمی ئەو هاووڵاتییە کردو لە هەموو شوێنەکاندا بە هەزاران کەس بە پێشوازی کاروانی هاوڕێی تەرمی ئەبووبەکر مەعرووفیەوە چوونو لە هەموو شوێنێکدا بە دروشمی نەتەوەییو بە پلاکاردی هەڵگری دروشمی شۆڕشگێڕانەوە، ئەبووبەکریان بە شەهیدی کوردستان پێناسە کردو تەرمی شەهید بوو بە ئاڵای نیشتمانێک کە خەڵکەکەی هەموو پیلانو گەمارۆی دوژمنیان بەزاندو دووبارە بە حەماسەوە ئیرادەی بەرزی نەتەوەیی خۆیان سەلماندەوە. پێشوازی لەو تەرمە کە دەگەڕایەوە زێدی خۆی پێشوازییەکی نەتەوەییو بە دەیانو سەدان هەزار کەسی بووو ناشتنیشی لە زێدی خۆی لە بۆکان وێڕای هەموو گوشارو پیلانەکانی ڕێژیم، بەڕێکردنێکی هەزاران کەسی بوو کە دووبارە نیشانیان دایەوەو سەلماندیانەوە کە ئەم نەتەوەیە گەیشتووەتە بەرزترین ئاستەکانی وشیاریو بوێریی نەتەوەیی.
دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی خەمو پەژارەی دووبارەی خۆی بۆ هەموو قوربانیانو بریندارانی کارەساتی بوومەلەرزەکەو هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەکانیانو هیوای هەرچی زووتر چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان، سەرەخۆشی لە بنەماڵەو کەسوکاری ئەبووبەکری مەعرووفی دەکات کە لەپێناوی باوەڕە بەرزەکانیدا گیانی داو بوو بە ڕەمزو هێما بۆ نەتەوەیەک. هەروەها دەست خۆشیو ماندوونەبوون لە هەموو ئەو کەسانە دەکا کە بە هەر شێوەیەکی ماددیو غەیرە ماددی یارمەتییان بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە گەیاندو سوپاسو پێزانینی خۆی بەرامبەر هەموو ئەو کەسو ڕێکخراوو لایەنانە دەردەبڕێ کە لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتو بەشەکانی دیکەی کوردستانو لە دەرەوەی وڵات لەوپێناوەدا هەنگاویان هەڵگرتو ئەرکێکی مرۆییان بەجێ گەیاند.
هەروەها دەفتەری سیاسی سوپاس وپێزانینێکی تایبەت بە هەموو چینو توێژو گرووپەکانی کۆمەڵگای کوردستان، نەتەوەی بەورەو چاوکراوەو لەسەرهەستی کورد دەکا کە کارەسات بە دوای کارەساتو ڕووداوی ناخۆش بە دوای ڕووداوی ناخۆش کە بەسەریاندا هاتووە، بەوپەڕی ورەو ئیرادەوە پێکەوە بوونو بە یەکڕیزیو هاوسۆزیو هاوپێوەندیی مرۆییو نەتەوەییان حەماسەیان خولقاندۆتەوەو نەتەنیا جیهانیان سەرسامی ئیرادەی خۆیان کردووە بەڵکوو وانەکانی پێکەوەبوونیان بە گوێی تێکۆشەرانی خۆشیان گەیاندووە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شایی بە وەها نەتەوەیەکەوە دەکاو لەبەرامبەر ئیرادەی نەتەوەییو هەستی پاکو بێگەردی مافخوازییاندا سەری ڕێز دادەنوێنێ.
کوردستان ئاوەدانو کورد سەربەرز
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٦
١٩ی نۆڤامبری ٢٠١٧
_________________________________________
بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرى ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه

