هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

ڕاگەیەندراوی کۆمیسیۆنی تەشکیلات سەبارەت بە بوومەلەرزەکەی کوردستان

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە بارەی بوومەلەرزەی کوردستان ڕاگەیەندراوی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

 

Tashkilat_-_Boomalarza_1


خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان!

هەر وەک له ڕاگەیەندراوەکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران، بە ئاماژەدان بە بوومەلەرزەکەی کوردستان ئەم ڕووداوەی بە کارەساتێکی وەها گەورە وەسف کردبوو کە دەیان شاری کوردستانی لە ڕۆژهەڵات و باشووری گرتووەتەوە و بە سەدان قوربانی و بە هەزاران بریندار و وێرانییەکی زۆری لێ بەجێماوە، جەختیشی کردبووە کە ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە، کارەساتێکی نەتەوەییە.

لێرەدا پێویستە ئاماژە بە چەند خاڵێک بکەین:

یەکەم: لە دوای ڕوودانی بوومەلەرزەکە، بە وتەی خەڵکی خۆجێی و شایەتحاڵانی ئەو ناوچانەی کە زیانی ماڵی و گیانییان بەرکەوتووە، دامودەزگا و ئۆرگانەکانی پێوەندیدار لەو پەڕی کەمتەرخەمیدا بەرامبەر بەم ڕووداوە جووڵاونەتەوە و نە تەنیا کەمترین هاوکاری و یارمەتییان بە خەڵکی ناوچە زیان بەرکەوتووەکان نەگەیاندووە، بگرە کۆسپ و ڕێگریش بوونە لە بەردەم هاوکاری ویارمەتی کردنی خەڵکی ناوچەکە.

دووەم: بە وتەی خودی بەرپرسانی ڕێژیم، زۆربەی ئەو خانووبەرە و ئەو شوێنانەی کە بە هۆی بوومەلەرزەکەوە ڕووخاون، لە سەروبەندی سەرکۆماریی مەحموود ئەحمەدی‌نژاد و بە ڕواڵەت بۆ پشتیوانی لە توێژە کەم داهاتەکان و لە ژێر ناوی پرۆژەی "مسکن مهر" دروست کرابوون. لە ڕاستیدا ڕووداوی بوومەلەرزەکە دەریخست کە دیسان چین و توێژی کەم داهات و هەژار قوربانیانی یەکەمی ئەم ڕووداوە بوون کە گیانی هەزاران کەسی بەرەوڕووی مەترسی مەرگ کردووەتەوە. لە ئەنجامی پرۆژەی ڕاوڕووتی لەم چەشنە کە هیچ ستانداردێکی نییە، ئەو ڕاستییە دەرکەوت کە خانووەکان، نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان و پرۆژە هاوشێوەکان کەمترین ستاندارد و ژێرخانی پتەوی هەیە و ڕووی ڕاستەقینەی بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی لە بەتاڵان بردنی داهات و سامانی خەڵکی ئەو ناوچانە بۆ ڕای گشتی دەرخست.

سێهەم: مخابن سات لە دوای سات ئاماری قوربانیان و کوژراو و بریندارەکانی ئەم کارەساتە لە بەرزبوونەوە دایە و چاوەڕێ دەکرێت کە ئاماری قوربانیان و زیان بەرکەوتووان لەوەی کە هەیە زیاتر بکات.

لەم ڕووەوە، بە سەرنجدان بە قورسایی و لایەنەکانی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە، داوا لە سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بە هەموو چین و توێژەکانەوە دەکەین کە بە هانای خەڵکی ئەو ناوچانەوە بڕۆن و ئەوەی لە توانایان دایە هاوکاری و یارمەتییان بکەن.

لێرەوە جەخت دەکەینەوە کە کۆماری ئیسلامیی لە ڕووداو و هەلومەرجی وەهادا دەستی هاوکاری و فریاکەوتنی کورتە و تەنیا بۆ سەرکوت و داپڵۆسین و بەتاڵان بردنی سامانی وڵاتە کە دەستێکی باڵای هەیە.

پێویستە لەم بارەوە، سەرجەم ڕێکخراو و چالاکانی مەدەنی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، ئەرکی ئەخلاقی، مرۆیی و نەتەوەیی خۆیان سەبارەت بە هاوکاری و یارمەتی کردنی لێقەوماوانی ئەم کارەساتە بە جێ بگەیەنن.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیسیۆنی تەشکیلات

٢٣ی خەزەڵوەر ١٣٩٦

١٤ی نوامبری ٢٠١٧

 

 _________________________________________

بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌ى ماڵپه‌ڕ له رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ئێره‌ كلیك بكه‌ 


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 987
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy