دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ بوومەلەرزەی ڕۆژی یەکشەممەی کوردستان ڕوو لە خەڵکی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
کارەساتی بوومەلەرزە رۆژهەڵاتو باشووری کوردستانی هەژاند
هاونیشتمانیانی بەڕێز،
خەڵکی خۆڕاگری کوردستان،
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی کاتژمێر ١٠ی شەو بە کاتی کرماشان، بوومەلەرزەیەک لە ئەزگەڵەی سەربە سەرپێڵیزەهاو ڕووی دا کە گەورەییو بەهێزیی ئەو بوومەلەرزەیە بە رادەیەک بوو کە چەندین وڵاتی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش هەستی پێ کرد.
چەقی ئەو بوومەلەرەزەیە لە سەرپێڵیزەهاو بوو کە لەو ناوچەیە وێرانییەکی یەکجار زۆری دروست کردو لە چەندین شاری دەوروبەریش وەکوو ئیلامو کرماشانو جوانڕۆو شابادو قەسری شیرینو کرندو سەلاسو ... خەساری مادیو گیانیی بەدواوە بوو.
بە پێی ئامارە سەرەتاییەکان لە شارەکانی پارێزگای کرماشان تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ کوژراوو نزیک بە ٢٦٠٠ بریندار تۆمار کراوەو رەنگە بە هۆی گەڕان لە ژێر وێرانەکاندا ئەو ئامارانە زۆرتریش ببنەوەو قوربانیی زۆرتری لێ بدۆزرێتەوە.
ئەو بوومەلەرزە لە باشووری کوردستانیش بەتوندی هەستی پێکراوەو بەتایبەت لە دەربەندیخانو چەند شاری دیکەی وێرانیی زۆرو قوربانیی لێکەوتۆتەوە.
دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیانی ئەو بوومەلەرزەیە، هیوای هەرچی زووتر چاک بوونەوە بۆ بریندارانی ئەو کارەساتە دەخوازێ.
کارەساتێکی وەها گەورە کە دەیان شاری کوردستان لە رۆژهەڵاتو باشووری گرتۆتەوەو بە سەدان قوربانیو بە هەزاران بریندارو وێرانییەکی زۆری لێ بەجێ ماوە، کارەساتێکی نەتەوەییەو وێڕای هاوخەمیمان بۆ هەموو زیانلێکەوتووانی مادیو گیانی، داوا لە هەموو هاونیشتمانیانی کورد دەکەین کە لەم کارەساتە گەورەیەدا بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێ یارمەتیدەری قوربانیانو ماڵوێرانکراوەکان بن.
وێڕای سەرەخۆشیی دووبارە لە بنەماڵەی هەموو قوربانیانی بوومەلەرزەکەی ٢١ی خەزەڵوەرو هیوای هەرچی زووتر چاکبوونەوە بۆ برینداران، هیوادارین کە کارەساتەکان هەستی پێکەوەبوونو هاوسۆزیی نەتەوەییمان بەرزتر بکەنەوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٢٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٦
١٣ی نۆڤامبری ٢٠١٧
_________________________________________
بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرى ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه

