کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەوڵێکی نوێی دیکەدا بەتەمای بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیو شێواندنو چەواشەکردنی ڕووداوە مێژووییەکانی کوردستانە.
لە چوارچێوەی شەڕی نەرمی کۆماری ئیسلامیداو بە سەرپەرشتی وەزارەتی ئیتلاعاتو ناوەندە ئەمنیەتیو سیخوڕییەکانی ڕێژیم، دەزگای دەنگو ڕەنگ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین بەرنامەی بەناو دێکیۆمێنتاریان بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا هەوڵ بۆ خەوشدارکردنی سیمای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کوردو شێواندنی مێژووی هاوچەرخی کوردستان دراوە.
کاناڵی "مستند" سەر بە ئیدارەی دەنگو ڕەنگی ڕێژیم بە بڵاوکردنەوەی زنجیرە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی لەژێر ناوی "پیشمرگان" وێڕای ئاوڕدانەوە لە ڕووداوەکانی پێشو پاش شۆڕشی گەلانی ئێران، لە ڕێگەی کۆمەڵێک تاکی نەفسنزمی خۆشخزمەت بە ڕێژیم کە کەسایەتی دزێویان بۆ خەڵک بەتەواوەتی ڕوونە، هەوڵی شێواندنی ڕاستییە مێژووییەکانو هەروەها خۆبەریکردن لە تاوانو جینایەتەکانی ڕێژیم دەرحەق بە گەلی کوردیان داوە.
لەم زنجیرە بەرنامە پڕاوپڕ لە درۆو دەلەسەیە، کە ئەوپەڕی ڕقو قینی ئامادەکارانی بەرنامەکە دژ بە گەلی کوردی پێوە دیارە، لە ڕێگەی کەسانێکی وەک فایق فەرەجی، ڕەحیم ئەحمەدی، خەلیل ڕەزایی، واحید ئەسعەدیو چەندین چەکهەڵگری دیکەی ڕێژیم هەوڵ بۆ شێواندنی کەسایەتییە دیارەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستانو ڕەوتی خەباتی مافخوازانەی گەلەکەمان دراوە.
هەروەها لە دووتوێی بەرنامەیەکی دیکەی هاوشێوە لەژێر ناوی (بر بلندای صخرەها) کە باس لە ژیانی پاسداری بەدناوی ڕێژیم "سەمەد بوستانی" دەکات، هەوڵ دراوە لە ڕێگەی کەسانێکی ناوزڕاوی وەک "بەیتوڵا دادخا" قارەمانسازییەکی درۆیین لە ناوبراوو هاوپیاڵەکانی بخرێتە بەرچاوی بینەرو لە هەمان کاتیشدا هێزە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان وەک لایەنێکی بەستراوە بە بێگانەو دژ بە ئازادیو بەرەی ئاژاوەچی بناسێنێت.
پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە ئەم پاسدارە جینایەتکارەی ڕێژیم لە تەمەنی پڕ لە شوورەیی خۆیداو لە چوارچێوەی خۆشخزمەتییەکانی بە ڕێژیم چەندین گەنجو لاوی کوردی بەهۆی ئازادیخوازی ڕەوانەی ڕەشچاڵەکانی کۆماری ئیسلامی کردو دواجار ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی لە جەریانی حەماسەی لەبیرنەکراوی قەرەسەقەڵی شنۆ کوژرا.
ئەوەیکە ڕوونە ڕێژیمی دژەکوردی تاران لە هەموو تواناییەک بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی گەلانی ئێران دژ بە بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستان کەڵک وەردەگرێ؛ پێشتریش هەوڵی لەم چەشنە دراوە کە ئامانجەکەی لە ڕاستیدا شێواندنی مێژووو چەشنێک لە شەڕی نەرم بووە بۆ بەردەنگی غەیری کورد تاکوو لەم ڕێگەیەوە پاساو بۆ جینایەتەکانی خۆیان لە ڕابردووو لە ئێستادا بهێننەوەو ڕەواییەکی، هەرچەند کاتی، بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.
_________________________________________
بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرى ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه

