حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانو کۆمەلەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە دووتوێی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا داوایان لە خەڵکی کوردستان کردووە بە نیشانەی پارێزگاری کردن لە شوناسو کولتووری نەتەوەیی خۆمان وەک نەتەوەیەکی وشیار، بەجلو بەرگی ڕازاوەی کوردیەوە نەوەی نوێی ئەمڕۆو خاوەنداری دواڕۆژو داهاتووی نەتەوەکەمان بۆ بەرەو زانستگا، قوتابخانەو ناوەندەکانی خوێندن بەرێ بکەین.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
دەسپێکی وەرزی نوێی فێرخوازیو فێرکردن پیرۆز بێ
هاونیشتمانیانی بەڕێز،
خوێندکارانو مامۆستایانی ئێران،
خوێندکارو مامۆستایانی کوردستان،
ڕۆژی یەکی ڕەزبەر لە ئێرانو خۆرهەڵاتی کوردستاندا، وەکوو ڕۆژی کرانەوەی قوتابخانەو خوێندنگەو زانستگاکان دەناسرێو سەرەتای هاتنی وەرزی پاییز لە ئێراندا دەسپێکی ساڵێکی نوێو وەرزی زانستو خوێندنەو ئەم وەرزە لە بیرەوەیو کەلتووری کۆمەڵایەتیدا بۆنو بەرامەی خوێندنو فێرخوازیی بەخۆوە گرتووە.
لێرەدا پێویستە هاتنی ساڵی نوێی خوێندن بە هەموو قوتابیو خوێندکارو فێرخوازێک لە ئێراندا پیرۆزبایی بڵێین، چوونکە ساڵێکی دیکە لە پرۆسەیەکی گرنگی پێگەیشتنو فێربوون دەست پێ دەکەن. هەروەها پیرۆزبایی لە مامۆستایانی خوێندنگەکانو مامۆستایانی زانکۆکان بکەین کە ساڵێکی دیکەی بەڕێوەبردنی ئەرکی پیرۆزی مامۆستاییان دەست پێدەکاتەوە.
بەتایبەتیش پیرۆزبایی لە هەموو فێرخوازانو قوتابیو خوێندکارو مامۆستایانی کورد بکەین چوونکە لە وڵاتی ژێردەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی تاراندا، ئەوان لە نێو نەتەوەی ستەملێکراوی کورددا ئەرکی گەورەو گرینگی فێربوونو فێرکردنیان لە ئەستۆیە کە رۆڵەکانی گەل بۆ داهاتووی وڵات بار دێنن.
پێویست بە ئاماژەو زۆر وردبوونەوە ناکا کە خوێندنو فێربوون لە هەر نەتەوەو کۆمەڵگایەکدا چ دەورێکی بنەڕەتی دەگێڕێو بەتایبەت لەم سەردەمەدا کە زانیاریو زانست بە خێراییەکی سەرسووڕهێنەر گەشە دەکاو شۆڕشی بەردەوامی زانستی جیهان بە خێرا دەگۆڕێ، ئەو نەتەوانە سەرکەوتوو دەبنو دەمێننەوە کە لەگەڵ رەوتی گەشەکردنی زانست لە ئاستی جیهاندا، خۆیان ڕێک بخەنو بیرو هزرو پەروەردەی نەوەی نوێیان بەو پێیە بڕواتە پێش.
ئەوەی لە ئێراندا دەیبینین هەرچەند بە ڕواڵەت دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن، دەسپێکی ساڵێکی دیکە لە فێربوونی ڕۆڵەکانی کۆمەڵگایە، بەڵام لەبەر بەلاڕێدابردنی سەرتاسەریی پڕۆسەی خوێندنو پەروەردەدا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەباتی نوێبوونەوەی بیرو هزری نوێی داهێنەرانە، هەوڵ دەدا کە پەروەردەی منداڵو لاوانی ئێرانی، پەروەردەیەکی داخراوو چەقبەستوو بێو بە بیری کۆنو دواکەوتووانە باریان بێنێ.
مامۆستایانی ئازیز ئێوە وەک توێژێکی زەحمەتکێشی کۆمەڵگا کە ئەرکی قورسی پەروەردەکردنی نەسڵی نوێی کۆمەڵگاتان لەسەر شانە، بە درێژایی ئەم چەند ساڵەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، لە شوێنی کارەکانتان بەرەوڕووی کێشەی زۆر بوونەتەوەو بەشی هەرە زۆری ئەو کێشانەش لە سیاسەتی ڕێژیمو جۆری ڕوانینی ڕێژیمەوە سەرچاوە دەگرێت بەرامبەر بە سیستمی پەروەردەو بارهێنان. بوونی ناوەندە ئەمنییەتییەکانو حەراسەت لە شوێنی کار، کەمبوونی حەقدەستو مووچەی کارکردن کە وادەکات بەشی هەرە زۆری مامۆستایان بۆ بژێوی ژیانیان ڕوو بکەنە کاری دووهەمو زۆر کێشەیتر لەشوێنی کارکردن بەشێک لەو کێشانەن. ئێمە وێڕای رێزگرتن لە هەوڵو ماندوو بوونەکانتان، بوونی هێمنیو ئاسایش لە شوێنی کارو باشتر بوونی بژێوی ژیانتان بە مافی بێ ئەملاوئەولای ئێوە دەزانین.
جیا لە کۆی پرۆسەی خوێندنو پەروەردە لە ئێراندا، بوارێکی تایبەتیی دیکەی دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن، پرسی ئەو ژینۆسایدە فەرهەنگیەیە کە لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی شۆونیستیدا بەڕێوە دەچێ.
دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن، هەر چەند لە بواری فێربوونو زانستەوە دەورێکی گرینگی هەیە، بەڵام بۆ میلیۆنان ڕۆڵەی نەتەوە ژێرستەمەکانی ئێران، دەسپێکی کوشتاری فەرهەنگییە کە خوێندن بە زمانی دایکیو زمانی نەتەوەکەی خۆیان لێ قەدەغە دەکەنو بە زمانێکی دیکە کە بۆ ئەوان بیانیە، وانەیان پێ دەڵێنەوە.
لە ڕاستیدا منداڵانی نەتەوە ژێرستەمەکان لە ئێرانداو یەک لەوان نەتەوەی کورد، کە هەتا پێش دەسپێکی خوێندنی قوتابخانە بە زمانی دایکییان لە ماڵو گەڕەکو لە نێو خەڵکی خۆیاندا دەدوێنو گوێبیستی دەبن، لە یەکەم ڕۆژی دەسپێکی خوێندنی فەرمیدا زمانی دایکییان دەبردرێتە کوشتارگەی فەرهەنگیو بە زمانێکی بۆ ئەوان بیانی پەروەردە دەکرێن.
هیوادارین کە سیستمی دواکەوتووو کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی لەنێو بچێ، چوونکە تەنیا بە نەمانی کۆماری ئیسلامییە کە دەرگای سیستمێکی نوێو ئەمڕۆیی پەروەردە دەکرێتەوەو دەرەتانی ئەوەش دەرەخسێ کە منداڵانی نەتەوەکانی غەیره فارس لە ئێراندا بە زمانی دایکیی خۆیان بخوێنن.
جێی خۆیەتی لەم ڕۆژی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنەدا، بە نیشانەی پارێزگاریکردن لە شوناسو کولتووری نەتەوەیی خۆمان وەک نەتەوەیەکی وشیار، بەجلو بەرگی رازاوەی کوردییەوە نەوەی نوێی ئەمڕۆو خاوەنداری دواڕۆژو داهاتووی نەتەوەکەمان بۆ بەرەو زانستگا، قوتابخانەو ناوەندەکانی خوێندن بەڕێ بکەین. هەوڵمان ئاخاوتن بە زمانی کوردی بێتو ڕۆژی کرانەوەی ناوەندەکانی خوێندن بۆ خوێندکارانو مامۆستایان بکەین بە کەرنەڤاڵی داکۆکی کردن لە شوناسو کولتووری نەتەوەییمان.
وێڕای پیرۆزبایی دووبارەی دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن، بەهیوای گەشەکردنی کەلتووری مرۆڤدۆستیو داهێنەری لە ئێرانداو هاتنەدی سیستمێک کە چیدی هیچ جۆرە ژینۆسایدێکی سیاسیو فەرهەنگیو کۆمەڵایەتیی تێیدا بەڕێوە نەچێ.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٣٠ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی
_________________________________________
بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرى ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه

