کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەمەڕ بایکۆت کردنی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە، سپاسنامەیەکی ئاراستەی خەڵکی کوردستان کرد.
دەقی سپاسنامەکە:
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان
ئەندامانو لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ئێوەی خەباتکارو تێکۆشەری ڕێگای ئازادی، بە پێداگری لە سەرمافە ڕەواکانتانو شێلگیریتان لە خەباتی بەردەوام بۆ ڕزگاریی گەلو نیشتیمانەکەتان، لە ڕاستای هاودەنگیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانو بەیاننامەی هاوبەشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانو کۆمەڵەدا بۆ بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنی ڕێژیم، سەلماندتان کە نە ئاستەنگو بەربەستەکانو نە هەڕەشەو گوشاری نیزامیو ئیداریی ڕێژیمی پاشکەوتنخوازو دژی ئازادیی کۆماری ئیسلامی ناتوانن لە تێکۆشانو خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانتان دابڕن.
دڵنیاین کە تا کۆتایی تەمەنی بەرەولێژی دەسەڵاتی نگریسی ڕێژیمی تاران لە کوردستان، هەروا بە خۆڕاگریی شۆڕشگێرانەو گوڕوتینی ڕوو لە گەشەوە، هەنگاوەکانتان خێراتردەکەن.
سەرکەوتنمان لە دەربڕینی دەنگی "نا" بەتەواوەتی کۆماری ئیسلامی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە هیچ پیلانێکی ڕێژیمی خۆسەپێنو داگیرکەری کۆماری ئیسلامی ناتوانێ ئیرادەی نەتەوەیی مان بۆ بەرەنگاربوونەوەی زۆڵمو زۆرداری لاواز بکات.
بەم هۆیەوە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران سپاسو پێزانینی خۆی بەرامبەر هەموو هەوڵو چالاکییەکانتان دەردەبڕێ.
دەنگی ڕاسانتان بەرزتر بێو خەباتی یەکگرتوانەمان تاسەرکەوتن بەردەوام .
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمیسیۆنی تەشکیلات
٣٠بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی
___________________________________
ــ بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرى ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه
ــ تێلێگرامی "ههڵۆی كوردستان"

