کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە سەرجەم چالاکان، هەڵسووڕاوان ورێکخراوە مەدەنییەکان کردووە کە؛ سیاسەتی هێرش بۆ سەر کۆڵبەرانو خەڵکی کاسبکاری ناوچە سنوورییەکان مەحکووم بکەنو سیاسەتی سەرکوتکارانەی ئەم ڕێژیمە لەقاو بدەن.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بهم شێوهیه:
ڕاگەیەندراوی کۆمیسیۆنی تهشکیلات
لە پەیوەندی لە گەڵ هێرش بۆ سەر کۆڵبەرانی کورد لە ناوچە سنوورییەکان
بۆ بیروڕای گشتی!
هەر وەک ئاگادارن، لە درێژەی سیاسەتی سەرکوتو داپڵۆسینی هێزەکانی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە سنووری شاری سەردەشت، کەوتنە بەر پەلاماری هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێرانو لە ئاکامدا چەند کۆڵبەری کورد کوژرانو بریندار بوون.
ئەم هێرشە نامرۆڤانەی هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم، هەر چەند یەکەم جارو دوایین جار نییە کە ڕووبەڕووی خەڵکی کاسبکارو بێدەرەتانی ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێتەوەو مافی ژیانیان لێ زەوت دەکات، لە ڕاستیدا درێژەی سەرکوتی سیستماتیکی گەلی بەشخوراوو ماف زەوت کراوی کوردە بە هەموو چینو توێژەکانیەوە.
بەردەوامیی ئەم سیاسەتە نامرۆڤانەو دژی گەلییە لە کاتێکدایە کە؛ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە درێژایی تەمەنی نگریسی خۆی، نانو ئازادیی زەوت کردووەو لە ئێستاشدا خەریکی چەواشەکاریو بەڕێوەبردنی شانۆی بەناو هەڵبژاردنە لە ئێراندا. گومانێک لەوەدا نییە کە هەموو تاکێکی ئازادیخوازو سەرجەم نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران، چیدی نابێ بەرانبەر بەم بێمافییەو بێبەری بوونە لە ژیانو نانو ئازادییو کەرامەتی مرۆیی خۆیان، بێدەنگی هەڵبژێرن. ئەرکی، شۆڕشگێڕیو ئازادیخوازانەی هەر تاکێکی کوردە کە بەرانبەر بە سیاسەتی دوژمنکارانەو مرۆڤکوژانەی کۆماری ئیسلامی دەنگ هەڵبڕنو بە هەر شێوەیک کە بۆیان دەکرێ بەرەنگاری ئەم ڕێژیمە ببنەوە.
سیاسەتی قیزەونو نائینسانیی لێ ئەستاندنی مافی ژیان لە هەر شێوەیەکدا بێت، مەحکوومەو دژ بە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤە. لێرەوە داوا لە کۆڕو کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکانو ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ دەکەین بەرپەرچی ئەم سیاسەتەی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی بدەنەوە. چاوەڕوانیشمان لە سەرجەم چالاکان، هەڵسووڕاوانو ڕێکخراوە مەدەنییەکان ئەوەیە کە؛ سیاسەتی هێرش بۆ سەر کۆڵبەرانو خەڵکی کاسبکاری ناوچە سنوورییەکان مەحکوم بکەنو سیاسەتی سەرکوتکارانەی ئەم ڕێژیمە لەقاو بدەن.
داواکارین، سەرجەم چالاکان، تێکۆشەرانو هەموو تاکێکی کۆمەڵگای کوردستان، بە هەست بە بەرپرسایەتیو ئەرکی نیشتمانیو مافخوازانەی خۆیان، لە بەرانبەر ڕێژیمێکدا کە ڕۆژانە نانو ئازادییەکان زەوت دەکات، هەڵوێستو ناڕەزایەتیی خۆیان دەرببڕنو یەکڕیزو یەکگرتوو، هەوڵی دەستەبەرکردنی مافی ئازادیو ژیانو پاراستنی کەرامەتی مرۆیی خۆیان بدەنو زیاتر لە هەموو کاتێک ڕیزەکانی خەبات پتەوتر بکەن.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمیسیۆنی تەشکیلات
٢٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی
_________________________________________
ــ بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرى ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه
ــ تێلێگرامی "ههڵۆی كوردستان"

