مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ساڵی نوێ پەیامێکی بڵاو کردەوەو لە بەشێکی ئەو پەیامەدا هاتووە که ئەوەی لە ساڵی داهاتوودا بەلای ئێمەوە گرینگە، بەردەوامیی پشتیوانیی خەباتی شاخەو لەهەمانکاتدا دەبێ هەموان کار لە سەر ئەوە بکەین کە چۆن شارەکانی کوردستان ببن بە لانکەی سەرەکیی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان.
دەقی پەیامەکە:
پەیامی نەورۆزیی سکرتێری گشتیی حیزب
هاونیشتمانیانو کوردستانیانی خۆڕاگر
لە بەرەبەری نەورۆزداو به بۆنهی هاتنی ساڵێکی نوێ، پیرۆزباییتان لێ دهكهین؛ نەورۆزێک کە ئیتر دەتوانێ هێمایەک بێ لە ڕاسانی خۆرهەڵات.
لە کاتو ساتێکی ئاوادا بوو کە ساڵی پار له بناری قهندیلەوه پەیامی ڕاسانی خۆرهەڵاتمان پێڕاگەیاندنو پێمان وتن کە ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەرزێکی نوێ لە خەباتی خۆرهەڵات دەست پێدەکەینەوە. بەڵام پێمان نەوتن کە ئەوە تەنیا پێشمەرگەو حیزبی دێموکراتە کە هەموو بەرپرسیاریەتییەکەی ئەم خەباتە بەئەستۆ دەگرێت، بەڵکوو هەموومان دەچینە قۆناغێکیتر لە ژیانی ڕزگاریخوازی لە مێژووی گەلەکەماندا.
دیارە پەیامەکەی ئێمە خوێندنەوەی جیاوازی لەسەر کرا، هێندیک لایان وابوو کە حیزبی دێموکرات ناتوانێ بەرەنگاری کۆماری ئیسلامی ببێتەوە، یان حوزوری پێشمهرگه له نێو خەڵکدا ناتوانێ وەڵامدەر بێ. بهڵام ڕووداوو لێکدانەوەکان لە سەر ئەم بابەتە لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە نە ئێمە ئەو هێزەین کە کۆماری ئیسلامی بە چۆکماندا بێنی،و نە خەباتەکەی ئێمە بەتەنیا خەباتی پێشمەرگەیه.
ئەوەی حیزبی دێموکرات لە نەورۆزی ڕابردوودا ڕایگەیاند، گرێدانی خەباتی شارو شاخ بوو. واتە خەباتێک کە تەنیا پەیوەست بە پێشمەرگەوە نیە، بەڵکوو کاکڵە سەرەکییەکەی شارو بزاڤە شارییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستانە. ئێمە بەو باوەڕە گەیشتووین کە کۆی پانتایی خۆرهەڵاتی کوردستان لە بواری سیاسی، کولتووری، کۆمەڵایەتیو ئابورییدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە. گۆڕانێک کە وێنایەکیتر لە کۆمەڵگای خۆرهەڵاتمان پێ نیشان دەدات.
بە درێژایی مێژوو زۆرترین قورسایی خەبات لەئەستۆی پێشمەرگەبووە، واتە پێشمەرگە هەموو تێچووەکانی خەباتی لەسەرشان بووەو خەڵکیش وەک ڕزگاریدەر چاویان لێ کردووە.
بەڵام ئێمە لەو بڕوایەداین کە ئەمشێوە بیرکردنەوە دەبێتە هۆی چاوەڕوانی و، شارو بزاڤەکانی ناتوانن ڕۆڵو توانای خۆیان پیشان بدەن. بۆیە ئێمە باوەڕمان بە دوو کوڵەکە لەم خەباتەدا هەیە: کۆڵەکەیەکی پێشمەرگەیە کە وەک پشتیوانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ڕۆڵ بگێڕێت و، شاریش بە بوونی پێشمەرگە هەست بە تەنیایی نەکاتو لەخەبات بۆ ڕزگاریو ئازادییەکانی بەردەوام بێ. لێرەدا پێشمەرگە ئەو هێزەیە کە دیفاع لە جووڵەو تواناکانی خەڵک دەکات بەرانبەر بە سەرەرۆییەکانی ڕێژیم. شاریش ئەو مەکۆیە دەبێ کە دەیهەوێ ببێ بە بەشێک لە سیاسەت لە خۆرهەڵاتی وڵات.
ئێمە لە بەر ئەوە بە پێشمەرگەوە دەستمان پێکرد، تاکوو بە کۆمەڵگای بسەلمێنین کە بوونمان هەیەو ئەم بوونە تەنیا دروشم نیە، پێشمەرگە وەک هێماو ئاوێنەی کوردبوون لەگەڵتانە. پێشمەرگە وەک دەسپێک هێمای ئەوە بوو کە ڕاسانی خۆرهەڵات کاروانێکە کە دەیهەوێ ببێ بە ڕاستیو ئەو ورە بە کۆمەڵگا ببەخشێ کە دەتوانێ ڕاڤەی بوونی خۆی بکات.
گیان فیدایی پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا توانیی زۆر بابەتمان بۆ ڕوون بکاتەوە:
یەکەم ئەوە کە؛ ڕۆڵەکانی کوردستان ئێستاشی لەگەڵدا بێ، ئامادەن کە بەهای ڕزگاریخوازیی خۆیان بدەن.
دووەم ئەوە کە؛ پێشمەرگە سەلماندی کە هەیمەنەی کۆماری ئیسلامی بابەتێکی ناڕاستو بێناوەڕۆکە.
سێیەم ئەوە کە؛ پیشمەرگە بڕیاری داوە لەگەڵ گەلو نیشتمانەکەی بێ،و ئەمە نیشان لە ستراتژییەکی درێژخایەن دەدات نەک کاتی.
هاوکات لەگەڵ خەباتی شاخ کە پێشمەرگە نوێنەرایەتی دەکات، خەباتی شار لای حیزبی دێموکرات گرینگە، لەم بوارەدا هەرچەند ئێمە هێشتا لە سەرەتای ڕێگەداین، بەڵام کۆمەڵگایەکی زیندوومان هەیە کە پێویستی بە ڕزگاریدەر نیە. بەڵکوو هەوڵمان ئەوە دەبێ کە پێکەوە خەباتی شار مانادار بکەین. ئێمە بڕیارمان نەداوە کە ببین بە چاوساغی ئێوە لە خەباتی شاردا، بەڵکوو ئەو پانتایە هی هەموومانەو پێکەوە هەوڵی واتادارکردنی دەدەین.
خەباتی شار ئەو شوێنەیە کە هەموومان لەوێدا یەکدەگرینەوە. کۆمەڵگای ڕزگاریخوازی خۆرهەڵاتە کە دەبێ ببێ بە لانکەی پێکەوە ژیانی سیاسەت، کولتوورو ناسنامە جیاوازەکان، ئەو مەکۆیەی کە هەم تواناکانی کورد دەچەسپێنێو هەمیش گەراکانی کیانێکی دێموکراتیک لەگەڵ خۆیدا ڕاڤە دەکات. ئەو شوێنەی کە دەبێ لە ئەمرۆە کاری بۆ بکەین.
لە ئەنجامی حەماسەو داستانەکانی قەرەسەقەلو کۆساڵان، کۆمەڵە وێنایەک لە خۆرهەڵات سەریان هەڵدا کە هەموویان ئاماژەیەک بوون بۆ ئەوەی کە خەباتی شاخ توانیویەتی پەیامی خۆی بە شار بگەیەنێت، لەهەمانکاتدا بەشداریی خەڵک به گوێرەی توانا لەگەڵ خەباتی شاخ و، بەدەنگەوەهاتنیان لە ساڵرۆژی تێرۆری ڕێبەری گەورەمان، دوکتۆر قاسملوو پیشانیدا کە شارەکانی خۆرهەڵات هەڵگری نەوەیەکی ئامادەن کە دەزانێ چۆن کۆماری ئیسلامی بباتە ژێر پرسیارەوە.
لەلایەکی ترەوە جۆرێک لە خۆڕاگریی مەدەنی لە شارەکانی کوردستان سەریانهەڵدا کە هەموویان هەڵگری پەیامێک بوون، ئەویش بەرجەستە کردنەوەی ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو بەرانبەر بە داگیرکەر.
لە هەمانکاتدا لەبیرمان نەچێ کە چۆن خەڵک پێشوازییان لە پیشمەرگە کردو لە کاتی پێویستدا ئامادە بوون بە هەموو نرخێک یارمەتیدەریان بن.
ئەوەی کە شار لە خەباتی خۆرهەڵاتدا گرینگە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لای ئێمە کوردبوون تەنیا مانای پێشمەرگەو هێزی بەرگری نیە. بەڵکوو واتای ئەوە دەگەیەنێ کە ئەگەر زۆرینەی خەڵک توانای پێشمەرگایەتیان نیە، بەڵام لە توانایاندایە کە بەرانبەر بە مافەکانی خۆیان هەستیارو بەرپرسیار بن. لێرەدا گەیاندنی ئەو پەیامەیە کە خەبات بۆ ڕزگاریو خەباتی نەتەوەیی مانای دابڕان لە ژیان نیە، لەهەمانکاتدا خەباتێک کە ڕەگو ڕیشەی لە بزاڤی شاریدا بێ، مومکین نیە گەڕانەوەو پاشەکشهی تێدا بێ. بەڵکوو دەبێتە خەباتێک کە بۆ هەمیشە درێژە بە ژیانی خۆی دەدات. جا چ ململانێ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکات یان دەسەڵاتێکی تر.
لێرەدا بونیادنانی ئیرادە گرینگە، بونیادنانی ئەو ئیرادەیە کە تاکی کورد لە هەر شوێنێکی ژیانی شاریدا بێ، هەستی پێبکات و، بگات بەو ڕاستییە کە ژیانو کوردبوون مافی ئەوە و، دەتوانێ ڕۆژانە کاری بۆ بکات. دیارە تا گەیشتن بەو ئاستە کە کۆمەڵگای ئێمە هەڵگری ئەو توانایه بێ، ڕێگایەکی دوورو درێژمان لە پێشە، بەڵام گرینگ ئەوەیە کە ئەگەر تواناکانی خۆمان لە ئاستە جیاوازەکاندا بناسینو سەیر بکەین کە چ توانایەکی مرۆیی بەهێز لە خۆرهەڵات بوونی هەیە، ئەو کاتە باوەڕ بەوە دێنین کە دەبێ بچینە بواری کاری هاوبەشەوەو بیکەین بە ڕاستی، ڕاستییەک کە له کردەوەدا خۆرهەڵات بکاتە هێزێکی شوێندانەر.
خهڵکی خۆڕاگری کوردستان!
ئێستا پاش دوو ساڵ لە کارکردن بۆ گرێدانی خەباتی شارو شاخ، دەمانهەوێ دیسان ڕووی خۆمان لە ئێوه بکەینو بڵێین کە ڕاسانی ڕۆژهەڵات ئیتر واتاو چەمکێکی بێگانە نیە لای هەموومان، بەڵکوو خەریکە دەبێتە ناسنامەیەک. ئەم بە ناسنامەبوونە لە ئاستی خەباتی شاخدا جێگای گرتووەو خەریکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پتەوتر دەبێ، بەڵام لە لایەکی ترەوە خەباتی شار پێویستی بە ئاوڕدانەوەو بەهێزتر کردن هەیە. ئەم بەهێزبوونەش بە تاکە تاکەی کۆمەڵانی خەڵک دەکرێت، ئەوەی لە ئەستۆی ئێمەیە سەلماندنی پاڵپشتیی خۆمانە وەک پێشمەرگەو حیزب، تاکو پێتان بڵێین کە بە تەنیا جێتان ناهێلین. ئەوەش کە بۆ ئێوە دەمێنێتەوە گرتنە ئەستۆی بەرپرسیاریەتییە بەرانبەر بە ژیانو ڕزگاریی وڵاتەکەمان.
لەم بوارەدا ئێمە یەکتر تەواو دەکەین، تاکوو پێکەوە ببین بە بونیادنەری کۆمەڵگایەکی ڕزگارو ئازاد. ئەوەی لە ساڵی داهاتوودا بەلای ئێمەوە گرینگە، بەردەوامیی پشتیوانیی خەباتی شاخەو لەهەمانکاتدا دەبێ هەموان کار لە سەر ئەوە بکەین کە چۆن شارەکانی کوردستان ببن بە لانکەی سەرەکیی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان.
ئیمه بەو واتاو ناوەڕۆکەوه له نەورۆزی ساڵی ١٣٩٦ جێژنه پیرۆزه له ههموو ئەندامانی بنەماڵەی شههیدانی ڕێگای خەباتمان بۆ ڕزگاری، كادر، پیشمهرگهو لایهنگرانی حیزبهكەمانو لاوانی وشیارو ئاگای خۆرهەڵات و، بەگشتی هەموو خهڵكی كوردستان دهكهینو دهڵێین:
سەرکەوێ خۆرهەڵات.
_________________________________________
ــ بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرى ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه
ــ تێلێگرامی "ههڵۆی كوردستان"

