هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

بۆچی بۆ کەسانێک شەقی پاسدار ژانی نیە ؟

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

Hasan_Salehzade_-_logo_-_web_2017یەکجارزۆرن ئەو کەس‌و بنەماڵانەی کە لە لایەن مەئموورانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تووشی لێدان، ئەشکەنجە، دەرکران، تاڵان، زیندان‌و کوشتن بوونەتەوەو ئێش‌و ژان بە جەرگیان گەیشتووە. بۆ مەگەر لە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی کۆنەپەرەستیدا، مرۆڤێک هەیە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە لایەن پاسدارانی دەزگای ویلایەتی فەقیهەوە لە قوتابخانە، بازار یا لە ماڵەوە، بێ رێزی پێ نەکرابێ؟

سەرەتا حەز دەکەم بە گێڕانەوەی چەن بیرەوەریەکی خێرا، رەفتاری پاسدارە قورمیش کراوەکانی قوم بهێنمەوە یاد کە چۆن من‌و ئازیزترین کەسەکانمیان لەوپەڕی بێ ئەخلاقیدا وەبەرشەق دەدا. ئەو بوونەوەرە مرۆڤخۆرانە لە زێدی من لە ئەنجامدانی هیچ جینایەتێک سڵیان نەکردووە، مەگەر ئەو کاتەی کە پێشمەرگە لە لمبۆزی دابن.

 کاتێک کە قوتابی دەورەی ناوەندی بووم، چەندین جار پاسدار وەبەرشەقی داوم. بە دەیان جار بینەری تراژێدی هاوپۆلەکانم بووم کە لە بەر چاوم لێیان دراوەو راکێش راکێش کراون. لە قۆناخی دواناوەندی دا بە هۆی بێ متمانەیی‌و فەزای ترسناکی پاسدارەکان، دەرەتانی ئەوەمان نەبوو کە بەسەرهاتە بە ژانەکانمان بۆ یەکتر باس بکەین. بەڵام دواتر کە بوومە خوێندکارو رووم لە سنە کرد، دەرەتانی زیاترمان هەموو کە لەیەک نێزیک ببینەوە، زۆربەمان یەکترمان بە تەواوی ناسی‌و باسی ژیاننامەی خۆمان گێڕایەوە. سەرەتا وام هەست نەدەکرد بەلام دواتر بۆم ئاشکرا بوو کە زۆربەی هاوڕێکانم رابردوویان لە هەمبەر زوڵمی پاسدار لە من خراپتر بووە. ئەوکات ئێمە چوار کەس بووین کە لە ژوورێکدا بە ناوی خەوتنگە دەژیاین. هەر چوارمان چیرۆکی تاڵی تایبەت بە خۆمان هەبوو، کە لە بەرەوە بۆ یەکترمان ئاشکرا کردن.

 

pasdar_-_teroor_-_2


 یەکەمیان بە سەرهاتی خۆشکەکەی خۆی بۆ گێڕامەوە کە چۆن لە لایەن پاسدارانەوە دەسبەسەر کراوەو بۆ چەندین ساڵ لە سیاچاڵەکانی سەقز، تەورێز‌و ... لە خراپترین دۆزدا ئەشکەنجە کراوە. ئەو دۆخە خەمێکی قرسی خستبووە سەر شانی هاوڕێ کەم‌و تەنانەت تایەفەکەشیان. بەوجۆرەی کە ئەو باسی دەکرد، ئەو بنەماڵە بۆ هەتاهەتایە ناتوانن مۆتەکەی تاڵی ئەو رۆژە سەختانە لە سەر شانیان لاببەن کە پاسدار بە سەری هێناون. هاوڕێی دووهەم باسی بارودۆخی گوندەکەی خۆی دەگێڕایەوە کە پاسداران گورگ ئاسا چ رەفتارێکی دژەمرۆیی یان لە خۆ نیشان داوەو چەن دیمەنی تاڵی دەورانی مناڵی‌و مێرمنداڵی خۆی بەردەوام دووپات دەکردەوە. کەسی سێهەم دەردەدڵی خۆی بە بیرەوەری لە دەسدانی برایەکی زۆر ئازیزی خۆی دەسپێکرد کە لە تەمەنی ١٧ ساڵان دا بە شێوەیەکی زۆر دڕەندانە لە لایەن پاسدارانەوە کوژراوە. هەمیشە بە تاسەوە باسی بیرەوەریەکانی دەورانی منداڵی خۆی‌و ئەوی دەکرد، کە هاوڕێ بوو لە گەڵ ترس‌و خۆف بوو. بەڵام من کە کەسی چواەم بووم دەبوو لە کوێ وە دەسپێ بکەم؟ ئاخر منیش وەک ئەوان دەبوو بە پارێزەوە باسی کردەوەی پاسدارەکان بکەم نەبا بە جۆرێک بە گوێچکەی دەست‌و پێوەندەکانیان بگاتەوەو وەزعەکە خراپتر ببێتەوە!

 باوکم چەندین جار لە سیاچاڵەکانی سپای پاسداران گیراوەو هەر جار بۆ ماوەی چەن مانگ دوور لە چاوی مرۆڤایەتی‌و ویژدان، ئەشکەنجە کراوە. پاسدار دەیان جار هێرشی کردۆتە سەر ماڵمان‌و بێ رێزی بە دایک‌و خۆشکم کردووەو براو باوکمیان وەبەرشەق داوە. مامم کە وەرزێر بوو ئێوارە لە مەزرا دەهاتەوە، پاسدار لێیان پرسی کە پێشمەرگەی دیوە، گوتی: نا، وەبەرشەقیان داو گوتیان درۆ دەکا. هەمان پرسیاریان لە هاوڕێ کەی کرد، وتی: بەڵێ قوربان، تارۆحی لە جەستەدا بوو کوشتیان، گوتیان زوو دەنگی نەکردووە، چیان لە مامۆستای مزگەوت کرد کە هاوکارییان ناکا، ...

پاسدار هاتن بۆ ئاوایی‌و هەموو لاو‌و پیاوانی گوندیان لە مزگەوت کۆ کردەوە. دەرگەیان داخست‌و هەتا توانیان خەڵکیان وەبەرشەق دا، دواتر هەر بە شەق یەکەی تفەنگێکیان پێ نانە بن هەنگڵ کە ئەوە باوکیانە دەبێ ئاگاداری لێ بکەن. لە‌و کاتەدا ژنان‌و کچانی ئاوایی لە بەر دەرگەی مزگەوت کۆببوونەوە، چاویان لێ بوو کە چی لە براو مێردو باوکەکانیان دەکەن. دڵی بەزیی بۆ کەسوکارو، رق‌و قین لە پاسدار ئیرادەی لێ ساندن‌و لە پەنجێرەوە خۆیان خستە مزگەوت‌و بە گژ پاسدارە بێ ویژدانەکانی خومەینی دا چوونەوە. ژنان بە دارو بەردو چنگ تەموورەی پاسدارە چڵکنەکانیان داو پیاوەکان دەرباز بوون. دوای چەن رۆژ پاسدار هاتنەوەو لە بەر دەرگەی هەر ماڵێک تفەنگێکیان فڕێ داو ناویان نووسین. پیاوەکان کە ئێوارە لە مەزرایە گەڕانەوەو ئەو دیمەنەیان بینی، نەیاندەتوانی شەقەکانی چەند رۆژ لەوە پێشی پاسدارەکانیان لە بیر ببەنەوە، هەر بۆیە کۆبوونەوەیەکی برایانەیان کردو لەوێدا بڕیاری یەدەنگیان دا کە تێکڕای ئەو چەکە ناحەزانە رادەستی برا پێشمەرگەکانیان بکەن کە سادقانە کردیشیان. بۆچی؟ چونکوو غیرەتی ئەوان رێگەی پێ نەدەدان کە ژانی شەقی پاسدار لە بیر بەرنەوە. بەو هیوایەش چەکی پاسداریان تەسلیمی پێشمەرگە کرد کە ئەوان بتوانن چەن پاسداری پێ بکوژن‌و تۆڵەی شەقەکانی خۆیانی لێ بکەنەوە.

... پاش چەند مانگ پاسداران هاتنەوەو ٢ رێگەیان خستە بەردەم خەڵکی ئاوایی: یا چەکی پاسدار بە دژی پێشمەرگە دەکەنە شان‌و تەسلیم دەبن، یا گوند چۆڵ دەکەن! ٨٠ ماڵی ئاوایی رێگەی دووهەمیان هەڵبژاردو تێکڕا گوندیان چۆڵ کرد، زۆریان بە شەرەفەوە هاتنەوەو بەشێکیشان هیچ وەخت.

دەورەی ناوەندیمان دەخوێند لە مەدرەسەیەک بە ناوی "توحید"، ٢ پاسداری لێ بوو بە ناوی "فدایی"‌و "محکم"، هەموو رۆژێک وەبەر شەقی دەداین. زۆر دیمەنم دیوە کە پاسدار کەڵکی خراپی لەمنداڵان وەردەگرت‌و بە شتێکی رەوای دەزانی، چ ئەودەم کە قوتابی بووم چ ئەو کات کە بوومە دەرسوێژ. یەکەم جار لە ناوچەی دیواندەرە بووم بە مامۆستاو ٣ ساڵ لە ناو ئەو خەڵکە مێهرەبانەدا مامەوە. لەو ماوەدا زۆر حاڵەتم بینی کە شەقی پاسداری پێوە دیار بوو. تەنانەت لە ناوشار پاسدار هێرشی کردە سەرماڵەکەمان‌و هاوکارە مامۆستاکەمی دایە بەرشەق.

کە هاتمەوە سەقز، لە مەدرەسەی "شبانەروزی" قەوخ دەست بەکاربووم. لەوێ چاوم بە پاسدارێکی ناحەز بە ناوی "مسعود کیانفر" کەوت، ئەو بەردەوام هەموو کەسی وەبەر شەق دەدا، قوتابی، مامۆستا‌و هەندێک جار پریشکەی شەق وەبەر بنەماڵەی قوتابیانیش دەکەوت.

... یەکی سەرزل بە ناوی "سید محمد خاتمی" دەرکەوت‌و کردیان بە سەرۆک کە کۆیا پیاوی چاکە، چما ئەویش بە پاسدار دەرچوو. دەوری تەواو بووە کەچی ئێستا پاسدارە چکۆلەکان لە کونە مشکێکیان هاویشتووەو کایە بە کلکی دەکەن. لەو سەردەمەدا بوارمان رەخساندو یەکێتی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانمان دامەزراند تا بەشکم چی تر شەق نەخۆین‌و دەرفەتێک بۆ قەرەبوو کردنەوە برەخسێنین، بەڵام پاش چەند سال چالاکی، ٣ پاسدار هاتن منیان منیان لە گەڵ خۆیان بردو بۆ ماوەی ٢٦ رۆژ لە سەقز‌و سنە بەر شەقیان دام.

لە ماوەی ژیانم دا دەردی زۆرم بە دەست پاسدارەوە چێشتووە بەڵام قەتیشم لە بیر نەچۆتەوە، لە هەر رێگە‌و دەفەتێک کە بۆم رەخسا بێ بەرەنگاریان بوومەتەوە‌و لانی کەم هاوکاری پێشمەرگەم بۆ ئەو مەبەستە کردووەو دەیکەم. ئایا دەزانن کە ئەگەر پێشمەرگە تۆڵەی بەشێک لە نەهامەتیەکانی ئێمەی نەدەکردەوە هەموان لە داخی ژان‌و دەردی پاسدار دیقکمان دەکرد؟

 نووکە نێزیک بە ٨ ساڵە حەوزەی ژێر دەسەڵاتی پاسدارانم بە جێ هێشتووەو تا ئەمڕۆ چاومان بە یەک نەکەوتۆتەوە. بەڵام ئایا پاش ئەو هەموو شەقە، میردەزمەی تۆقێنەری پاسدار رێگەم پێ دەدەن کە بە ساناهی سەر بکەمە سەر سەرین‌و ئەو هەموو رووداوە تاڵە لە بیر بکەم؟ بە دڵنیایی ناتوانم. پاش ئەوەی کە وەدەرکەوتم، ئەندامێکی بنەماڵەکەم لە لایان پاسدارانەوە گیراو بۆ ماوەی ٢٧ رۆژ بێ سەرو شوێن‌و شکەنجە کرا. بەمجۆرە جارێکی دیکە تراژێدی تاڵی ئەو دەورانە سەختانەم وەبیر هاتنەوە.

 هاوژینەکەم گەلێک جار بە حەسرەت‌و داخەوە ئەم بیرەوەرییە ناخۆشەم بۆ دەگێڕێتەوە: "... لە ناکاو پاسدار هاتن‌و لە ئاوایی بەربوون. باوکم‌و مام‌و ئامۆزاکانمانیان وێڕای هەمووی پیاوەکانیان ناودێ کۆ کردەوەو بە راونان حەواڵەی کێوی بەرانبەر گوندیان کردن. بڕێکیان زۆر پیر بوون‌و بە زەحمەت قاچ‌و دەستەکانیان هەڵ دەهاتەوە کە رابکەن. ئێمەش لەوپەڕی بێ دەسەڵاتیدا، لە بەر دەرگای حەوشەو پەنجێرەی مالەکانمانەوە تماشامان دەکردن‌و دڵەوە خەریک بوو ئاورمان تێ بەربێ. دەزانی بۆ؟ چونکو پاسداران کردبوویانن بە حەیوان‌و دەبوو لە سەر دەست‌و قاچ بە کێوەکەدا هەڵبگەرێن. پاسدار رۆڵی شوانیان دەبینی، هەر کەسەو ٢بەردیان خستبوونە ناو دەست‌و تەکلیفیان لێ دەکردن کە ئەگەر "گوسفەندی"ش ناتوانن قەیناکە دەبێ "مرغی" هەر بڕۆن. دەی من چۆن هەر وا بە ئاسانی شەقی پاسدارم لە هەمبەر کەسەکانم لە یاد بکەم؟"

هەر وەک دەزانین بەشێکی زۆر لەو کەسانەی کە لە ئێران رەویون‌و ئێستا وەک من لە دەرەوەی وڵات بە ناوی پەنابەر نیشەجێ بوون، یا لە ترسی شەقی پاسدار هەڵاتوون یا بە جۆرێک ویستوویانە بەرەنگاریان ببنەوەو رێی گەرانەوەیان لێ گیراوە. من لێرە لە دەرەوەی نیشتمانی داگیرکراوم کە تەنانەت پاش مەرگیشم پاسدار رێی گەڕانەوەم پێ نادا، گەلێک دۆست‌و هاوڕێی تازەم وەدەست خستوون کە ئەوانیش هەر کام بە جۆرێک بە سەرهاتی خۆیان دەگێڕنەوەو دەڵێن کە لە ترسی پاسدارو دڕندەخوییەکانی ئەوان ئاوارە بوون. ئێستا ئاماجی ئەو بابەتە ئەوەیە کە بۆچی شەقی پاسدار بۆ کەسانێک دەبێ هیچ ژانی نەبێ‌و بە شانازی بزانن؟ بۆچی ئەوان لە جیاتی بڕیاڕی تۆڵە سەندنەوە، دەبێ خزمەت بە هاودەست‌و هاوپەیمانەکانەکانی پاسدارا بکەن‌و بە بێ سڵ کردن لە ویژدانی خۆیان‌و مرۆڤایەتی بەگژ پێشمەرگەدا بچنەوە؟!

دیارە ئێمە گشتمان دەزانین کە لەم جیهانە بەرینەدا چ دەزگاگەلێک لە خزمەت ئاشتی‌و مرۆڤایەتی دان‌و کامانەیان رەفتاری فاشیستی‌و دژەمرۆیی لە خۆ نیشان دەدەن. هەروەها من بۆ خۆم ناوی میت‌و ژاندەرمەی تورکم زۆر بیستووە، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە لە ژێر دەسەلاتی ئەواندا نەژیاوم‌و زێدی من ئەوێ نیە، نە هیچکات شەقی میتم وەبەر کەوتووە‌و نە لە ژیانیشمدا شاهیدی هیچ رووداوێکی دڵتەزێنیانم. کە وابوو سادقانە دەریدەخەم کە هیچ رقێکی راستەقینەم دەرهەق بە میت‌و ژاندرمەو شتی وا نە هەیە نە دەزانم چین. بەڵام هەوڵ‌و تەقالای من نەمانی دیاردەی مەنحوسی پاسدار‌و داهێنەرانێتی. تەواوی هەوڵ‌و کۆششم بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو ئە گشتە بێ حورمەتی‌و شەقانەیە کە لە بەر چاوم لەخۆم‌و ئازیزانم دراوە.

ئێوە وا فەرز بکەن من دەبینن کە شەقی پاسدار دەمڕەتێنێ‌و منیش بە ئەسپایی خۆم دەتەکێنم‌و هاوار دەکەم: "ئای میتی تورک مەگەر دەستم پێت نەگات!" چ قەزاوەتێکم لە سەر دەکەن؟ ئایا دەکرێ لە حاڵیکدا کە پۆتینی سەربازانی خامنەیی لە سەر ملمەو خەریکە دەمخنکێنێ، بە قرخە قرخ بقیرێنم: "مەرگ‌و نەمان بۆ ئەردۆگانی فاشیست"؟

دە وەرن تێمگەیەنن ئەگەر وانیە با بە تێکڕا بچین یەخەی پارلمانی ئوروپا بگرین‌و داوا بکەین کە دەوڵەتی تورکی فاشیست چیتر لە زیندانەکانی ئەوین، دیزلاباد، قزل حەسار، ... رۆڵەکانمان بە دەسیسەی میت لە سێدارە نەدات! دەبا رێگری لە پێشمەرگەکانمان بکەین هەتا نەوێرن جارێکی دیکە لە سنوورەکانی کێلەشین‌و باشماقەوە تێپەڕن! دە ورن با هەموومان دەوڵەتی باشووری کوردستان بروخێنین تا پاسدارەکانی خومەینی لە داخان دیق بکەن! دە وەرن با بە هەموومان روخساری پێشمەرگە لە میدیاکانەوە ناشیرین بکەین تا چی تر پاسدار نەوێرێت لە سەقز کوڕان وەبەر شەق بدات‌و تەجاوز بە کچان بکات! دە وەرن با هەموومان لە دەرەوە یا نازخۆ، زەخت بخەینە سەر دەولەتی تورکی فاشیست، کە هاتوو لە غوربەتدا مردین، رێگەمان پێ بدا جەنازەکەمان بچێتەوە بۆ کامیاران یا نەغەدە! دە وەرن با...

ئایا ئەو کەسانەی کە ئێستاش تۆزی شەقی پاسداریان بە پانتۆڵەوە دیارە، تۆڵەی خۆیان کردۆتەوە هەتا منیش دەعوەت بکەن بچم بۆ شاری وان‌و لەوێ شەڕی میت‌و تورکی فاشیستیان بۆ بکەم؟ میتێک کە نە دەیناسم نە دەزانم چیە!

 من گومانم هەیە لەوانەی کە شەقی پاسداریان تەنها لە پێناوی رەخساندنی هەلی کار، دانی پارە، دەرکەوتن لە تیڤی، کۆبوونەوەی رەخس‌و سەما، یا... لە بیر دەچێتەوە ! ؟ 

 

---------------------------------------------------------------------------------------------------

بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌ى ماڵپه‌ڕ له رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ئێره‌ كلیك بكه‌

له‌ تێلێگرامی‌ "هه‌ڵۆی‌ كوردستان"یش به‌ردوام زانیاری‌‌و فیلم‌و وێنه‌تان ده‌ست ده‌كه‌وێ‌


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1114
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy