حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا پشتیوانی لە حەرەکەتی ئیعترازیو ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی نەتەوەی عەرەب لە ئێران دەربڕی.
دەقی پەیامەکە:
ماوەیەکە ڕۆڵەکانی نەتەوەی عەرەب لە ئێران دژ بە سیاسەتی هەڵاواردنو ماف پێشێلکردنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران زنجیرە حەرەکەتێکی ئیعترازیو ناڕەزایەتی دەربڕینیان هێناوەتە ئاراوە. لە درێژەی ئەو حەرەکەتانەدا لەم ڕۆژانەی دواییو بە دوای کوژرانی لاوێکو بریندارکردنی ژمارەیەکی دیکە لە خەڵکی دەوەرەکە بە تایبەت لە شاری ئەهوازو فەلاحیەو خەلیفە بەرین بەربڵاوێکی زیاتری بە خۆیەوە گرتووە. ئەو حەرەکەتە ئیعترازییانە لە چوارچێوەی سیاسەتی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە کەوتوونەتە بەر توندوتیژیو گرتنو زیندانی کردنی ژمارەیەک لە خۆپیشاندەرانو ناڕازیان، شێوە ڕەفتارێک کە ساڵی ڕابردوو دژ بە حەرەکەتە ئیعترازیەکانی شارەکانی مەریوانو پیرانشاریش لە کوردستان بە ئەنجام گەیشتوون.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکووم کردنی سیاسەتی هەڵاواردنو ماف پێشێلکردنی نەتەوەی عەرەبو نەتەوەکانی دیکە لە ئێرانو بایەخ نەدانی ڕێژیم بە ژیانو گوزەرانو خزمەتگوزارییەکانی خەڵکی ناوچەکان پشتیوانیی هەمەلایەنەی خۆی لە دەنگی مافخوازی ڕۆڵەکانی نەتەوەی عەرەب لە ئەهواز دەردەبڕێو هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی گیان لەدەست داوەکە دەکاو چاکبوونەوەی هەرچی زووتر بریندارەکان بە ئاوات دەخوازێ.
دیارە بێدەنگی لە بەرانبەر سەرکوتی ڕۆڵەکانی نەتەوەی عەرەب لە ئێران دەستی ڕێژیمو هێزە سەرکوتکەرەکانی لە درێژەدان بەم سیاسەتە دژی گەلییانە ئاواڵاتر دەکا، بە پێچەوانەوە پشتیوانیو هاودەنگی لەگەڵ ئەم حەرەکەتانەو یەکگرتوویی نەتەوەکانی ئێران دەتوانێ ڕێژیم بە چۆکدا بێنێو پاشەکشە بە سیاسەتە دژی ئینسانییەکانی بکا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٢٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی
١٧ی فورییەی ٢٠١٧ی زایینی
_________________________________________
ــ بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرى ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه
ــ تێلێگرامی "ههڵۆی كوردستان"

