هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

حیزبی دێموکرات‌و کۆمەڵە بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران‌و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

دەقی بەیاننامەکە به‌م شێوه‌یه‌:

 

pdki_komala_zman_1

 

بەیاننامەی هاوبەش بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک

 

خەڵکی مافخوازی کوردستان

چین‌و توێژە ئازادیخواز‌و ڕۆڵە نیشتمانپەروەرەکانی کوردستان

ڕۆژی ٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٥ی هەتاوی بەرانبەر بە (٢١/٢/٢٠١٧)ی هەموو ساڵێک، بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، یان زگماکی ناودێر کراوە‌و لەنێو گەل‌و نەتەوەکانی جیهاندا بە شێوازی جۆراوجۆر یادی دەکرێتەوە.

دوای ئەوەی لەسەر پێشنیاری وڵاتی بەنگلادێش، ڕێکخراوی فێرکاری، زانستی‌و فەرهەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ) ئەو ڕۆژەی وەک ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک پەسەند کرد، لە چەندین بەڵگەنامەی نێونەتەوەییشدا ئەم پرسە جەختی لەسەر کراوەتەوە، لەوانە: ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ پەسەندکراوی میساقی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی‌و سیاسییەکان، کۆنوانسیۆنی نەهێشتنی هەڵاواردن لە سیستمی پەروەردە‌و فێرکاری، کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵان، کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی لابردنی هەرچەشنە هەڵاواردنێکی نژادی، ڕاگەیەندراوی مافی کەمینە مەزهەبی، نەتەوەیی، ئێتنیکی‌و زمانییەکان‌و ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافەکانی زمان .مرۆڤ، بوونەوەرێکی شوناسخوازە. لەم نێوەدا زمان پێگەیەکی تایبەتی هەیە. زمان پڕ ڕەنگترین نوێنگەی شوناسی مرۆڤە. مرۆڤ بە ڕێگەی زمان،ژیان وشوناسی خۆی‌و دەوروبەر مانا دەکاتەوە. زمانی دایکی، نە تەنیا زمانی ئاخاوتنە، بەڵکوو زمانی عاتیفە،زمانی هەست‌و بیرکردنەوەی مرۆڤەکانە.

ئێران لە ڕووی پێکهاتەی زمانی، نەتەوەیی، ئایینی‌و کولتوورییەوە وڵاتێکی فرەچەشن‌و فرە نەتەوەیە. بە فەرمی نەناسینی مافی خوێندن بە زمانی دایکی بۆ ئەم نەتەوانە، لە ڕووی دەروونی، پەروەردە، کولتووری‌و زمانییەوە کۆمەڵێک زیانی بەدواوە بووە. لەم ڕەهەندەوە، لێکدانەوە‌و خوێندنەوەی ئیدئۆلۆژیک‌و سیاسی لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە، ئەم مافەی بەرەو ئاقارێکی دیکە بردووە. سیستمە شوینیستییەکان، شوناسی خۆیان بە زمانی باڵادەست تێکەڵکێش کردووە‌و وەک ئامرازێک بۆ سەرکوت‌و پەراوێزخستنی زمانی نەتەوەکانی دیکە بەکاریان هێناوە، واتە دەسەڵات، باڵا دەستیی خۆی لەم ڕێگەوە سەپاندووە. دەسەڵاتداران لە پەیوەندی لەگەڵ مافی زمانی‌و مافەکانی دیکەی پێکهاتەکانی ئێران، کۆمەڵێک پاساو‌و هۆکار دێننەوە کە لە بنەڕەتدا بەلاڕێدا بردنی واقعی کێشەکەیە. بۆ نموونە بەکارهێنانی چەمکی کەمینە‌و وردە فەرهەنگەکان. بە تەواوی ئاشکرایە کە کۆی کەمینەکان(نەتەوە ژێردەسەتەکان)، زۆرینەی دانیشتوانی ئەم وڵاتە پێکدێنن، لە کاتێکدا لە کەمترین مافەکانیان بێبەشن. ئەم چەمکانە لە سەربنەمای هەڵاواردن‌و بە فەرمی نەناسینی جیاوازییەکان‌و نکۆڵی کردن لە مافە سروشتی‌و سیاسیەکانی سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی، زمانی‌و ئایینیەکانی ئەم وڵاتە بنیات نراوە. ئەمەش ڕاستەوخۆ دەکەوێتە چوارچێوەی سەرکوتێکی سیستماتیکەوە کە لایەنێکی یاسایی پێدراوە.

لە ڕوانگەی دەسەڵاتدارانەوە، زمانی دایکییش هەڕەشەیە بۆ سەر بەرژەوەندیی نەتەوەیی، یەکپارچەیی خاک‌و لە هەمانکاتدا، سەرەتا‌و بیانوویەکە بۆ جیابوونەوە‌و سەربەخۆییخوازی. هەر بۆیە پێیان وایە کە ئەم چەمکە فەرمییانە دەبێت کۆڵەکە سەرەکییەکانی "شوناسی ڕەسەنی" ئێرانی بن.

لایەنگرانی سیاسەتی تاک زمانی، بریتین لە ئەو کەسایەتی، ڕەوت‌و لایەنانە کە تەنها خاڵی هاوبەشیان، ڕەنگە هەمان زەروورەتی پاراستی پێگەی پاوانخوازانەی زمانی نەتەوەی باڵادەست بێت. ئەمە لە هەمانکاتدا بووەتە هۆی بەکەم گرتنی زانست‌و ئەدەب‌و کولتووری نەتەوەکانی دیکە‌و بۆ بێ‌بایەخ کردن‌و تواندنەوەیان، سیاسەتی لەم شێوەیەیان گرتووەتەبەر. لە ڕاستیدا ئەمە بنەمای فکری، سیاسی‌و ئیدئۆلۆژیی دەسەڵاتدارانی ئێران‌و ڕەوتە بێ‌دەسەڵات‌و هاوبیرەکانیان بووە بە درێژایی مێژوو تا دەگاتە ئێستا.

ئەم جۆرە ڕوانین‌و سیاسەتە، بە کردەوە گورزێکی مەترسیداری لە پێکهاتەی فرەچەشن‌و ڕەنگاڵەی ئێران داوە‌و مەترسیی لەناوچوون‌و پەراوێز خستنی شوناسی نەتەوەیی نەتەوەکانی دیکەی بەدواوە بوو. بەڵام، بێ‌توانایی‌و لاوازیی پێکهاتەیی سیستمی سیاسی لە بەرەوپێشبردنی ڕەوتی یەکسانسازی‌و ئاسیمیلاسیۆنی فەرهەنگی‌و زمانی، هۆکاری سەرنەکەوتنی بووە.

ئەم ئیدیعایە کە بەفەرمی ناسینی زمانە غەیرە فارسییەکان، دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ویست‌و ئۆگری بە جیابوونەوەی نەتەوەکانی غەیرە فارس، زۆرتر لە ژێر کاریگەریی "تئوری توطئە"‌و ماهییەتی پاوانخوازانەی دەسەڵات‌و دەسەڵاتداراندا بووە.. ئاشکرایە کە سەپاندنی زمانێکی تایبەت دەکەوێتە چوارچێوەی زمان کوشتن‌و سەرکوتێکی سیستماتیک بە تەواوی ماناوە. لەکاتێکدا لەم سەردەمەدا بە دەیان وڵاتی جیهان زیاتر لە یەک زمانی فەرمییان هەیە، سیستمی پەروەردە‌و فێرکارییان چەند زمانەیە‌و زۆربەشیان خاوەنی سیستمێکی سیاسیی سەقامگیر‌و دێموکراتیکن، بۆ وێنە کانادا، بێلژیک‌و ئێسپانیا.

ئێمەی نەتەوەی کوردیش، وەک نەتەوەیەکی خاوەن فەرهەنگ‌و شارستانیەت، لە ڕابردوو‌و تەنانەت لە ئێستاش کە زمان‌و کولتوورمان لەلایەن کولتوورە زاڵ‌و باڵادەستەکانەوە مەترسیی سڕینەوە‌و لەناوچوونی لەسەرە، بە ئەرکێکی نیشتمانی هەر تاکێکی کوردی دەزانین پرسی زمانی دایکی‌و پاراستنی بە هەند وەربگرێ‌و هەوڵی پاراستن‌و گەشەپێدانی بدات. هەوڵدان بۆ پاراستن‌و گەشەپێدانی زمانی دایکی، ئەرکێکی ئەخلاقی، ئینسانی، نەتەوەیی هەر تاکێکی کوردە. هەر بۆیە لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، جەخت لە مافی سروشتی‌و ئینسانی‌و زمانیی خۆمان دەکەینەوە. داوامان لە سەرجەم چین‌و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان، مامۆستایان، قوتابیان، خوێندکاران‌و چالاکانی فەرهەنگی‌و مەدەنی ئەوەیە کە بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەگونجێ، دەنگی مافخوازانەی خۆیان بەرز بکەنەوە‌و بە کردەوە داکۆکی لە ماف‌و بەها‌و سامانێکی نەتەوەیی بکەن کە هەمان زمانی دایکییە.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

٢٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی

٨ی فێوریەی ٢٠١٧ی زایینی

 

 _________________________________________

ــ بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌ى ماڵپه‌ڕ له رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ئێره‌ كلیك بكه‌ 

ــ تێلێگرامی‌ "هه‌ڵۆی‌ كوردستان"


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1329
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy