هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

سیاسەتی ئینشعاب کردن‌و پێک‌هێنانی بەره، لووتکەی نبووغێکی ستراتێژیستی

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

ئەم قسەیە که "ئەگەر هەموو حیزبه کوردستانییەکان پێکەوە کۆ بنەوە تەنانەت بەڕێوە بردنی دێیەکی سەر سنووریشیان بۆ جێ‌به‌جێ نابێ"، بێ‌گومان له مێژووی بزووتنەوەی کوردستان‌دا هەتاهەتایه دەمێنێتەوە؛ بەڵام نەک لەبەر ئەوەی قسەیەکی ڕاست‌و پیتۆڵانه‌و تەژی لە تێگەیشتنێکی قووڵی سیاسییە، بەڵکوو ڕێک به‌پێچەوانه، لەبەر ئەوەی نیشانەی ئیفلاس‌و مایەپووچییەکی بێ‌وێنەی سیاسی لەلای جەماعەتێکه که لەجیاتی فەرماندەیەکی لەکار لابراوی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی قسە دەکەن ‌و چاوەدێرانی سیاسی بۆ ساتێک تووشی سەرسوڕمان دەکەن که ئاخۆ ئەو قسەیه لە زاری خالید عەزیزییەوە هاته دەر یان لە زاری موحسین ڕەزاییەوە؟ تومەز به مەودایەکی زەمانی نزیک بە حەوتوویەک له زاری هەردووکیانەوە گوترا‌و بۆ سەیری مێژووش، سەرەتا خالید عەزیزی دەری بڕی‌و دواتر موحسین ڕەزایی لە سنه قسەکەی قۆستەوە‌و فەرمایشەکەی دووپات کردەوە.

شیکاریی وردی ئەم قسەیە‌و لێکۆڵینەوە له پاشخانەکان یان باشتره بڵێین لێکۆڵینەوە له نەبوونی پاشخانەکانی فیکری‌و سیاسی‌و ستراتێژیکی قسەیەکی لەم چەشنه هەڵدەگرین بۆ دەرفەتێکی دیکه. لەم نووسینه کورتەدا مەبەستێکی دیکەمان لەبەرچاوە.

 

hawshar_-_ensheaab_-_1


دیاره بەرەی کوردستانی له لایەن حیزبه کوردستانییەکانی ئامادە له گۆڕەپانی سیاسەتی کوردستانەوە پێک دێ. بەڵام پرسیارێکی زۆر جیددی که به سانایی بەرۆکی لایەنی ئینشعابی بەرنادا ئەوەیه که ئەگەر بەڕاستی هەموو حیزبه کوردستانییەکان پێکەوە توانای بەڕێوە بردنی دێیەکی سەر سنووریان نییە، ئاخۆ فەلسەفەی پێک هێنانی بەرەیەکی هاکەزایی لەناو ئەم حیزبه سیاسییانەدا چییە؟ پرسیارێکی لەویش گرینگتر ئەوەیه که چۆنه ئێستا مانۆری پێک هێنانی بەرەیەک لە نێوان "هەموو حیزبه کوردستانییەکان" هەر لە لایەن ئەو جەماعەتەوە بەڕێوە دەچێ که ماوەیەک لەمەوبەر "هەموو حیزبە کوردستانییەکان"یان بۆ بەڕێوە بردنی دێیەکی سەرسنوور بە دستەوەستان وەسف کردبوو؟

له شۆوێکی خۆشی تەلەویزیۆنی‌دا که لەم شەوانه له کورد کاناڵ بڵاو بۆوە، کەماڵ کەریمی هاتبوو هەتا "پێداویستییەکان"‌و "لەمپەرەکان"ی پێک هێنانی بەرەیەکی کوردستانی له ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا "شرۆڤه" بکا.

کەریمی لە سەرەتای قسەکانی‌دا دەڵێ:

"بزووتنەوەی کورد له ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی وزه‌و توانایەکی یەکجار زۆره که کۆمەڵێک حیزبی سیاسی خاوەندارێتی ئەم بزووتنەوە سیاسییە دەکەن"

کاتێک ئەم قسانه لەگەڵ قسەی سکرتێری پێشووی حیزبەکەی کەماڵ کەریمی لەلای یەک دادەنێی بۆ ساتێک ئەو پرسیارەت لەلا ساز دەبێ که ئاخۆ ئەو دوو قسەیە، قسەی ئەندامانی یەک حیزبن یان هی دوو حیزبی ڕکەبەر‌و دژ بەیەک؟ ئاخۆ دواجار واقیعی سیاسی له ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێمان دەڵێ که حیزبه کوردستانییەکان خاوەنی وزە‌و توانایەکی یەکجار زۆرن یان بەپێچەوانه بەهەموویانەوە ناتوانن بەسەر دێیەکی سەرسنووردا حکوومەت بکەن؟

دەتەوێ پاساوێکی ماقووڵ بۆ ئەم قسە دژبەیەکانه بدۆزییەوە، لەلای خۆت دەڵێی زۆر جار وا هەیە ئەندامانی سەرکردایەتی تەنانەت لەناو حیزبێکیش‌دا وەکوو یەک بیر ناکەنەوە‌و جیاوازیی بیروبۆچوونیان هەیە. بەڵام بە بیرهێنانەوەی هەندێک فاکتی دیکە زۆر زوو ڕیسی ئەم پاساوەشت لێ دەبێتەوە خوری. دێتەوە بیرت ئاخر هەر ئەم بەڕێز کەریمییە بوو کە ماوەیەکی کەم دوای ئەم لێکدانەوە ستراتێژیکەی [!] سکرتێری حیزبەکەی، هەر لەسەر ئەم کوردکاناڵەی حازری، هەر لەبەر دەم ئەم پێشکەشکارە‌و بۆ بەرگری کردن هەر لەو قسانەی جەنابی سکرتێر، دانیشتبوو‌و خالید عەزیزی‌و دکتۆر قاسملووی پێکەوە بەراورد دەکرد‌و باسی هەندێک خەسڵەتی ڕێبەرانەی دەکرد که بەخۆشییەوە عەزیزی هەیەتی‌و بەداخەوە قاسملوو نەیبوون!! هەڵبەت بەرنامەکه تەنز نەبوو‌و وتووێژێکی جیددی بوو.

دیسان بیر دەکەیەوە ئەو جەماعەتەی وا خەریکن ئێستا شۆوی تەلەڤیزیۆنی بۆ پێک هێنانی بەرە پێشکەش دەکەن، چەند ساڵ بەرلەمە، تەنانەت لەناو حیزبی خۆیشیان‌دا نەیانتوانی لەگەڵ هاوڕێکانی خۆیان‌دا کار بکەن‌و ئینشعابیان کرد، بڵێی ئەمانه چۆن بتوانن لەگەڵ چەندین حیزبی دیکه، بە ئایدۆلۆژی جودا‌و به پێڕەو‌و پرۆگرامی تر‌و بە شێوە ڕوانینی دیکه پێکەوە کۆ بنەوە‌و خەباتی هاوبەش بکەن؟ ئینشعاب کردن لەناو حیزبێکی واحیددا چۆن لەگەڵ خەباتی هاوبەش لەناو بەرەیەکی بەرفراوان‌دا لە جەمسەرێک‌دا پێکەوە کۆ دەبنەوە؟

بەرە بەرە بەم ئەنجامه دەگەی بەڕاستی ئەم هەموو ناتەبایی‌و پەرش‌وبڵاوییە لە بۆچوون‌و تاکتیک‌و سراتێژی‌دا پێوەندییان به جیاوازیی بیروبۆچوون‌و پلۆرالیزم‌و شتی لەم چەشنه نییە بەڵکوو زیاتر لە سەرلێشێواوی‌و نەبوونی روانگەیەکی تۆکمه‌و شێوە ڕوانینێکی یەکانگیرەوە سەرچاوە دەگرێ.

ئیفلاسی ئینشعاب ـ کە لەڕاستی‌دا سیاسەت کردن لەسەر بناغەی "گۆڵ له دەروازەی خۆ دان"ه ـ لەمەوە بەدیار دەکەوێ که کاتێک دوو قسەی کەسێکی ئەوتۆ کە خۆی پێ سیاسەتوانه، لە مەودای کەمتر لە ساڵێک پێکەوە هەڵدەسەنگێنی، دەبینی کۆی ئەم قسانه زیاتر لە تەنز دەچن هەتا دوو قسەی دامەزراو لەسەر ڕوانینێکی قووڵی سیاسی.

مایەپووچیی سیاسەت کردن لەسەر بنەمای ئینشعاب لەمەوە بەدیار دەکەوێ کە چۆنیەتی قسە کردن‌و چۆنیەتی هەڵس‌وکەوت کردنی پێشکەشکاری پرۆگرامێکی تەلەڤیزیۆنی کە قەرار وایه پرۆگرامێکی جیددیی سیاسی بێ، زیاتر لە پێشکەشکاری بەرنامەیەکی تەنز دەچێ‌و پرۆگرامێک که قەرار وایه مژارەکەی لەسەر بەرەی کوردستانی بێ، دەبێتە پرۆگرامێک لەسەر ئامادە بوونی ڕاشکاوانە‌و بێ داشکاندنی لایەنێک که ئەوان بە "حەدکا"یان ناو دەهێنا‌و وەک ئەوان باسیان دەکرد گوایه لە پانتایی سیاسەتی کوردستان‌‌دا هیچ پەلەوەرێک پەل نابزێوێ‌و هیچ بوونەوەرێکی وەک "بەرە" ڕۆحی وەبەر نایه، مەگەر ئەو "حەدکا"یە مەیلی لەسەر بێ‌و ئەو "حەدکا"یەش هەتا خودا حەز بکا شەولەبانێکی بەدفەڕه‌و بەهیچ کلۆجێک ئەوان ناخوێنێتەوە‌و حیسابیان لەسەر ناکا‌و لەگەڵ ئەوەی هێزن‌و زۆریش بەپێزن، بە هێزیان نازانێ!! به کۆمەڵەشیان گوتووە بەم "حەدکا"یە بلێ وا نەکا، بەڵام "حەدکا"ی حەزیا بە قسەی ئەوانیشی نەکردووە!!

بڕوا بکەن ئەوە دووبارە دەربڕینەوەی تەنزاویی قسەی ئامادەبووانی ئەو پرۆگرامە تەلەڤیزیۆنییە نەبوو بەڵکوو پوخته‌و بنەڕەتی بۆچوون‌و لێکدانەوەی میوان‌و پێشکەشکاری ئەو بەرنامەیە لە سەرەتای بەرنامەکەوە هەتا کۆتایی بوو. بۆیە دەڵێین پرۆگرامەکە زیاتر لەوەی پرۆگرامێکی جیددی بێ، بەرنامەیەکی تەنز بوو. 

 

 _________________________________________

 تێبینی‌:

 ــ ماڵپه‌ڕی‌ "هه‌ڵۆی‌ كوردستان" له‌ به‌رامبه‌ر نێوه‌ڕۆكی‌ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌رپرسیار نیه‌‌و

نووسه‌ری‌ بابه‌ت به‌رپرسه‌ له‌به‌رامبه‌ر بابه‌تی‌ خۆیدا‌

ـ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌و بابه‌ته‌ ته‌نیا  به‌ هێنانی ناوی سه‌رچاوه‌ ئازاده

ــ بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌ى ماڵپه‌ڕ له رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ئێره‌ كلیك بكه‌ 

ــ تێلێگرامی‌ "هه‌ڵۆی‌ كوردستان"


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1667
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy