ڕۆستەم جەهانگیری ئەندامی دەفتەری سیاسیو بەرپرسی کۆمیسیۆنی سیاسی - نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ڕێوڕەسمی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستاندا، بەو بۆنەوە پەیامێکی پێشکەش کرد.
دەقی پەیامەکە:
خەڵکی بەشەرەفی کوردستان
میوانانی هێژا
بەڕێزان ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
پێشمەرگەو ئەندامانی حیزبی
بەخێر بێن بۆ ڕێوڕەسمی ڕۆژێک کە بە مەبەستی ڕێزگرتن لە فیداکارترینو ئەمەگناسترین ڕۆڵەکانی گەلی کورد دیاری کراوەو ئەویش پێشمەرگەی کوردستانە.
حەفتاویەک(٧١) ساڵ لەوەپێش، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆداو لە شاری مێژووسازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە شاری مەهاباددا، ئاخرین بنکەو سەکۆی داگیرکەرانو مرۆڤکوژانی ڕەزاشای پەهلەوی، بە دەستی ڕۆڵەکانی گەلی کورد گیراو داگیرکەران لە کوردستان ڕاونرانو بە تەواوی دەرپەڕێندران.
هەر لەو ڕۆژەداو بەدەستی ئەو ڕۆڵە خۆنەویستانە، ئاڵای داگیرکەران هێنرایە خوارو بۆ یەکەمجار ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە سەر بڵیندترین بینای شاری مەهاباد هەڵدرا، ئەو حەرەکەتە سەمبۆلیکە بوو بە بناغەی دامەزرانی دەوڵەتی کوردیو پێکهێنانی سپای کوردو وەدیهاتنی ئاواتی سەدان ساڵەی نەتەوەیەک کە بە درێژایی دیرۆکی خۆی بۆ ئەوەی وەک مرۆڤ چاوی لێ بکرێت، وەک نەتەوەیەک لەسەر خاکی خۆی ژیان بکاو بۆ ئەوەی مەوجوودیەتی خۆی بپاریزێ، هەوڵی داوەو چەرمەسەریی کێشاوە.
ئەم نەتەوەیە بە دریژایی بەشێکی زۆری مێژووی، سەرکوت کراوە، بێسەروشوێن کراوە، لەسەر ماڵو خاکی خۆی دەرکراوە، تاڵانو ئێعدام کراوە، بەندیخانەکانی داگیرکەران لێوانلێو بوون لە ڕۆڵەکانی،و بە ئێستاشەوە لە هەر چوار دەوری کوردستان دوژمنانی هەردەم لە پیلاندان تا بەچۆکیدا بێنن.
ڕووداوی ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٤ی هەتاوی (بەرانبەر بە ١٩٤٥ی زایینی) هەموو ئەو پیلانانەی پووچەڵ کردەوەو کورد نەتوایەوە. بە هۆی بوونی هزری ئازادیخوازیو بوونی پێشمەرگەی کوردستان، خەباتی کورد لەسەر ڕێبازی خۆی سوورە،و دوژمنانی ناهۆمێدو بێهیوا دەکا.
هەتا ئێستاش هیچ حکومەتێکی سەرەڕۆو ستەمکار نەیتوانیوە پێگەیەکی کۆمەڵایەتیو سیاسی گرینگ بۆ خۆی لە نێو کۆمەڵگای کوردیدا دروست بکات، چوونکە کورد ئەو دەوڵەتانەی بە داگیرکەر چاو لێ کردوونو ئەوانیش کوردیان بە بێ فەرقو جیاوازی بە دوژمن زانیوە.
لە مێژووی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان لە هەر گۆشە لە خاکی وڵاتەکەمان، گەر دەرفەتێک ڕەخسابێت، شۆرشی کورد سەری هەڵداوەو بەگژ دوژمناندا چۆتەوە، کە ئەو ئامادەییو قارەمانیەتیو ئازایەتییەی کورد بووەتە هۆی ئەوەی کە دوژمنان هەمیشە ترسیان لە کورد هەبووەو هەیە.
بەرخۆدانی هێزی پێشمەرگە لە حەوت دەیەی ڕابردوودا، بەڵگەی سەلمێنەری ئەو ڕاستییانەن، بۆیە حیزبی دێموکرات ٣٢ ساڵ پێش ئێستا، بە لێکدانەوەی ئەو مێژووە پڕشنگدارەی پێشمەرگە، ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز کە هاوکات ڕۆژی هەڵدانی ئاڵای کوردستانیشە، بە ڕۆژی پێشمەرگە دیاری کردووەو پێشنیاریش دەکا تا لە سەرتاسەری کوردستاندا پەسەند بکرێت.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛
لە سەردەمی دامەزرانی کۆماری کوردستانو پاشان شۆڕشی ٤٦- ٤٧و دوایی هەتا دەگاتە شۆڕشی گەلانی ئێران، پێشمەرگەی کوردستان خەویان لە چاوی ڕێژیمی ملهوڕی پەهلەوی زڕاندبووو دوورگەی ئارامیان لێ تێک دابوو.
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێرانو بەشداریی کورد لە سەرکەوتنی ئەو شۆڕشەدا، هیوایەک پەیدا بوو کە گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان بە مافە ڕەواو بەرحەقەکانی خۆی بگات، بەڵام هەر زوو هێرشی کۆنەپەرەستی بۆ سەر کوردستان ئەو هیواو ئومێدەی لەناو بردو بۆ جارێکی دیکەش ڕۆڵی پیشمەرگە لە بەرەنگار بوونەوەی هوروژمی کۆنەپەرەستیو داگیرکەری تازە بەدەسەڵات گەیشتووی کۆماری ئیسلامیدا، نیشانی دا کە کورد ئەو لایەنە نیە بۆ دوژمن سەردانەوێنێ.
پێشمەرگە بەسادەترین چەک کە لەدەستیدا بوو، توانیی قورسترین زەربە لە هێزی پۆشتەو پەرداخی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە فەرمانی جیهادی دژ بە گەلی کورد دابوو بدا، چوونکە پێشمەرگە لە شاخو دەشت، لە گوندو شار، لە هەر قوژبنو کونجێکی ئەم نیشتمانە داگیرکراوەدا، بە ورەو ئیرادەی بەرزی ژیاندۆستیو دوژمن تۆقێنیەوە، بەرەوڕووی هێزی دڕندەو سەرکوتکارو دژە مرۆیی دوژمنانی کوردو کوردستان بۆتەوەو بست بە بستو بەرد بە بەردی ئەم کوردستانە شاهیدی قارمانیەتیی پێشمەرگە بوونو ماڵ بە ماڵی نیشتمان مەتەرێزو حەشارگە بوون بۆ پێشمەرگەی ڕێبازی سەربەرزیو سەربەستی.
دوای بیست ساڵ کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، جووڵەی پێشمەرگانەی لە ڕۆژهەڵات ڕاگرت تاکوو باشووری نیشتمان باڵا بکات؛ دوای بیست ساڵ کە پێشمەرگەی چاونەترسی کوردستان تەقەیان ڕاگرت تاکوو دەرەتان بە دەنگی سیڤیل بدرێ، بەڵکوو ڕێژیمی ئیسلامیی تاران دەنگی گەل ببیسێ؛ دوای بیست ساڵ کە ڕێگای جۆربەجۆری خەبات تاقی کرایەوە؛ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ جارێکی دیکەو لە شێوازی دیکەدا بە بڕیاری سەرکردایەتیی خەباتو شۆڕش لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، پێی خستەوە سەر ڕژدە ڕێگەکانی هەڵزنان بە باڵای شاخداو داگەڕان بە ڕێگای باخدا تاکوو بڕژێتەوە نێو دڵی گەلو لەگەڵ ئەویندارانی ئازادی بچێتەوە جێژوانی خەباتو خۆڕاگری.
لە ئاخرەکانی ساڵی ١٣٧٠ی هەتاویدا، ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات پێی وابوو کە بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی وا دەخوازێ کە چالاکیی هێزی پێشمەرگە لە ڕۆژهەڵات ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێنێو خەباتی چەکداری بە شێوەیەکی کاتی بوەستێندرێ تاکوو بیانوو بە دەستی ڕێژیمی ملهوڕو سەرکوتکاری کۆماری ئیسلامی نەدرێ کە سنوورەکانی باشوور پیشێل بکاتو ئەزموونی ساوای دەسەڵاتداری لەباشوور پەک بخات.
هەر لە هەمان کاتدا دەنگۆو ئیدیعای ئەوە دەکرا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕەوتی ئیسڵاحتەڵەبیی تێدا دروست بووەو کۆماری ئیسلامی ڕەنگە بیەوێ مافی خەڵک بداو چالاکیی چەکداری دەبێتە بیانوویەک بۆ قۆڵی توندئاژۆ تاوەکوو لە کوردستاندا هیچ نەکەن.
ئێستا دوای بیست ساڵ کە ئاوڕ لە کردارو سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیو دۆخی ناوچە دەدەینەوە، دەبینین کە کۆماری ئیسلامی نەک لەو دەرەتانە بیست ساڵەیە بۆ چارەسەریی کێشەی کورد کەڵکی وەرنەگرت، بەڵکوو کێشەکەی قوڵتر کردۆتەوەو سیاسەتی سەرکوتو سڕینەوەو پاکتاوی فەرهەنگیو ناسنامەیی توندترو پیلانداڕیژراوتر بەڕێوە بردووەو نەک تۆزقاڵێک مافی لە کوردستاندا دابین نەکردووە، بەڵكوو کوشتنو ئەشکەنجەو ئێعدامو زیندانی کردنو بێکار کردنو لە هەژاریدا هێشتنەوەو تووش کردن بە ماددە سڕکەرەکانو دەیان پیلانی دیکە بە دژی کوردو نەتەوەکانی دیکەی لە ئێراندا بەڕێوە بردووەو بە قۆڵی توندئاژۆو ئیسڵاحتەلەبو نێوەندگیرو بەهەر هەموویانەوە، تەنیا هەوڵی فریودانی چالاکانو خەڵکی کوردیان داوە.
بیست ساڵ خەباتی چەکداری ڕاگیرابوو، بەڵام کوردستانیان وێرانتر دەکردو کوشتاریان زۆرتر دەکردو هیچ دەرەتانو سێناریۆیەکیان بۆ بەشداریی مەدەنیانەی خەڵکی کورد لە بەڕێوەبردنی ئاسایی شوێنی خۆشیاندا نەدا. کۆماری ئیسلامی تەنیا سەرکوتو کوشتارو ئێعدامو سووکایەتی کردنەکانی بوون بە ئەمری واقیع!
هەر بەنیسبەت کوردستانی باشووریشەوە، کۆماری ئیسلامی نەک ڕێزی لە سنوورو سەروەریی باشوور نەگرت، بەڵکوو هەتا نێو ماڵی حیزبو لایەنە سیاسییەکان چووە پێشو هەوڵی دا کە لە هەموو شتێکدا دەستێوەردان بکاو هەموو هێزەکان بەگژ یەکدا بکاو لە نێوخۆی هێزەکانیشدا گرووپو دەستەی جیاوز بەگژ یەکدا بکا، تاکوو هەر لە ئاکامدا هەموویان لارەملو چاولەدەستی سوپای قودس بن تاکوو کێشەکانیان چارەسەر بکاو پێکیان بێنێ.
هەر بە قسەی وەزیرەکانی حکوومەتی هەرێمیش، لە بواری ئابوورییەوە کۆماری ئیسلامی پیلانی ئەوەی بەڕێوە بردووە کە کوردستانی باشوور هەردەم چاوی لە کۆماری ئیسلامی بێ کە سادەترین شتەکانی بۆ دابین بکات.
سوپای پاسداران هەرکات ویستوویە هێرشی کردۆتە سەر باشووری کوردستانو تیرۆرو ئاژاوەی تێدا بەڕێوە بردووە. تەنانەت بە پیلانو بەرنامە، ڕووی سوپای درندەی داعشی وەرگێڕایەوە بەرەولای کوردستان.
لە لایەکی دیکەوە، باشووری کوردستان بە هەر کەموکووڕییەکەوە کە هەیبێ، ئێستا ئیدی دەسەڵاتێکی ناسراوە لە جیهانداو هاوپەیمانی هێزە بەهێزەکانەو لەباتی ئەوان شەڕی دژ بە تیرۆر دەکا.
بەم دۆخەوەو هەروەها بەو ڕاستییە، کە بەهێزبوونی خەباتو شۆڕش لە ڕۆژهەڵات گوشار بۆ کۆماری ئیسلامی دێنێو ڕێژیمی دڕندەو دژە مرۆیی تاران لاواز دەکاو لاوازیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە قازانجی هەموو کوردێکە لە هەموو بەشەکاندا.
هەروەها دوای بیست ساڵ لە دڕندەییو بەڕێوەبردنی سیاسەتی داپڵۆسین لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ئیدی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵات وەزاڵە هاتوونو خوازیاری وەگەڕکەوتنەوەی خەباتی جیدیترو هەمەلایەنە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بوون.
بەمپێیە، خەباتگێڕانی کورد، ڕێبەرایەتیی شۆڕشو تێکۆشانی نەتەوەییو دێموکراتیک لە ڕۆژهەڵات، بڕیاری ڕاسانەوەی خەباتیان داو هێزی بەهێزو بەبیرو باوەڕو ئیرادە پۆڵایینی پێشمەرگەش ئامادەو گیان لە سەر دەست، وەپێشی مەرگ کەوتو بە حەماسە خولقاندن لە شنۆو کۆساڵان، موکریانو سەڵماس، چەخماخەی ڕاسانی لێ داو بەوپەڕی گیانبازییەوە مەیدانی خەباتی بە پانتایی کوردستانی ڕۆژهەڵات گەرمو بڵێسەدار کرد.
راسان، خەباتی کوردە بۆ ڕزگاریو گەیشتن بە دوارۆژی ڕووناکو گەش، بۆیە بەتەنیا بە هێزی پێشمەرگە بەڕێوە ناچێو دەبێ بە هەموو خەڵکو هەموو چینو توێژەکانەوەو هەرکام بە شێوازو تواناو ئیمکانی خۆی، تێیدا بەشداربنو نەک ئەوان پشتیوانی پێشمەرگە، بەڵکوو پیشمەرگە پشتیوانی خەڵک بۆ ڕاپەرینی یەکجاری بێ.
لە سەرەتای ڕاسانداینو هەر شتێک سەرەتاکانی بێگومان دوور لە کەموکووڕیو لاوازیو شتی چاوەڕواننەکراو نابێو پێشمەرگەی قارەمانی گەلیش بەدوور نەبووە لە خاڵی لاوازو بەڕێوەبردنی ئەو خەباتە جیددیو توندوتۆڵە، کەموکوورێشی تێدا هەبووە، بەڵام گەورەترین دەسکەوتی ڕاسان هەر لەم سەرەتایەوە، ورەبخشینو هیوابەخشین بە خەڵکو زەندەقچوونی دوژمنی سەرەکیی گەلەکەمان بووە.
ڕێگای بەردەم، زۆری ماوەو هەورازو نشێوی زۆرمان دێتە سەر ڕێ؛ لەم ڕێگا دژوارەشدا پێویستمان بە یەکبوونی هەموو تواناکانو بەشداریی هەمەلایەنەی خەڵکو فیداکاریی زیاترە. دڵنیاین کە خەڵی تێکۆشەرو ئازادیخوازی کوردو هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لێبڕاوانەو بە پشتو پەنای یەکدی ئەم خەباتە بە ئاکامی ڕوون دەگەیەنن.
بۆ ئەو مەبەستەی سەرەوە یەکدەنگیو یەکڕیزی پێویستە. نەتەوەی کورد لە هەموومان خەباتی جیددیی دەوێو هەموو لایەنە سیاسییەکان ئەرکمانە کە بەجیددیتر لە جاران لەو بوارەدا تێبکۆشین.
ڕاستە هێزی نیزامیی ڕێژیم پۆشتەو پەرداخەو چەکی جۆراوجۆری پێشکەوتووی لەبەردەستدایە، بەڵام ڕێژیم لەنێوخۆیدا پڕە لە گەندەڵیو نێو ماڵەکەی بە تەواوی پڕشو بڵاوە، بە چەشنێک کە تەنانەت لە لایەن خودی ویلایەتی فەقیهیشەوە کۆنتڕۆڵ ناکرێتو بە قسەی ناکەن.
بارودۆخی لە ئاست نێونەتەوەییەوە خراپەو هیچ ئێعتبارێکی لە ئاستی جیهانیدا نیە. سیاسەتی دەستێوەردانی لە وڵاتانی ناوچەکە تووشی شکست بووە، ئابوورییەکی خراپو داڕماوی هەیە، شەڕی دەسەڵات لەنێو باڵەکانی بەتەواوی جێگیر بووە، چیتر یەکتر قبووڵ کردنیان زۆر زەحمەتە.
هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم ئیدی هێزی بە ئیمانو ئیدئۆلۆژیکی نین کە خۆیان بۆ ئەو دەسەڵاتدارانە بەکوشت بدەن، ئەگەر خەباتێکی پانو بەرین بکرێت، پیمان وایە کە بە هەموو ئازادیخوازانی ئێرانو بە هەموو نەتەوەکانەوەو بە هاودەنگیی هەموو هێزەکانی کوردستان دەتوانین پاشەکشێ بە ڕێژیم بکەین.
کەوابوو بزووتنەوەی کورد هیچ ڕێگایەکی دیکەی بۆ نەماوەتەوە، بەرژەوەندیی گەلی کورد ئەوەمان لێ دەخوازێ تا بە ئیمانی پێشمەرگەو بە پشتیوانییو هەوڵی هەمەلایەنەی کۆمەڵگای کوردی ئەو خەباتە ببەینە پێش تا دەگاتە ئاسۆیەکی ڕوون.
لە دەستپێکی ڕاساندا، بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندین شەهیدی پیشکەش بە بارەگای ڕزگاریی نەتەوەکەمان کردووە، کە لێرەدا یادیان دەکەینەوەو قەوڵو بەڵێن دەدەین ڕێگەو ڕێبازیان بەرنادەینو بەردەوامینو درێژەدەری ڕێگاکەیان دەبین، ئامادەگی ئەوەمان هەیە کە نرخی زیاتریش بۆ ئەو ڕێبازە بدەین.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی حیزبو گەل، سڵاو لە شەهیدانی ڕاسانی ڕۆژهەڵات کە لەو دوو ساڵەدا لە سەڵماسەوە تا موکریانو تا دەگاتە کۆسالانو سنەی خوێناوی گیانیان بەخت کرد.
رۆژی پێشمەرگەتان پیرۆز، ئەی پێشمەرگەکانی کوردستانو ئەی پێشمەرگە دۆستەکان
سڵاو لە گەلی خۆڕاگری کوردستان
سەرکەوێ خەباتی پێکەوە گرێدراوی شاخو شار
بژی پێشمەرگە باسکی بەهێزی گەل
٢٦ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی
١٦ی دیسامبری ٢٠١٦ی زایینی
---------------------------------------------------------------------------------------------------
بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرى ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه
له تێلێگرامی "ههڵۆی كوردستان"یش بهردوام زانیاریو فیلمو وێنهتان دهست دهكهوێ

