دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەیانییەیەکدا وێڕای بەرزڕاگرتنی ١٠ی دێسامبر، ڕۆژی ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤو ساڵڕۆژی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ، پابەندیی خۆی بەو جاڕنامەیە ڕادەگەیەنێو پێشێلکردنی ئەو جاڕنامەیە لە لایەن هەر تاکو گروپێک بەتایبەت ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران مەحکووم دەکات.
دەقی بەیانییەکە:
ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ بەرز ڕادەگرین
کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ١٠ی دێسامبری ساڵی ١٩٤٨ی زایینی لە بڕیارنامەیەکدا جاڕنامەی گشتیی مافەکانی مرۆڤی پەسند کرد،و لە ساڵی ١٩٥٠دا، داوای لە هەموو وڵاتانی جیهان کرد یادی ئەم ڕۆژە بەرز ڕاگرن.
لەو ڕۆژەوە تا ئێستا (١٠ی دێسامبری٢٠١٦)، سەرەڕای ئەوەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانو بەتایبەت شۆرای مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، هەنگاوی بەرچاویان بۆ چەسپاندنی مافی مرۆڤ هەڵێناوەتەوەو یارمەتیی مرۆڤە ماف پێشێلکراوەکانیان داوە، بەڵام بەو حاڵەشەوە لە ئێستادا زۆرن ئەو خەڵکانەی کە لە لایەن دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانەوە مافەکانیان بە ئاشکرا پێشێل دەکرێنو تەنانەت لە مافی ژیانو نیشتەجێبوون بێبەش دەکرێن، بەڵام بە هۆی ساتوسەودای وڵاتانی بەهێزەوە پشتگوێ دەخرێنو کەس بە هاواریانەوە ناچێ.
ئەم بێدادیو بەکۆمەڵ ماف پێشیلکردنانە لەم ساڵانەدا ڕوونتر لە هەر کاتێک لە بەرچاوی هەموو جیهانەوە ڕۆژانە بەڕێوە دەچنو میدیاکانی هەموو دنیا دەیخەنە بەرچاوی خەڵک. شەڕو وێرانییەکانی خۆرهەڵات بە گشتیو بەشێک لە ئەفریقاو باقی شوێنەکانی جیهان کە ئاکامەکەی وێرانی ژیانو ژینگەی ئەو وڵاتانەو ئاوارەبوونی میلیۆنان خەڵکی بێتاوان لە منداڵو پیرو پەککەوتەن کە هیچ دەورو تاوانێکیان لە خولقاندنی ئەم دۆخەدا نییە و، تەنیا دەستەچیلەی ئاگری خۆبەزڵزانی، بەرژەوەندیخوازیو سەرەڕۆیی کۆمەڵێک کەسو گرووپی دژی مرۆڤن.
یەکێک لەو دەوڵەتانە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، سەرەڕای ئەوەی کە ئەم ڕێژیمە لە پێنج پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤ بە تایبەت کۆنوانسیونەکانی مافە مەدەنیو سیاسییەکان ئەندامە، بەڵام بە درێژایی تەمەنی دەسەڵاتداری، مافی ئێرانییەکانی بە تاکو بە کۆمەڵ پێشێل کردووە، هێندێک لە نەتەوەکانی ئێرانی لە مافی سیاسی بێبەش کردووە، هەموو دانیشتوانی وڵاتی بەپێی ئایینو بۆچوونی سیاسییان دابەش کردووەو بە توندترین شێوە جیابیرو جیائایینەکان سەرکوت دەکا.
بەرپرسانی پایەبەرزی ڕێژیم بە ئاشکرا جاڕنامەی مافی مرۆڤ ڕەد دەکەنەوەو دژی دەوەستنەوە، لە ماوەی شەڕی ئێرانو عێراقدا بیست میلیۆن مینی دژی نەفەریان لە سنوورەکانی ئێران بە تایبەت سنوورەکانی کوردستان ـ عێراق چاندووە، بە هۆی ملنەدان بە ئیمزاکردنی کۆنوانسیونی دژە مینی ئوتاواو پاک نەکردنەوی کوردستان لەو مینانە، هەزاران کەس لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە بە هۆی تەقینەوەی مینەکان گیانیان لە دەست داوە یان کەمئەندام بوون.
بەڵام ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تەنیا بە پێشێلکردنی مافەکانی گەلانی ئێران ڕانەوەستاوەو بە هۆی دەستتێوەردانەکانی لە وڵاتانی دیکەی دنیا بە تایبەت خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، بووەتە هۆکاری سەرەکیی خولقاندنی شەڕو وێرانی وەک شەڕو وێرانییەکانی سووریەو پەرەپێدانی تێرۆریزم.
هەڵکشانی ساڵانەی ژمارەی ئیعدامەکان، هەڵاواردنی ژنانو لە ژێرپێنانی مافەکانیان، کوشتنی ڕۆژانەی کۆڵبەرانی کورد، زیندانی کردن، ئەشکەنجەو بێحورمەتی کردن بە چالاکانی سیاسی بەتایبەت کوردەکان، ئێستا لە هیچ کەس شاراوە نییە.
ڕەهەندێکی دیکەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە لایەن کۆماری ئیسلامی هەڵکشانی ژمارەی بەرچاوی گیرۆدەبووەکان بە ماددە سڕکەرەکان، ڕووداوەکانی تەڵاقو تاوانو جینایەت لەو وڵاتەدایە کە سیاسەتو بەرنامە دواکەتووەکانی ڕێژیم، هۆی سەرەکیی ئەم گرفتانەن، کە گەورەترین زەربەیە لە کۆمەڵگەی ئێرانو بەداخەوە کەمتر باسی لێوە دەکرێ، بۆیە بەشێکی زۆری دنیا لێیان بێخەبەرە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای بەرزڕاگرتنی ١٠ی دێسامبر ڕۆژی ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤو ساڵڕۆژی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ، جارێکی دیکە پابەندیی خۆی بەو جاڕنامەیە ڕادەگەیەنێو پێشێل کردنی ئەو جاڕنامەیە لە لایەن هەر تاکو گروپێک بەتایبەت ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران مەحکووم دەکا، هەر لەو حاڵەدا پشتیوانی دەکا لە مافو داواکانی هەموو زیندانییە سیاسییەکان کە بە هۆی بیروباوەڕی جیاواز لە ڕێژیم بە زۆر لە زیندان کراونو هەموو ئەو نەتەوەو کەسانەی لە ئێرانو باقی وڵاتانی جیهاندا مافیان پێشێل کراوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
۱۹ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی
۹ی دێسامبری ٢٠١٦ی زایینی
---------------------------------------------------------------------------------------------------
بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرى ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه
له تێلێگرامی "ههڵۆی كوردستان"یش بهردوام زانیاریو فیلمو وێنهتان دهست دهكهوێ

