هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

هەموو زانیارییەك لەبارەی یەكەی 400ی تیرۆر لە سوپای پاسداران

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

یەكەی 400ی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران تیمێكی تایبەتە بە تیرۆرەكانی سوپای پاسداران لە دەرەوەی ئێران. ئەو یەكەیە بەرپرسە لە گەیاندنی چەكوچۆڵ‌و راهێنان‌و رێنمایی كردنی تیرۆریستان‌و رێكخراوە چەكدارییەكان لە جیهان‌و ئەركی سەرەكییان تیرۆری هەموو ئەو كەسانەیە كە رێگرن لەبەردەم بەرەوپێشچوونی بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی.

 

spa_-_400_-_2


 ئەندامانی ئەو یەكەیە لەلایەن فەرماندەی گشتی سوپای قودسەوە دەستنیسان دەكرێن‌و بە شێوەیەكی نهێنی كارەكانیان بە ئەنجام دەگەیەنن. بەهۆی هەستەوەری ئەركی ئەو یەكەیە لەسەریانە بۆ ئەنجامدانی هەر جووڵەیەك مۆڵەت لە فەرماندەی گشتی سوپای قودس "قاسم سلێمانی" یان رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران "عەلی خامنەیی" وەربگرن.

یەكەی 400 بەرپرسیارێتی سەرجەم ئەو تیرۆر‌و تەقینەوانەی چەند ساڵی رابردووی لەسەر ساغ بووەتەوە كە لەخوارەوە ئاماژە بە چەند دانەیەكیان دەكەین:

تیرۆری دیپلۆماتكاری سعوودیە لە پاكستان لە مانگی ئایاری ساڵی 2011. داڕشتنی بەرنامەی تیرۆركردنی باڵیۆزی سعوودیە لە واشنتن لە مانگی ئەیلوول/سێپتەمبەری ساڵی 2011‌و كۆمەڵێك كردەوەی تیرۆریستی لە شوباتی ساڵی 2012 لەوانەیش تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی هاوسەری دیپلۆماتكارێكی ئیسرائیل لە نیودەلهی‌و ئەنجامدانی تەقینەوە لە جۆرجیا‌و بەرنامەی تەقاندنەوەی ماڵێك لە بانكۆك كە ژمارەیەك ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی تیادا بوو، بەڵام دواجار پلانەكە سەری نەگرت‌و سەرجەمی ئەو ئەندامانەی یەكەی 400 بۆ ئەو كردەوەیە رەوانەی كردبوون، گیران.

 

quds1


فەرماندەی یەكەی 400

سەردار حامید عەبدوڵاهی، فەرماندەی یەكە 400ی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی لە ئەستۆیە، عەبدوڵاهی لە گەڕەكی شائابادی تاران لەدایك بووە‌و بەرپرسیارێتی سەرجەم تیرۆرەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی لە ئەستۆیە. بەرلەوەی وەك فەرماندەی یەو یەكەیە دەستنیشان بكرێت، فەرماندەی سوپای پاسدارانی زاهیدان‌و زابول بووە‌و لە سەردەمی فەرماندەیی قاسم سلێمانی لە لەشكری 41ی سوپای پاسداران، جێگری سلێمانی بووە‌و دواتر لەلایەن خامنەییەوە وەك بەرپرسی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران دەستنیشان كراوە.

حامید عەبدوڵاهی لە زۆربەی كردەوە تیرۆریستییەكاندا بەشداری كردووە‌و وەك فەرماندەی یەكەی 400 بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی سەرجەم كردەوەكانی وەك پلاندانان‌و كۆكردنەوەی زانیاری‌و دەستنیشانكردنی شێوازی تیرۆر، هاوكات بەرپرسە لە بەرزكردنەوەی راپۆرت بۆ قاسم سلێمانی‌و عەلی خامنەیی.

بەهۆی ئەو كردەوە تیرۆریستیانە‌و هاوكات لەگەڵ بوون بە فەرماندەی یەكەی 400، حامید عەبدوڵاهی لەلایەن وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاوە ناوی خراوەتە ناو لیستی رەشەوە.

مەجید عەلەوی جێگری فەرماندەی یەكەی 400ی سوپای قودسە، لە سەردەمی سەرۆك كۆماری مەحموود ئەحمەدینەژاد جێگری وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران بووە‌و ساڵی 2011 گوازرایەوە بۆ ئەو یەكەیە‌و بوو بە جێگری حامید عەبدوڵاهی.

* شێوازەكانی تیرۆر

یەكەی 400 كۆمەڵێك شێوازی جۆراوجۆر پێڕەو دەكات بۆ ئەنجامدانی كردەوە تیرۆریستییەكانی‌و زیاترین هەوڵی نەهێشتنەوەی ئاسەوار‌و جێپێكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانە لەو كردەوانەدا.

- ئەو یەكەیە سوود لە كەسانی ناو دامەزراوەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەك كۆنسوڵگە‌و باڵیۆزخانەكان وەردەگرێت بۆ كۆكردنەوەی زانیارییەكان‌و هەر لە رێگەی ئەوانەوە ئامادەكارییان بۆ ئەنجام دەدات‌و هەندێك جار هەر لەو كەسانەش بۆ ئەنجامدانی تەقینەوە یان تیرۆركردن كەڵك وەردەگرێت.

- زۆربەی كاتەكان ئەو كەسانە بە فەرماندەیی یەكەی 400 لە ئێران رادەهێندرێن بۆ چۆنیەتی بەكارهێنانی چەك‌و دانانەوەی بۆمب‌و تەقەمەنییەكان‌و بۆ پێدانی زانیاری یان وەرگرتنی ئەركەكانیان راستەوخۆ لەگەڵ فەرماندە‌و جێگری فەرماندەی ئەو یەكەیە لە ناوخۆ‌و دەرەوەی وڵات كۆ دەبنەوە، بۆ ئەوانەی لە دەرەوەی ئێرانن، چەند نوێنەرێكی نهێنی هەن كە چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسەكان دەكەن.

- بەكارهێنانی كۆمپانیا بازرگانییەكانی سەربە سوپا كارئاسانیان بۆ دەكات بۆ ئەوەی ئەو ئەندامانەی یەكەكە لەژێرناوی بازرگان هاتوچۆی دەرەوەی ئێران بكەن‌و ئامانجەكانیان جێبەجێ بكەن.

- بە قاچاغ بردنی چەكوچۆڵ‌و تەقەمەنی لە رێگەی كۆمپانیاكانی سەر بە سوپای پاسدارانی وەك كۆمپانیای ئاڕەش، زووبین‌و كۆمپانیای ئاریا بۆ ئەو وڵات‌و ناوچانەی بە ئامانج گیراون.

- دامەزراندنی ناوەندە ئاینییەكان، ناوەندە فەرهەنگی‌و تەندرووستییەكان لە دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە ئەندامی خۆجێیی لە وڵاتاندا بۆ یەكەكەیان كۆ بكەنەوە.

- راكێشان‌و رێكخستنی ئەو كەسانەی بۆ پەروەردەی زانستی ئاین روو دەكەنە ناوەندە ئاینییەكانی وەك حەوزەی زانستی ئاینی شیعە لە شاری "قوم".

بۆ ئەنجامدانی كردەوە تیرۆریستییەكان یەكەی 400 كۆمەڵێك توانای جیاوازی لەناوخۆیدا كۆ كردووەتەوە‌و سوود لەو شێواز‌و كەسانە دەبینێت كە لە خاڵەكانی سەرەوەدا ئاماژەیان پێ دراوە.

 

quds2


ئەو رێوشوێنانە سەرجەمیان بە فەرمان‌و ئاگەداری فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران "قاسم سلێمانی"‌و رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران، "عەلی خامنەیی" جێبەجێ دەكرێن‌و پێداویستی كردەوە‌و چالاكییەكان لەلایەن ناوەندەكانی پێوەندیدار بەو دوو كەسایەتییەوە رێك دەخرێن.‌و لەدوای ئامادەكارییەكان بە ئیمزای فەرمی خامنەریی یان قاسم سلێمانی تیرۆرەكە ئەنجام دەدرێت.

یەكەی 400ی چالاكییە تایبەتەكان بەو شێوەیە رێك خراوە

* فەرماندەی گشتی یەكەی 400 "حامید عەبدوڵاهی"

* جێگرەوەی فەرماندەی گشتی "مەجید عەلەوی"

* كۆمپانیا بازرگانییەكانی سەر بەو یەكەیە، وەك " كۆمپانیای ئاڕەش، زووبین‌و كۆمپانیای ئاریا و..."

* دەستەكان: ١- چالاكی ٢- زانیاری ٣- لۆجستیك ٤- هێزی مرۆیی ٥- پارێزگاری زانیارییەكان"

* یەكە ناوچەییەكان: ١- قەوقاز/توركیا ٢- پاكستان ٣- ئەفغانستان ٤- رۆژهەڵاتی دوور ٥- عێراق ٦- ئەوروپا ٧-ئەمەریكا‌و ئەمەریكای لاتین.

تا ئێستە ئەو یەكەیە لە سەرانسەری جیهان كۆمەڵێك كردەوەی تیرۆریستی‌و تەقینەوەی ئەنجام داوە‌و هەمووان بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی سیاسەتەكانی دەرەوە‌و ناوچەیی كۆماری ئیسلامی رێك خراون، بەڵام ئەوە تەنیا چالاكی ئەو گرووپە نەبووە‌و بۆ لەناوبردن‌و سڕینەوەی دژبەرە ناوخۆییەكانی سنووری ئێران ئەو تیمە چەندان چالاكی تیرۆریستی لە دژی ئۆپۆزسیۆنی ئێران ئەنجام داوە.

 

*سەركردەكانی كورد وەك ئامانجی یەكەكە

كوردی رۆژهەڵات زیاترین زیانیان لەو یەكە تیرۆریستییە بەر كەوتووە‌و دوای داگیرسانی شەڕی دژی كوردستان بە فەرمانی خومەینی لە ساڵی ١٩٧٩ دەستی پیكرد‌و ئەوەیش بووە هۆكار حزبەكانی رۆژهەڵات بنكە‌و بارەگاكانیان لە ناوخۆی رۆژهەڵاتەوە ببەنە دەرەوەی سنوورەكان.

یەكەی 400ی هێزی قودسی سوپای پاسداران لە رێگەی باڵیۆزخانەی ئێران لە نەمسا بەناوی دیپلۆماتكار تیمیكی تیرۆری بۆ ئەو وڵاتە رەوانە كرد‌و بە بیانووی دانوستان لەسەر چارەسەری دۆزی كورد لە رۆژهەڵات لەگەڵ د. عەبدولڕەحمان قاسملو، سكرتێری گشتی حزبی دیموكرات لە "ڤیەنا"ی پایتەخت كۆ بوونەوە‌و لە كاتی وتووێژكردندا دیپلۆماتكارەكانی كۆماری ئیسلامی چەكەكانیان دەرهێنا‌و قاسملوو‌و هاوڕێیانیان تیرۆر كرد.

 

qasmlu_-quds


د. عەبدولڕەحمان قاسملوو ١٣ی تەممووزی ١٩٨٩، لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا لەگەڵ عەبدوڵا قادری ئازەر‌و فازیل رەسوڵ مەحموود، لەسەر مێزی دانوستاندن لەگەڵ نوێنەرانی كۆماری ئیسلامیی ئێران تێرۆر كران. دكتور قاسملوو لە كاتێكدا تیرۆر كرا كە بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەكی ئاشتییانە بۆ پرسی كورد لە ئێران‌و وەدەستهێنانی مافە سیاسی‌و نەتەوەییەكانی كورد چوو بووە ئەو دیدارە. سەرەڕای بەڵگە حاشاهەڵنەگرەكانی كاتی تیرۆرەكە دەوڵەتی نەمسا ڕێگای بە پۆلیس‌و دەزگای دادی خۆی نەدا لێكۆڵینەوە‌و بەدواداچوون لەو دۆسیەیە بكەن. ئەم تاوانە لە ناوەندی وڵاتێكی دیموكراتی ئەوروپایدا ئەنجام درا‌و بێ سزا مایەوە‌و دۆخە یاسایییەكەی تا ئێستەش چارە نەكراوە.

 

qasmlu_-_quds

 


د. قاسملوو دوا سەركردەی رۆژهەڵات نەبوو كرا بە ئامانجی ئەو یەكەیە‌و ئەمجارەیان د. سادق شەڕەفكەندی، سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە ئەڵمانیا بووە نێچیری ئەو دەزگە تیرۆریستییە.

١٧ ئەیلوول/ سێپتەمبەری ١٩٩٢ دكتۆر سادق شەرەفكەندی، سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، لە ریستۆرانتی میكۆنۆسی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لەگەڵ فەتاح عەبدولی‌و هومایون ئەردەڵان‌و نووری دێكوردی لەلایەن راسپێردراوانی عەلی خامنەیی تیرۆر كران.

 

sharafkandi-quds


تیرۆری دكتۆر شەرەفكەندی تەنیا سێ ساڵ دوای تیرۆركردنی دكتۆر عەبدوڕەحمانی قاسملوو رووی دا، بەڵام ئەمجارەیان دادگەی ئەڵمانیا هاوشێوەی وڵاتی نەمسا بێ دەنگبوونی لەم تیرۆرە هەڵنەبژارد‌و بەدواداچوونەكانی بۆ ئەو كەیسە بوو بەهۆی ئاشكرابوونی ئەو یەكە شاراوەیەی لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران‌و دامەزرانی كۆماری ئیسلامییەوە دەستبەكار بوبوو.

* ئاشكرابوونی ئەو یەكە شاراوەیە

سەرباری هەوڵەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەرپۆشكردنی ئەو دۆسییەیە، هەرگیز نەیانتوانی وەك كەیسی دكتۆر عەبدوڕەحمانی قاسملوو بە ساتوسەوداكردن دەوڵەتی ئەڵمانیا پاشگەز بكەنەوە. سەرباری ئەوەی دەوڵەتی ئەڵمانیا پاڵەپەستۆی زۆری بۆ دادگە هێنا بۆ ئەوەی زیاتر رۆ نەچێتە ناو لێكۆڵینەوەكان، بەڵام هەر ئەو كەیسە بوو بەهۆی ئەوەی پێوەندی دەوڵەتی ئێران‌و ئەڵمانیا بگاتە خراپترین ئاست لە مێژووی هەردوولا.

تیرۆری دكتۆر شەرەفكەندی لە كاتێكدا بوو كە سەرۆكایەتیی شاندێكی حزبی دیموكراتی دەكرد بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی سۆسیالیست ئەنتەرناسیۆنال لە بەرلین‌و چەند كاتژمێرێك دوای كۆتایی كۆبوونەوەكە لەگەڵ چەند كەسایەتییەكی سیاسی لە نەتەوەكانی ئێران دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ریستۆرانتی میكۆنۆس كۆ بووبوونەوە.

لە دادگەییەكەدا كەسێك كە پێشتر ئەندام بووە لە ئیتڵاعاتی ئێران، بە پاڵپشتی ئەبوحەسەن بەنیسەدر "یەكەم سەرۆك كۆماری ئێران كە دواتر بەرەو ئەوروپا رای كرد"‌و گەرەنتی دادگەی ئەڵمانیا بۆ پاراستنی ژیانی، وەك شایەت لە دادگەییەكەدا ئامادە بوو. ئەو كەسە كە ناوی لە دادگەی میكۆنۆس پارێزراوە، دانی بەوە نا كە خۆی پێشتر ئەندامی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران بووە‌و شایەتی لەسەر ئەوە دا كە شێوازی داڕشتنی تیرۆرەكە بە باشی دەناسێت.

ئەو ئەندامەی پێشووی وەزارەتی ئیتڵاعات لە دادگە كۆمیتەیەكی شاراوەی تیرۆری ئێرانی ئاشكرا كرد كە بەرپرسیاری سەرجەم تیرۆرەكانی دەرەوەی وڵاتیان لە ئەستۆ بوو كە پێك هاتبوون لە رێبەری ئێران‌و سەركۆمار‌و وەزیری ئیتڵاعات‌و وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران‌و بۆ یەكەمجار ناوی یەكەی 400ی لە دەرەوەی رێكخستنی سوپای قودس ئاشكرا كرد

دوا بەدوای ئەو شایەتییە دادگەی ئەڵمانیا بەرپرسانی باڵای ئێران، لە سەرووی هەمووانەوە، عەلی خامنەیی وەك ئەنجامدەرانی تیرۆری دكتۆر سادقی شەرەفكەندی بە تاوانبار ناوبرد

تیرۆری دكتۆر سادقی شەرەفكەندی دوا كاری تیرۆری سیاسی نەبوو لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بەڵكو هەروەك شایەتەكەی دادگەی میكۆنۆس ئاشكرای كرد، كۆمیتەیەكی تایبەت لەناو یەكەی 400 بە سەرپەرشتی سەركردە باڵاكانی كۆماری ئیسلامی پێك هاتبوو بۆ لەناوبردن‌و تیرۆری ئەو كەسایەتییە سیاسییانەی كاریگەریان لەسەر رای گشتی ناوخۆی ئێران هەبوو‌و لە سەرووی هەمووان دكتۆر عەبدوڕەحمان قاسملوو‌و شاپووری بەختیار بوون.

 

shapur-quds


شاپووری بەختیار سكرتێری گشتیی "حزبی ئێران" دوا سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی شای ئێران بوو كە پاش رووخانی رژێمی شای ئێران لە چوارچێوەی "نیهزەتی مقاومەتی میلی" دژایەتی خۆی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران درێژە پێدا‌و ساڵی ١٩٨٠ هەوڵی تیرۆركردنی درا، بەڵام سەركەوتوو نەبوون‌و لە ئەنجامدا لە ساڵی ١٩٩١ جارێكی تر لە پاریس لەلایەن چەند چەكدارێكەوە هێرش كرایە سەری‌و تیرۆر كرا. هەر ئەوكات میدیاكان بەرپرسیاری هەردوو هێرشەكەیان خستە ئەستۆی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵام حكوومەتی فڕەنسا هاوشێوەی كەیسی تیرۆری دكتۆر قاسملو لە نەمسا، ئەو تاوانەی پەردەپۆش كرد‌و كەیسەكەی بە نهێنی هێشتەوە.

ئەو یەكەیە لە عێراق چەندان كەسایەتی‌و دیپلۆماتی وڵاتانی دەرەوە‌و ناوخۆی عێراقی بە ئامانج گرتووە‌و دوا هەوڵی یەكەی 400 وەك وەزارەتی بەرگری سعوودیە ئاماژەی پێدا، پلاندانان بوو بۆ هێرشكردنە سەر باڵوێزخانەی وڵاتەكەیان لە بەغدا.

 

quds


وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لە مانگی تەمووز/یۆلیۆی ئەمساڵدا بڵاوی كردەوە كە تیمی تیرۆری هێزی قودسی سوپای پاسداران بە نیازی تیرۆركردنی سامر سوبهان باڵیۆزی پێشووی سعوودیە بوون لە بەغدا، لە رێگەی فڕۆكەخانەی بەغدا هێرشیان كردووەتە سەر ئۆتۆمبێلەكەی، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشتر دەزگەی تەناهی سعوودیە زانیاری هەبووە، رێگەیان نەداوە سوبهان بەو ئۆتۆمبیلە بڕواتە فڕۆكەخانە‌و تیمەكە هێرشیان كردووەتە سەر ئۆتۆمبێلێك كە تەنیا شۆفێرێكی تێدا بووە.

 

---------------------------------------------------------------------------------------------------

بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌ى ماڵپه‌ڕ له رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ئێره‌ كلیك بكه‌

له‌ تێلێگرامی‌ "هه‌ڵۆی‌ كوردستان"یش به‌ردوام زانیاری‌‌و فیلم‌و وێنه‌تان ده‌ست ده‌كه‌وێ‌



ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1264
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy