بە سەرنجدانێکی خێرا لە بارودۆخی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، خوڵقاندنی قەیرانو ململانێ دیارو نادیارەکانی دیکتاتۆرەکان بۆ پەرەپێدانی دەسەڵاتی زیاتری خۆیانو هاتنەئارای دیاردەی کێشەی تایفیو تێکچوونی سەقامگیریی وڵاتانی ناوچە کە پاش هاتنەئارای بەهاری عەرەبی دەستی پێ کرد، سەقامگیریی ئەم دەڤەرە بە شەڕو پێکدادانێکی خێراو کتوپڕ وڵاتانی دوورو نزیک، کۆتایی پێ نایە. کورد لە شەڕی چاڵدران هەتا ئێستا بەردەوام لەژێر چەکمەی دیکتاتۆرەکان مافی پێشێل کراوە، نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتو مافخوراوە، لە هەلومەرجی هەنووکەییدا کورد بە پێشەنگایەتیی پێشمەرگە، لە شەڕی جیهانیی دژی تیرۆر، بووە بە فاکتەرێکی گرینگ بۆ دابینکردنی ئازادیو دێموکراسیو ئاشتیی ناوچەکە.
ئەمەیش کاتێک مسۆگەر دەبێ کە ڕێژیمە دیکتاتۆرو پاوانخوازەکانی وەک ئێران کە پشتیوانێکی بەهێزی تیرۆریزمی نێودەوڵەتیو پێشێلکاری سەرەکیی مافی مرۆڤەو لە نانەوەی ئاژاوە لە ناوچەکەدا دەوری سەرەکیی هەیە، هەوڵی سەرنگوونیی بدرێ، ئەو ڕێژیمە بۆ سەرجەم وڵاتانی ناوچە جێگای مەترسییەو لە سەروەتو سامانی ئێران بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتەکانی لە بوارەکانی چەکی شیمیاییو کۆمەڵکوژو تیرۆرو تۆقاندن کەڵک وەردەگرێ. ڕێژیمێک کە بۆ پەرە پێدانی ئیدئۆلۆژیی خۆی سنوور ناناسێو سنووری وڵاتانی ناوچە دەبەزێنێ، دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە بە مافی خۆی دەزانێ، وەک سەردەمداری جیهانی شیعەو ڕاست بەو ناوەوە کە پێشتر بە ناوی "هەناردەکردنی شۆڕش" ڕێگای "ڕزگاریی قودس"ی لە کەربەلاوە دەزانێو بە پشتیوانی کردن لە بەرەی تیرۆر، چەند وڵاتێکی ناوچەی وەک یەمەن، بەحرەین، عێراق، لوبنانو سووریەی بە تەواوەتی تێک داوەو شیعەکانی ئەو وڵاتانەی لە چوارچێوەی گرووپی میلیشیایی وەک حەشدی شەعبی، حووسییەکانو هتد ... چەکدارو ماڵوێران کردووە.
گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە هاتنە سەرکاری ڕێژیمی ئیسلامی، خوێندنەوەی بۆ ئەم ڕێژیمە ئەوە بووە کە ئێستا وڵاتانی جیهانو ناوچە باسی لێوە دەکەنو پێوەی گیرۆدەن. بۆیە کاتی دیاریکردنی سیستەمی سیاسیی ئێران لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، حیزبی دێموکرات دەنگی "نا"ی بۆ ڕیفراندۆمی دیاریکردنی سیستەمی دەسەڵات لە ئێرانی بەرز کردەوە. پاش تێپەڕبوونی ٣٨ ساڵ بەسەر دەسەڵاتی کۆنەپەرەستی، هەنووکەش کەلە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووریو سیاسیدا بە تەواوەتی فەشەلی هێناوە، بە دەس درێژ کردن بۆ وڵاتانی دیکە، پەلەقاژێی ئەوە دەکاو دەیهەوێ کێشەکان لە خۆی دوور بخاتەوە.
بزوتنەوەی نەتەوەیی دیمۆکراتیکی خەڵکی کوردستان لە فازی ئێستای خەباتی هەمە لایەنەی خۆیدا کە بەناوی "ڕاسانی رۆژهەڵات" ناوبانگی دەرکردووە، خەریکی کارو تێکۆشانی جیدییە. ڕاسان بزووتنەوەیەکی هەمەلایەنەیە بۆ پیشەنگایەتیی گەلانی ئێرانو لەو پێوەندییەدا "حدکا" وەک هێزێکی پاڵنەرو بنەرەتی راسان لە رۆژهەڵات لە ڕاگەیەنە فەرمیو نافەرمییەکانیدا گەلانی ئێران بۆ بەربەرەکانێی چالاک دژی ڕێژیمی فاشیستیی کۆماری ئیسلامی، بانگهێشت کردووە.
پەیامی نەورۆزیی سکرتێری گشتیی ئەم حیزبە کە زمانحاڵی ڕێبەرایەتی، کادرو پێشمەرگەو ئەندامانی خۆیەتی، چوارچێوەی بەربەرەکانێی لەگەڵ ئەم ڕێژیمەی دیاری کردووە. پێشمەرگە وەک باسکی بەهێزی گەل بەردەوام لە مەیدان دایەو پاڵپشتیی شۆڕشی نوێی گەلەکەمانو تەواوی گەلانی ئێران دەکات. بۆ سەرکەوتن بەسەر هەموو کەندو کۆسپەکان، بەتایبەت وەگەڕخستنی خەباتێکی جەماوەری، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەموو خەڵکی کوردستان بەتایبەت حیزبو لایەنو کەسایەتییە ئێرانیو کوردستانییەکان بۆ بەشداری لە هەر شێوە خەباتێکی هاوبەشو هاوکار کە پێیان دەکرێ بانگهێشت کردووە. سەرکەوتن بەسەر ڕێژیمێکی دیکتاتۆری دژە مرۆڤی وەک کۆماری ئیسلامی، پێویستی بە یەکڕێزیو هاوئاهەنگیی هەموانە کە دەبێتە زامنی سەرکەوتنی گەلانی ئێران بەگشتیو جووڵانەوەی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی بەسەر ڕێژیمی تاریکپەرستی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا. هەلومەرجی هەنووکەیی خەڵکی ئێران دەرفەتێکی لە بارە لە پێوەندی لەگەڵ هاتنە مەیدان بۆ خەباتێکی هەمەلایەنە دژی ئەم ڕێژیمە. ڕاسان خەباتێکی ڕەوایە بۆ سەرنگوونیی ڕێژیمێکی کۆمەڵکۆژو تیرۆریست. ڕاسان بەردەوامەو وەرزی سەرماو گەرما ناناسێ.
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان لە وەرزی زستانو سەرمادا بە پێشکەشکردنی یارمەتییەکانیان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بۆ کادرو پێشمەرگە لە ناوخۆو دەروە کاریگەریی ئەرێنی لە بەرەو پێش بردنی خەباتی گەلەکەمان دادەنێن. ئەندامانو لایەنگرانی حیزب لەهەر شوێنێک دەژین، پێویستە هاوکاریی ئەم پرۆسەیەی خەبات بن. بەشداریی هاوڕێیانی حیزب لە دەرەوەی وڵات لە بواری ماڵیو بەشداریی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ پێشمەرگە لە شاخو ناوخۆی کوردستان، کاریگەریی ئەرێنی لە بەرەو پێشچوونی ئەو ڕەوتە دا نا. بەگشتیو لە کۆتاییدا بۆ بەردەوامی خەبات لە وەرزی سەرمادا پێویستە بە یارمەتیی هەمە لایەنەی خۆتان بە کادرو پێشمەرگە، دەوری بنەڕەتیی خۆتان مسۆگەر بکەن.
بێ گومان خەباتی شارو شاخ کاتێک تێکەڵو پێکەوە گرێ دەدرێو وڵامدەری ئامانجەکانی ڕاسان دەبێ کە تێکۆشەرانی ناوخۆی وڵات بە هاوکاری یەکتر لە شارو شارۆچکەکانی کوردستانو زەبر وەشاندن لە بە کرێگیراوانو مشەخۆرانی ڕێژیم، هەنگاوەکانیان لە ڕاستای بە ئاکام گەیشتنی ڕاساندا بە بڕشتەوە هەڵبگرن.
پێشمەرگە بەردەوامەو هەردەم باسکی بە هێزی گەل، پێشمەرگەیە.
---------------------------------------------------------------------------------------------------
بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرى ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه
له تێلێگرامی "ههڵۆی كوردستان"یش بهردوام زانیاریو فیلمو وێنهتان دهست دهكهوێ

