هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

شیکاریی مێکانیزمی پێوەندیی حیزبی دێموکڕات لەگەڵ دەوڵەتان‌دا

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

١ـ دوای دەست‌پێ‌کردنی ئەو بزاڤەی لە ئەدەبیاتی سیاسی کوردستان‌دا بە "ڕاسان" ناوی دەرکرد، زۆر بۆچوونی جۆراوجۆر لەبارەی ئەم بزاڤەدا دەربڕدرا. هەندێک کەس‌و لایەن لەگەڵ جووڵەکە بوون‌و هەندێکیش دژی بوون. هاوڕاکان‌و دژبەرەکان هەندێک جار وەک تاک‌و هەندێک جاریش وەک لایەن، بۆچوونی خۆیان دەربڕیوە. بۆچوونەکانیش ـ لە هەردوو لای کۆک‌و ناکۆک‌دا ـ جاری وا بووە باری شیکارانەیان هەبووە‌و جاری واش بووە لایەنی شیکارانەیان لەوپەڕی کزی دابووە‌و بەرەو ئاقاری بێ‌ڕێزی‌ پەل بوونە.

٢ـ یەکێک لەو کەسانەی بۆ چەندەمین جار وەک دژبەرێکی ئەم جووڵەیەی حیزبی دێموکڕات، وەدەنگ هاتووە‌و بۆچوونەکانی بە ڕاشکاوی لە بەرنامەیەکی ڤیدیۆیی‌دا دەربڕیوە کاک عەلی خزری‌یە. بەڕێز عەلی خزری لە دوایین ڤیدیۆی بڵاوکراوەی خۆی‌دا، سکرتێری گشتیی حیزب، بەڕیز کاک مستەفا هیجری بە بەردەنگ داناوە‌و بۆچوونەکانی خۆی لە چوارچێوەی هەندێک پرسیار‌و ڕەخنە‌و تانە‌و تەشەر‌و هەندێک بابەتی پێوەندی‌دار‌و بابەتی ناپێوەندی‌دار بە باسەکە هێناوەتە گۆڕێ‌و هەڵوێستەکانی پێشووی خۆی چەندپاتە کردووەتەوە.

 

rasan_-_pdki_-_diplomasi_-_2


گومان لەوەدا نییە بزاڤێکی وەک ڕاسان لە بواری گشتی‌دا باس‌وخواسی زۆری لێ دەکەوێتەوە‌و کەس‌و لایەنی جۆراوجۆر بۆچوونی جیاواز دەردەبڕن. ئەگەر وا نەبووایە هەر لە بنەڕەت‌دا نەدەکرا ناوی بزاڤ لەسەر هەڵسووڕانەکە دابنرایە. کاک عەلیش وەک تاکێکی کورد حەقی خۆیەتی بۆچوونی خۆی لەبارەی ئەم بزاڤە دەرببڕێ‌و بەهۆی هەر میدیایەکی پێی خۆشە بڵاوی بکاتەوە. دیارە مافی هاوشێوەی ئەمە بۆ ئەو کەسانەی ڕەخنەیان لە بۆچوونەکانی ئەویش هەیە پارێزراوە.

گرفتی قووڵی قسەکانی کاک عەلی لە دوو لایەنی سەرەکی‌دا خۆی دەنوێنێ. یەکەم ڕاوێژی قسەکانیەتی‌و دووەم ناوەرۆکی بۆچوونەکانیەتی کە یەکێکیان نەشیاوە‌و یەکێکیشیان ناڕاستە‌و بەگشتی هەردووکیان نابەرپرسانەن.

٣ـ لەبارەی ڕاوێژی قسەکانی کاک عەلی‌دا دەکرێ بڵێین ئەوەی ڕاستی بێ قسەکانی بەرێزیان لە ڕەگەزی شیکارییەکی وردی سیاسی نییە بەڵکوو لە ڕەگەزی نسحەتی باپیرەیەک لەکاتی ڕینوێنی کردنی نەوەیەکی کاڵفامی یان لە ڕەگەزی مەوعیزەکانی مامۆستایەک لە کاتی وەعز دادان‌ بۆ جەماعەتێکی گوناحکار‌و خەتابارە. لە دۆخێکی ئەوتۆدا کەسی نسحەتکەر یان وەعزدادەر پێش‌گریمانەکەی ئەوەیە هەر چی حەق‌و ڕاستی‌یە لە پاوانی ئەو دایە‌و هەرچی کاڵفامی‌و کارلێ‌نەهاتووییە یان هەرچی دەغەڵ‌و دەغەزە وەبەر بەردەنگەکەی کەتووە. من کارم بە ئاستی زانیاری سیاسی‌و ئاستی توانستی کاک عەلی بۆ شی‌کردنەوەی پرسی پڕ گرێ‌و گرفنچکی سیاسی نییە، (و دەشزانم لەم بارەیەدا خاوەنی کەم‌ترین ئاگاداری‌و زانیارییە) ئەوەی دەمەوێ داکۆکی لەسەر بکەم ئەوەیە کە کاتێک کەسێک لە جێگەوپێگەی وەعز‌و نسحەت، بەردەنگەکەی بە خەتابی وەک "کەسم"، "ئازیزم"‌و بەگشتی بە خەتابی باوکانە دەنگ دەدا، ئەگەری زۆری هەیە لە گۆشەنیگای کەسی هەمووشت‌زان‌و بە ڕوانگەیەکی پاتریمونیالەوە چاو لە خەڵک‌و لە هەڵس‌وکەوتیان بکا‌و بەم شێوەیە لە هەڵوێستێکی پلۆڕالەوە هەڵخلیسکێتە هەڵوێستێکی موونیستی‌و پاوانخوازانەوە‌و قسەی کووچە بازاڕیی خۆی بە لێک‌دانەوەیەکی دانستە‌و ناوازە‌و نایاب بێتە بەرچاو. شێوە قسە کردنی ئاوا زیاتر لەوەی لە زاناییەوە سەرچاوە بگرێ، لە وەهمی زانینەوە سەرچاوە دەگرێ‌و زیاتر لەوەی بابتێکی هەڵقوڵاو لە زەینی بێژەرەکەیەوە بێ، شتێکی فێرکراو لە دەرەوە‌و لە کەس‌و سازیی لەخۆی زیرەک‌تر یان لە ئایدۆلۆییەکی باوی نابەرهەستەوەیە کە کابرای وەعزدادەر بەشێوەیەکی مێکانیکی دەیڵێتەوە.

خزری لە جێگەوپێگەی "ئەوانەی دوورتر دەڕوانن"، "ئەوانەی گەل‌و نیشتمانی خۆیان خۆش دەوێ"‌و "ئەانەی نیگەرانی ئابڕوو‌و کەرامەتی حیزبن" ، باوکانە‌و مەزنانە لەگەڵ ئەو کەسانە دەدوێ کە لە ڕوانگەی خۆیەوە خاوەنی ئەو تایبەتدمەنییانە نین یان خێروبێری ئەو تایبەتمەندییانەیان کەمتر بەرکەوتووە‌و نسحەتیان دەکا‌و بە بە گوتەی وەک "مەیکەن"‌و "لەو داوە مەکەون"‌و قسەی لەم چەشنە دەیاندوێنێ.

٤. لە ڕواێژی مەعیزەکەرانە‌و باک‌مەزنانەی خزرییەوە دێینە سەر ناوەرۆکی قسەکانی‌و هەڵسەنگاندنی ئاستی شیکارییەکەی‌و ڕادەی واقیع‌بوونی بۆچوونەکانی.

بەر لە هەر شتێک خزری ئاگاداری ئاستی خۆی گوتەنی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکڕات‌و وڵاتی عەرەبستان نییە‌و لە بەرایی قسەکانی‌دا پرسیار لە ئاستی ئەم پێوەندییە دەکا‌و دەڵێ: "دەبێ پێوەندیی عەرەبستان‌و حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە چ ئاستێک‌دا بێ؟" لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشی‌دا دڵنیا نییە پێوەندییەکە لە ئاستی پێوەندی دایە یان هەر "مەیلی" حیزبی دێموكرات بۆ ئەم پێوەندییەیە.

گومانم لەوەدا نییە ئاگاداریی خزری لەم بارەیەدا وەک ئاگاداریی لایەنەکانی دیکە هەر لە ئاستی سۆزە‌و مەزەندەیەکی ڕاست یان ناڕاست‌دایە‌و بۆی ڕوون نییە داخوا باسەکە باسی پێوەندییەکی بەکردەوەیە یان هەر بەتەنیا باسی مەیلێک بۆ پێوەندییەکی هێشتا دانەمەزراوە‌و پێوەندییەکە ئەگەر بە کردەوەیە، وەک پێوەندی دوو لایەنی سەربەخۆ بە ئەجندای سەربەخۆ وایە یان وەک پێوەندیی لایەنێکی فەرمان بەدەست‌و لایەنێکی گوێ‌لەمستە؟ خاڵی سەرنج‌ڕاکێش ئەوەیە ئەم حوکمە بنەبڕانەی خزری، بە بێ زانینی هیچ کام لەو بابەتانەوە دەردەبڕدرێن! بەوپەڕی سەرسوڕمانەوە دەبینین کاک عەلی هەر لەسەر بنەمای ئەم مەزەندەیەوە بە چەندحوکمێک دەگا کە هەندێکیان ئەمانەن:

ــ حیزبی دێموکڕات لە کودستان‌دا شەڕی نیابەتی بۆ عەرەبستان‌ دەکا!

ــ ڕاسانی نوێی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شتێکە وەک شەڕی ئەو "ڕەش‌و ڕووت‌و برسییە ئەفغانی‌و پاکستانییانەی"بە پارەی ئێران لە سووریە بەشەڕ دێن یان "شەڕی ئەو هەژار‌و برسییانەی بە پارەی عەڕەبستان دەنێردرێنە شەڕی یەمەن"!

ــ حیزبی دێموکڕات هاتووەتە ناو شەڕێکی ئایینی کە جەمسەرێکی بریتی‌یە لە کۆماری ئیسلامی ئێران‌و جەمسەرەکەی دیکەی بریتی‌یە لە حکوومەتی عەرەبستان. جا چونکە بەشێکی زۆری کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شیعەن، هاتنی حیزبی دێموکرات بۆ ناو ئەم شەڕە ئایینییە! سیاسەتێکی هەڵە‌و چەوت‌و ناڕەوایە.

٥ـ لەبارەی ئەم حوکمانە پێویستە چەند تێبینییەک بخەینە ڕوو:

یەکەم. دەربڕینی حوکمی لەم چەشنە نە تایبەتە بە کەسێکی وەک عەلی خزری‌و نە تایبەتە بەم بڕگەیەی خەباتی کورد. لە هەموو بڕگەکانی خەباتی کورددا ـ بەبێ هەڵاواردن ـ هەوڵ دراوە خەباتی ئازادیخوازانەی گەلی کورد بۆ گەیشتن بە مافەکانی، بۆ دیاردەیەکی تری وەک دەسکیسی بۆ بێگانەکان‌و بەکرێ‌گیران لەلایەن هێزە بیانییەکانەوە داببەزێندرێ. لە هەموو مێژووی خەباتی گەلی کورددا تاقە بزاڤێکیش نابینییەوە هەوڵ نەدرابێ بەم شێوەیە داببەزێندرێ‌و بە شێوەیەک لە شێوەکان وەپاڵ هێزی بێگانەی دەرەکی یان هێزی خائینی ناوەکی نەدرابێ. یەکێک لە ناسراوترین شێوەی ئینکاری خەباتی کورد دابەزاندنی ئەم خەباتە بۆ شتێکی غەیری خۆیەتی.

دووەم. چونکە بەر لە کەسانێکی وەک عەلی خزری‌و پتر لە کەسانێکی وەک ئەو، حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی‌و ئۆپۆزیسیۆنی شۆڤێنیست‌و ناوەندخوازی ئێرانی، ئەم قسانەیان کردووە‌و بێ‌گومان لە داهاتووش‌دا بێ‌نێوبڕ وەکوو سازێکی ناساز‌و وەکوو قەوانێکی کۆن لێی دەدەنەوە، پێویستە سەرکردایەتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بەشیوەیەکی ڕوون‌و ئاشکرا‌و بە شێوازێکی شیکارانە‌و بەڵگەدارانە، هەڵوێستی خۆی لەبارەی مێکانیزمی پێوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، بێ‌پێچ‌وپەنا‌و جارێک بۆ هەمیشە ڕابگەیێنێ.

ئەوەی ڕاستی بێ یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی خەباتی کورد بە گشتی ئەوە بووە کە یان خاوەنی دیپلۆماسییەکی زۆر شەرمنانە‌و ترسنۆکانە بووە، یان ئەگەر جارێک لە جاران ویستوویەتی سنوورێک بۆ ئەم شەرمن بوون‌و ترسنۆک بوونە دابنێ، بۆ ئەم لایە تلاساوە کە بۆ نموونە بەرژەوەندیی کوردی پارچەیەکی دیکە بکاتە قوربانی‌و بە بیانووی خەبات لە پێناو پارچەیەکی کوردستان‌دا خەیانەت بە خەباتی پارچەیەکی دیکە بکا.

نموونەکانی شەرمن بوونی دیپلۆماسیی خەبات، هەندێک جار لە خەباتی کوردی ڕۆژهەڵات‌و نموونەکانی سنوور تێ‌پەڕاندن‌و قوربانی کردنی خەباتی پارچەی تری کوردستان جاری وایە لە خەباتی باکوور‌و باشووری کوردستان‌دا بە ئاشکرا دیتراوە.

سیاسەتی کوردی جگە لە چەند نموونەیەکی هەڵاواردە هەتا ئێستا زۆر کەم توانیویەتی لە نێوان دوو سنووری شەرمن بوون لە لایەک‌و هەرزان‌فرۆش کردنی خەباتی پارچەیەکی دیکە لەلایەکی ترەوە بە کەڵک وەرگرتن لە پرەنسیپەکانی ڕێئال پۆلێتیک واتە سیاسەت کردنی دامەزراو لەسەر واقیع‌بینی، شیوازی دیپلۆماسیی خۆی ڕێک بخا.

بە بڕوای ئێمە ڕێئاڵ پۆلێتیک بۆ ئێمەی کورد لە نێوان ئە دوو سنوورانەدا وێنا دەکرێ‌و هەڵسووڕان لە دەرەوەی ئەم دوو سنوورە ناکرێ وەکوو سیاسەت کردنی واقیع‌بینانە پێناسەی بۆ بکرێ.

گەرچی وا هەبووە حیزبی دێموکڕات لە هەندێک بڕگەدا لەم سیاسەتە تلاسابێ‌و بۆ ئاقاری ڕەچاو کردنی دیپلۆماسییەکی شەرمنانە پەل بووبێ بەڵام بەگشتی مێعماری ئەم دێپلۆماسییە واقیع‌بینانەیە حیزبی دێموکراتی کودستانی ئێران‌و بە شێوەیەکی دیارتر شەخسی دکتۆر قاسملوو بووە.

٦ـ دیپلۆماسی لە بۆشایی‌دا‌و لە کەشێکی ڕۆمانتیک یان ئایدیالیستی‌دا ناکرێ. تەنیا زەینێکی منداڵانە‌و ساویلکانەیە کە پێی وایە دەکرێ سیاسەتێکی خەباتگێڕانەی سەرکەوتوو‌و هەمەلایەن بەشێوەیەکی ڕۆمانتیکی‌و ئایدیالیستی‌و بە دوور لە پیوەندییە لواوەکانی دەرەکی بەڕێوە بچێ.

لەبارەی مێکانیزمی پێوەندیی حیزب لەگەڵ دەوڵەتەکانی دەرەوەدا دەکرێ بیر لەم بژاردانەی خوارەوە بکرێتەوە:

بژاردەی یەکەم. سیاسەتی حیزب هەر بەتەنیا پشت‌بەستن بە پشتیوانیی خەڵک بێ‌و خۆی لە ساز کردنی پێوەندی لەگەڵ دەوڵەتان بپارێزێ.

بژاردەی دووەم. حیزب بە بێ مەرج لەگەڵ هەر دەوڵەتێکی وا ئامادە بێ یارمەتی بدا، پیوەندیی دیپلۆماسی ساز بکا.

بژاردەی سێیەم. حیزب هەندێک پڕەنسیپی شەفاف‌و دیاری‌کراو دابنێ‌و بە پاراستنی ئەم پڕەنسیپانە لەگەڵ هەر وڵاتێک‌دا کە لەلایەن نەتەوە یەکگروتووەکانەوە بە ڕەسمی ناسرابێ‌و ئامادە بێ پێوەندی لەگەڵ حیزب هەبێ، پێوەندی ساز بکا.

بەر لەوەی ڕوونی بکەینەوە چۆن‌و بۆچی بژاردەی سێیەم بەهێزترین‌و واقیع‌بینانە‌ترین بژاردەی دیپلۆماتیکە زۆر پێویستە چەند خاڵێک شی بکەینەوە:

لەباری دیپلۆماسیی‌و پێوەندیی نێونەتەوەییەوە (روابط بین‌الملل)، پیوەندی لەگەڵ دەوڵەتان جیاوازییەکی گرینگی لەگەڵ پێوەندیی لەگەڵ سازیی سیاسی وەکوو حیزبەکان هەیە. جیاوازییەکە لێرەدایە کە ئەو دەوڵەتە سەقامگیر‌و یاساییانەی حکوومت بەسەر وڵاتێکی دیاری‌کراودا دەکەن، لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە ڕەسمی ناسراون‌و پێش‌گریمانەی هەموو لایەنە سیاسییەکان ئەوەیە کە پێوەندی لەگەڵ ئەم دەوڵەتانە دەبێ پێوەندییەکی ئاسایی بێ، مەگەر بە کردەوە دیاردە یان دۆخێکی ئەوتۆ لەگۆڕێ‌دا بێ کە پێویست بێ سیاسەتێکی پێچەوانەی ئەمە لەکار بکرێ. بەڵام پێوەندی لەگەڵ حیزب‌و یەکە سیاسییەکانی چکۆلەتر لە دەوڵەت، عادەتەن بەستراوەتەوە بە ڕادەی هاوئاراستە بوونی ئەو دوولایەنە لەباری چۆنیەتی ڕوانینان بۆ بابەتەکان‌و چۆنیەتی بەستراوە بوونیان بە نەریتە سیاسەکانی چەپ‌و ڕاست‌و سێکۆلار‌و ئایینی‌و ...

بە دەربڕینێکی تر پێش‌گریمانەی ئێمە دەبێ ئەوە بێ کە ئێمە لەگەڵ هەموو دەوڵەتان‌دا پێوەندی دۆستانەمان هەیە، مەگەر بە هۆیەکی دیار‌و بەڵگەیەکی ڕوون، پێویست بێ بەپێچەوانەی ئەم پێش‌گریمانەیە پێوەندی دۆستانەمان لەگەڵ دەوڵەتەکان بپچڕێنین یان بە شێوەیەکی دیکە پێناسەی بکەینەوە. لەو لاوە پێش‌گریمانەمان ئەوەیە کە بۆ پێوەندی ساز کردن لەگەڵ حیزب‌و ڕەوتە سیاسییەکان‌دا دەبێ دوای دیتنەوەی بەڵگەی قایم بە سوودی دروست کردنی ئەم شێوە پێوەندییانە، پێوەندییەکە دابمەزرێنین. ئەم باسانە لە زانستی پێوەندییە نێونەتەوەییەکان‌دا لە ئاستی ئەلف‌وبێی باسەکان‌دان. هەر بەتەنیا دەوڵەتێکی هەڵاواردەی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران یان ڕەوتێکی دژەمرۆڤی وەک داعش یان لایەنێکی بەرچاوتەنگی وەک حیزبە چەپە ئۆرتۆدۆکسە دواکەوتووەکان، بەپێچەوانەی ئەم ڕێسا سەلمێندراوە، پێش‌گریمانەکەیان ئەوەیە کە دەڵەتەکان دوژمنیانن مەگەر پێچەوانەکەی بسەلمێندرێ.

لەم سێ بژاردەیەی باسمان لێوە کردن، هەڵبژاردنی بژاردەی یەکەم (خۆ بواردن لە ساز کردنی پێوەندی لەگەڵ دەوڵەتان‌دا) بەمانای تەریک کەوتنەوە‌و دوورکەوتنەوەی حیزب لە سیاسەتی جیهانی‌و ناوچەیی‌و ئەوپەڕی لاواز بوونی خەباتی حیزب‌و پووچەڵ بوونەوەی بەکردەوەی خەباتەکەیەتی. هەڵبژاردنی بژاردەی دووەم (پێوەندی سازکردنی بێ‌مەرج لەگەڵ هەر دەوڵەتێک کە ئامادە بێ یارمەتی حیزب بکا) ئەگەری کەوتنە مەترسی سەربەخۆیی حیزب‌و بەرژەوەندیی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان دەهێنێتە گۆڕێ.

بژاردەی سێیەم، ڕێتێچووترین بژاردە‌و ژیرانەترین مێکانیزم بۆ ساز کردنی پێوەندی لەگەڵ دەوڵەتەکانە. دەوڵەتێک کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕەسمی ناسراوە‌و نوێنەرەکانی لە هەموو وڵاتان وەردەگیرێ‌و نوێنەری هەموو وڵاتانی جیهان لە وڵاتەکەی‌دا حوزووریان هەیە، ماقووڵ نییە لە لایەن حیزبی ئێمەوە بەڕەسمی نەناسرێ. ئەوە ئاواتی کۆماری ئیسلامییە کە حیزبی دێموکڕات پێوەندییەکانی خۆی بەچەشنێک پێناسە بکا کە ئامادە بوونی ئەندامێکی سەرکردایەتی حیزب لە ڕێ‌وڕەسمێکی بەڕێوەچوو لە کۆنسوول‌خانەی وڵاتێک‌دا، دەیان پرسیار‌و باس‌خواسی سەیر‌و دژبەیەکی لێ بکەوێتەوە. لە عورفی دیپلۆماتیک‌دا، پێوەندی لەم چەشنە ئاسایی‌ترین جۆری پیوەندین‌و حیزب بە هیچ شێوەیەک نابێ خۆی وەها مڕچ‌و مۆن‌و تووڕە‌و تەوسن‌و تەریک‌و تەنیا پێناسە بکا کە هەندێک لایەن ئاواتیانە.

لە ڕوانگەی ئێمەوە سێ پڕەنسیپ هەن کە بە ڕەچاو کردنیان حیزب دەتوانێ لەگەڵ هەر دەوڵەتێکی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێوەندی دابمەزرێنێ. ئەم پڕەنسیپانە ئەمانەن:

یەکەم. پارێزرانی سەربەخۆییی سیاسیی حیزب

دووەم. پارێزرانی بەرژەوندی نەتەوەیی گه‌لی کورد

سێیەم. ئاوەڵا بوونی دەستی حیزب بۆ ڕەخنەگرتن لەو سیاسەتانەی لایەنی بەرانبەر کە حیزب بە دروستیان نازانێ. (لەڕاستی‌دا ئەم پڕەنسیپە دەکرێ هەر وەک بەشێک لە پڕەنسیپی یەکەم هەژمار بکرێ، بەڵام بەهۆی گرینگ بوونی، جارێکی دیکە بەم شێوەیە‌و بە جودا باسی لێ کراوەتەوە)

هەر لەسەر بنەمای ئەم سێ پڕەنسیپە بوو کە لە کاتی سکرتێریی شەهیدی سەرکردە دکتۆر عەبدوڵڕەحمانی قاسملوودا، حیزبی دێموکڕات لەگەڵ دەوڵەتی سەددام حوسێن‌ پێوەندی سیاسی هەبوو.

ئەو ڕۆژەی حیزبی بەعس‌و حکوومەتی سەددام حوسێن هێرشی سەربازییان کردە سەر خاکی ئێران، سەرکرادیەتی حیزبی دێموكڕات ـ لە حاڵێک‌دا پێوەندی سیاسی لەگەڵ حکوومەتی عێراق‌دا هەبوو‌و بەشێک لە بارەگاکانی لەناو خاکی عێراق‌دا بوون ـ ڕایگەیاند ئەگەر ڕێژیمی ئێران ئامادە بێ مافە سەرەتاییەکانی گەلی کورد بە ڕەسمی بناسێ، لە بەرانبەردا حیزبیش ئامادەیە بە هێزەکانی خۆی شان بە شانی هێزە سەبازییەکانی ئێران بەرەوڕووی هێزی سەربازی عێراق بێتەوە. لە مێژووی پیوەندیی حیزبی دێموکڕات لەگەڵ حکوومەتی سەددام‌دا دەیان نموونەی ئەوتۆ دەبیندرێ. کەوابوو لەو سەردەم‌دا حیزبی دێموکرات شەڕی نیابەتی بۆ حکوومەتی بەعس لە کوردستان‌دا نەدەکرد. بەڵکوو خەباتێکی ڕەوای چەکداری بۆ وەدی هێنانی مافی نەتەوەیی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران‌دا دەکرد؛ بەڵام بە پێچەوانەی حەزی کۆماری ئیسلامی، به‌شێوه‌یه‌کی زۆر دیپلۆماسییانە کەڵکی خۆیشی لە حکوومەتی عێراق وەردەگرت.

لە ڕوانگەی ئێمەوە سەرکردایەتی حیزبی دێموکرات دەبێ بە شێوەیەکی ئاشکرا‌و بێ هیچ پێچ‌وپەنایەک، ڕوو لە هەموو لایەنە سیاسییەکان بە دەنگی بەرز‌و بێ هێچ سڵەمینەوەیەک ڕایبگەیێنێ: هەر وڵاتێک لە وڵاتەکانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەگەر بیەوێ پێوەندی لەگەڵ خەباتی ئازادیخوازانەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دابمەزرێنێ، بە مەرجێک سەروەری‌و سەربەخۆیی حیزب پێشێل نەکا‌و بەرژەوەندی نەتەوەی کورد نەخاتە مەترسی‌و حیزب مافی ڕەخنەگرتن لەو سیاسەتانەی هەبێ وا بە جێگای ڕەخنەیان دەزانێ، حیزب ئامادەیە پێوەندییەکی بەرانبەری لەگەڵ دابمەزرێنێ‌و لەم پێوندی ساز کردنە ناسڵەمێتەوە.

ئێمە شەڕی نیابەتی بۆ هیچ وڵاتێک ناکەین‌و هەر بەتەنیا شەڕی ماف‌و سەروەری گەلەکەمان دەکەین بەڵام لە خەباتمان بە دژی کۆماری ئیسلامی‌دا، یارمەتی هیچ وڵاتێک کە سەربەخۆیی ئێمە‌و بەرژەوەندی خەڵکەکەمان نەخاتە مەترسییەوە ڕەت ناکەینەوە؛ جا ئەم وڵاتە چ ئەمریکا‌و فەڕانسە بێ‌و چ عەرەبستان‌و قەتەر بێ. هەر ڕەخنەیەکیشمان لەو وڵاتانە هەبێ بێ دۆش‌دامان‌و بەبێ دڕدۆنگی ڕایدەگەیێنین. ئەمە شاردنەوە‌و شەرم کردن‌و سڵەمینەوەی پێ ناوێ. بەپێچەوانە زۆر بە ئاشکرا‌و بەشێوەی چەندپاتەکراو دەبێ ڕابگەیێندرێ.

بە داخێکی زۆر گرانەوە دیپلۆماسیی زیرەکانەی دوژمنان‌و کەمتەرخەمی خۆمان هەتا ئەم ساڵانە وای کردبوو نەک هه‌ر هێزی پێشمەرگە لە کەمپەکانی باشووردا دوور بخرێنەوە بەڵکوو پێوەندییە دیپلۆماسییەکانی حیزبیش هەر لە بازنەیەکی بەرتەسک‌دا قەتیس بمێننەوە. با بەئاشکرا ڕایبگەیەنین ڕاسان نەک هەر شکاندنی سنووری مانەوەی زۆرەملیی هێزی پێشمەرگە لە کەمپە، بەڵكوو شکاندنی سنووری تەریک مانەوەی دیپلۆماسیی حیزبیشە. هیچ کام لەم سیاسەتانە بە بێ ئەوی دی سەر ناگرێ‌و ئەم سیاسەتانە تەواوکەری یەکترن. ئەمە بەمانای فرەڕەهەند بوونی ڕاسانە. "مەیل"‌و ئامانجی حێزبیش هەر بەتەنیا دامەزراندنی پێوەندی لەگەڵ وڵاتێکی تایبەت نییە بەڵكوو دامەزراندنی پێوەندی بەرانبەر‌و سەربەخۆ لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهانە.

ڕەنگە وەکوو ڕەخنە لەم بۆچوونە، باسی ئەوە بکرێ کە جگە لەسێ بژاردەی سەرەوە بۆ داڕشتنی مێکانیزمی پێوەندی حیزب لەگەڵ دەوڵەتان‌دا، دەکرێ بیر لە بژاردەیەکی چوارەمیش بکەینەوە، واتە بژاردەی: پێوەندی سەربەخۆی حیزب لەگەڵ وڵاتانی دێموكرات‌و پێشکەوتوو.

دیارە بژاردەی سێیەم، ئەم بژاردەیە ڕەت ناکاتەوە‌و ئەمیش لەخۆی دەگرێ. بەڵام بژاردەی چوارەم بژاردەی سێیەم بەرتەسک‌تر دەکاتەوە‌و وڵاتەکانی شیاوی پێوەندی هەر بەتەنیا بارتەقای وڵاتانی پێشکەوتوو‌و دێموکڕات بەرتەسک دەکاتەوە‌و وڵاتانی دواکەوتوو‌و نادێموکڕات لە لیستەی وڵاتانی شیاوی پێوەندی دەردەهاوێژێ. بەڕواڵەتیش ئەم بژاردەیە بژاردەیەکی ژیرانەیە‌و زیاتر لەگەڵ خەباتی دێموکراسی‌خوازانەی ئێمە یەک دەگرێتەوە.

ئەم بژاردەیە ڕەنگە لە ڕووی تیۆرییەوە بژاردەیەکی سەرنج‌ڕاکێش بێ، بەڵام دەتوانین ئەوە بسەلمێنین کە ئەم بژاردەیە بە کردەوە‌و لەبواری جێ‌بەجێ کردن‌دا فەشەل دێنێ‌و دیسان هەر تووشی بژاردەی یەکەممان دەکاتەوە.

زۆر لەسەر ئەوە پێ‌ داناگرین کە ئەو وڵاتانەی لە ڕوانگەی کەسانێکەوە خاوەنی سیستمێکی پێشکەوتوو‌و دێموکڕاتن، ڕەنگە لە ڕوانگەیەکی ترەوە خاوەنی سیستمێکی دواکەوتوو‌و زۆردارانە بن. بۆ نموونە کەسانێک کە بڕوایان بە نێئۆلیبرالیسم هه‌یه‌ ڕەنگە ئامریکا بە پێشکەوتووترین وڵاتی جیهان بزانن بەڵام کەسانێک کە بڕوایان بە چەپی نوێیە، ئامریکا بە خاوەنی زۆردارانەترین سیستمی سیاسی جیهان دەزانن.

بەڵام با وای دابنێین مەبەست لە وڵاتانی دێموکرات‌و پێشکەوتوو وڵاتی وەک وڵاتانی رۆژئاوای ئورووپا‌و باکووری ئەمریکایە. ڕاستییەکەی ئەوەیە مێژووی پێوەندییە دیپلۆماسییەکان پێی سەلماندووین سیستمەکانی حاکم بەسەر ئەو وڵاتانەدا لە هەڵبژاردنێکی زۆر سادە لەنێوان حاکمییەتە سەقامگیر یان بەڕواڵەت سەقامگیرەکانی زاڵ بەسەر کوردستان‌ لەلایەک‌و بزاڤە کوردییەکان لە لایەکی دیکە‌دا، هەرگیز پێوەندی لەگەڵ بزاڤە کوردییەکان هەڵنابژێرن. عادەتەن هەر چەشنە پێوەندییەکی ئەم وڵاتانەش لەگەڵ بزووتنەوەی کوردی بە هاوئاهەنگی‌و ڕاگرتنی دڵی هەمان ئەو سیستمەیە کە بزاڤە کوردییەکە بە دژی ڕاساوە. لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکان‌دا پێوەندی لەگەڵ سیستمێکی زاڵ‌و جارێ سەقامگیر بۆ دەوڵەتەکان زۆر لە پێوەندی لەگەڵ بزاڤێکی ڕاساو‌و شۆڕشگێر بەنرخترە. ئەم دیاردەیە شتێکی سەیر‌و سەمەرە نییە‌و ئێمە نابێ بەم هۆیەوە دوژمنایەتی ئەو وڵاتانە بکەین. بەڵام ئەگەر ئەم وڵاتانە خۆیان ئامادە نەبن لەگەڵ بژاڤی کورد پێوەندییان هەبێ،‌و بۆ باقی وڵاتانیش بزاڤی کورد خۆی ئامادە نەبێ پێوەندی لەگەڵیان‌دا هەبێ، بە کردەوە دیسان هەر تووشی بژاردەی یەکەم دەبینەوە کە بژاردەی تەریک مانەوەیە. بە دەربڕینێکی دیکە، لەم پێودانەدا‌و بە هەڵبژاردنی ئەم بژاردەیە، وڵاتەکان بە کردوە بەسەر دوو دەستە وڵات‌دا دابەش دەبن:

ــ دەستەی یەکەم: ئەو وڵاتانەی ئێمە ئامادەین پێوەندییان لەگەڵ دابمەزرێنین بەڵام ئەوان ئامادە نین ئەم پێوەندییە دابمەزرێنن.

ــ دەستەی دووەم: ئەو وڵاتانەی ئامادەن پێوەندییان لەگەڵ ئێمەدا هەبێ بەڵام ئێمە ئامادە نین پێوەندییان لەگەڵ دابمەزرێنین.

گوتمان ئەستەمە وڵاتە ڕۆژئاواییەکان حاکمییەتەکانی زاڵ بەسەر کوردستان بە بزاڤە کوردییەکان بگۆڕنەوە. ئەمە رێئاڵ پۆلێتیکێکە کە سیاسەتی ئەوان دەیخوازێ. بەڵام کاتێک نیگامان لەم وڵاتانەوە وەردەسووڕێنینەوە بۆلای وڵاتانی ناوچە، بەهۆی هەبوونی ڕکەبەریی بەربڵاوی سیاسی‌و ئابووری لە ناوچەدا، سیاسەتی وڵاتانی ناوچە ڕێئاڵ پۆلێتێکێکی تر دەخوازێ‌و ئەوان لە دامەزراندنی پێوەندی لەگەڵ بزاڤی کورد دەست ناگێڕنەوە. ئەمە رێئاڵ‌پۆلێتیکی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان‌و وڵاتانی ناوچەیە. بەڵام پرسیاری گرینگ لەم ناوەدا ئەمەیە لەم ناوەدا چ ڕێئال پٶلێتیکێک لەگەڵ دیپلۆماسی ئێمەی کورددا یەک دەگرێتەوە؟ گومان لەوەدا نییە ئەم سیاسەتە بریتی‌یە لەوەی بەبێ ئەوەی بکەوینە دوژمنایەتی کردنی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان، خۆمان لە پێوەندیی "تەندروست"یش (لەسەر ئاوەڵناەوی تەندروست پێ دادەگرم) لەگەڵ وڵاتانی ناوچە نەبوێرین‌و لەگەڵ ئەوەی پێوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچە هەیە نەبین بە دارەدەستی ئەوان، بەڵكوو ئێمە خەباتی سەربەخۆی خۆمان بکەین‌و ئەوانیش سیاسەتی سەربەخۆی خۆیان بکەن‌و لەهەر جێگایەک‌دا خەباتی ئێمە‌و سیاسەتی ئەوان یەکی گرتەوە با پێوەندییەکە بمێنێتەوە‌و لەهەر جێگایەکیش‌دا ئەم خەبات‌و سیاسەتە یەکی نەگرتەوە با حیزبی دێموکڕات لەسەر دابی پێشووی مامەڵە لەسەر بایەخەکان‌و ئارمانەکانی نەکا‌و سیاسەتی سەربەخۆی خۆی بپارێزێ‌و ڕەخنەی ئاشکرای خۆی بگرێ.

کۆی ئەو بەڵگە هێنانەوانە بۆ کەسانێک بەسوودە کە دڵسۆزانە ڕەخنە لە سیاسەتی حیزب دەگرن (کە هیوادارین کاک عەلی خزری لەم کەسانە بێ) یان بەدوای دۆزینەوەی شیکارییەکی دروست بۆ مێکانیزمی پێوەندی حیزب لەگەڵ وڵاتان‌دا دەگەڕێن (کە هیوادارین کەسێکی وەک کاک هێمن سەیدی لەم کەسانە بێ).

بەڵام کەسانێک هەن نە دڵسۆزانە دەدوێن‌و نە بەشێوەیەکی زانستی بەدوای دۆزینەوەی شیکارییە وردەکان دان. ئەوانە ئەو دەورەی ئەنساری حیزبوڵڵا بۆ توندئاژۆکانی ڕێژیمی ئێرانی دەگێڕن، هەمان ئەو دەورە بۆ جەریان‌و جەماعەتی خۆیان دەگێڕن. یەکێک لەم کەسانە کە سەر بە جەماعەتی ئینشعابییە (تاهیر قاسمی) ماوەیەک لەمەوبەر (بەر لەوەی دوو پێشمەرگەی خۆیان لە ناوچەی سەردەشت بە دەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید بن) لە کامێنتێکی فەیسبووکی‌دا ـ هاودەنگ لەگەڵ هێزە ئیتللاعاتی‌و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ــ نووسیبووی کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەو ڕۆڵە کوردانە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی عەرەبستان لە کوردستان‌دا بە کوشت دەدا. هەر ئەو ڕۆژەی ئەم دوو پێشمەرگەی جەماعەتی ئینشعاب لە سەردەشت شەهید بوون میدیا ڕەسمییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاند کە "چەند تێرۆریستی سەر بە عەڕەبستانیان لە سەردەشت کوشتووە"! ئەمە هیچ ناگەیەنێ جگە لە گێڕانی دەوری "بڵیندگۆ" بۆ کۆماری ئیسلامی لەلایەن "ئەنساری ئاژاوە"وە کە خەڵاتەکەشی هەر ئەم ناو‌و ناتۆرەیە کە ئەو لە خەڵکی دیکەی دەنێ‌و کۆماری ئیسلامی بە ئەویشی دەڵێتەوە.

ڕاستییەکەی ئەوەیە ڕکەبەری‌و دژایەتیی ناوخۆش هەندێک پڕەنسیپ‌و ڕێ‌وشوێنی هەیە کە زۆریەک لە چالاکانی سیاسی ئێمە نایزانن‌و زۆر ناشارەزایانە ئاو لە ئاشی نەیاران دەکەن‌و گۆڵ لە دەروازەی خۆمان دەدەن. مخابنە ئەو کەسانە هێز‌و ورە‌و قەڵەم‌و میدیای خۆیان نەهێننەوە خزمەت بزاڤی ئازادیخوازانەی خۆمان.

 

---------------------------------------------------------------------------------------------------

 تێبینی‌:

ــ ماڵپه‌ڕی‌ "هه‌ڵۆی‌ كوردستان"

له‌ به‌رامبه‌ر نێوه‌ڕۆكی‌ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌رپرسیار نیه‌‌و نووسه‌ری‌ بابه‌ت به‌رپرسه‌ له‌به‌رامبه‌ر بابه‌تی‌ خۆیدا‌

 ـ بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌ى ماڵپه‌ڕ له رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ئێره‌ كلیك بكه‌

ـ له‌ تێلێگرامی‌ "هه‌ڵۆی‌ كوردستان"یش به‌ردوام زانیاری‌‌و فیلم‌و وێنه‌تان ده‌ست ده‌كه‌وێ‌

 


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1071
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy