هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

دكتۆر قاسملۆ مامۆستای من بوو، شه‌وێكیان هه‌موو مێژووی كوردی بۆ گێڕاینه‌وه‌

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

دكتۆر فرێدریك تیسۆ، له‌ ساڵی 1951 له‌ شاری بیلدای ئه‌لجه‌زائیر له‌ دایك و باوكێكی فه‌ڕه‌نسی له‌دایك بووه‌. له‌ ساڵی 1962 له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ فه‌ره‌نسا. له‌ ساڵی 1980 ده‌بێته‌ پزیشكی تایبه‌ت به‌ ته‌ندروستیی گشتی. دكتۆر تیسۆ له‌ ده‌ستپێكی ساڵه‌كانی 80 له‌ رێگه‌ی پێوه‌ندییه‌ دیپلۆماتیكه‌كانی دكتۆر قاسملۆ رێبه‌ری تیرۆركراوی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، له‌ ئه‌وروپا، ئاشنای نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌بێ و له‌ رێگه‌​ی رێكخراوی پزیشكانی بێ سنوور روو له‌ كوردستان ده‌كا و وه‌ك پزیشكێك له‌ كوردستان ده‌ست به‌ چاره‌سه‌ریی نه‌خۆشه‌كان ده‌كا. له‌پاش رووخانی ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆر سه‌دام حوسێن و دامه‌زراندنی كۆنسوڵی گشتیی فه‌ڕانسه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، دكتۆر تیسۆ ده‌بێت به‌ یه‌كه‌مین كۆنسوڵی گشتیی فه‌ره‌نسا له‌ كوردستان له‌ مێژووی پێوه‌ندییه‌كانی فه‌ڕه‌نسا و كوردستاندا. دكتۆر تیسۆ بێجگه‌ له‌ كوردستان، له‌ وڵاتانی ئه‌فغانستان، سۆماڵ، مه‌غریب، هایتی و كۆنگۆ وه‌ك پزیشك خزمه‌تی به‌ لێقه‌وماوان و مرۆڤایه‌تیی كردووه‌.

 

sh_qasimlu_-_teso_-_1


ـ یه‌كه‌م جار چۆن عه‌بدولره‌حمان قاسملۆت ناسی؟

دكتۆر تیسۆ: مانگی شوباتی 1981 بوو، من رۆیشتبووم بۆ كوردستانی رۆژهه‌ڵات بۆ یارمه‌تیی پزیشكی وه‌ك پزیشكێك. ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر داوای حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بوو، چونكه‌ ئه‌وكات له‌ كوردستانی رۆژهه‌ڵات پزیشكی زۆری لێ نه‌بوو.

 

ـ له‌پاش تیرۆركردنی دكتۆر قاسملۆ، چ چالاكییه‌كت له‌ پێوه‌ندی به‌ دۆسیه‌كه‌یه‌وه‌ كردووه‌؟ تا ئێستا هیچ هه‌وڵێكت له‌م بواره‌وه‌ داوه‌؟

دكتۆر تیسۆ: له‌ راستیدا من نه‌متوانی هیچ بكه‌م، ئه‌و كات له‌سه‌ر چیاكانی مه‌غریب بووم به‌بێ ته‌له‌فۆن و ئینته‌رنێت.

 

ـ ئه‌ی له‌پاش ئه‌وه‌ی كه‌ مه‌غریبت جێ هێشت و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ فه‌ره‌نسا، چی؟ هیچ هه‌وڵێكت له‌ پێوه‌ندی به‌ دۆسیه‌ی تیرۆری دكتۆر قاسملۆ داوه‌؟ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ بۆ ئیدانه‌كردنی تیرۆركارییه‌كان و پرۆسه‌ یاساییه‌كه‌ی له‌ ڤیه‌ننا هیچتان كردووه‌؟

دكتۆر تیسۆ: من هیچم ئه‌نجام نه‌داوه‌، چونكه‌ من پارێزه‌ر نیم.

 

ـ باشترین و هه‌روه‌ها ناخۆشترین بیره‌وه‌ریت له‌گه‌ڵ دكتۆر قاسملۆ چییه‌؟

دكتۆر تیسۆ: باشترین بیره‌وه‌ریم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جارێكیان له‌ شه‌وێكدا، دكتۆر قاسملۆ هه‌موو مێژووی كوردی بۆ گێڕاینه‌وه‌، له‌ كۆماری مه‌هاباده‌وه‌ بگره‌ هه‌تا شۆڕشی مه‌لا مسته‌فا بارزانی. ناخۆشترین بیره‌وه‌ریشم ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ له‌ رادیۆوه‌ هه‌واڵی تیرۆركردنیم بیست.

 

ـ كاتێك كه‌ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كانی رۆژهه‌ڵات بووی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌وكات زۆر ده‌رفه‌ت و توانا بۆ چاره‌سه‌ریی نه‌خۆشه‌كان نه‌بوو، چۆن یارمه‌تییه‌ پزیشكییه‌كانتان ده‌گه‌یانده‌ خه‌ڵك و برینداران و چۆن چاره‌سه‌رتان ده‌كردن؟ ئایا له‌و كاته‌دا دۆخێكی واتان بۆ هاتبووه‌پێش كه‌ ته‌نانه‌ت سه‌ربازی دوژمنیش ده‌رمان بكه‌ن؟

دكتۆر تیسۆ: به‌ڵێ، یه‌كجار زۆر دژوار بوو، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ باشی رێك خرابووین. له‌گه‌ڵ حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ده‌یان نه‌خۆشخانه‌مان له‌سه‌ر خاكێك ساز كردبوو كه‌ له‌ژێر بۆمباراندا بوو، ئێمه‌ ته‌نانه‌ت له‌و كاته‌دا نه‌شته‌رگه‌ریشمان ده‌كرد و زۆر ئیمكاناتی پزیشكی بۆ نه‌شته‌رگه‌ریمان له‌گه‌ڵ خۆمان له‌ فه‌ره‌نساوه‌ هێنابوو، حه‌ب و ده‌رمانمان له‌گه‌ڵ خۆمان هێنابوو و هه‌روه‌ها هێندێك جار له‌ناو شاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتدا ده‌مانتوانی باندج و ده‌رمان بكڕین. بێ گومان ئێمه‌ خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و هه‌موو پێێشمه‌رگه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانمان چاره‌سه‌ر ده‌كرد. هه‌روه‌ها ئه‌و ئه‌سیرانه‌ی كه‌ له‌ زیندانه‌كانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێراندا بوون و پێشمه‌رگه‌كان توانیبوویان به‌ دیل بیانگرن، ده‌رمانمان ده‌كردن.

sh_qasimlu_-_teso_-_3

 

ـ ماوه‌ی چه‌ند له‌ كوردستانی رۆژهه‌ڵات مایه‌وه‌؟

دكتۆر تیسۆ: هه‌مووی دوو ساڵ له‌ كوردستان مامه‌وه‌، كه‌ له‌ ده‌ستپێكه‌كانی ساڵه‌كانی 80دا بوو.

 

ـ چۆن باس له‌ كوردستانی رۆژهه‌ڵات ده‌كه‌ی؟

دكتۆر تیسۆ: كوردستانی رۆژهه‌ڵات هه‌رێمێكی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند و پڕ سامانه‌، خاوه‌ن كشتوكاڵێكی باش و سه‌وزایی باشه‌. ئه‌و كاتی دۆخه‌كه‌ بۆ هه‌موو كه‌س و بۆ پزیشكه‌كانی فه‌ره‌نساش زۆر مه‌ترسیدار بوو، چونكه‌ له‌لایه‌ن خومه‌ینییه‌وه‌ به‌ سیخوڕ ده‌ژمێردراین. به‌ڵام پێشمه‌رگه‌كان له‌ كوێستانه‌كاندا كۆنترۆڵێكی زۆر باشیان به‌سه‌ر دۆخی سه‌ربازیدا هه‌بوو. به‌ڵام نه‌ك له‌ شاره‌كاندا، بێجگه‌ له‌ شاره‌كانی شنۆ و بانه‌ نه‌بێ. پێشمه‌رگه‌كان زۆر باش هه‌موو شتێكیان بۆ بنه‌ماڵه‌كان رێكخستبوو. ته‌نانه‌ت قوتابخانه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌ پزیشكییه‌كانیشان به‌رهه‌م هێنابوو، دكتۆر قاسملۆ زۆر گرینگی به‌ په‌روه‌رده‌ ده‌دا.

 

ـ خوێندنه‌وه‌ت بۆ داهاتووی ئێران و پرسی كورد چییه‌؟

دكتۆر تیسۆ: پێم وایه‌ ئێران به‌ده‌ست ئه‌و سه‌دان هه‌زار خوێندكاره‌ی كه‌ هه‌یه‌ پێشكه‌وتنی باش به‌ده‌ست ده‌هێنرێ، هه‌روه‌ها ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گه‌شتیاریی باش به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌بینێ له‌گه‌ڵ بیانییه‌كان، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌م رژێمه‌ ئایینییه‌ ریسكی چه‌ند ساڵی دیكه‌ی مانه‌وه‌شی هه‌ر مابێ. ته‌نیا ئێرانییه‌كان خۆیانن كه‌ ده‌توانن دۆخی سیاسیی ئێران بگۆڕن. سه‌رباره‌ت به‌ كوردستانی ئێران (رۆژهه‌ڵات) ده‌بێ بڵێم كه‌ له‌ راستیدا زۆر دژواره‌ تا ئه‌و كاته‌ی نه‌ك ته‌نیا هه‌ر پارتێكی بچووك، به‌ڵكو هه‌موو كوردان یه‌كگرتوو نه‌بن، به‌ڵام تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ نه‌توانن هێزێكی دژبه‌ری یه‌كگرتوو پێك بهێنن، ئه‌وا دۆخه‌كه‌یان زۆر دژوار ده‌بێ. دۆخی سیاسیی كوردستانی رۆژهه‌ڵات هاوكات له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی دۆخی سیاسیی ئێران به‌ یه‌كه‌وه‌ پێشكه‌وتن به‌ خۆیانه‌وه‌ ده‌بینن. كورده‌كانی رۆژهه‌ڵات ده‌بێ یه‌كگرتوو بن و له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی و حزبه‌ دژبه‌ره‌كانی دیكه‌ی ئێرانیش به‌ره‌ی یه‌كگرتوو پێكبهێنن و ئێران به‌ره‌و وڵاتێكی فیدڕاڵ ببه‌نه‌ پێش.

 

ـ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ كورد له‌ عێراق توانای به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌وڵه‌تی خۆیان هه‌یه‌، به‌ڵام بۆچی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی سه‌باره‌ت به‌ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی باشوور زۆر به‌خاوی ده‌ڕواته‌ پێش؟ پێتوایه‌ كوردستان ببێت به‌ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ؟

دكتۆر تیسۆ: به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ له‌ كوردستانی عێراقه‌وه‌ دیاره‌، ده‌بینم كه‌ په‌رله‌مانی هه‌رێم هیچ كات كۆبوونه‌وه‌ی نه‌كردووه‌ بۆ ده‌ركردنی ته‌نیا یه‌ك یاسای دۆستانه‌ بۆ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی و ده‌نگدان له‌سه‌ری. ئه‌مه‌ كه‌مترین ئه‌رك و فه‌رزه‌ بۆ رێزگرتن له‌ یاساكانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێ سه‌ربه‌خۆ بن. پێویسته‌ زۆر به‌ زوویی ئه‌م كاره‌ بكه‌ن. من پێم وایه‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی هیچ راگه‌یاندنێكی یه‌كلایه‌نه‌ی سه‌ربه‌خۆیی قبووڵ ناكا. من ئه‌مه‌م به‌رده‌وام به‌ هاوڕێ كورده‌كانم گوتووه‌ كه‌ كورده‌كان ته‌نیا خۆیانن كه‌ ده‌توانن سه‌ربه‌خۆیی وڵات بۆ خۆیان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن. هیچ كه‌س له‌ ده‌ره‌وه‌ سه‌ربه‌خۆییان ناداتێ. كوردستانی گه‌وره‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ خه‌ونێكی جدی به‌ده‌ر نه‌بێ، به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ چه‌ندین وڵاتی كوردستانیی سه‌ربه‌خۆ پێك بێت، وه‌ك چۆن چه‌ندین وڵاتی عه‌ره‌بی هه‌یه‌.

 

ـ به‌گشتی پێتوایه‌ كورد پێویسته‌ چی بكا؟

دكتۆر تیسۆ: ده‌بێ له‌ناو خۆیاندا رێك بكه‌ون، ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین پێویستی بێ ئه‌ملا و ئه‌ولایه‌. ئه‌مڕۆكه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌ كورد هیچ له‌ مێژووی پڕ له‌ تراژیدیای خۆی فێر نه‌بووبێ، سه‌یری دابه‌شبوونه‌كانیان بكه‌، سه‌یری نه‌فره‌ته‌كان بكه‌ چه‌نده‌ به‌هێزێن. له‌ناو خودی یه‌ك پارچه‌ی كوردستان (له‌ ناوخۆوه‌، له‌ باشوور، له‌ رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا...) و له‌ به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ (باشوور و رۆژئاوا، باشوور و باكوور) دوژمنایه‌تیی یه‌ك ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ به‌رده‌وام دوژمنه‌كانی كوردن كه‌ سوود له‌ دۆخه‌كه‌ ده‌بینن، دكتۆر قاسملۆ به‌رده‌وام پێی ده‌گوتم: به‌شكردنی میلله‌تی كورد به‌سه‌ر چوار وڵاتی جیاوازدا له‌پاش نه‌مان و رووخانی ئیمپراتوریه‌تی عوسمانییه‌كان و دابه‌شبوونیان به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تانی زۆر به‌هێزدا، به‌دڵنیاییه‌وه‌ خودی كورده‌كان و یه‌كنه‌گرتووییان هۆكاری یه‌كه‌م بووه‌. كه‌چی هێزی سیاسی و سه‌ربازیی كورد بۆ له‌یه‌كتێگه‌یشتن هه‌تا ئێستاش پێشكه‌وتنێكی ئه‌وتۆی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌. باشه‌ كۆنگره‌یه‌كی پان كورد بۆ كه‌نگێیه‌؟

 

ـ بۆچی له‌ دیمانه‌كانتدا دكتۆر قاسملۆ به‌ مامۆستای خۆت ده‌زانی و وه‌ك ماموستای خۆت باسی لێ ده‌كه‌ی؟ چی لێ فێر بووی؟

دكتۆر تیسۆ: به‌ڵێ، دكتۆر قاسملۆ گه‌وره‌ی من بوو، مامۆستای من بوو. من ئه‌مه‌م له‌ په‌رتووكه‌كه‌شمدا به‌ ناوی (پیاوێك به‌سه‌ر پێوه‌) نووسیوه‌ كه‌ وه‌رگێڕانی بۆ سه‌ر سۆرانیش كراوه‌ و له‌ چاپه‌مه‌نیی غه‌زه‌لنووس له‌ سلێمانی چاپ كراوه‌. ئه‌و سه‌ره‌تا مێژووی كوردی به‌ من ناساند و فێری مێژووی كوردی كردم. نه‌ك ته‌نیا كوردی ئێران، به‌ڵام مێژووی هه‌موو كوردانی رۆژهه‌ڵات، باشوور، رۆژئاوا و باكوور. ئه‌و له‌سه‌ر خه‌ریته‌یه‌كی گه‌وره‌دا ژیۆپۆلێتیكی هه‌موو كوردی به‌ من نیشان داوه‌ و بۆی شی كردوومه‌ته‌وه‌. ئه‌و هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ی كه‌ له‌ ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بوونیان هه‌یه‌ به‌ منی ناساندووه‌ و بۆی شی كردوومه‌ته‌وه‌. ئه‌و رۆڵی هێزه‌كانی ناوچه‌ی عێراق، سووریا، توركیا و ئێران و هه‌روه‌ها وڵاتانی وه‌ك ئه‌مه‌ریكا و رووسیای بۆ من شی ده‌كرده‌وه‌. ئه‌و لێكدانه‌وه‌كانی خۆی له‌سه‌ر خاڵه‌ لاواز و به‌هێزه‌كانی میلله‌تی كورد بۆ باس ده‌كردم. هێزی سه‌ره‌كی، نزیكایه‌تی له‌ كولتوور، لاوازییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانیان و راستیی دابه‌شبوونه‌كان.

 

 ---------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 تێبینی‌:

 بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌ى ماڵپه‌ڕ له رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ئێره‌ كلیك بكه‌


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1654
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy