هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات پشتیوانی لە خەباتی جەماوەریی شارەکانی کوردستانی ئێران دەکات

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەیانییەیەکەدا پشتیوانی لە خەباتی جەماوەریی شارەکانی کوردستانی ئێران دەکات.

دەقی بەیانییەکە به‌ شێوه‌هی‌ خواره‌وه‌یه‌:

 

pshtiwani_k_tashkilat_1


کۆمەڵانی خۆڕاگری کوردستانی ئێران!

ئازادیخوازانی ئێران!

سەرکوت‌و زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک نەریتێکی هەمیشەیی ئەم ڕێژیمە، لە ڕۆژی هاتنە سەرکاریەوە تاوەکوو ئێستا بەردەوام بووە. هەموو ڕۆژ‌و هەموو کاتێک بە بیانووی جۆراوجۆر خەڵکی ئازادیخواز‌و بێبەش لە هەموو مافەکانی ژیان، دەکەونە بەر ڕق‌و تووڕەیی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، دەخرێنە زیندانەکانەوە، بە دەسڕێژی گولە شەهید دەکرێن، لە سێدارە دەدرێن‌و بە مانا گشتییەکەی سووکایەتی‌و بێ‌ڕێزییان پێ دەکرێت.

بێکاری، هەژاری‌و بێ‌دەرەتانی، گیرۆدە بوون بە مادە هۆشبەرەکان، کاولکاری، سووتاندنی دارستان‌و تێکدانی ژینگە‌و کۆمەڵێک کێشە‌و ئاریشەی کۆمەڵایەتی‌و ئابووری و...هتد، ئەنجامی سیاسەتەکانی ئەم ڕێژیمە بووە لە کوردستان، ئامانجی سەرەکیی ڕێژیمیش بەچۆکدا هێنانی نەتەوەی زوڵم لێکراوی کوردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

لە بەرانبەر ئەم سیاسەتەدا، ڕۆحی بەرگری‌و بەرخۆدانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان نەک ڕووی لە کەمی نەداوە، بەڵکوو ڕۆڵەکانی ئەم گەلە نەترسانە‌و بوێرانە بەرنگاری سیاسەتی سەرکوت‌و زەبروزەنگی ئەم ڕێژیمە بوونەتەوە.

لە درێژەی ڕەوتی بەرخۆدان‌و بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتەکانی ڕێژیم لە کوردستان، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شاری مەریوانی دوانزە سوارە، لاوانی بەهەست‌و جەماوەری ئازا‌و چاونەترسی شارەکە، بە نیشانەی ئێعتراز بە خراپ بوون‌و تێکدانی ڕێگاوبان‌و ژینگە‌و بوونە قوربانیی ژمارەیەک لە خەڵکی ناوچەکە کە بوون بەژێر تانکرە نەوت کێشەکانەوە، ڕژانە سەرشەقام‌و بێزاری‌و دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان بە نیسبەت ئەم دۆخەوە هەڵبڕی، بەڵام بەرپرسانی پێوەندیداری کۆماری ئیسلامی بێ ئەوەی کە بەرانبەر بە ئێعترازی مەدەنی‌و هێمنانەی خەڵکی مەریوان وەڵامدەر بن، ژمارەیەک لە لاوانی شارەکەیان دەستگیر‌و ڕەوانەی زیندان کرد، کە تا ئێستا هیچ هەواڵ‌و زانیارییەک لە چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.

هەر لە پێوەندی لە گەل کوژرانی کاسبکاران‌و کۆڵبەران لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنیی شاری بانە لە هەڵوێستێکدا داوایان لە خەڵک‌و جەماوەری شارەکە کردووە کە بەرانبەر بە کوژرانی کۆڵبەران‌و ناڕەزایەتی دەربڕین لەم بارەوە ڕۆژی شەممە، ١٧ی ڕەزبەر، مانگرتنێکی گشتیی‌و هێمنانە بەڕێوە ببەن. لە بەشێک لە ڕاگەیەندراوەکەی چالاکانی مەدەنی‌دا هاتووە؛ "ئێمە کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی شاری بانە بە دروستکردنی کەمپەینی"هەموومان دەنگی کۆڵبەرانی سەر سنوورین"، ڕۆژی شەممە وەک مانگرتنی گشتی ڕادەگەیەنین‌و داوا لە ئێوە خەڵکی تێکۆشەری شاری بانە دەکەین بۆ ئەوەی چیتر ڕۆڵەکانی شارەکەمان نەبنە قوربانی، با ڕۆژی شەممە ئیرادەی خەباتکارانەمان نیشان بدەین‌و دەنگی کپ کراوی کۆڵبەرانی سەر سنوور بگەیەنینە گوێی هەموو بەرپرسان‌و دەسەڵاتداران‌و نا بڵێین بە کوژران‌و بریندار کردنی کۆڵبەرانی سەر سنوور".

ئەزموون دەری خستووە کە بێ‌دەنگی لە بەرانبەر ئەم سیاسەتە دژی گەلیانەی ڕێژیم، سەرکوت‌و زەبروزەنگی زیاتری بەداوە بووە، هەر بۆیە بە ئەرکی سەرجەم چین‌و توێژەکانی دەزانین کە دەنگی مافخوازانەی خۆیان هەڵبڕن‌و لە پێناو وەدی هاتنی مافەکانیان‌و هەروەها بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتەکانی ڕێژیم، بەشداریی چالاکانە لە خەباتی جەماوەری لەم چەشنە بکەن.

کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پشتگیریی خۆی بۆ ئەم شێوازە لە خەبات‌و ناڕەزایەتیانە‌و هەروەها هەڵوێستی بوێرانەی چالاکانی مەدەنی‌و جەماوەری شارەکان دەردەبرێ‌و داواکارە خەڵکی ناوچەکانی دیکەی کوردستان بەرانبەر بە سیاسەتی سەرکوت‌و تۆقاندنی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی بێ‌دەنگ نەبن،‌و پشتیوانیی خۆیان بۆ خەباتی مەدەنی‌و هەڵوێستی ئازایانەی ڕۆڵەکانیان بخەنە ڕوو. لە هەمانکاتدا داوا لە خەڵکی ئازادیخواز‌و چاونەترسی مەریوان دەکەین کە شێلگیرانە هەوڵی ئازادکردنی گیراوەکانی ڕۆژی پێنج‌شەممەی ڕابردوو بدەن.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیسیۆنی تەشکیلات

١٧ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی

 

 ---------------------------------------------------------------------------------------------------

 تێبینی‌:

 بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌ى ماڵپه‌ڕ له رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ئێره‌ كلیك بكه‌


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 887
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy