خوێندنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ رووداوەکانو چۆنیەتی کردنەوەی ئەو کۆدانەی کە خەباتی نەتەوەیی کورد لە رۆژهەڵاتی ئەخستە ئەم فازەی ئەمڕۆ، لێکدانەوەیەکی دروستی ئەم حیزبە بوو کە لە کاتی خۆیدا توانی پێوەندییەک دروست بکات لە نێوان دەنگی چیاو ویستی شۆڕشگێڕانەی باژێڕدا.
لە نیو ئاخنی بابەتێکدا ئەمەوێ ئاماژە بەو کۆدانە بدەم کە حیزبی دێموکرات زۆر پێش لە خەڵکی دیکەو وەک ئەوەی کە هەبوون، خوێندنیەوەو توانی بە داڕشتنی بەرنامەیەکی بوێرانە یەکەم دەرگە بە رووی خەباتێکی نوێدا بکاتەوە.
١.١ رۆژهەڵاتی کوردستان پێش کۆتایی مانگی ٥ی٢٠١٥:
رێژیمی ئێران هەوڵی دەدا لە رێی دەستگرتن بە سەر باشووری کوردستاندا لە رێی دەستێوەردانو خۆ بە باڵادەست زانین لە عێراقدا چەترێکی بێباوەڕی بەسەر رۆژهەڵاتی کوردستاندا هەڵ بداتو ئیزنی ئەوە نەدا هەستی روبەڕوبوونەوە لە دژی ئەو چەکەرە بکاتو نەهێڵێ شەقامەکان ببنە مەیدانی خۆپیشاندانی خەڵکو چاوی کامێراکانی دونیا نەچنە سەر ئێرانو بە وڵاتیکی نائارام لەقەڵەمی نەدەن.
_ لە گەرمەی جەنگی نێوان پەکەکەو تورکیادا، شەقامەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ببوونە مەیدانی بەرگریکردن لە کوردەکانی باکوورو ئەوەی سەلماند کە خەڵکی رۆژهەڵات بۆ پارێزگاری لە خەڵکی بەشەکانی دیکە هەردەم لە مەیداندا بوونە.رێژیم لەو رێیەوە هەوڵی دەدا بڵێ کە ئێمە لە ئێراندا کێشەیەکمان بە ناوی کێشەی کورد نییەو کوردەکان لەو وڵاتە ئازادن خۆپیشاندان بکەنو دەنگ بەرز بکەنەوە.
_ رێژیمی ئێران هاوکات هەوڵی دەدا ئاڵۆزییەکان لە باشووری کوردستان زیاتر بکاتو پاش هاندانی داعشیش بۆ هێرشکردنە سەر هەولێر، هەوڵێکی بەرینی دا کە ئەزموونی هەرێمی کوردستان بەرەو نسکۆ بباتو لە بواری ئابووریو سەربازییەوە لاوازی بکاتو لەگەڵ ئەوەش لە رێی نفوزی خۆیەوەو بەکارهێنانی کارتیکەریی مێدیاییو مەزهەبییەوە هەوڵی دەدا نەهێڵێ قوتار بن لە دەستی.
لە راستیدا یاریکەری سەرەکی بۆ دروستکردنی ئاژاوە لە هەرێمی کوردستان بوبوو بە کۆماری ئیسلامیو بەو پێیەش کە دەستی بە تەواوی ئاوەڵابوو لەو بەشە، جگە لە دروستکردنی کێشە لەو بەشە لە کوردستان، شەوو رۆژ لە هەوڵی ئەوەشدا بوو کە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بخاتە بازنەیەکەوەو زیاتر مەیدانەکەیان لێ تەنگتر بکاتەوە.
١.٢ خەبات لە نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان:
بە پێچەوانەی ئەو رەوتەی کە کۆماری ئیسلامی لە باشووری کوردستانو ناوچەکەو تەنانەت لە نێو کۆمەڵگەی ئێراندا دروستی کردبوو، بارودۆخی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەواوی بە پێچەوانەی سیاسەتو بەرژەوەندییەکانی رێژیمی ئێران پەرەی گرت.
نەسڵێک بار هاتبوو کە هەرچەند لە ژێر هەژموونی سەربازی، ئابووریو فەرهەنگیی تایبەت بە فەرهەنگی رێژیمو نەتەوەی باڵادەستدا گەورە بوبوو، بەڵام هەموو زانستو پێگەیشتنەکەی ئامادەبوو بۆ بەرهەمێنانێکی سیاسی_نەتەوەیی کوردی، بواری فەرهەنگیی خەڵک رەنگو بۆیەکی زانستی نەتەوەیی زیاتری لە خۆ گرتبوو، کولتووری رای گشتیو ئاشنابوون بە یاساو ریسا نێونەتەوەییەکان بوبوونە هەوێنێ رەنگ گرتنی هەوڵی شۆڕشگێڕانە. تۆڕە کۆمەڵایەتیو سیاسییەکانی ئینترنێت، کردنەوەی دەرگە بەسەر جیهانێکی گەورەترداو رێکخستنو پێکهێنانی کۆمیتەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ، کاری رۆژنامەوانیو ناوەندەکانی ژینگە پارێزی ودانانی قوتابخانەکانی وانە گوتنەوە بە زمانی کوردیو ئەنجومەنە فەرهەنگییەکانو شرۆڤە کردنو تێڕوانینی وردی خەڵکی رۆژهەڵات لە سەر بابەتە سیاسییە گرنگە تاکتیکیو ستراتیژییەکانی تایبەت بە کورد، گەشتبوونە ئاستێک کە چیدی تاران نەیدەتوانی خۆی لە بەرانبەردا بێدەنگ راگرێ.
کێشە ئابوورییەکان، نەبوونی هەلی کارو هەڵاواردنە سیاسیو کۆمەڵایەتیو فەرهەنگییەکان لە دژی کوردەکان، زۆرتر لە جاران دەبینرانو ئەمەش لە لایەن ئەو خەڵکە وریایەوە بە وردی لە ژێر چاودێریدا بووە.
١.٣ خەباتی کورد لە پارچەکانی دیکە:
_کوردەکان لە هەموو پارچەکانی دیکەدا لە راپەڕینو خۆرێکخستندا بوون. لە هەموو بەشەکاندا هەر بەشەو بە گوێرەی باروۆدخی خۆی راپەڕینو کارو تێکۆشانی نەتەوەیی خۆی بەڕێوە دەبردو لە کایە نێودەوڵەتیو ناوچەییەکاندا یارییان دەکردو تەنیا بەشێک لە کوردستان کە خەریک بوو بکەوێتە ژێر کاریگەریی نەرێنی باروۆدخی ناوچەکە، رۆژهەڵاتی کوردستان بوو.
٢.١ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان:
حیزبەکانی رۆژهەڵات لە نێو خۆیاندا تووشی کێشە بوبوونو هەموو باسەکان هاتبووە سەر ئەوەی کە بۆ ئەوەی هەنگاوێک بهاوێی، دەبوو هەمووان رازی بن لەسەری دەنا نەدەچووە پێشو بە ئەنجام نەدەگەیشت. چەند حیزب جودابوونەوە تێیاندا رویدابووو هەوڵدانیش بۆ یەکگرتنەوەو پێکەوە کارکردن لەوپەڕی لاوازیدا بوو. جەنگی قسەو ناوو ناتۆرە گووتن لە دژی یەکدی لە نێویاندا خەریک بوو دەبوو بە کولتور. هاوئاهەنگیو پێکەوە کارکردن لە نێو حیزبەکاندا ببوو بە دژوارترین بابەتو لەو نێوەدا کۆماری ئیسلامی دەیەویست زیانی بنەڕەرییان لێبداو خەڵکی کوردیش لە رۆژهەڵات لەو رێگەیەوە بێ هیوا بکات.
٢.٢ بڕیاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران:
گومان لەوەدا نییە کە هەموو حیزبەکانی رۆژهەڵات، کەم تا زۆر ئاگاداری نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستاننو هەرکامەیان بە گوێرەی هێزو توانای خۆی خاوەن خەڵکو رێکخستنەو هاوکات خاوەن تێڕوانینی تایبەت بە خۆیەتی لە پێوەندی لەگەڵ خەباتی رۆژهەڵاتدا.
ئەوەی لێرە مەبەستی باسەکەمانە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە. ئەم حیزبە بە لێکدانەوەی وردی خۆی کە ساڵانێک بوو کاری لەسەر دەکرد، توانی لە نێوان دوو رێگەدا یەک رێگە هەڵبژێرێ.
ئەو دوو رێگەیەش بریتی بوون لە:
یەکەم: بە پێی بارودۆخی باشووری کوردستانو کایە ناوچەییو جیهانییەکان بچێتە پێشو چاوەڕێی ئەگەرێک بێ کە لەوانەیە بێتە پێشو کەڵکی لێوەرگرێ.
دووەم: خۆی ببێ بە خاوەن رێچکەیەکی نوێو داهێنانێک پێکبێنێو بە ئەرکی مێژوویی خۆی هەستێو دەنگی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرز بکاتەوەو ببێتە ئاڵاهەڵگری خەباتێکی نوێ لە قۆناغێکی زۆر هەستیارو دژواردا.
ئەوەبوو دیتمان کە ئەو حیزبە رێگەی دووەمی هەڵبژاردو ئامادەیی خۆشی دەربڕی بۆ ئەوەی هەموو دژوارییەکان بە گیان بستێنێ، بەڵام نەهێڵی ببێ بە ژێر شەپۆلی خەڵکی دەوروبەرو دوژمنی نەتەوەکەیەوە.
ئەو حیزبە بە وردی ئەو خاڵانەی سەرەوەی کە لە کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بوونیان هەبوو، دابووە بەر لێکدانەوەو هەڵسەنگاندنو باوەڕی بەوە هەبوو کە ئەبێ ئەو هێزەی خەڵکی خۆی بەهەند بگرێو نەهێڵی رێژیم ساردی بکاتەوەو بە لارێیبدا ببات.
ئەوە بوو کە دیتمان ئەو بڕیارە لە کۆتایی مانگی پێنجی ٢٠١٥ی زایینیدا بۆ هەمووان ئاشکرا بووو هێزەکانی حیزبی دێموکرات لە سنوورەکانی نێوان رۆژهەڵاتو باشووری کوردستاندا خۆیان دیتەوەو بە هەمووانیان گووت کە چیدی ئیزن نادەن کەس پێشگیرییان لێبکات بۆ چوونەوە نێو خەڵکی خۆیان.
٢.٣ وەڵامی شار بە شاخ:
پاش شەڕەکانی شنۆو کۆساڵانو هاوکات بوونی زیاتر لە بیست جەنگو بەرەوڕوبوونەوەی هێزەکانی رێژیمو حیزبی دێموکرات لەو ماوەیەدا، متمانەیەکی زیاتر بۆ خەڵک گەڕایەوە .ئێستا ئیدی هێزێک کە لە خۆیانەو بۆ خۆیانە، ئامادەیە پاڵپشتیان بێ لەئەگەری روبەڕوبوونەوە لە گەڵ رێژیمداو هەستیان بەوە کردو دڵنیابوونەوە کە بێ پشتو پەنا نین.
پاش ئەوەی کە رێبەریی حیزبی دێموکرات بە روونی بە خەڵکی راگەیاند: شاخ بەڵێنیی خۆی بەجێهێناو ئێستە نۆرەی ئێوەیە، لەو ماوەیەدا دیتوومانە کە لە جێگەو ناوچەو شارە جیاوازەکانی کوردستاندا خەڵک بوێرانەتر هاتوونەتە مەیدانو خەریکە چالاکییەکانیان لە دژی رێژیم زیاتر دەکەنو خەباتی جەماوەریی بەرینتر رێکدەخەن. نموونەی هەرە بەرچاویان خۆپیشاندانی ئەم چەند رۆژەی ئەم دواییانەی شاری مەریوانەو پێدەچێ ئەو رێچکەیە بەرینتر لە جاران لە شارەکانی دیکەی کوردستانیش بەم زووانە درێژەی هەبێ.
ئاکام:
لە سمینارێکدا لە وڵاتی نورویژ، رێکەوتی ٢٥ی٩ی٢٠١٦ی زایینی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەڕێز مستەفا هیجری لە پەیامێکدا گووتی: با خەڵک پێیانوانەبێ ئەوان نابێ هیچ بکەنو پێشمەرگەیە کە هەموو خەباتەکە ئەنجام دەداتو رزگاریان دەکات.
ئەو خەباتە هی خەڵکەو خەڵکەکە خۆیان خاوەنی ئەو خەباتەن. پێشمەرگە، هاندەرە، پاڵپشتەو رێپیشاندەر. پێشمەرگەو خەڵک پێکەوە دەتوانن لەو خەباتەدا سەرکەون ولە راستیدا ئەوان تەواوکەری یەکدین.
ئەم پەیامەی ناوبراو پەیامێکی روون بوو بۆ خەڵک کە پێویستە بێنە مەیدانو داوای مافەکانی خۆیان بکەن.
ئەوەش کە دەبینرێو پێشبینی دەکرێ ئەوەیە کە لەوانەیە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە یەکەم خۆپیشاندانی مەریوانەوە دەستیان کردبێ بە وەڵامدانەوە بە شاخو لەوانەشە لە داهاتوویەکی نزیکدا رۆژهەڵاتی کوردستان شاهیدی گەورەترینو بەربڵاوترین روبەڕوبوونەوەکان بێ لە دژی کۆماری ئیسلامیو ئەمەش بێگومان جموجوڵێکی گەورەتر لە هەموو ئێراندا وەڕێ دەخاتو دەتوانێ کایە سیاسییەکانی ناوچەکەش بەرەو ئاڵوگۆڕ ببات.
---------------------------------------------------------------------------------------------------
تێبینی:
بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرى ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه

