لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە، هەر لە پەیامی بەڕێز سکرتێری گشتیی حیزبەوە بگرە تاکوو چەندین پەیامو ڕاسپاردەی ڕێبەرایەتیی حیزب، هەوڵی داوە ئەو کوردانەی کە ڕێژیم بۆ مەبەستی گڵاوی خۆی بەکاریان دێنێ، لە زەلکاوی خەیانەتو لە نیشتمانفرۆشی دوور بخاتەوە.
لە قۆناخی نوێی خەباتو ڕاسانی نوێی نەتەوەکەمان، لەم ساڵدا ڕێژیم لە چەندین ڕێگای وەک:
ــ گوشار خستنەسەر هەرێمی کوردستانو ئاڵۆزکردنی ناوچە سنوورییەکان
ــ کەڵک وەرگرتن لە جاشو خۆفرۆشەکان بۆ کەمیندانانو تەعقیبی هێزەکانی پێشمەرگە
ــ ڕێکخستنو سازماندانی سیخوڕ لەناو خەڵکی گوندو شار، لە بەرانبەر پێدانی بڕێک پارە بۆ وەرگرتنی هەواڵو زانیاری لە جووڵەی هێزەکانی پێشمەرگە
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵی جیددی دەدا جووڵانەوەی نەتەوەکەمانو حوزوری پێشمەرگە لەنێو خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات سەرکوت بکا. ئەوەی لەم کورتەباسە جێگای سەرنجە، جاشەکان بوون بە کەواسووری بەر لەشکەرو چاوساغی هێزەکانی ڕێژیم، ئەو بەکرێگیراوانە بە بەکارهێنانی "ماشینی غەیرە نیزامی"و ئۆتۆمبێلی تایبەتیی خەڵکانی ئاسایی، هەوڵی بە لاڕێدا بردنی بیرو زەینی پێشمەرگەیان داوە. ئەو خۆفرۆشانە تێدەکۆشن خەڵکانی ئاساییو کەرەستەکانیان بکەنە قەڵغانی سڵامەتیی گیانی خۆیانو لە کاتی دانانەوەی کەمینو بەدواداچوونی هێزی پێشمەرگە لە کەرەستە مەدەنییەکانی خەڵک کەڵک وەربگرن. ئەگەریش لەو ڕێگەیەدا خەڵک بکوژرێ، هەر ڕێژیم قازانج دەکاو بە دژی پێشمەرگە پڕوپاگەندەی پێوە دەکات. لە ماوەی ڕابردووشدا هێزەکانی پێشمەرگە ئەم جۆرە پیلانەیان بە چاوی خۆیان بینیوە.
لێرەدا جارێکی دیکە دەبێ دەست خۆشی لەو کەسانە بکرێت کە چەکی ڕێژیمیان داناوەو لە هەمانکاتدا ئەو نیشتمانفرۆشانە کە هەنووکە چەکی خیانەتیان فڕێ نەداوە ئاگادار بن، هەرچی زووتر لەو سەرشۆڕییە دوور کەونەوە. چوونکە مێژووی نەتەوەی ڕزگاریخواز، نیشانی داوە کە شۆڕشگێڕان ڕەحم بەو جۆرە کەسانە ناکەنو سەرکەوتن هەر بۆ بەرەی ئازادیخوازیو نیشتمانپەروەرانو سەرشۆڕی بۆ نیشتمانفرۆشانە، پێویستە خەڵکی وشیاری کوردستانیش ئاگادار بن کە هیچکات لە کەرەستەو ئامرازەکانی هاتوچۆی جاشەکان کەڵک وەرنەگرنو لەگەڵیان هاوسەفەر نەبن، لەبەر ئەوەی لە کاتی هەر ڕووداوێکدا پێش هەرکەسێک ئەوانەی کە هاوکارو هاوسەفەریانن زەرەرمەند دەبنو هەموو لایەک دەزانن کە حیزبی دێموکرات بۆ ڕزگاریی گەلی کوردو گەیشتن بە ژیانێکی بەختەوەرو شەرافەتمەندانە خەبات دەکاتو هەوڵ دەداو سەرکەوتنی گەلەکەی لەسەرەوەی هەموو ئامانجێکە.
سەرکەوتن هەر بۆ خەباتکارانو شۆڕشگێڕانەو لە جیهانی نوێدا دەرکەوت کە پێشمەرگە هێزێکی مرۆڤ تەوەری ئینساندۆستە، سەرشۆڕی بۆ کۆماری ئیسلامیی تێرۆریستپەروەرو دارودەستەکەیەتی.
---------------------------------------------------------------------------------------------------
بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرى ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه

