ڕژیمی کۆنەپەرەستی ئاخوندی لە ساتەوەختی هاتنە سەرکاریو دەستداگرتن بەسەر شۆڕشی گەلانی زۆرلێکراوی ئێران لە ساڵی 1357ی کۆچی هەتاوی ـەوە، بە هەموو شێوازێک لە هەوڵی سەرکوتی بیروڕای جیاواز دابووەو بۆ ئەو مەبەستەش لە هیچ شتێک سڵی نەکردۆتەوە.
حکومەتی دژەگەلیی تاران، یەکێک لەو رێگایانەی کە بۆ بەرەوپێش بردنی ئامانجە نگریسەکانی کەڵکی لێ وەرگرتووە، تیـــرۆر بووەو بەردەوام لەو جۆرە چەکە دژەمرۆییە بۆ سەرکوتو لەناوبردنی دەنگی ئازادیخوازان کەڵکی وەرگرتووەو بەکارهێنانی لە تیرۆر لەلایەن ئەو رژیمە کۆنەپەرەستەوە بە رادەیەک قووڵو بەربەرینە کە ئێستا کە هەموان لەسەر ئەوە کۆکن کە "تیرۆریزم، شوناس رژیمی کۆنەپەرەستیی ئاخوندیە" کە لەژێر ناوی حکومەتی کۆماری ئیسلامیدا خۆی پێناسە دەکات لە حاڵێکدا کە ئەو حکومەتە قەت کۆمار (بەواتای خەڵک بوون) نەبووەو بەدڵنیاییشەوە نابێت.و قەوارەکەی گەلێک لەوە بەرتەسکترە.
نەتەوەی کورد پاش هاتنەسەرکاری حکومەتی ئاخوندیو بەئاگایی بەوەی کە ئەو حکومەتە هیچ مافێک لە مافە سەرەتاییەکانی گەلی کورد دابین ناکاتو بە بایکۆتی بەڕواڵەت گشتپرسیی "ئەرێ یا نا"ـی ئەو حکومەتە، کەوتە بەر رقو کینەی ئەو رژیمە کۆنەپەرەستەو هەر لەسەرەتاوە تاوەکوو ئێستا بەهەموو شێوەیەک هەوڵی لەناوبردنی لە ئارادا بووەو هەیە.
نەتەوەی کورد هەر لە 28ی گەلاوێژی 1358ی کۆچی هەتاوی ـەوەو بە دەرکردنی فەرمانی جیهادی خومەینی بە دژی گەلی کورد لە خۆرهەڵات، بوو بە ئامانجی هێزە سەرکوتو داگیرکەرەکانی کوردستانو ئەو جیهادەی خومەینی تاوەکوو ئێستاش پاش 37 ساڵ بە هەموو شێوەو شێوازەکان درێژەی هەیە، جیهادێک لەدژی گەلی کورد کە هەر لە سەرەتاکانیەوە بە دەیان هەزار شەهید، ئاوارە، کەمئەندامو بێ سەرو شوێنو زیندانییو هەروەها دەیانو بگرە سەدان گوندو ناوچەی وێرانو کاولکراوی لێکەوتەوە.
حکومەتی دژەکوردیو دژەمرۆڤیی ئاخوندیی تاران هەر لە سەرەتاکانی حکومەتداریی خۆیەوە نەک تەنیا لەدژی کورد بەڵکوو لەدژی هەموو ئەو کەسو لایەنانەی کە دژبەری بوونو بیری ئازادیخوازانەو مرۆڤدۆستانەیان هەبوو، سەرکوتی گرتە بەرو بەهەموو شێوەو ئامرازێکی ناڕەوا دەستی کرد بە لەناوی بردنیان، بەڵام نەتەوەی کورد زۆر سیستماتیکتر کەوتە لە هەموو ئەوانی تر بەر هێرش.
تیرۆریزمی حکومەتی ئاخوندیی تاران بە ئاستێک بەربەرینە کە نووسینو لێکدانەوەی هەمەلایەنەو وردی کردەوەکانی لە دووتوێی چەندین کتێبیشدا ناگونجێت چ بگات بە بابەتێک، بۆیە لێرەدا بە شێوەیەکی کورتو پوخت باس لە چەند تیرۆری تیرۆریزمو تیرۆریستەکانی ئەو حکومەتە دەکەین کە لەدژی حیزبی دێموکرات ئەنجامی داون.
تیرۆری ڤییەن، تیرۆری بێرلینو تیرۆری زیاتر لە 150 کادرو پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کوردستانی باشوور لە بەرچاوترین نموونەکانی تیرۆریزمی دەوڵەتیی حکومەتی دژەمرۆڤایەتیی تاران لە دژی حیزبی دێموکرات دان.
تیرۆری ڤییەن:
22ی پووشپەڕی ساڵی 1368ی هەتاوی، ئەو رۆژە بوو کە تیرۆریزمی رژیمی کۆنەپەرەستی ئیسلامیی تاران گەییشتە ئەوپەڕی خۆی پەڵەیەکی رەش بە نێوچاوانی ئەو رژیمەوە هەتاهەتایە دەمێنێتەوە.
لەو رۆژەدا دیپلۆمات-تیرۆریستەکانی حکومەتی ئاخوندی لە ڤییەن ـی پێتەختی وڵاتی ئوتریش، دەسڕێژی گولـلەیان کردە سەر شاندی دانوستاندکاری حیزبی دێموکراتو لە ئاکامدا دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملووو هاوڕێیانی شەهید کران.
تیرۆری سکرتێری ئەوکاتی حیزبی دێموکراتو هاوڕێیانی لەلایەن دیپلۆمات-تیرۆریستەکانی رژیمی تارانەوە لە وڵاتی ئوتریش هەتاکوو ئێستاش بەهۆی بەرژروەندیی ئابووریی حکومەتی ئوتریش لەگەڵ رژیمی ئێران پەردەپۆش کراوەو پەروەندەی ئەو تیرۆرە کە نموونەیەکی هەرەبەرچاوی تیرۆریزمی دەوڵەتیی حکومەتی ئێرانە، نەخراوەتە گەڕو بووەتە قوربانیی ساتو سەودای نێوان دوو حکومەتی ئوتریشو ئێران.
تیرۆری میکۆنۆس (بێرلین)
26ی خەرمانانی ساڵی 1371ی هەتاوی، سێ ساڵو دوو مانگ پاش تیرۆری دوکتور قاسملووو هاوڕێیانی لە وڵاتی ئوتریش، ئەمجار دوکتور سادق (سەعید) شەرەفکەندیو هاوڕێیانی لە رێستۆرانتی میکۆنۆس لە بێرلین کرانە ئامانجی تیمی تیرۆریستیی حکومەتی تاران. لە ئاکامی ئەم کردەوە تیرۆریستییەدا دوکتور شەرەفکەندی، سکرتێری کاتی حیزبی دێموکراتو هاوڕێیانی شەهید کران.
جیاوازیی نێوان ئەم دوو تیرۆرە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پاش ئەم کردەوە تیرۆریستە، دەزگای دادوەری وڵاتی ئاڵمان سەربەخۆیی خۆی بەکردەوە سەلماندو ئەو دۆسیەی بە وردی لێک دایەوەو لە ئاکامدا کاربەدەستانی حکومەتی تاران بە ئەنجامدانی ئەو کردەوەیە مەحکووم کران.
گرینگیی دادگای میکۆنۆس تەنانەت لە ئاستی جیهاندا تا ئاستێک بەرچاو بووە کە وڵاتی ئەمریکا خەڵاتو نیشانەی دادوەریو بوێری پێشكەش بە دادوەرانی ئەو دۆسیەیە کرد.
لە ئاکامی ئەم دادگایە، دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی حکومەتی تاران لە خامنەیی رێبەری حکومەتی ئێرانەوە بەرەو خوار تاوەکوو رەفسەنجانیو ویلایەتیو فەلاحیانو موحسین رەزایی بە دەست تێدابوونو بەرنامەداڕشتن بۆ ئەو تیرۆرە مەحکووم کرانو لە ئاکامدا لەبواری نێودەوڵەتییەوە ئێران کەوتە پەراوێزەوەو زۆرێک لە وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا باڵوێزەکانیان لە تاران کشاندەوە.
تیرۆری دژی حیزبی دێموکرات لە باشووری کوردستان
دەیەی 70ی هەتاوی، تیرۆری ئەندام، لایەنگر، پێشمەرگەو کادرەکانی حیزبی دێموکرات لە کوردستانی باشوور گەییشتە ئەوپەڕی خۆیو لە ماوەی چەند ساڵێکدا زیاتر لە 150 کادرو پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە کوردستانی باشوور تیرۆر کران.
لەو ماوەیەداو پاش نیشتەجێ بوونی حیزبی دێموکرات لە کۆیە، حکومەتی تاران بە هەموو شێوازێک لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی ناوچە ژێردەسەڵاتەکانی یەکیەتیی نیشتمانی دەستی کرد بە تیرۆری پێشمەرگەو کادرەکانی حیزبی دێموکراتو ئەم شەپۆلە بە ئاستێک بەرین بوو کە رێبەرایەتیی ئەوکاتی حیزبیشی گرتەوەو تاوەکوو ئێستاش لەلایەن هیچ دەزگایەکی دادوەریو حکومەتییەوە لە باشوور باسی لێوە نەکراوە.
خاڵی تری جێگای سەرنج لەو تیرۆرانە لە کوردستانی باشوور هاوکاریی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ حکومەتی تاران بووەو ئەوەش لە رووداوەکەی دەروازەی کۆیەدا بەڕوونیو سەلمێندار بۆمان دەردەکەوێت.
هەنووکەو بە دەستپێکردنی وەرزێکی نوێ لە خەبات لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە، چاوەڕوانیی ئەوە دەکرێت کە هەڵمەتەکانی تیرۆر لەلایەن حکومەتی دژەمرۆڤایی تارانەوە دیسان دەست پێبکاتەوە چونکە دیرۆک سەلماندوویە کە حکومەتی تاران بۆ بەرژەوەندیی خۆی لە هیچ کردەوەیەک سڵ ناکات.
---------------------------------------------------------------------------------------------------
تێبینی:
بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرى ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه

