هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

مستەفا هیجری: ئێمە لەمێژ ساڵە دانیشتنمان لەگەڵ ئەمەریكییەكان هەیە

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

مسته‌فا هیجری‌، سكرتێری‌ گشتیی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران وتووێژێكی‌ له‌گه‌ڵ‌ ماڵپه‌ڕی‌ ئاوێنه‌ پێك هێناوه‌ كه‌ له‌به‌ر گرینگیی‌ باسه‌كه‌ "هه‌ڵۆی‌ كوردستان" بڵاوی‌ ده‌كاته‌وه‌.

ده‌قی‌ وتووێژه‌كه‌ به‌ شێوه‌ی‌ خواره‌وه‌یه‌:

 

Kak_mistefa_-_awena_-_wtoej_-_2


ئاوێنه‌: بەڕێزت زمانی عەرەبی دەزانی؟

مستەفا هیجری: بۆ خوێندنەوە دەیخوێنمەوە، بەڵام لەقسەكردندا زۆر خراپم، راستە لەئێران كاتی خوێندن عەرەبیمان دەخوێند، بەڵام قسەمان پێنەدەكرد، بۆیە فێری قسەكردن نەبوین.


ئاوێنه‌: كەوایە كاتێك لەگەڵ وەفدی عەرەبستانی سعودیە دانیشتوون، چۆن قسەت كردوە؟

مستەفا هیجری: من نە لەگەڵ وەفدی عەرەبستانی سعودیە، نە لەگەڵ وەفدی هیچ وڵاتێكی تر دانەنیشتووم، ئەوەی لەراگەیاندنەكاندا باسدەكرێت سازكراوە، لەلایەن هەندێك كەس‌و لایەنەوە ئەو هەواڵانە سازكراون، كە دەیانەوێت بایەخی كارو تێكۆشانی حزبی دیموكرات‌و خەباتی كورد لەخۆرهەڵات كەم بكەنەوەو وەهای نیشانبدەن، كە كارو تێكۆشانەكانی حزبی دیموكرات بەتایبەتی لەم یەك دوو ساڵەی رابردودا، كاریگەری لایەنێكی دیكەیە، كە ئێستا كۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر باس لەعەرەبستانی سعودیە دەكات، پێش ئەو روداوانەش هەمیشە كۆماری ئیسلامی باسی لەوە كردوە، كە ئێمە سەر بەئەمەریكاو ئیسرائیلن، یان هەر لایەنێك كە بەخەیاڵ بەدوژمنی خۆی دەزانێت، ئێمە دەبەستێتەوە بەو دوژمنایەتییەوە، دەنا سەرجەم بەرنامەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، جا باش بێت یان خراپ، ئیرادەی خودی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانەو لەسەر ویست‌و داخوازی زۆربەی خەڵكی كوردە لەكوردستانی رۆژهەڵاتدا بەڕێوە دەچێت، جا هەر لایەنێك پێیخۆش بوبێت، یان پێیناخۆش بوبێت، هیچ كاریگەرییەكی لەسەر ئیرادەو بڕیاری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران نەكردوە.


ئاوێنه‌: باس لەكۆبونەوەی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەگەڵ عەرەبستانی سعودیەو توركیاو پارتی دەكرێت لەهەولێر، تەنانەت باس لەوە دەكرێت، كە دانیشتنەكانی ئێوە هاوكات بووە لەگەڵ هێرشی پێشمەرگەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بۆ سەر پایەگەكانی کۆماری ئیسلامی ئێران؟

مستەفا هیجری: ئەو قسانە سەرجەمیان دروستكراون، هەتا ئەو بەرنامەیەی كە ئێستا حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەناوخۆیی وڵات بەڕێوەیدەبات، بڕیارێك نییە كە ئێستا درابێت، بەڵكو لەسەرەتای ساڵی 2015ەوە ئەو بڕیارە دراوە، كە حزبی دیموكرات پێشمەرگەكانی بنێرێتەوە بۆ ناوخۆیی وڵات، دیارە بەشێكیان گەڕاونەتەوە، بڕیارەكەمان ئەوەبوە، كە ئەگەر هێزەكانی كۆماری ئیسلامی هێرش نەكەنە سەر پێشمەرگەكان، پێشمەرگەكانیش هێرش ناكەنە سەریان، بۆ نمونە ساڵی پار تێكهەڵچوونێك روینەدا، ئەمساڵیش لەدرێژەی ئەو بەرنامەیەدا، پێشمەرگەكان لەجەولەدا بون، كۆماری ئیسلامی هێرشی كردوە، پێشمەرگەش بەرگری كردووە، سەرەنجام ئەو شەڕەو تێكهەڵچوونانە روویدا، پەیوەندی بەهیچ كەسێك نە لەكوردستانی عێراق، نە لەدەرەوەی كوردستانی عێراق نەبوە.


ئاوێنه‌: ئەگەر وایە، بۆچی ئێستا ئەو پرسیارانە دەوروژێنرێت، كە كۆبونەوەتان بوە لەگەڵ ئەو هێزانە، گوایە ئەو شەڕانە پەیوەندیی هەیە بەململانێكانی عەرەبستانی سعودیەو كۆماری ئیسلامی ئێران لەناوچەكەدا، لەهەمانكاتدا حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەلایەن عەرەبستانی سعودیەو توركیاوە، وەكو كارتێكی فشار لەسەر کۆماری ئیسلامی بەكارهاتوە؟

مستەفا هیجری: رەنگە بەشێكی بگەڕێتەوە بۆئەوەی، كە لەناوچەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستتێوەردان هەیە لەلایەن وڵاتانی زلهێزی ناوچەكەو دەرەوە، هەمویان خەریكی جۆرێك لەشەڕی لەجیاتی شوێنی ترن لەلایەن گروپ‌و دەستەو حزبەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، رەنگە بۆچونەكە لەوەوە سەرچاو بگرێت، كە ئەو حەرەكەتەی حزبی دیموكراتیش لەپەیوەندی لەگەڵ سیاسەتێكی وەهادا بێت، بۆ نمونە عەرەبستانی سعودی كە نێوانیان لەگەڵ ئێران ناخۆشە بەڕێوەیدەبات، وەك ئاماژەم پێدا، سەرجەمیان سازكراوە كە بنچینەكەی لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دروستبووە، لەلایەن ئەوانەوە بڵاوبۆتەوە، رەنگە هەندێك هێزیش باوەڕیان بەوە كردبێت.


ئاوێنه‌: مەبەستت لەكام هێزانەیە؟

مستەفا هیجری: وەكو ئەو هێزانەی لەكوردستانی عێراق دابەشبوون، بەشێكیان خۆی بەنزیكی توركیا دەزانێت، بەشێك خۆی بەنزیكی ئێران دەزانێت، لەئەنجامدا ئەوانەی خۆیان بەنزیكی ئێران دەزانن، زۆرتر باوەڕیان بەو قسانە كردووە.


ئاوێنه‌: مەبەستت یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕانە؟

مستەفا هیجری: ئەوانەو كۆمەڵێك كەس‌و لایەنی تریش، وەكو یەكگرتوو كۆمەڵی ئیسلامی، كە لەواقیعدا دەیانەوێت بیخەنە پاڵ پارتی، چونكە بۆ خۆیان لەگەڵ پارتی ناڕێكن‌‌و ناسازێن، بۆیە هەریەكێكیان دەیەوێت قسەساز بكات لەدژی ئەویتر، لەهەمانكاتدا پێویستە ئەوە بڵێم ئەگەر پارتی، یان یەكێتی، یان هەر هێزێكی كورد لەخەباتی بەشێكی كوردستاندا یارمەتیبدات، بەبۆچوونی من سەروەرییە، نەك خاڵێكی لاواز بێت، بەپێچەوانەوە ئەوە ئەركی كوردە لەهەمو بەشەكاندا، هەرچەندە هەتا ئەم ساتە هیچ كام لەو هێزانە بە(یەكێتی، پارتی… هتد)ەوە، هیچ یارمەتییەكی ئێمەیان نەداوە.


ئاوێنه‌: واته‌ ئەو سەروەرییەیان بۆ خۆیان تۆمار نەكردوە؟

مستەفا هیجری: بەداخەوە بەبۆچوونی من تۆماریان نەكردوە، ئێمە لەمێژودا شاهیدی ئەو خاڵە بەرجەستانە بوین، بۆ نمونە ئەو كاتەی كە یەكێتی نیشتمانی وەكو هێزی پشتیوان یارمەتی حزبی دیموكراتیدا لەدژی حكومەتی كۆماری ئیسلامی، پێموایە ئەوە لەمێژووی جوڵانەوەی كورددا، وەكو خاڵێكی زۆر درەوشاوە دەمێنێتەوە، ئومێدەوار بوم ئەو خاڵانە زۆر بونایە، هیوام دەخواست پارتی‌و یەكێتی‌و حكومەتی هەرێم بەگشتی یارمەتیدەری حزبی دیموكرات بونایە لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران، لەكاتێكدا كۆماری ئیسلامی تەنها دژی حزبی دیموكرات‌و جوڵانەوەی كورد لەخۆرهەڵات نییە، بەڵكو دژی جوڵانەوەی كوردە لەهەمو جێگەیەكی دونیادا، دژی دیموكراسی‌و ئازادییە، لەبەرئەوە من بەشانازی دەزانم، كە هێزێكی كوردی لەو هەلومەرجەدا یارمەتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بدات لەخەباتەكەیدا. ئێمە جەولەیەكمان دەستپێكردووە لەگەڵ هێزەكانی باشور، لەگەڵ چەند لایەن دانیشتنمان هەبوە، ئەو بابەتانەمان روون كردۆتەوە، وەڵامی پرسیارەكانمان داوەتەوە، بڕیارە دانیشتن لەگەڵ چەند لایەنێكی تریش بكرێت، داوامان لەهەمو هێزە سیاسییەكانی كوردستانی باشور كردوە بۆ دانیشتن، لەكاتێكدا لەگەڵ زۆریان دانیشتنمان كردوەو لەداهاتوشدا بەردەوام دەبێت.


ئاوێنه‌: بۆچی چالاكییەكان ئەم دەورەی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران‌و پێشمەرگەكانی كەوتە مانگی حوزەیرانەوە، مەبەستم ئەوەیە كە ئەوكاتە چالاكییەكانتان زۆر چڕ كردەوە، بۆچونێك هەیە كە ئەوە هاوكاتە لەگەڵ ئەو هێرشانەی، كە حەرەكەی عەدل لەناوچەی ئەهوازو بلوچستان بەپشتیوانی پاكستان‌و عەرەبستانی سعویە كردویەتییە سەر بارەگاكانی کۆماری ئیسلامی؟

مستەفا هیجری: ئەو حەرەكەتانەی كە لەناوچەكانی بلوچستان‌و ئەهواز هەیە، حەرەكەتێكی زۆر رێكوپێك نییە، حەرەكەتی نهێنی‌و ژێربەژێر دەكرێتە سەر بنكەیەك، یان كەسێك لەكەسایەتییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران‌و تیرۆر دەكرێت، ئێمە لەگەڵ هەندێك لەرێكخراوەكانی بەلوچ لەكۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فیدڕاڵ هاوپەیمانین، بەڵام بەرنامەی عەسكەریمان لەگەڵ ئەوان هیچ هەماهەنگییەكی نەبوە، ئەوەی كە رویداوە، بەو شێوەیەی كە تۆ ئاماژەت پێكرد، شتێكی بەرێكەوت بو.


ئاوێنه‌: گوایە ئێوە چەكتان لەپارتی دیموكراتی كوردستان وەرگرتوە، واتا پارتی حزبی ئێوە دەجوڵێنێت، ئایا پارتی ئەوەندە ئیمكانی هەیە حزبی دیموكرات بجوڵێێت؟

مستەفا هیجری: من پێموایە ئەو كەسانەی، كە ئاگاداری مێژووی حزبی دیموكراتن، باش دەزانن حزبی دیموكرات ئەو هێزە نییە، كە لایەنێك بیجوڵێنێت، رەنگە ئێمە لەداهاتوودا لەدرێژەی ئەو جوڵەیەدا هاوپەیمان پەیدابكەین‌و یارمەتیشمان بدەن، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە، حزبی دیموكرات لایەنێك دەیجوڵێنێت‌و شەڕ یان ئاشتی پێدەكات، ئەوەی كە حزبی دیموكرات دەیكات بڕیاری خۆیەتی لەروی لێكدانەوە، رەنگە رۆژێك هەڵەبكات، بەڵام بڕیاری خۆی بەڕێوەدەبات.


ئاوێنه‌: باشە بۆچی هێندە فۆكەس دەخرێتە سەر ئەو پەیوەندییەی ئێوەو پارتی دیموكراتی كوردستان، ئایا شتێكی ئاسایی نییە، ئەگەر پەیوەندیتان هەبێت، یان بۆچی هێندە گەورە دەكرێت؟

مستەفا هیجری: ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە، بەهەمانشێوەی ئەو پەیوەندییەی كە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی‌و گۆڕان هەمانە، بەڵام كێشەیەك كە لێرەدا هەیە، كێشەی نێوان رێكخراوەكانی كوردی باشورە، كە تاوانەكەی دەكەوێتە سەر ئێمەو هەموو خەڵكی كورد هەتا بەو كوردانەی كە لەناوخۆیی باشوری كوردستان‌و لەدەرەوەن، بۆیە ئەگەر لایەنێك ئەو گومانە دروستبكات، كە پارتی دیموكرات ئەو كارە دەكات، لایەنەكەی دیكە بەبێ ئەوەی زۆر بیربكاتەوە، تۆمەتبار كردنەكە قبوڵدەكات، بەپێچەوانەشی راستە، واتا بەبۆچونی من لێكدانەوەی خەڵكی كورد لەباشور، لەروی واقیع‌و لێکدانەوە نییە، بەڵكو زیاتر لەرووی دەستەبەندی‌و گروپ بەندییەكە، كە لەو ناوچەیەدا سازبووە، كە بۆتە هۆی تێكچوونی بارودۆخی باشوری كوردستان، هەروەها كاریگەری نەرێنی خۆی لەسەر هێزەكانی دیكەی كورد لەبەشەكانی دیكەدا داناوە.


ئاوێنه‌: ئایا حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، هەست ناكات بەجۆرێك لەجۆرەكان دەبێتە بەشێك لەململانێی نێوان هێزەكانی باشور، یان بە جۆرێك لە جۆرەكان لەو ململانێیە تێوەدەگلێنرێت؟

مستەفا هیجری: ئێمە بەشێك لەهیچ لایەنێك نین، بەڵام رەنگە قسەیەك، بڕیارێك یان كردەوەیەكمان لەبەرژەوەندی لایەنێكدا بڕیاری لێبدرێت، ئەوەش مانای ئەوە نییە، كە ئێمە لەگەڵ ئەو لایەنەین، ئێمە لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران خەبات دەكەین بەپێی تواناو ئیمكاناتی خۆمان، ئایا ئەو خەباتەی كە ئێمە دەیكەین، لەبەرژەوەندی سیاسەتی پارتی، یان یەكێتییە ئەوە بۆ ئێمە گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە ئێمە بەبڕیاری خۆمان كارەكانمان دەبەینە پێش.


ئاوێنه‌: كەواتە لەو شەڕانە چیتان بەدەستهێنا، جگە لەوەی شەهیدێكی زۆرتانداو گلەیی‌و رەخنەیەكی زۆرتان لێكرا؟

مستەفا هیجری: كاتێك هێزێك بڕیار دەدات بۆ خەبات، دەبێت ئامانجێكی زۆر بەرزی لەبەرچاو بێت‌و بۆ ئەو ئامانجانە هەوڵبدات، لەراستای گەیشتن بەو ئامانجانەدا، بێگومان هەندێك پێیانخۆشە، هەندێك پێیانناخۆشە، هەندێك زەرەرمەند دەبن، هەندێك بەقازانجی دەزانن، بۆیە هەر كەسێك لەو راستاییەدا بیرو بۆچونی خۆی دەردەبڕێت، بەڵام بەبۆچونی من، لەو بڕیارەدا كە حزبی دیموكرات ماوەی دوو ساڵە جێبەجێی دەكات، دەستكەوتی سیاسی زۆر گەورەی بەدەستهێناوە. لەلایەك خەڵكی كوردی لەكوردستانی ئێران لەو نائومێدییە هێناوەتە دەرەوە، پێشوازییەكی زۆر گەرم لەحزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران هەیە، بەتایبەتی لەناو گەنجەكاندا، كە لەناوخۆیی كوردستانی رۆژهەڵاتدا، هەروەها بەهاتنیان بۆ ریزی پێشمەرگایەتی، یارمەتیدەرێكی زۆری حزبی دیموكرات بون، ئێستا ژمارەیەكی بەرچاو لەو پێشمەرگانەی كە پێشتر رۆیشتبوونە دەرەوە گەڕاونەتەوەو هاتونەتەوە ریزی پێشمەرگە، هەتا نەفەرێك لەوانەی كە گەڕابووەوە شەهیدبو لەناوچەی شنۆ، ئەوە هێزو گڕوتینێكی زۆر بەرچاوی داوە بەحزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، لەناوخۆو لەدەرەوە خەڵكی ئومێدەوار كردووە. لەلایەكی ترەوە پلانێكی كۆماری ئیسلامیمان پوچەڵكردەوە، لەگەڵ ئەوەی ساڵەهایە باس لەوە دەكات، كە ئەوانە نەماون‌و هیچ كاریگەرییەكیان نییە لەئێراندا، نیشانماندان كە حزبی دیموكرات هێشتا هەر هێزە، بانگەشەی كۆماری ئیسلامی بەتایبەت لەپەیوەندی لەگەڵ ئەوەدا، كە دەیەوێت ئەوە نیشانبدان، كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها ئاگرو ئاسنی لێدەبارێت نائەمنە، ئێران بۆتە دورگه‌ی ئارامش، دەعوەتی كۆمپانیا گەورەو زەبەلاحەكانی دەكرد، تاكو بێن‌و سەرمایەكانیان لەئێراندا بەكاربهێنن، بۆ ئەوەی ئابورییەكەی ببوژێتەوە، ئێمە ئەو پەیامەماندا بەدونیا، كە كۆماری ئیسلامی ئەو دورگه‌ ئارامه‌ نییە، بۆ سەرمایەگوزاری نابێت، ئەمنیەتی سەرمایەگوزاری لەو وڵاتەدا نییە، بۆ وڵاتانی ناوچەكەمان روون كردەوە، كە كۆماری ئیسلامی ئێران ئەو هێزە نییە، كە خۆی پێناسەی خۆی دەكات‌و كەس ناتوانێت لەسنورەكانی تێپەڕێت، كۆماری ئیسلامی ساڵەها بانگەواز دەكات كە سنورەكانی وەها قایم كردووەو بەكەرەستەی ئیلیكتریكی‌و پایەگا، كە چۆڵەكە ناتوانێت لێیتێپەڕێت، ئێمە نیشانماندا كە دەتوانین لەسنورەكانی تێپەڕین‌و دەتوانین بچین لەقوڵایی خاكی كوردستاندا، دژی هێزەكانی رژێم خەبات بكەین، هەتا فەرماندەی زۆر سەروی سوپای پاسداران لەو تێكهەڵچوونانەدا كوژرا، ژمارەیەكی زۆر لەئەندامی پاسداران كوژران، واتا ئێمە هەموو تەون‌و بەستەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانمان پوچەڵكردەوە، بەجۆرێك كە كۆماری ئیسلامی چاوەڕوانی ئەوەی نەدەكرد، بۆیە لەفەرماندەكانی هەرە سەرەوەی سوپای پاسدارانەوە، هەتا وتارخوێنەكانی نوێژی هەینی، باسیان لەو مەسەلەیە كردوە، وەزیری به‌رگری بانگكرا بۆ پەرلەمان‌و دەستەكەی ئاشکرا کرا، ئەوانە دەستكەوتێكی زۆر گەورەن بۆ حزبی دیموكرات‌و جوڵانەوەی كورد لەكوردستانی ئێراندا، بێگومان لەو پێناوەدا شەهیدیش دەبێت، حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران هەر ئەو شەهیدانەی نییە، بەڵكو بەهەزاران شەهیدیمان لەدەستداوە.


ئاوێنه‌: لەچالاكییەكانی ئەم دواییانەدا چەند شەهیدتان داوە؟

مستەفا هیجری: لەو چالاكییانەدا 9 شەهیدمان داوە.


ئاوێنه‌: هەندێك سەرچاوەی ئەمنی باس لەوە دەكەن، كە ئێوە 39 شەهیدتان داوە؟

مستەفا هیجری: نەخێر، ئەوە راست نییە.


ئاوێنه‌: بەدوای ئەو چالاكییانەی كە كردوتانە، ژمارەی هاتنی هێزی گەنجان بۆ ناو ریزەكانی حزبی دیموكرات زۆرترو زیاتر بووە؟

مستەفا هیجری: زۆر زیاتر بووە، لەكاتێكدا ئەوە یەكێك لەئامانجەكانمان بوە، لەهەمانكاتدا شارەكانی ناوخۆیی وڵات، واتە تەشكیلاتی حزب، سەرجەمیان ئامادەگیان دەربڕیوە، كە یارمەتیدەری پێشمەرگەن، هەر لەو تێكهەڵچوونانەش كە لەناوچەكانی مەریوان، شنۆو مهاباد هاتەپێش، بەشێكی سەرەكی كارەكانی ئێمە، ئەو ئەندامانە كردویانە، پێشمەرگە لەبەرزترین ئاستدا بو. جگە لەوە پێویستە ئاماژە بەوە بكەم، كە ئەوە جوڵەیەكی گشتی خستۆتەناو خەڵكی كوردستان، ئەگەر دیقەتتان دابێت، لەسەرەتای بەهاری ئەمساڵدا كوژرانی كۆمەڵێك ئەندامانی بەرپرسی كۆماری ئیسلامی ئێران، ئاگر بەربوون لەهێندێك لەدامودەزگاكان، كە ماوە ماوە رودەدات، ئەوانە ورەیەكی تایبەتییان داوە بەخەڵك، كە خەڵك خەریكە بۆ خۆی جڵەوی خەباتەكە دەگرێتە دەست، حزبی دیموكرات وەكو رێكخەری ئەو جوڵانەوەیە كاردەكات.


ئاوێنه‌: ئایا ئێوە بۆ ناردنەوەی تیمەكانی هێزی پێشمەرگەی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، هەماهەنگی دەكەن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و دەزگاكانی ئاسایش؟

مستەفا هیجری: نەخێر، ئێمە لەگەڵ هیچ كەسێك هەماهەنگیمان نییە، بەو شوێنانەدا پێشمەرگە دەنێرینەوە، كە خەڵك بەشێوەیەكی ناڕەسمی هاتوچۆی پێدادەكات‌و سنورەكان تێدەپەڕێنێت.


ئاوێنه‌: گوایە مەبەستتان بووە لەو رێگایەوە سەرنجی ئەمەریكییەكان رابكێشن، بەوشێوەیەی كە ئێستا وتت: كە ئێران ئەو مەملەكەتە نییە كە سەرمایەگوزاری تیابكرێت، شوێنێكی ئەمنی نییە، رێككەوتنی 5+1 ناتوانێت بە قازانجی ئێران بچێتە پێش، كەواتە كاتێك دانیشتنتان هەبووە لەگەڵ ئەمەریكییەكان چیان پێوتون، یان لەسەر چی رێككەوتن؟

مستەفا هیجری: ئێمە لەمێژ ساڵەوە دانیشتنمان لەگەڵ ئەمەریكییەكان هەیە، هەتا لەگەڵ لایەنی تریش دانیشتنمان بووە، هیچ لایەنێك مخالەفەتی نەكردووە لەگەڵ ئەو مەسەلەیە.


ئاوێنه‌: ئەمەریكییەكان دەستخۆشیان لێكردن؟

مستەفا هیجری: ئێمە چاوەڕوانی دەستخۆشی نین، بەڵام ئەوەی كە موخالەفەت ناكەن بۆ ئێمە گرنگە، زۆر شت بەستراوەتەوە بەدرێژەدانی ئەو حەرەكەتە.


ئاوێنه‌: چۆن هەستتكرد، كە موخالەفەت ناكەن؟

مستەفا هیجری: من لەنییەتی ئەوان ئاگادار نیم، بەڵام پێموایە نەئەمەریكا، نەئەوروپا دۆستی ئێران نین، رەنگە لەهەندێك شوێندا، بۆنمونە لەمەسەلەی پیتاندنی یۆرانیۆمدا بڕیارێكیان ئیمزاكردووە، بۆئەوەی بەرگری بكەن لەكۆماری ئیسلامی، كە نەتوانێت هێندە یۆرانیۆمەكەی دەوڵەمەند بكات، كە بتوانێت چەكی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە، كە لەگەڵ ئێران هاوڕان، ئێستاش ئێران چەندین گەمارۆی لەسەرە لەلایەن ئەمەریكاوە، لەپەیوەند بەمەسەلەی یارمەتی تیرۆرو دەست تێوەردان لەوڵاتانی ناوچەكە، بۆیە دەڵێم “ئەمەریكاو ئەوروپا دۆستی ئێران نین”.


ئاوێنه‌: بۆ پێتوایە دۆستی حزبی دیموكرات‌و كورد بن؟

مستەفا هیجری: مەسەلەكە دۆستایەتی نییە، مەسەلە ئەوەیە، حزبی دیموكرات لەگەڵ هێزێك رووبەروو خەباتێك دەكات كە دژی دیكتاتۆرییە، پەرە بەشەڕو ئاژاوە دەدات لەناوچەكەدا، كە ئەمە جگەلەوەی بەزەرەری خەڵكی ئێران‌و كوردی ئێرانە بەتایبەتی، بەزەرەری ئەوروپاو رۆژئاواشە بەگشتی، حەرەكەتی ئێرە، حەرەكەتێكە كە لەبەرژەوەندی‌و قازانجی هەموو لایەنێكدایە، مەرج نییە پێكەوە دۆست بین، بەڵام دەتوانین لەسەر خاڵی هاوبەش كاربكەین، هەتا ئەگەر بۆ ماوەیەكی كاتیش بێت، وەكو زۆرێك لەئیتلاف‌و هاوپەیمان‌و بڕیاردەرەكانی تر.


ئاوێنه‌: رێككەوتنێك لەنێوان ئێوەو ئەمەریكادا هەیە؟

مستەفا هیجری: نەخێر، هەتا ئێستا رێككەوتنێكمان نەبەستووە.


ئاوێنه‌: بڕیارە بیبەستن؟

مستەفا هیجری: ماوەتەوە بۆ داهاتوو، من پێموابێت درێژەدانی ئەو حەرەكەتە، دەتوانێت زۆر شتی تازە بێنێتە ئاراوە، كە ئێستا پێشبینی ناكرێت، بەڵام لەقازانجی خەباتی كوردە لە كوردستانی ئێراندا.


ئاوێنه‌: بەپێی ئەو قسانەی تۆ بێت، ئەمەریكییەكان بەڵێنیان بەحزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران داوە، كە جگەلەوەی موخالەفەتی ئەو كارانە ناكەن، بەڵكو پشتیوانی دەكەن، ئاشكراشە پشتیوانی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، زیاتر پشتیوانی عەسكەری‌و چەك‌‌و كەلوپەلی سەربازی و ئیمكاناتی مادییە؟

مستەقا هیجری: ئەوەی كە ئێستا ئەمەریكییەكان قوڵبوونەوەی‌و چڕبوونەوەی لەسەر دەكەن، مەسەلەی شەڕ دژی داعشە، بەڵام من لەو باوەڕدام، دوای تەواوبون‌و لاواز بوونی داعش، تا ئەو ئاستەی كاریگەری نەمێنێت، ئاڵوگۆڕێكی بەرچاو لەسیاسەتی دەوڵەتەكان، چ رۆژئاوا، چ ناوچەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دێتەپێش، كە بەقازانجی كۆماری ئیسلامی ئێران نابێت.

سه‌رچاوه‌:

ماڵپه‌ڕی‌ ئاوێنه، ئا: سەهەند


---------------------------------------------------------------------------------------------------

بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌و ماڵپه‌ڕ له رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ئێره‌ كلیك بكه‌


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 2868
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy