هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

کاک عەدنان کەریم، ئێستا کاتی بەڕێوەبردنی کۆنسێرت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

rahim_-_sorxi_-_2016_1سیاسەتی پاسیڤکردنی کۆمەڵگا و ڕازیکردنیان بە باری ئێستا لە پشت ڕێگادان بە بەڕێوە چوونی ئەم کۆنسێرتەیە.

کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ڕاسانی نوێی ڕۆژهەڵات و چالاکییەکانی پێشمەرگەکانی کوردستان لەناو جەماوەر، خەریکە دەست دەکاتەوە بە وەڕێخستنی کۆنسێرتێکی مۆسیقا لە شاری سنە. پرسیار ئەوەیە، لەکاتێکدا لەماوەی چەندساڵی ڕابردوو و ئێستاشدا، تەنانەت لە ئاستی ئێرانیشدا پێش بە هێندێک کۆنسێرت دەگیرێ و هێندێک لەوانە تەنانەت مۆڵەت پێدراوی وەزارەتی ئیرشادی ئیسلامیشین، چۆنە لە کوردستان کۆنسێرتێکی مۆسیقی بۆ یەکێک لە هونەرمەندە بەناوبانگەکانی گەلەکەمان بەڕێز"عەدنان کەریم" لە شاری سنە دادەنرێت؟

بە گوتەی مۆسیقازانی ناودار حوسێن عەلیزادە "لەکاتێکدا بارودۆخی مۆسیقا لەئێران یەکلا نەبووەتەوە و مۆسیقا تەنیا لە بۆنە ڕەسمییەکانی کۆماری ئیسلامیدا ڕووی دەرکەوتنی پێدەدرێ و لەپاش ئەوە لەبیردەکرێ ...و دەپرسێ بۆچی لەپاش مێهرەجانەکان دەرفەت بە مۆسیقازانەکان نادرێ دەرکەون؟" لەکاتێکدا دەنگی ژنان لە مۆسیقای ئێستای ئێراندا کپ دەکرێ و بە پێی فەتوای موفتییەکانی ئێران گۆرانی گوتنی تاکییانە(تک خوانی)ی ژنان لە بەرانبەر غەیری دایک وباب و برا حەرامە. و لەلایەک، بە پێی گوتەکانی جەننەتی، وەزیری ئیرشادی ئاخوندی، " وەزارەتەکەی ژێر فرمانی ئەو لە دەرکردنی مۆڵەتی بەڕێوەبردنی کۆنسێرت بە "هەستیارییەکی زۆر"ەوە ڕەفتار دەکات؛ لە شارستانەکان ڕێگە بە گروپی پاپ نادات زیاتر ڕێگە بە مۆسیقای کلاسیک(سوننەتی) دەدا. ". لەلایەکی دیکەشەوە، بەپێی فەرمانەکانی وەلی فەقیە و ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، "هونەر دەبێ لە ڕێگای خوادا دا بەکار بێت(کە مەبەستیان سیستەمی کۆماری ئیسلامییە) ...و مۆسیقا دەبێ ئاراستەکراو بێت". و "شێعر دەبێ لە بارەی مەسەلەکانی ئێستای وڵات، واتە یەمەن، بەحرەین، پارێزەرانی حەرەم پرەپێبدرێت!!!". بەم هەموو دەبێ و نابێیە بۆ هونەری مۆسیقا و شێعر و گۆرانی لە ئێران، حیکمەتی بەڕێوە بردنی کۆڕێکی مۆسیقا لە شاری سنە و لەم سەروبەندەدا بۆ کاک عەدنان کەریم چییە؟

 

adnan_karim_-_konsert_2


شەهرام نازری باری مۆسیقا لەئێران بەکارەساتبار دەزانێ و دەڵێ:" بە هۆی سیاسی و کۆمەڵایەتی، تێڕوانینێکی تەغەزولی بەسەر موسیقای سوننەتیدا زاڵ بووە." شتێکی جێگای سەرنجیش ئەوەیە هەم کاک عەدنان کەریم هونەرمەندێکی خۆشەویستە کە گوێگرێکی زۆر کۆدەکاتەوە و هەمیش گۆرانییەکانی کە بەدڵنیایی پێشتر دەبێ ڕێگە پێدراو بن و لەگەڵ سیستەمی زاڵ گونجاو بێت. بە پێی جۆری گۆرانییەکانی کاک عەدنان کەریمیش کە زیاتر غەزەلە هەڵبژاردەکانی شێعری کلاسیکن(تەغەزولین) و لە شێوەی مەقام دەگوترێن، لە ڕواڵەتدا لەگەڵ هەڵوێستی ئایدۆلۆژیکییانەی دەسەڵاتی زاڵ بەسەرکوردستان و ئێراندا ناتەبا نابێت . هەربۆیە لەلایەک، بەڕێوەبردنی کۆنسێرتێکی وا ناوەرۆکەکەی و جۆری شێعرەکانی دەبێ لەسانسۆری ئیدارەی ئیرشاد ڕەتبێت. لەلایەکی دیکەشەوە، ئەم چەشنە مۆسیقایە لەگەڵ ستانداردەکانی مۆسیقای کلاسیکی زاڵ گونجاوە و پێناسەیەکی ڕەوایی بەخشە بە سیستەمی دەسەڵاتخوازی ئاخوندی و لەبەرژەوەندیی باڵادەستبوونی سیستەمەکەدایە. بەواتایەکی دیکە، ئامادەبوونی گوێگرانی تینووی دەنگێکی زوڵاڵ و مەقامبێژێکی خۆشەویست دەرفەتێکی باش دەڕەخسێنێ بۆ بێتەفاوەتی و پاسیڤبوونی جەماوەر لەبەرانبەر سەرکوتکارییەکانی ڕێژیم .

ئێستا ڕێژیم دەیهەوێ " ئادۆرنۆ" گوتەنی سیاسەتی پاسیڤکردنی کۆمەڵگا و ڕازیکردنیان بەو بارەی تێیدان بگرێتەبەر. ئێستا کە ڕێژیم دەستی بەخوێنی نیزیک دە پێشمەرگەی قارەمان و چەندین کۆڵبەر و کەسی مەدەنی سوورە و هەرلەم ڕۆژانەدا دەیان لاوی کوردی ڕەوانەی ئەشکەنجەگاکانی کردووە، دەیهەوێ سەرنجی لاوانی کورد لە کێشە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگاکەیان و جینایەتەکانی لابدا و بەبیانووی کۆنسێرتەوە بیانخافڵێنێ. لەم کاتەدا کۆنسێرتەکەی کاک عەدنان کەریم بۆ لاوان وەک تەخدیرکردنێک وایە کە ڕێژیم بەکاری دێنێ.

"ئەگەر بەڕێوە چوونی ئەم کۆنسێرتە بەو تایبەتمەندییانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێکرا لەبەرچاو بگرین، بە بەراورد لەگەڵ پێشگرتن بە کۆنسێرتی "شەهرامی نازری" و "کەیهانی کەلهوڕ" لە نیشابوور، کە مۆسیقای ڕەسەنی کوردی و بەکەمانچە و ڕەنگ و بۆنی "یاریی" لێدێ و گیانی حەماسی و شۆر و هەیەجانی تێدایە، گومانکردن لە بەڕێوە چوونی کۆنسێرتەکەی کاک عەدنان لە ئێستادا بەهێزتر دەبێ.

زۆرجار هەڵکەوتووە هونەرمەندانی بەهەڵوێستی وەک شەجەریان دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بۆنەکانی ڕێژیمیان بایکۆتکردووە و نەیانویستووە ببنە دەسکەلای سیستەمی زاڵی سەرکوتکەر و دژی مۆسیقا. زۆربەی کۆنسێرتەکانیان بردووەتە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان. بۆیە ئەگەر بەڕێز عەدنان کەریمیش ئەم کۆنسێرتە لە ئێستادا بوەستێنێ و لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی کوردستانیانی هەندەران و بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە سەرکوتکارییەکانی ڕێژیم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵوێست بنوێنێ هێندەی دیکە لای گەل و جەماوەری کوردستان خۆشەویستتر دەبێ.

 

 ---------------------------------------------------------------------------------------------------

بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌ى ماڵپه‌ڕ له رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ئێره‌ كلیك بكه‌

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1539
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy