حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) كە زیاتر لە ٧٠ ساڵ خەباتو ئەزموونی سیاسیی هەیە، لەم ماوەیەدا دەستی بە خەباتێكی نوێ كردوە بۆ بەدیهێنان ستراتژیی دیمۆكراسیو مافی چارەنووس بۆ كوردانی ئێران.
لەم پەیوەندییەدا هێزەكانی پێشمەرگەی ئێمە ناردراونەتەوەو بەشدارییەكی بەهێزیان هەیە لە هەموو ناوچەكانی كوردستانی ئێران.لە ماوەی دوو حەوتووی رابردوودا، پێكدادانی قورس لە نێوان سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیو پێشمەرگەكانی حدكا لە ناوچە جۆراوجۆرەكانی كورستان روویداوە كە تێدا دەیان كەس لە هێزەكانی سوپای پاسدارانو لە نێویاندا ئەفسەرە پایەبەرزەكانی كوژراون یان بریندار بوونە.
ئێستا حدكا بە درێژایی سنووریی ئێرانو عێراق بارەگای هەیە كە راهێنانو رێكخستنی نیزامی بەو گەنجانە دەكات كە بە ریزەكانمان پەیوەست بوونە.خەباتی ئەمجارە لە چەند رەهەندێكەوە لە خەباتە چەكدارییەكانی پێشووتر جیاوازە، بۆ نموونە هاوشانی حدكا رێكخراوەكانی دیكەش وەكو یەكیەتی ژنانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران وەگەڕكەوتوون.
لە چوارچێوەی ئەم خەباتەدا، حیزب هێزە كۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەكانی لە نێوخۆی كوردستانی ئێراندا رێكخستوەتەوەو ئامادەیكردوون بۆ بەرەنگابوونەوەی ستەمەكانی رێژیم. چالاكانی مەدەنی لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرەیەكی گشتگیردا كار ئەكەن بۆ بەدیهێنانی گۆڕانكارییەكی ریشەیی لە كوردستانی ئێران كە بە رۆژهەڵاتی كوردستان دەناسرێ.
حدكا رێبەری ئەم خەباتە دەكات لە ئێرانو بە ئەركی ئەخلاقی خۆی دەزانی كە پشتیوانی لە بزووتنەوە نەتەوەییەكانی دیكە بكات. ئەمەش هۆكاری سەرەكییە لەوەی كە حدكا بەشداربوو لە دامەزراندنی كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فیدرال كە چەترێكە بۆ كۆكردنەوەو هاوكاری لەگەڵ عەرەب، ئازەریی، بەلووچ، توركمەنو رێكخستنە كوردییەكانی دیكە.
گومانی تێدا نیە كە داهاتووی بزووتنەوە نەتەوەییەكانی ئێران وەكو كورد، عەرەبی، توركو بەلووچ دواهاتی گرینگی بۆ جیهان دەبێت. ئەم خەباتە تەنیا رێگایەكە كە دەكرێ هاوكات بەرەوڕووی دیكتاتۆری نێوخۆییو رۆڵە نێونەتەوەییە تێكدەرانەكەی بیتەوە.
ئێمە لە حدكا پشتیوانی لە هەر هەوڵێك دەكەین كە بەرگریی بكات لە دەسپێڕاگەیشتنی ئێران بە هەر جۆرە چەكێكی كۆمەڵكوژ، چونكە حكومەتی ئێران لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا سەلماندوویەتی كە كوردو گرووپە ئیتنیكیەكانی دیكە دەبنە یەكەم قوربانی ئەم جۆر چەكانە.
دەسەڵاتدارانی ئێران هەرگیز دوو دڵ نەبوونە لە بەكارهێنانی هەر چەشنە ئامرازێك كە لە بەردەستیاندا بێت بۆ كوشتو بڕی كەمایەتییەكانی نێو ئێران.
نزیكەی سالێك دوای رێكەوتنی ناوكی ئێران، ئەوە زیاتر روونە كە تاكو ئێستا تاران بەردەوامە لە دروستكردنی هەڕەشەی جیدی لەسەر سەقامگیریی ناوچەكەو ئاشتی جیهان. هەوڵەكانی ئێران بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی لەسەر ناوچەكە یارمەتیدەربوە بۆ گەشەی تیرۆریزمو دوژمنایەتی. ئێران تاكو ئێستاش گەورەترین پشتیوانی تیرۆریزمەو سەرچاوەی سەرەكی ئاژاوەیە لە ناوچەكە. لە هەمان كاتدا لە نێوخۆی ئێراندا، لەسێدارەدانی چالاكانی سیاسی بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر بەرزبوەتەوەو ئازارو ئەزیەتی نەتەوەكانو ئاینەكان زیادی كردوە. بارودۆخی كەمایەتییە نەتەوەیی، ئاینیو جیندەرییەكان زۆر خراپەو رێژیم لە هەوڵدایە تاكو گرووپە جۆراوجۆرەكانی نێوخۆی ئێران لەنێوببات؛ ئەمەش لە رێگای سەركوتی وەحشیانەو سانسۆری دژبەرانەوە.
خۆ بە بەرزتر زانینی (supremacism) شیعەی فارسی هۆكاری سەرەكییە دەستێوەردانەكانی ئێرانە لە ناوچەكەو تاكو كاتێك ئەم رێژیمە بوونی هەبێت، ئاشتیو سەقامگیریی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونی نابێت.
ئێرانییەكان زیاتر لە سەدەیەكە بەهۆی ئەم خۆ بە بەرزتر زانینەوەئازار دەچێژن وئەمە سەرچاوەی بەردەوامی دیكتاتۆریی بوە لە ئێرانی هاوچەرخدا. ئەمەش تەوەرێكی گرینگە كە پەیوەندیی هەیە لە نێوان دوو گرفتی سەرەكی ئێران كە بەردەوام بەرهەم دێنەوە؛ دیكتاتۆری لە نێوخۆو ناسەقامگیریی دەرەوە. لەبەر ئەوە، ئێمە لەو باوەڕەداین كە خەباتی ئێرانییەكان بۆ كۆتایهێنان بەو خۆ بە بەرزتر زانینەو دەوڵەتی ناوەندگەرا، دەتوانێ كلیلێك بێت بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە تێڕوانینیان بۆ بەرەورووبوونەوەی ئەو هەڕەشانەی كە ئێران دەیكاتە سەر ئاشتی نێونەتەوەییو بەتایبەتی سەقامگیریی ناوچەكە.
بەم شێوەیە، ئەوەی كە ئێران مەترسیدار دەكات، بەناچاریی جۆری ئەو چەكانە نیە كە لەبەردەستی دایە، بەڵكو زیاتر لەوە فراوانخوازییو تۆتالیتاریزمە، دوو بەریانی تێكئاڵاو كە لە خۆ بەرزتر زانینی شیعەی فارسی یەوە سەرچاوە دەگرێت. بۆیە ئێمە لەو باوەڕەداین كە لە گەڕانیان بەدوای رێگایەكی باشتر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشانەی كە لەلایەن ئێرانەوە دەكرێتە سەر سەقامگیریی ناوچەكە، پێویستە كۆمەڵگای نێونەتەوەییو هێزە ناوچەییەكان فرە كولتوور بوونی ئێران وەكو راستییەك لەبەرچاو بگرن. پرسی سەرەكی نەتەوەكانی دێمۆكراسییەو خەباتیان دژی كۆماری ئیسلامی ئێران كلیلی وەرچەرخانی ئێرانە لە وڵاتێكی سەركێشەوە بۆ دامەزراوەیەكی ئاشتیخواز لە رێگای سیستەمێكی كۆنترۆڵو هاوسەنگیی.
بە كورتی، ئێمە پێمان وایە كە هاوپەیوەندییەكی ستراتژیك هەیە لە نێوان خواستەكانی نەتەوەكانی نێو ئێرانو ئەكتەرە سەرەكییەكانی ناوچە كە دەتوانن نەزمێكی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدیبێنن كە ببێتە بنەمای ئەمنیەتی جێگیرو ئاشتی بەردەوام.
سەرچاوە: ئورشەلیم پۆست
---------------------------------------------------------------------------------------------------
بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرى ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه

