هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

حیزبی‌ دێموكرات داوا ده‌كا دوكان‌و بازاڕه‌كان له‌ هه‌موو شار‌و گونده‌كانی كوردستاندا دابخرێن

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

بانگه‌وازی كۆمیسیۆنی ته‌شكیلاتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران

بۆ مانگرتنی گشتی له‌ ڕۆژی 22ی پووشپه‌ڕدا

 

logo_pdki_2016


كۆمه‌ڵانی خۆڕاگر‌و ئازادیخوازی كوردستان!

22ی پووشپه‌ڕی ئه‌مساڵ، 27 ساڵ له‌ كاره‌ساتی تیرۆریستیی وییه‌ن كه‌ تێیدا دوكتور عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو، سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران له‌ سه‌ر مێزی وتووێژ بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كورد له‌ كوردستانی ئێران به‌ ده‌ستی دیپلۆمات تیرۆریسته‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێران شه‌هید كرا، تێده‌په‌ڕێت.

تیرۆری دوكتور قاسملوو یه‌كێك له‌ كاره‌ساته‌ دڵته‌زێنه‌كانی مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی هاوچه‌رخی كورد بوو كه‌ ئامانج له‌و پیلانه‌ دژه‌مرۆییه‌ی ڕێژیم، به‌چۆكداهێنانی حیزبی دێموكرات‌و پاشگه‌زكردنه‌وه‌ی له‌ خه‌بات بۆ دابینكردنی مافه‌ ڕه‌واكانی خه‌ڵكی كوردستان بوو، به‌ڵام قوتابیانی دوكتور قاسملوو له‌ حیزبی دێموكراتدا به‌ پشتبه‌ستن به‌ هێزی له‌بڕاننه‌هاتووی خه‌ڵكی كوردستان‌و ئیلهام وه‌رگرتن له‌ ڕێنوێنییه‌كانی دوكتور قاسملوو سه‌ربه‌رزانه‌ توانیان درێژه‌ به‌ خه‌باتی ڕزگاریخوازانه‌ بده‌ن‌و حیزبی دێموكرات وه‌كوو شۆڕه‌سواری مه‌یدانی ئه‌و خه‌باته‌ بمێنێته‌وه‌.

 

mangrtn_-_22_-_95_-_1


خه‌ڵكی مافخوازی كوردستان!

هه‌روه‌كوو ئاگادارن، ئه‌مساڵ له‌ چوارچێوه‌ی هێڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی په‌یامی نه‌ورۆزیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێراندا كه‌ هه‌ڵگری په‌یامی ڕاسانی بزووتنه‌وه‌ی كورد له‌و پارچه‌ داگیركراوه‌ی نیشتمانه‌كه‌ماندا‌و پێكه‌وه‌ گرێدانی خه‌باتی شاخ‌و شار بوو، قوتابیانی قاسملوو‌و ڕۆڵه‌ پێشمه‌رگه‌كانی ئێوه‌ له‌ حیزبی دێموكراتدا به‌ ئاماده‌بوونیان له‌ نێو ئێوه‌دا قه‌ڵای جه‌وری داگیركه‌رانیان وه‌ له‌رزه‌ هێنا‌و گیانی شۆڕش‌و ژیانه‌وه‌یان به‌ به‌ر ئه‌و پارچه‌یه‌ی كوردستاندا كرد. ئه‌و هه‌نگاوه‌ پیرۆزه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ دژكرده‌وه‌ی توندی ڕێژیم‌و هێزه‌ دژی گه‌لییه‌كانه‌ی به‌ره‌وڕوو بوو‌و له‌ چندین شوێنی كوردستاندا پێكدادانی خوێناوی هاته‌ ئاراوه‌. چیرۆكی شه‌ڕه‌ حه‌ماسییه‌كانی گوندی "قه‌ره‌سه‌قه‌ل"ی شنۆ‌و شاخی "كۆساڵان"ی سه‌وڵاوا‌و ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان كه‌ كوژران‌و برینداربوونی ده‌یان كه‌س له‌ فه‌رمانده‌كان‌و به‌كرێگیراوانی سپای تیرۆریستیی پاسدارانی لێ كه‌وته‌وه‌، به‌ خوێنی ئاڵی چه‌ندین پێشمه‌رگی قاره‌مانی حیزبه‌كه‌مان نه‌خشا كه‌ بۆ تا هه‌تایه‌ له‌ مێژووی بزاڤی ئازادیخوازیی كورددا وه‌كوو ئه‌ستێره‌یه‌كی پرشنگدار ده‌دره‌وشێنه‌وه‌.

ئه‌و حه‌ماسه‌ خولقاندنه‌ی پێشمه‌رگه‌ گیان له‌ سه‌ر ده‌سته‌كانی كوردستان كه‌ هه‌ڵگری په‌یامی ئاماده‌یی ئه‌وان له‌ مه‌یدانی خه‌بات بۆ پاراستنی خه‌ڵك‌و خاكی كوردستاندایه‌، به‌شێك له‌ پرۆسه‌ی پێكه‌وه‌گرێدانی خه‌باتی شاخ‌و شاره‌ كه‌ شاخ په‌یامی خۆی به‌ ده‌نگێكی به‌رز‌و دلێرانه‌ به‌ گوێی جیهان گه‌یاند‌و ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ڕۆڵه‌ خه‌باتگێڕه‌كانی شاریش وه‌ڵامێكی شیاو به‌و گیانبازییانه‌ بده‌نه‌وه‌‌و بوونی خۆیان له‌ گۆڕه‌پانی مافخوازیی نه‌ته‌وه‌كه‌یاندا بسه‌لمێنن.

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ داوا ده‌كه‌ین ڕۆژی 22ی پووشپه‌ڕی ئه‌مساڵ، واته‌ ساڵوه‌گه‌ڕی تیرۆری ناجوامێرانه‌ی ڕێبه‌ری شه‌هیدمان، دوكتور قاسملووی نه‌مر بكه‌ینه‌ ڕۆژی مانگرتنی گشتی له‌ سه‌رانسه‌ری كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات‌و په‌یمانی وفاداری له‌گه‌ڵ ئامانجه‌ به‌رزه‌ مرۆییه‌كانی شه‌هیدان نوێ بكه‌ینه‌وه‌.

داواكارین له‌و ڕۆژه‌دا:

1ـ دوكان‌و بازاڕه‌كان له‌ هه‌موو شار‌و گونده‌كانی كوردستاندا دابخرێن.

2ـ خه‌ڵك له‌ چوون بۆ سه‌ر كاره‌كانیان خۆ ببوێرن.

3ـ گوندنشینانی كوردستان له‌و ڕۆژه‌دا هاتوچۆی شاره‌كان نه‌كه‌ن‌و له‌ گونده‌كانیاندا بمێننه‌وه‌.

4ـ شوێنه‌ گشتییه‌كان به‌ هێما‌و سیمبۆله‌كانی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ـ دێموكراتیكی كوردستان (وه‌كوو ئاڵای كوردستان، ئارمی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران‌و وێنه‌ی ڕێبه‌رانی شه‌هید‌و شه‌هیدانی نوێی بزووتنه‌وه‌ ڕه‌واكه‌مان) بڕازێننه‌وه‌.

بێگومان سه‌ركه‌وتنی ئه‌و مانگرتنه‌ گشتییه‌ پێویستی به‌ به‌شداریی چالاكانه‌‌و ئیراده‌‌و یه‌كگرتوویی هه‌موو چین‌و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردستانه‌‌و نیشانه‌ی ئه‌مه‌گناسی به‌رانبه‌ر به‌ گیانبازیی شه‌هید دوكتور قاسملوو‌و شه‌هیدانی ڕاسانی ئه‌مساڵی حیزبی دێموكرات‌و هه‌موو شه‌هیدانی ڕێگای ڕزگاریی كورد‌و كوردستان ده‌بێ.

 

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران

كۆمیسیۆنی ته‌شكیلات

پووشپه‌ڕی 1395ی هه‌تاوی

 

---------------------------------------------------------------------------------------------------

بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌ى ماڵپه‌ڕ له رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ئێره‌ كلیك بكه‌


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 2448
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy