لەم دواییانەدا هێندێک باسوخواس دەربارەی دروشمی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران هاتۆتە گۆڕێ. ئەو کەسانەی ئەم دروشمە دەبەنە ژێر پرسیار، بەچەند بەڵگە خوێندنەوەیەکی دروستیان لەم دروشمە نیە. بەڵام بردنە ژێر پرسیاری ئەم دروشمە سەرەکییەی خەباتی ئێمە لەم قۆناغەی تێیداین، لەگەڵ ئەوەی هەڵەیە، ئەم سوودەی لێ دەکەوێتەوە کەپاڵمان پێوە دەنێ هەتا جارێکی دیکە بە شێوەیەکی قووڵتر ئەم دروشمە بۆ خەڵکی خۆمان شی بکەینەوە. هەوڵ دەدەم بەڵگەکانی ناڕاست بوونی ئەم بۆچوونە بە ڕوونی لێک بدەمەوە.
بەڵگەی یەکەم. ئەم کەسانە پێیان وایە کاتێک حیزبێکی سیاسی دروشمی ڕووخانی سیستمێک هەڵدەبژێرێ، مەبەستی ئەوەیە خودی ئەو حیزبە بەشێوەیەکی ڕەهاو بە بێ پێوەندی لەگەڵ فاکتەرە زۆرو زەوندەکانی دیکە سیستمەکە دەڕووخێنێو هەر بۆخۆشی سیستمێکی ئالتێرناتیڤی لەجیاتی دادەمەزرێنێ. پێویستە ئەم ڕاستییە ڕوون بکەینەوە کە کاتێک حیزبێکی سیاسی دروشمی ڕووخانی سیستمێک هەڵدەبژێرێ، بەر لە هەر شتێک مەبەستی ئەوەیە ئەو ئیدەئالو پڕۆژەو بەرنامانەی ئەم حیزبە لەبەرچاویەتیو ئەم مۆدێلەی ئەم حیزبە بۆ حوکمڕانی بڕوای پێیەتی، لەچوارچێوەی ئەم سیستمەدا وەدی نایە. بە دەربڕینێکی تر مانای ئەم دروشمە ئەوەیە کە مۆدێلی ئەم حیزبە سیاسییە بۆ حوکمڕانیو مۆدێلی ئەم سیستمە بۆ دەسەڵاتداری (مانعەالجمع)ن. واتە تا ئەو کاتەی ئەم سیستمە دەسەڵاتی بەدەستەوە بێ، لە چوارچێوەی ئەم سیستمەدا مۆدێلی سیاسیی دڵخوازی حیزبەکە وەدی نایەو هەر کاتێکیش مۆدێلی دڵخوازی حیزبەکە هەلی بەڕێوەچوونی بۆ ڕەخسا، ئەوە بێگومان سیستمی گۆرین دەسەڵاتی نەماوە. جا ئێستا ئەوانەی گومان لە ڕەوا بوونی دروشمی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەکەن، با وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە چەندە شیمانەی ئەوە دەکەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەسەڵاتی تەواوی هەبێو کورد بتوانێ مۆدێلی حکوومەتێکی فێدراڵیی دێموکرات لە کوردستان دابمەزرێنێ؟
بەڵگەی دووەم. وەک باسمان کرد کاتێک حیزبی دێموکرات باسی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەکات، مەبەستی ئەوەیە ئیدەئالە سیاسییەکانی ئەم حیزبە بە نەمانی ئەم سیستمە دەستەبەر دەبێ، نەک بە مانەوەی، کەوابوو حیزب لە ئیئتلافو هاوبەندیی سیاسیدا نابێ خۆی لەنێو ئەم هێزو لایەنانەدا ببینێتەوە کە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ کار بۆ مانەوەی کۆماری ئیسلامی دەکەنو گەرەکیانە بەشێوەی جۆراوجۆر پایەکانی دەسەڵاتی ئەم حاکمییەتە سەقامگیر بکەن.
ئەگەر حیزبێک بڕوای بە ئیدەئال بوونو مومکین بوونی ڕووخانی سیستمێک هەبێ، شێوەی خەباتو تێکۆشانی خۆیو شێوەی دروست کردنی هاوبەندییەکانی، بە چەشنێکی تایبەت ڕێک دەخا و، ئەگەر بڕوای بە ئیدەئال نەبوونو مومکین نەبوونی ڕووخانی ئەو سیستمەش هەبێ، کارو تێکۆشانی خۆی بە چەشنێکی دیکە ڕێک دەخات. ئێستا ئەو کەسانە با وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە کە حیزب دەبێ کارو تێکۆشانی خۆی چۆن ڕێک بخات؟
بەڵگەی سێهەم. هەڵەی بۆچوونی ئەم کەسانە لەوەدایە کە ڕەنگە نەزانن دروشمی ڕووخانی سیستمێکی ناکارامە، فەلسەفەیەکی زۆر قووڵتر لە دروشمێکی دۆن کیشۆت ئاسای ڕواڵەتیی لە پشتە: کاتێک حیزبێک باسی ڕووخانی سیستمێک دەکات، مەبەستی ئەوەیە ئەم سیستمە ناکارامەیەو دژایەتی لەگەڵ ڕەوتی پێشکەوتنی سەردەمیانە، هەم لە بواری فیکریو هەم لە بواری شێوەی دەسەڵاتداری هەیە. کاتێک حیزبێک باسی ڕووخانی سیستمێک دەکات، مەبەستی ئەوەیە ناکۆکییە دەروونییەکانی ئەم سیستمەو ناکۆکییەکانی ئەم سیستمە لەگەڵ ئەو خەڵکەی حوکمڕانییان بەسەردا دەکات، ناکرێ بە شێوەیەکی دێموکراتیک چارەسەر بکرێن، بەڵکوو ئەم سیستمە بە زەبری دامەزراوە ئەمنیەتییەکانو بەهۆی توندوتیژیو بەکارهێنانی زەبروزەنگی نائاسایی، ئەم ناکۆکییانە هەتا ماوەیەک دەشارێتەوە. کاتێک حیزبێک باسی ڕووخانی سیستمێک دەکات واتە بڕوای بە مەشرووعییەتی بەربڵاوو درێژخایەنی ئەم سیستمە لەناو خەڵکدا نیە. کاتێک حیزبێک باسی ڕووخانی سیستمێک دەکات مەبەستی ئەوەیە ئەگەر بێتوو هەلی هەڵبژاردنێکی ئازادو تەنانەت نیوە ئازادیش بۆ خەڵک بڕەخسێ، پایەکانی دەسەڵاتی ئەم سیستمە شەق دەبەن.
ڕووداوەکانی پێوەندیدار بە هەڵبژاردنی ساڵەکانی ٧٦و ٨٨ ئەم بۆچوونە پشتئەستوور دەکەن. دەزانین ئەو پڕۆژەیەی لە ئێراندا بە "هەڵبژاردن" ناوی دێ، پڕۆژەیەکی یەکجار زۆر کۆنترۆلکراوو حکوومەتییە. لەم دوو دەورەیەدا هەر لەگەڵکوو ـ بە هێندێک هۆ ـ تۆزقاڵێک لەم کۆنترۆڵە کەم کرایەوە، پایەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری وە لەرزین کەوت. ئەوە لە حاڵێکدایە ئەم هەڵبژاردنانە بە گوێرەی پێوانە ناسراوەکانی هەڵبژاردن، نەدەکرا بە هەڵبژاردنی نیوەئازادیش حیساب بکرێن. قسەی ئێمە ئەوەیە، سیستمێک نەتوانێ تەنانەت پابەندی ئاکامی هەڵبژاردنی کۆنترۆڵکراوی خۆیشی بێ، ناکرێ مەحکووم بە ڕووخان نەبێ.
کاتێک حیزبی ئێمە دروشمی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی پەسند دەکات، مەبەستی ئەوەیە سروشتی ئەو ڕێژیمە لە بنەڕەتداو سەرەڕای هێندێک جیاوازیی ڕواڵەتی، هەمان سروشتی ڕێژیمی ستالین لە یەکیەتی سۆڤیەتی پێشووو هەمان سروشتی حکوومەتی سەدام لە عێراقو هەمان سروشتی حکوومەتی قەزافی لە لیبییە. ئەو حکوومەتانە - کاتێک ناتەبایییەکانیان گەیشتە ئاستی لەبەریەک هەڵوەشانەوە - چەندە توانییان لە بەرانبەر ڕووخاندا خۆیان بگرن، کۆماری ئیسلامیش لەکاتی خۆیدا هەر هێندە دەتوانێ لەبەرانبەر ڕووخاندا، خۆی بپارێزێ.
بەڵگەی چوارەم: ئێمە بە نیسبەتی دەوری خۆمان لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، نە دەبێ خۆمان لەوەی کە هەین بە زیاتر بزانینو نە بە کەمتر.
ئەم خوێندنەوانە هەر دووکیان هەڵەن. پوختەی قسەی ئێمە ئەوەیە: ئەو ڕۆژەی کە کۆماری ئیسلامی دەڕووخێ، بزووتنەوەی کوردیش دەورو شوێنی خۆی لەم ڕووخانەدا دەبێ. ئەو کەسانەی دەڵێن کۆماری ئیسلامی بە ئێمە ناڕووخێ، نابێ لە بیریان بچێ، لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا کوردو هێزی کورد، بێ تەئسیر نابن. کاتێک حیزبی ئێمە دروشمی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بەرز دەکاتەوە، مەبەستی ئەوەیە حیزبی ئێمەو بزووتنەوەی دێموکراتیکو ڕزگاریخوازانەی گەلی ئێمەش بەشێکن لەو هێزانەی لە کۆتاییدا کۆماری ئیسلامی بەرەو ڕووخان پەلکێش دەکەن. بڕوای ئێمە ئەوەیە نەک هەر حیزبی ئێمە، بەڵكوو هەر حیزبو لایەنێک خەباتی دێموکراسیخوازانە بەشێوەیەکی جیددی بەڕێوە ببا، بەشێکە لەو هێزانەی ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهـ بەرەو ڕووخان دەبا.
لەبیرمان نەچێ هێزی کورد لە عێراق ڕێژیمی بەعسی پێ نەڕووخا، بەڵام بەشێکی بەرچاو بوو لەو هێزانەی ڕێژیمی بەعسیان بەرەو دۆخی نەمان پاڵ پێوەنا. ئەم قسەیە هەر کوردو هەر حیزبی دێموکراتو هەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ناگرێتەوە. با قسە لە واقیعێکی سیاسیی بەربڵاوتر بکەینو خوێندنەوەیەکی گشتگیرتر بەدەستەوە بدەین. بۆچوونی ئێمە ئەوەیە: لە هەر سیستمێکی نادێموکراتو ناسەردەمیانەدا، هەر حیزبو لایەنێکی دێموکرات بەشێکە لەو هێزانەی سیستمەکە بەرەو ڕووخان دەبەن. ئەم گوتەیە نەک هەر دەربارەی حیزبی ئێمەو لە ئێراندا، بەڵکوو دەربارەی هەر لایەنێکی دیکە، لە هەر وڵاتێکی دیکەی جیهان وەڕاست دەگەڕێ.
بەڵگەی پێنجەم. هێزێکی دێموکراتو پێشکەوتنخواز چۆن دەبێتە بەشێک لە پرۆژەی ڕووخانی بەرهەست یان نابەرهەستی سیستمێکی ناکارامەو دواکەوتوو؟ مێکانیزمی ئەم بەشدارییە چۆنە؟ هەوڵ دەدەین لەم بەشەدا تیشکێک بخەینە سەر ئەم مێکانیزمە.
هەر سیستمێکی ناکارامەی نادێموکرات، لە ئەنجامی سێ ناکۆکیی سەرەکیدا کەلێنی تێ دەکەوێو هەنگاو بە هەنگاو بەرەو تێداچوونو لەبەریەک هەڵوەشانەوە دەچێ. ئەم ناکۆکییانە ئەمانەن:
ناکۆکی لەناو خودی لایەنەکانی دەسەڵاتدا: هەر سیستمێکی نادێموکرات بەگوێرەی سروشتی نادێموکراتی خۆی لە شەفاف بوون دوورەو هەر سیستمێکیش لە دۆخی شەفاف بوون دوور بێ، دەبێتە ژینگەیەکی لەبار بۆ گەشەی هێزو لایەنی ناسڵامەتو شێوە مافیاییو ڕكەبەر. ئەم لایەنانەی ناو حکوومەت لەبەر ئەوەی لە پلەی یەکەمدا یەکجار ناتەندروستنو لەپلەی دووەمدا لەناو دۆخی ناشەفافدا هەر دێو زەبەلاحترو ناتەندروستتر دەبنو هەر دێو توانای ماددییان زیاتر دەبێو لە پلەی سێهەمدا بە توندی لەگەڵ یەکدا ڕکەبەرایەتی دەکەنو بەرژەوەندییەکانیان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بەریەک دەکەوێ، هەر بۆیە هەنگاو بە هەنگاو زیاتر بەرەو دۆخی تێک هەڵەنگووتنو پێک هەڵپڕژان دەچن.
ناکۆکیی دەسەڵات لەگەڵ خەڵکی خۆی: سیستمە نادێموکراتەکان زیاترین هەزینە بۆ کۆنتڕۆل کردنی خەڵکی خۆیان خەرج دەکەن. ئەم سیستمانە لەبەر ئەوەی وەڵامی داخوازییەکانی خەڵکیان پێ نییە، ویستو داخوازییەکانی خەڵک ڕۆژ بە ڕۆژ کەڵەکە کراوترو داپەستراوتر دەبنو هەر بۆیە کەلێنو دابڕانی نێوان خەڵکو دەسەڵات هەر دێو زیاتر دەبێ. ئەم سیستمانە هێندێک جار بەهۆی بەکار هێنانی گوشارو زەبرو زەنگی لەڕادەبەدەری دەزگا ئەمنیەتییەکان لەسەر خەڵک، ڕواڵەتێکی سەقامگیر لەو کۆمەڵگایەی حکوومەتی بەسەردا دەکەن پێشان دەدەن، بەڵام ئەو سەقامگرتووییە، تەواو ڕواڵەتییەو کێشەو ناکۆکییە قووڵەکانی نێوان خەڵکو دەسەڵات لە ڕاستیدا عیلاج نەکراون، بەڵكوو بۆ چینە شاراوەکانو توێژە قووڵترەکانی ناو کۆمەڵگا دوور خراونەتەوەو ئەم کێشەو ناکۆکییانە لە دۆخی لەبار وەکوو ئاگرپژێنێک سەر هەڵدەدەن.
ناکۆکیی نێوان دەسەڵاتو سروشتی پێوەندییە جیهانییەکان: سیستمی نادێموکرات نەک هەر کێشەی لەگەڵ خەڵكی خۆی هەیە، بەڵکوو کێشەی لەگەڵ جیهانی دەوروپشتی خۆشی هەیە. سیستمی نادێموکرات لە بنەڕەتدا سیستمێکی نەحاواوەیە. هەم لەگەڵ خەڵکی خۆی نەحاواوەیەو هەم لەگەڵ دەوەڵەتە بیانییەکانو کۆڕو کۆمەڵە نێو دەوڵەتییەکان. ئەم سیستمە بەردەوام تەحریمی دەخرێتە سەر. چوونکە تووشی چەندەها جۆر تاوانی گەورە دەبێ، هەر بۆیە بە چەندین شێوەش تەحریم دەکرێ. ئەم سیستمانە لە تەحریمێکەوە تووشی تەحریمێکی دیکە دەبنو بۆ لابردنی ئەم تەحریمانە دانوستان لە دوای دانوستانو وتووێژ لەدوای وتووێژ دەکەن. هەڵبەت ئەم دانوستانانە هەر بە ڕواڵەت دانوستانن، بەڵکوو لەڕاستیدا پاڕانەوەی شاراوەو ئیمتیازدانی لە چوارچێوەی سیستمی حقووقیی نێونەتەوەیین. ئەو تەحریمو ئیمتیاز دانە بەردەوامانە بەرە بەرە هەم سیستمەکە لاواز دەکەنو هەم خەڵکیش عاجزو تووڕە دەکەن. لە لایەکی ترەوە سیستمی نادێموکرات هەر لە شەڕێکەوە دەگلێتە ناو شەڕێکی دیکەو بۆ هەر شەڕێکێش ناوێکی پیرۆز دەبینێتەوە. شەڕێک دەبێتە بەرخۆدانی پیرۆزو شەڕێک دەبێتە بەرگری کردن لە حەرەمە پیرۆزەکان و... هتد. ئەم شەڕانە بەرە بەرە ژێرخانی ئابووریی وڵات هەڵدەتەکێننو خەڵکیش ناڕازیتر دەکەن.
بەڵام هێزە دێموکراتەکان لە هەر سێ خاڵی پێشوودا، ناکۆکییەکان مودیرییەت یان بەڕێوەبەرایەتی دەکەن، واتە دەیانکەن بە هێزی بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ سیستمی داپلۆسێنەر. لە لایەکەوە خەڵکی نێوخۆو کۆرو کۆمەڵە بیانییەکان لەو ناکۆکییانە ئاگادار دەکەنەوەو لە لایەکی دیکەوە، ئەم ناکۆکییانە لە چینە شاراوەکانی کۆمەڵگاوە دێننە چەقی کۆمەڵگاو دەیانکەنە داینەمۆو هێزی بزوێنەری خەڵک. سیستم دەیەوێ بوونی ئەم ناکۆکییانە بە دۆخێکی سروشتی وەسف بکات، بەڵام هێزە دێموکراتەکان هەوڵ دەدەن هەرچی زیاتر ناسروشتی بوونو کارەساتبار بوونی ئەم دۆخە ئاشکرا بکەن. ئەم هەوڵانە هەموویان وردە هەنگاوی بەرەو ڕووخاندنی سیستمنو هەموو هێزە دێموکراتەکان لەم هەولانەدا بەشدارن.
هەر وەک نموونە کارکردی هێزێکی وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، مودیرییەت کردنی خەباتی نەتەوایەتیی گەلی کورد لە ئێراندایە.
سیستمی حاکم دەیەوێ دۆخی نایەکسانیی ئتنیکی لە ئێرانداو شێوەی دەسەڵاتداریی ناوەندخواز لەم وڵاتە وەک دۆخێکی تەواو سروشتیو بێ ئالتێرناتیڤ پێشان بدات، بەڵام حیزبی دێموکرات هەوڵ دەدا هەم ناسروشتی بوونو زۆردارانە بوونی ئەم شێوە دەسەڵاتدارییە نیشان بداو هەم ئالتێرناتیڤی سەردەمییانە بۆ لابردنی ئەم نایەکسانییە بە خەڵک بناسێنێو هەم ناڕازی بوونی خەڵك لە ستەمی نەتەوایەتی بکات بە داینەمۆی خەبات بە دژی سیستمی داپلۆسێنەرو بەم شێوەیە بەڕێوەبەرایەتی بەشێک لە ناکۆکییەکانی دەستەی دووەم دەکات، لە لایەکی دیکەوە خەباتی خەڵکی کورد بە دژی سیستم پەرە ستاندنی ئەم خەباتەو تێپەڕینی لە بابەتێکی نێوخۆیی بۆ بابەتێکی ناوچەییو دەرەکی، ناکۆکیی نێوان دەسەڵاتی نێوخۆو جیهانی دەرەوەشی لێ دەکەوێتەوە، واتە حیزب بۆی هەیە لە مودیرییەتی ناکۆکییەکانی دەستەی سێهەمیشدا دەور بگێڕێ.
بە کورتی هەر حیزبو لایەنێکی دێموکرات دەتوانێ مودیرییەتی بەشێک لەم ناکۆکییانە وە ئەستۆ بگرێو بەم شێوەیە ببێتە بەشێک لە پرۆژەی بەربڵاوی ڕووخاندنی سیستمی حاکم.
دروشمی ڕووخاندنی سیستمی داپلۆسێنەر لە زۆر بارەوە بۆ هێزە دێموکراتەکان گرینگە. لە لایەکەوە ئاسۆی ئایندەیەکی ئیدەئالو دڵخواز وێنا دەکات، لە لایەکی ترەوە سروشتی نادێموکراتی دەسەڵات ئاشکرا دەکاتو لە لایەنی سێهەمیشەوە دەبێت بە پرەنسیپێک بۆ ڕێکخستنی شێوەی خەباتی هێزە دێموکراتەکەو پاراستنی خەسڵەتی "شۆڕشگێڕ بوون"ی ئەم هێزە.
ئەو یاسایە هەر ئێمەی کورد ناگرێتەوە؛ هەمیشە وایە ئەگەر خەباتی ڕزگاریخوازانە کاتێکی زۆر بخایەنێو قۆناغی زۆر ببڕێ، گەورەترین مەترسی کە هەڕەشە لە خەباتکاران دەکات، لەکیسدانی خەسڵەتی شۆڕشگێڕ بوونە. دابەزینی گیانی شۆڕشگێڕ بوون سەرەتای ئیستحالەیەکی مەترسیدارە کە ئێمە هاوشێوەی ئەو ئیستحالەیەمان لەو جەریانەی خۆی بە لایەنگری کۆنگرەی چوار پێناسە دەکرد، بە ئاشکرا دیت. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕێک بە دژی ئەم ئیستحالە سامناکەو لەپێناو بەرز کردنەوەی گیانی شۆڕشگێڕانەو بەگشتی لە پێناو پاراستنی پرەنسیپی شۆڕشگێڕ بوونو خەباتی شێلگیرانەو هەمەلایەنە کار دەکاتو ئەم شێوە خەباتە بە پرەنسیپێکی نەگۆڕی کارو تێکۆشانی خۆی دەزانێ.
کەوابوو بڕووخێ ههموو سیستمێکی داپڵۆسێنەرو ناسەردەمیانەو نابەرپرسو نادێموکرات.
---------------------------------------------------------------------------------------------------
بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرى ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه

