ئەمڕۆ ٢٥ی جۆزەردان ٣٦ ساڵ بە سەر جیابوونەوەی گرووپی حەوت كەسی لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران تێپەڕ دەبێت. قسەو باسەكانی ئەم دواییانەی بەڕێز خالید عەزیزی سەبارەت بە هەڵوێستیان لە هەلومەرجی ئەمڕۆداو چەواشەكردنی مێژووی حیزبی دێموكراتو بردنە ژێر پرسیاری هەڵویستە ئازایانەو كۆڵنەدەرانەكانی حیزب، هێنامیە سەر ئەو باوەڕە كە وەكوو كەسێك كە بەشێكی زۆری تەمەنی خۆمم لە ڕیزی تێكۆشەرانی ئەو حیزبەدا تێپەڕاندووە، ڕاو بۆچوونی خۆم سەبارەت بە ئەم چەواشەكارییە لە مێژووی حیزبدا، هەر چەند بە كورتی، دەرببڕم. بریا هەڵوێستی ئەو بەڕێزە لە باتی پێداگرییان لە سەر ئەو سیاسەتە، پێداگری لە سەر یەكگرتنەوەیان لەگەڵ حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بوایە كە ئەمەی دووهەمیان هەڵوێستێكی شیاوو جێگای ڕێزی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەبوو.
با لە پێشدا لەو وێكچوونەوە دەست پێ بكەم كە لە نێوان لێدوانو هەڵوێستەكانی بەڕێز خالید عەزیزی كە وەك هەڵویستی هاوڕێیانی پێشوو ڕایگەیاند، لەگەڵ هەڵوێستەكانی گرووپی حەوت كەسی بكەم كە ٣٦ ساڵ پێش ڕاست لەم ڕۆژەدا بەیاننامەی جیابوونەوەی خۆیان لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ڕاگەیاندو پاش دە ساڵ لە بەیاننامەیەكی دیكەدا هەڵوەشانەوەی خۆیان، بەو ناوەوە كە لە حیزب جیا بوونەوە، ڕاگەیاندو داوای لێبوردنیان لە خەڵكی كوردستان كرد. لەو بەیاننامەیەدا كە لە ڕۆژی١٠ی خاكەلێوەی ١٣٦٩ بڵاو كرایەوە هاتووە: "چ بە تێكڕا چ بە تاك، بە نۆرەی خۆمان، خۆ بە هاوبەشو بەرپرسی هەڵەكانی حیزب لە سەر شۆڕشی ئێرانو بە تایبەتی مەسەلەی كورد دەزانین".
لە جەوهەری دیمانەی شەوی هەینی ڕێكەوتی ٢١ی جۆزەردانی كاك خالید عەزیزیدا هاتووە كە ڕووخاندنی ڕێژیم كاری ڕێكخراوە كوردییەكان نییەو بە چەند سەد پێشمەرگەیەكەوە ناكرێ بەرەنگاری هێزەكانی ڕێژیم ببینەوە، هەڵوێستی ڕابردوومان لەو پێوەندییەدا هەڵە بووەو دەبێ بەخۆداچوونەووە بكەین. ئەوە بەو واتایە دەبێ كە چاومان لە لوتفی ڕێژیمی داگیركەرو كۆنەپەرستی كۆماری ئیسلامی بێو بۆ خۆبەدەستەوەدان لەگەڵیدا بكەوینە وتووێژو هتد.
لە هەڵویستی ڕاگەیەندراوی گرووپی ٧ كەسیشدا هاتبوو كە: حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران دەبێ بكەوێتە خزمەتی خەباتی دژی ئیمپریالیستیو خەتی ئیمام، بە مافی خودگەردانی ڕازی بێو دەست لە شەڕكردن لەگەڵ ڕێژیم هەڵگرێو تا ئەو جێگایەش چوونە پێشەوە كە حیزبی دێموكراتیان بە دژە شۆڕشو داردەستی بێگانە ناو دەبردو ناوی "باندی قاسملوو"یان لە سەر حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، واتە هەمان ئەو حیزبە دانا كە لە ماكۆوە تا ئیلام لە دژی ڕێژیم بەربەرەكانێی دەكرد.
خوێنەرانی ئازیز ئەگەر بە وردی ئەو ڕستانەی ڕاگەیەندراو لە تەلەفزیۆنی ڕووداو لە دیمانەی شەوی هەینی ڕێكەوتی ٢١/٣/١٣٩٥ لە گەڵ بەیاننامەی ڕاگەیەندراوی گرووپی ٧كەسی بەراورد بكەن، وێكچوونێكی زۆری تێدا دەبینێ. داخوا ئەمە دووپاتبوونەوەی مێژوویەكی شكستخواردوو نییە؟!
بێجگە لەو دوو وێكچوونە لە ڕاگەیەندراوەكەی هەر دوو لادا، وێكچوونێكی ڕانەگەیەندراوێكی دیكەش لەو هەڵوێستانەدا هەیە ئەویش ئەوەیە كە لە پشتەوەی هەڵویستی گرووپی حەوت ٧ كەسیدا دەستی ئاراستەكەری حیزبی توودەی ئێران هەبوو، حیزبێك كە بۆ خۆیشی بوو بە قوربانیی ئەو سیاسەتە هەڵەیە. لە پشتەوەی هەڵویستی ڕاگەیەندراوی شەوی هەینیی ڕووداویش لە لایەن بەڕێز خالید عەزیزییەوە بە ڕوونی دەستی تاقمی ئیسڵاح تەلەبانی حكوومەتی دەبیندرێت.
لە وەڵامی ئەو هەڵوێستانەدا پێویستە وەك شاهیدێكی مێژووی حیزبەكەمان ڕوونی بكەمەوە كە هەر لە ڕۆژەكانی یەكەمی هاتنە سەركاری ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیدا حیزبەكەمان هەوڵێكی زۆری دا بەڵكوو مافەكانی گەلی كورد لە ڕێگای وتووێژەوە چارەسەر بكرێو بۆ ئەو مەبەستە چەندین هەیئەتی حیزب هاتووچووی تارانیان كردو لەگەڵ خومەینیو كاربەدەستانی دیكەی ڕێژیم كەوتنە وتووێژ، بەڵام ئەوەی كە كاربەدەستانی ڕێژیمی كۆنەپەرستی تاران تەنانەت بیریشیان بۆی نەدەچوو، دابینكردنی مافەكانی نەتەوەی كورد بوو. تەنانەت بە پیچەوانەش، دەستیان دایە پیلانگێڕیو لە یەكەم نەورۆزی ئازادیدا سنەیان نوقمی خوێن كردو لە ٣١ی خاكەلێوەی ٥٨دا شەڕی نەغەدەیان بە سەر گەلی كورددا سەپاندو لە هەر دووی ئەو شەڕانەدا حیزبی دێموكرات هەوڵی دا شەڕەكە درێژە نەكێشێت. حیزبی دێموكرات تەنانەت لەم پێوەندییەدا داوای لە خومەینی كرد كە نوێنەری خۆی بنێرێتە كوردستانو تاوانبارانی هەڵگیرسانی ئەو شەڕانە بە خەڵك بناسێنێت. هەر بۆیە خومەینی كەسێكی بە نوێنەرایەتیی خۆی ناردە كوردستانو ناوبراو لە ڕاپۆرتەكەی خۆیدا بۆ خومەینی ڕوونی كردەوە كە هەڵگیرسێنەری ئەو شەڕە، لایەنی بەرانبەری حیزبی دێموكرات بووە، بەڵام خومەینی نەك هەر سەرنجی ئەم راپۆرتەی نەدا، بەڵكوو لە پیلانێكی دیكەشدا لە پاوە شەڕی هەڵگیرساندو لە ئاكامدا فتوای جیهادی لە دژی گەلی كوردو حیزبی دێموكرات دەركرد. حیزبی دێموكرات دەبوایە لە نێوان دوو ڕێگادا یەكێكیان هەڵبژێرێت: خۆبەدەستەوەدانو كەوتنە بەر شاڵاوی ژینۆسایدی ڕێژیم یان بەربەرەكانێ لە بەرانبەر هێزی سەركوتكەرو داگیركەرو داپڵۆسێنەری ڕێژیم، كە بە خۆشییەوە ڕێگای بەربەرەكانێی هەڵبژاردو ئێستاش شانازی بەو هەڵوێستەوە دەكەین.
لە دیمانەی شەوی هەینیی كاك خالیددا گوترا كە دروشمی ڕووخانی ڕێژیم، هێزە چەپەكانو ئێرانییەكان بە سەر حیزبی دێموكراتیاندا سەپاندووە كە ئەم بۆچوونە یان دەرخەری ناشارەزابوون لە مێژووی حیزبە یان مەبەستی دیكەی لە پشتەوەیە، دەنا بەڕێزیان دەزانن كە لە یەكەمین ڕیفراندۆمی دیاریكردنی نیزام لە ئێراندا كە لە ١٠ی خاكەلێوەی ٥٨دا بەڕێوە چووو لە ١٢ی خاكەلێوەدا ئاكامەكەی ڕاگەیەندرا، دەتوانم بڵێم كە حیزبی دێموكرات یەكەمین هێزو بگرە تاقە هێزیش بوو كە ئەو ڕیفراندۆمەی بایكوت كرد، چوونكە ناوەڕۆكی پرسیاری دیاریكراو بۆ ڕیفراندۆم بریتی بوو لە: "كۆماری ئیسلامی بەڵێ یان نا؟" كە ئەم شێوە پرسیارە نادێموكراتیك بوو، چوونكە تاقە بژاردەیەك كە لە بەردەست دەنگدەری دانابوو، دەنگدان بە كۆماری ئیسلامی بووو هیچ شێوە ڕێژیمێكی دیكە لە پرسیارەكەدا نەگونجابوو تا دەنگدەر مافی هەڵبژاردنی هەبێتو لە لایەكی دیكەشەوە كۆماری ئیسلامی بۆ خەڵك ڕێژیمێكی نەناسراوو ئەزمووننەكراو بوو، هەر بۆیە حیزبی دێموكرات لەو هەڵویستە ئازایانەیەدا داوای كرد خەڵك دەنگ بە ڕێژیمێك نەدەن كە ناوەڕۆكەكەی ڕوون نییە.
پاش چەندین ساڵ هێزەكانی دیكەی دژبەری ڕێژیم ئەم هەڵویستەیان بەرز نرخاندو بە هەڵویستێكی دروستیان لە قەڵەم دا.
سەبارەت بە دروشمی ڕووخانیش دەبێ بڵێین حیزبی دێموكرات دروشمی ڕووخانی ڕێژیمی ئەو كاتە بەرز كردەوە كە لە چارەسەری مافەكانی بە شێوەی ئاشتیخوازانە بێهیوا بووو لە دیاریكردنی ئەم دروشمەشدا نەك هەر وە دوای ڕێكخراوە چەپو ئێرانییەكان نەكەوت، بەڵكوو بۆ خۆی ڕچەشكێن بووو ئەوە ڕێكخراوەكانی دیكە بوون كە دواتر بەو ئاكامە گەیشتن كە دروشمێكی هاوشێوەی ئێمە بەرز بكەنەوە. ئەو ڕێكخراوە چەپو ئێرانییانە كە بەڕێزیان ئاماژەیان پێ داوە كە گوایە دروشمی ڕووخانی ڕێژیمیان بە سەر حیزبی دێموكراتدا سەپاندووە، نەك هەر دروشمی ڕووخانی ڕێژیمیان بەرز نەكردەوە، بەڵكوو كەوتنە خزمەتی ڕێژیمی سەركوتكەر (وەك حیزبی توودەو باڵی زۆرینەی چریكە فیداییەكانو ...). تەنانەت ڕێكخراوێكی وەكوو موجاهدینیش كە ئێستا خۆی بە بەرهەڵستكاری لێبڕاوی ڕێژیم دەزانێت، تا ڕۆژی ٣٠ی جۆزەردانی ١٣٦٠ كە كەوتنە بەر شاڵاوی هێرشی ڕێژیم، هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ ئەسڵی مەوجوودیەتی ڕێژیمدا نەبووو تەنانەت لە ئەدەبیاتی موجاهدیندا ڕێژیم تا ئەم ڕێكەوتە بە ڕێژیمێكی خاوەن ڕەوایی دەزانراو تەنیا پاش هەڵاتنو دامەزراندنی "شۆرای بەرگریی نیشتمانی" بوو كە لە یەكەم كۆبوونەوەی خۆیدا لە ڕێبەندانو ڕەشەمەی ١٣٦٠ ئەو دروشمەی پەسەند كرد، بەڵام حیزبی دێموكرات دروشمی ڕووخانی ڕێژیمی لە كۆنگرەی پێنجەمی خۆی كە لە ڕێكەوتی ١٥ی سەرماوەزی ١٣٦٠ی هەتاویدا بە ڕێوە چوو، پەسەند كردبووو نزیكەی ساڵێك پێش ئەم ڕێكەوتەش دروشمی ڕووخان هاتبووە نێو ئەدەبیاتی حیزبی دێموكراتو ئەو كەسانەی كە دەیانەوێ ئەم ڕاستییە بزانن با چاو لە لاپەڕەكانی ڕۆژنامەی "كوردستان" لەو سەردەمەدا بكەن.
لەو دیمانەیەدا گوترا كە ڕێكخراوە كوردییەكان ئاڵترناتیڤ نین. ئەم وتەیە بێجگە لە چۆكدادان بۆ كۆماری ئیسلامیو هەر ڕێژیمێكی دیكە كە لە داهاتووی ئێراندا بێتە سەركار، چ مانایەكی دیكە دەبەخشێت؟ خالید عەزیزی لەم ڕستەیەدا دەیهەوێ بە گوێگری كورد تەڵقین بكات كە تۆ هەر دەبێ ملكەچ بیتو نابێ لە دیاریكردنی سیاسەتو ئیدارەی وڵاتدا بەشداری بكەیت، دەبێ چاوت لە دەستی لوتفو كەرەمی ئەو ڕێژیمە بێت كە وڵات بە ڕێوە دەبات.
بە پێچەوانەی ئەم بۆچوونە، ڕێكخراوە كوردییەكان دەبێ هەوڵ بدەن لە ئەگەری هەر ئاڵوگۆڕێكدا بەشداری سەرەكیو چالاك لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا بن بۆ ئەوەی بتوانن مافەكانی كورد دەستەبەر بكەن، خۆ ئەگەر هەلومەرجی گونجاو بێتە پێش بۆ ئەوەی بتوانن لە داوی جاڵجاڵۆكەی ئێرانچییەتی بێنە دەرەوەو بە مافی چارەنووسی گەلەكەمان بگەین، نابێ تەنانەت چركەیەكیش لێی ڕاوەستین.
قسە لە پێوەندی لەگەڵ ئە م وتووێژەدا یەكجار زۆرە، بەڵام من زۆری لە سەر ناڕۆم دەمهەوێ بڵێم داخوا نابێ ئەزموون وەربگرین؟ گەلۆ جەریانی دانوستانی دوكتور قاسملوو لە وییەن لەگەڵ ڕێژیمو ئاكامەكەیمان لە بیر چووەتەوە؟ ئەدی كوشتنو بڕینو قەڵاچۆكردنی بە دەیان هەزار خەڵكی كوردستانو لە زیندان كردنو ئێعدامی بەكۆمەڵی لاوانی كورد تەنیا لە سەر ویستی مافخوازییان لە بیر چۆتەوە؟ داخوا دوایین نموونەی مەزڵوومییەتی خەباتكاری كورد محەممەد سدیق كەبوودوەندمان لە پێش چاو نییە كە تەنیا بە تاوانی ئەوەی كە لە ڕێكخراوێكی مافی مرۆڤدا تێكۆشانی هەبووە، بەو شێوە دڕندانەیە لە ئەشكەنجەگاكانی ڕێژیمدا هەڵسوكەوتی لەگەڵ دەكرێت؟ با لەوەش زیاتر بڕۆمو بڵێم داخوا چارەنووسی یارانی خومەینی وەك كەڕووبیو مووسەوی... لە بەرچاومان نی؟ ئەدی بۆ دەبێ ئەو هەموو ستەمو سەركوتە نەبینینو بە پەیامی كۆلكە نوێنەرێكی ڕێژیمی كۆنەپەرستی كۆماری ئیسلامی وە سەما بكەوینو هەموو شانازییەكانی ڕابردوومان بێنینە ژێر پرسیارو بیكەینە هەوێنی دانوستانێكی بێ ماناو بێ ناوەرۆك لەگەڵ ڕێژیمدا.
دوایین قسەم ڕوو لە هاوڕێیانی پێشوومە. دەمهەوێ لێیان پرسیار بكەم داخوا ئێوە تەمەنێكی دوورو درێژتان لە پێناو خەباتدا بۆ ئەم سیاسەتە بۆ ئەوە تەرخان كرد؟ ئەدی ئەگەر وا نییە بۆ متەقتان لێ نایەت؟
---------------------------------------------------------------------------------------------------
ـ بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرو ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه

