لە بابەتێک دا کە لە ٥ـ ی یانوار، پێش کۆنگرەی ١٦ـ ی لایەنی مونشەعیبی حیزبی دێموکڕات دا بڵاوم کردبۆوە ئیشارەم بەوە کردبوو کە ئەگەر خالید عەزیزی جارێکی دیکە دەنگی متمانە لە کۆنگرە وەربگرێتەوە ئەوکات بەبێ بەربەستو ئاشکراتر لە جاران سیاسەتەکانی دەباتە پێش کە رەنگە ئەم سیاسەتانە جێگای ڕەزامەندی خەڵکو تەنانەت ئەندامەکانی خۆشیان نەبێت.
هاوڕێیانی بەڕێز ئەوەی ئەمڕۆژانە لە سیاستەکانی لایەنی مونشەعیب لە حیزبی دێموکڕات دەردەکەوێو بۆتە جێگای موناقشەی کۆمەڵگای رۆژهەڵات هەڵویستێکی لەناکاو نیە بەڵکوو باس لە بەرنامەیەکی داڕێژڕاوی زنجیرەییە. ـ دەستەیەک کە بۆخۆیان لەناوخۆی کوردستان، لەباری دیسکۆرسو شێوەی بیرکردنەوەوە پاشکۆی ڕیفۆرمخوازانی حکوومەتین. ـ دەستەیەکیش لە دەرەوە کە هەڵوێستەکانی ئەم چەند ساڵەیان نیشانی داوە بە کردەوە بوونەتە پاشکۆی پاشکۆکەی پێشوو. سەلاحەددین خەدیو یەکێک لە ریفۆڕمخوازەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە بابەتێک دا دەڵێت به قول منصور حکمت این چند ده نفر مسلح که به درد خلع سلاح اولین پاسگاه روستای مرزی هم نمیخورد!
جالبە کە چەند ساڵ دواتر خالید عەزیزی هەمان رستە بەشێوەیەکی دیکە دا دووپات دەکاتەوەو دەڵێت: بەهەموو حیزبەکانی رۆژهەڵات ناتوانین گوندێکی رزگار بکەین، تەنانەت ئەگەر بتوانین گوندێکیش رزگار بکەین، زۆر ئەستەمە بتوانین رایبگرینو ئیدارەی بکەین. ئەم وێکچوونە تا چەند دەتوانێ ئاسایی بێت قەزاوەتی دێڵمەوە بۆ خوێنەران بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە کۆی ڕوانگەو نووسینەکانی کەسێکی وەک سەلاحی خەدیو لەم چەند ساڵەی دواییدا، پاشکۆو شوێنکەوتووی ڕوانگەکانی ئیحسانی هووشمەندە.
ئەگەر بمانهەوێ پڕۆژەی سەرەکی کەسێکی وەکوو هووشمەند لە ڕستەیەکدا کورت بکەینەوە، ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە گومان دروست کردن لەوەی کە کورد نەتەوەیێکی واحیدەو زمانەکەشی زمانێکی سەربەخۆو واحیدەو بزووتنەوی کوردیش نوێنەری خەڵکی کوردە. بەڵام هووشمەندیش خۆی پاشکۆو شوێنکەوتووی کەسێکی وەک کاوەی بەیاتە کە بۆچوونە سەرەکییەکەی بریتییە لەوەی "میللەتی ئێران" میللەتێکی واحیدو یەکدەستە. کاوەی بەیاتیش بەش بە حاڵی خۆی پاشکۆو شوێنکەوتووی کۆمەڵە کەسانێکی وەک ڕەشید یاسەمیو جەماعەتێکی وەک ئەوە.
ئێستا خالید عەزیزی، ئەو "رێبەرە"ی لایەنی جیابۆوە، ئەو کەسایەتیەی کە هەندێک لایەنگر بە قاسملوویەکی دیکەی دەزانن! ئەوا خەریکە تەکلیفی شەوی خۆی لە ڕووی دەستی پاشکۆیەک دەنووسێتەوە کە ئەویش پاشکۆی پاشکۆیەکی ترە. قاسملوو کەسایەتییەک بوو کە لە یەک کاتدا، هەم ڕێبەر بوو، هەم ستراتێژیستو هەم ئیدئۆلۆگو هەم تیۆریسییەنو هەم مودیر بوو، خالید عەزیزی بەداخەوە نە ڕێبەرەو نە ستراتێژیستەو نە ئیدئۆلۆگەو نە تیۆریسیەنەو نە مودیریشە، تەنانەت ناتوانین وەکوو کادرێکی دەرەجە یەکیش چاوی لێبکەینو لە خۆشبیانەترین حالەتدا وتەبێژێکە کە دەکرێ حیساب لەسەر مەحفووزاتو چاک دووپات کردنەوەی ئەم مەحفووزاتەی بکرێ.
لە ساڵی ١٣٦٥ەوە کە خالید عەزیزی نامیلکەیەکی بڵاو کردەوە، باس لە کەمو کۆڕیەکانی حیزبی دێموکڕات دەکاتو تەنانەت ئەو دوکتور قاسملوویەی کە هاوڕێیان لەگەڵ عەزیزی دەیشوبهێنن بە خیانەتکار ناودەهێنێتو باس لە هەڵەکان دەکاتو بە کۆی گشتی هەمان رەخنانەن کە ئەمڕۆ باسیان دەکات، پرسیاردروست دەبێت کە ئایا خالید عەیزی لە ماوەی ئەو ٢٩ ساڵە چ هەنگاوێکی بۆ ئەو هەمووە هەڵەو رەخنانەی کە دەیانگرێت هەڵگرتووە؟ ئایا واقع بینی بەبێ واقع گۆڕی چ بایەخێکی هەیە؟
لە دیدارێک دا لەگەڵ کەناڵی رووداو باس لەوە دەکات کە هەموو کات کۆماری ئیسلامی شوێنی شەڕی بۆ حیزبی دێموکڕات دیاری کردۆ، دیارە هاوڕێ ئاگاداری مێژووی حیزب نیە یان ئاگاهانە چەواشەی ئەو هەمووە گیانفیداییەو حەماسەیە دەکات کە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕات لە شەڕی چەکداری دا تۆماریان کردووە، بەپێچەوانەی قسەی بەرێزیان لە شەڕە چەکداریەکان دا هەموو کات پێشمەرگە بووە کە شوێنی شەڕی بۆ کۆماری ئیسلامی دیاری کردووەو کایەی بە جەستەی خوێنرێژی کردووە. هەر لەو دیدارە دا دەڵێ کە روخاندنی کۆماری ئیسلامی ئەرکی ئێمە نیە، ئەگەر مەبەستی عەزیزی ئەوە بوایە کە رێژیم ناروخێنین بەڵکوو لە کوردستان پاکی دەکەینەوە دیسان جێگای تێڕامانو لیکدانەوە بوو بەڵام لەسەر ئەو بڕوایە نیەو بەڵکوو پێی وایە هەر لە ناو کۆماری ئیسلامیو هەر بەو سیاسەتەوە ریفۆرمیک پێک بێتو مافی کوردیشی تێدا دەستەبەر بێت، هەر بەو ئیستدلالە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبێ پاشکۆی ئێران رەد دەکاتەوە چوون نەروخاندنی ئێرانو پێک هێنانی ریفۆرم لە سیستمی حکومەتی دا واتە بەشداری لە حکومەتی ئێران بە مەرجی پێک هێنانی ریفۆرم.
کاک خالید چۆن پەسەندی ئەساسنامەیەک دەکات کە خۆی تەنانەت یەکجاریش نەیتوانیوە لە راستای ئەو بەرنامەو پەیرەوە دا هەنگاو هەڵگرێت کە بەپێچەوانە دەقیق پێچەوانەی دروشمو ویستی ئەساسنامە دەجوڵێتەوە؟
ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە وەک چۆن ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی لە تاران لە لایەن حاکمییەتی ئێرانەوە بە هێند نەگیران، هەر بەم شێوەیە ڕێفۆرمخوازانی کوردیش لەلایەن ئەم ڕێفۆرمخوازە ناوەندنشینانەوە، هەتا ئێستاش حیسابێکی زۆریان بۆ نەکراوە، بەڵام هەر ئەم تاقمە پەراوێزخراوە بۆ ئەوەی گرینگ بوونی خۆیان بە حاکمییەتو بە ڕێفۆرمخوازانی ناوەندخواز بسەلمێنن خەریکی فیچقاندنو تەزریقی بۆچوونەکانی خۆیان بۆ ناو سەرۆکایەتیو بەدەنەی لایەنی جیابۆوەی حیزبی دێموکراتن، بەداخەوە ساویلکەیی سەرۆکایەتی ئەم جەریانەش کاری ئەو جەماعەتەی یەکجار زۆر هاسان کردووە.
کاتێک شەخصی یەکەمی ئەو هاوڕێیانە بەو شێوەیە سەربەخۆیی حیزب، پاشکۆ بە پاشکۆو دەستاودەست بەرەو ئاقاری ناروون بەڕێ دەکات، ئەندامانو لایەنگرانیشیان ناچارن پوپولیزمێکی ناچاری لە جەستەیان دا بتوێننەوەو قەبوڵی بکەنو بەجێگای ئەوەیکە لە چەند دێڕیش دابێو بە شێوەیەکی ئوسولیو لۆژیکی لێکدانەوەو شرۆڤەی قسەکانی سکرتێرەکەیان بکەن، بەڵام روو دەکەن لە بەرەنگار بوونەوەو بێرێزی کردنو هێرش کردنو تمسخرو لە باشترین حاڵەتەکان دا تاریفو تەمجیدی رێبەرەکەیان.
لەوەها دۆخێک دا سەرۆکی رێکخراوەکەیانو تەنانەت ئەندامانی کۆمیەتی ناوەندیان ئاساییە ئەگەر داوا لە کەسانێک بکات کە گەلۆ پێویستیم بە بابەتێکە لەو پەیوەندیە دا.
ئەگەر خالید عەزیزی پێش ئەوەی تاکڕەوانە هەڵویستێک دەڕبڕێت پێشەکی لەگەڵ ئەندامانی خۆیان باسی بکات دوو ئامانجی دەبێت: ١: ئەندامان لە باسەکان دا دەتوانن کانوونی باسەکە بپارێزنو پەنا بۆ حاشیات نەبەن. ٢: بەرزی رادەی ناکۆکیەکان لە رێبەری دا بارز نەبێتو ئەندامانیش ناچار نەبن ئەوەی دۆینێ بە رووناکبیریان دەزانی، ئەمڕۆ بە بێسەوادو خیانەتکاری بزانن.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی مەجلیسی ئێران خالید ئەزیزی داوای کرد کە خەڵک لە ورمێ دەنگ بدەن تا نوێنەری کورد بچێتە مەجلیس، لێرەدا بەبێ فرەوێژی چەند پرسیار دەخەمەڕوو.
بەو تێبینیە کە خالید ئەزیزی هاوڕایە کە هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامی دا دێمکڕاتیک نیە. ١: چ گەرەنیتیەک هەیە کە ئەگەر کورد لە ورمێ دەنگ بدات، نوێنەری کورد دەچێتە مەجلیس؟ ٢: چۆن بەو ئیعتمادە گەیشتووە کە نوێنەر، بە پێی دەنگ هەڵدەبژێردرێ؟ ٣: لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکان تا رادەیەک دەکرێ جێگای مناقشە بێت بەڵام هەر ئەو هاوڕێیانە دەنگ دان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریشیان بایکووت نەکرد، ئایا چ پاساوێک بۆ ئەوە دەتوانێ هەبێ؟
هێندێک لەو هاوڕێیانە پێیان وایە کە ئەوەی خالید ئەزیزی دەیڵێ سەڕەڕای گنگو اصم بوونەکەی لەوانەیە باش بێتو ئەوان تێنەگەن یان خەڵکی دەرەوەی ئەم بازنە بچووکە هەڵگری ئەو باسو تێئۆریانە نین. گەلۆ! گالیلئو گالیلە لە سەردەمێک دا کووتی زەوی ثابت نیەو بە دەوری خۆر دا دەسووڕێت کە بۆ خەڵک قابیلی قەبوڵ نەبوو، بۆیە دادگاییان کردو تۆبە نامەیان پێ نووسی، بەڵام پاش ساڵها دەرکەوت کە تێئۆریەکەی دروست بووو لە گەورەیی گالیلە تێگەیشتن، بەڵام خالید عەزیزیو گالیلە جیاوازیان زۆرە، بەر رەخنە کەوتنی تێئۆریەکانی خالید عەزیزی نیشانی ئەوە نیە کە سەدەیەک پێش خەڵک قسە دەکات، بەڵکوو نیشان لەوەیە کە هەڵویستەکانی لە شوێنێکی دیکەوە دیکتە دەکرێت کە هەڵەیەو دەبێ بگۆردرێت.
---------------------------------------------------------------------------------------------------
تێبینی:
ــ ماڵپهڕی "ههڵۆی كوردستان"
له بهرامبهر نێوهڕۆكی ئهم بابهته بهرپرسیار نیهو نووسهری بابهت بهرپرسه لهبهرامبهر بابهتی خۆیدا
ــ كهڵك وهرگرتن لهو بابهتانه به هێنانی ناوی سهرچاوه یان لهسهر ئیزنی نوسهر ئازاده
بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرى ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه

