دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەر چەواشەکردنی دروشمو خەباتی حیزبی دێموکرات لە لایەن هێندێک لایەنەوە ڕاگەیەندراوێک بڵاو دەکاتەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
هاونیشتمانانی بەڕێز !
خەڵکی خۆڕاگرو خەباتگێڕی کوردستان !
تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادیو ڕێبازی ڕێبەرانی شەهید !
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای هاتنە سەرکاریەوە، لەگەڵ دەنگی مافخوازی کوردو داخوازە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان نامۆو نەیار بووەو چەمکەکانی مافی مرۆڤ، دێموکراسیو مافی نەتەوایەتیو یەکسانیی ژنو پیاوی لە کۆمەڵدا دژ بە باوەڕە چەقبەستووو دواکەوتووەکانی خۆی زانیوەو دژایەتی کردوون، هەڵگرانی ئەم چەمکە ئینسانیو سەردەمییانەیان، ڕاو ناوە، گرتووە، ئەشکەنجەو تەنانەت ئێعدام کردووە.
هەر بەوانەوە نەوەستاوەو لە دژی ئەو بیروباوەڕانەو حیزبو ڕێکخراوەکانی هەڵگری ئەم چەمکە ئینسانییانە، پیلانی جۆراوجۆرو ڕەنگاوڕەنگی گێڕاوەو لە ڕێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندنی خۆی بۆ بێبەها نیشاندانی ئەم چەمکانە تێکۆشاوەو هەوڵی ئەوەشی داوە تا بێجگە لە ڕاگەیاندنو پەسندوێژەکانی خۆیەوە لە ڕێگای هێندێ کەسو لایەنیشەوە سیاسەتو باوەڕە دژ بە ئازادییەکانی لە نێو خەڵکو کۆمەڵگای کوردستاندا بڵاو بکاتەوە؛ بۆ ئەوەی بازنەی لایەنگری لە ڕێژیم بەرینو بەربڵاو نیشان بداو کەشو هەوایەکی وا بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ بکات کە خەباتی خەڵکی کوردستانو قارەمانەتی ڕۆڵە فیداکارەکانو حیزبو ڕێکخراوە کوردییەکان کەمڕەنگ بکاتەوەو خۆڕاگریو خەباتی ئەوان ناشوێندانەر بناسێنێو بەگشتی وا بکات کە ڕابردووە پڕ لە شانازییەکانی کورد بە هەڵەو بە دوور لە ئیرادەی کورد چەواشە بکات. بە جۆرێک کە دروشمی ڕووخانی ڕێژیم بە ناماقوڵو خەباتو خۆڕاگریو بەڕێوەبردنی شێوەکانی خەباتی کورد لە لایەن هێندێ لایەنەوە داسەپاو بە سەر کورددا لە قەڵەم بدەنو قەڵافەتی ڕێژیم هێند بەرزو بەهێز نیشان بدەن کە دەنگو دەست هەڵبڕین لە بەرانبەریدا بێ کەڵکو بێئاکام بنوێنێ.
ئەوانە لە حاڵێکدان کە کورد بە ئیرادەی خۆیو لێکدانەوەی ژیرانە ئامادە نەبوو لە ڕێفراندومێکدا بەشدار بێ کە بەستێنسازی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران بێ، ئەوکات بێجگە لە کورد چ هێزو لایەنێکی دیکە بە ڕاستو چەپو ئایینییەوە لە ڕەدی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەڵوێستیان گرت تا بگوترێ ئەوان ئیرادەی خۆیان بەسەر کورددا سەپاندوە؟!
ئاساییە کاتێک کورد لە بناخەوە دژ بە هاتنە سەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بێ، دروشمی ڕووخانی ڕێژیم بۆ ئەو نەتەوەیە زۆر سروشتی خۆی دەردەخا. پاشان ئەو کات کە هێزە کوردییەکان دروشمی ڕووخانی ڕێژیمیان بە فەرمیو ڕاشکاوی ڕاگەیاند چ هێزو لایەنێک لەو بارەوە پێش نەتەوەی کورد کەوت تا گومانی ئەوە بخولقێنێ کە کورد بە چاولێکەری لەوان دروشمی ڕووخانی ڕێژیمی هەڵگرتووە.
باس لە ناشوێندانەریی خەباتی جیددیو شێوەی بەرەنگاری لەگەڵ ڕێژیم دەکرێو هەوڵ دەدرێ سەردانەواندنو ملکەچ کردن بۆ ڕێژیم جێگای بگرێتەوە کە گۆیا کارسازترە، لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە چما کەڕووبی، مووسەوی، خاتەمی، مونتەزێری، بەنی سەدرو ... خەباتی توندو جیددیان لە بەرانبەر ڕێژیمدا ئەنجام دابوو کە لەگەڵ ئەو چارەنووسە بەرەوڕوو بوون، قسە لە دیالۆگ لەگەڵ ڕێژیم دەکرێو تۆوی ئەو گومانە بڵاو دەکرێتەوە کە گۆیا لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەرەتانی دیالۆگو دەستوێڕاگەیشتن بە بەشێک لە مافەکانی کوردو ئازادیخوازانی ئێران هەیە؟!
لەو بارەوە پێویست بە ئاماژەیە کە دیالوگ ڕێگا چارەیەکی گونجاوی کێشە سیاسییەکانە، خۆزگە لە ئێران ڕێژیمێک لەسەرکار بایە کە کێشەکانی خۆی لەگەڵ خەڵکی ئێرانو کوردستان لەم ڕێگاوە چارەسەر کردبا، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران کە داخوازە دێموکراتیکو مافە نەتەوایەتییەکانی کورد لەگەڵ نێوەڕۆکی دواکەوتووانەی لە ناتەباییدایە، ئەگەر بڵێی وتووێژ دەکەم لەسەر کام مەسەلە دەیکا کە باوەڕی پێی هەبێ؟! جگە لەوە تاقیکاریی کوردو بزووتنەوەی کوردستان نیشانی داوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم چەمکەش وەک پیلانێک کەڵک وەردەگرێ، نەک وەک ڕێگا چارەیەک. بەگشتی ئەوەی لەم چەند مانگەی دواییدا لە ئاست لایەنەکانی بزووتنەوەی کوردو مافو ئازادییەکانی کورد لە زارو زمانی لایەنێکی دیار دێتەدەر کە گوایە دژبەری کۆماری ئیسلامییەو هەوڵ دەدرێ بەلای بەرژەوەندیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانو بە زیانی بزووتنەوەی کوردو چاندنی تۆوی ناهۆمیدی لە نێو خەڵکی کورددا بیشکێنێتەوە، شتێکە کە نابێو ناکرێ هیچ ڕۆڵەیەکی کوردی وەفادار بە ئامانجەکانی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بەرانبەری بێ هەڵوێستو بێ تەفاوەت بێو لەقاودانی ئەو بەناو گوفتومانە دەکەوێتە سەرشانی هەموومان، چوونکە درێژەی ئەو باسو بابەتە کە ئاماژەی پێ کراوە، دەڕواتە خانەی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمو زیان گەیاندن بە خەباتی نەتەوەی کوردو کەلێن خستنە ناو ڕیزەکانی خەڵکو حیزبو ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان. لە هەمان کاتدا هیوادارین ئەوانەی هەڵگری ئەو بیرۆکەو پەرەپێدەرو پاساوهێنەری ئەو پیلانەن، لە ڕووی نائاگاییو لێکدانەوەی نادرووستەوە لەو داوە کەوتوون، وەخۆ بێنەوە، بەخۆدابچنەوەو ڕێگای خۆیان لە ڕێبازی خەباتو بەرژەوەندییەکانی کورد لەوە زیاتر هەتڵە نەکەن.
سەرکەوتوو بێ خەباتی ڕەوای کورد لە پێناو وەدەست هێنانی مافو ئازادییەکانیدا
پتەوتر بێ ئیرادەی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ درێژەی خەباتو خۆڕاگری
بڕووخێ کۆماری دژە کوردو دژە ئازادیی کۆماری ئیسلامیی ئێران
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٢٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی
١٤ی ژوئەنی ٢٠١٦ی زایینی
---------------------------------------------------------------------------------------------------
ـ بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرو ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه

