ناکۆکیو تێڕامانو خوێندنەوەی هێزە سیاسیو تێکۆشەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە شیعاری" روخاندن" ی ڕێژیمی ئاخوندی ئێرانو بەردەستەکردنی هزری بەرگریو پتەوترکردنی خەباتی سیاسیو نیزامی بەدژی حکوومەتێك کە خۆی بەنەیاری هەموو جۆرە بنەماو ئەخلاقێكی مرۆڤدۆستانەو بە نەیارو دژ دەزانێت، لادانی ئەو جۆرە دەسەڵاتە کۆنەپەرستو دژی گەلیە، لانیکەم بۆ قۆناخی سیاسی ئەمڕۆ، نیازی تەواوی بە کۆدەنگیو هاوهەڵوێستی نەتەوەیو نیشتیمانی هەیە. ئەو هێزانەو کەسایەتیەکانیان کە خۆیان بە ناکۆكو دژبەری تاکتیکی روخانی حکوومەتی ئێران دەزاننو پێیان وایە ناکرێت ئەو جۆرە شیعارە بدرێتو لە تواناو دەسەڵاتی کورد دانیە، ئەو ڕێژیمە بروخێنێت، بەڵنیایەوە لێكدانەوەو خوێندنەوەیەکی ڕاستو دروستیان بۆ داهاتووی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستانو ڕێژیمو گەلانی بندەستی حکوومەت نەکردوە. خۆ بەرزکردنەوەی شیعاری " بروخێ حکوومەتی ئاخوندی پەیوەستە بە ژیانی سیاسیو کۆمەلایەتی ڕێژیمو کاتێك دەسەڵاتی تاران ئامادەی ئەوەی بەتەواوی تێدا پێك بێت کە هەوڵی هەمواری دەستووری وڵات لە بەرژەوەندی گەلانی وڵاتدا بە ڕێگای گۆرانکاری ئەنجامبداتو بنەماکانی حوکمڕانی رەهاو دێمۆکراتیك بچەسپێنێت، ئەوە خۆی روخانی حکوومەت دەگەیەنێت. بەواتایەکیتر با ڕێژیم هەر لە شوێنی خۆی بێ، بەڵام مافو ئازادیە سیاسیو نەتەوەیو کۆمەڵایەتیەکانی گەلانی ئێران دەبین بکات.
کاتێك دەسەڵاتیكی دیکتاتۆرو کۆنەپەرست، هەوڵبدات ژینگەی سیاسیو نەتەوەی شیاو بۆ خەڵکەکەی دابین بکاو گۆڕانکاری لە جومگە هەستیارەکانی دەسەڵاتدا پێکبهێنێتو ڕێوشوێنە دەستوریو یاسایەکان بە ژێریو لە قازانجی کۆمەڵگای وڵاتەکەیدا بگۆڕێت، بەومانایەدێت کە سیستمی حوکمڕانی روخاوەو دەسەڵاتێكی دیکە جێگای گرتۆتەوەو بە گوێرەی دەستووری نوێ هەموو لایەك هەقو مافیخۆیان وەرگرتوە. جا ئەگەر بێتو هەمەن کەسەکانیش بن دەسەڵات بەڕێوەبەرن. بەڵام بەو جیاوازیەوە کە نێوەرۆکی دەسەڵاتداریو ئیدارەدانی وڵات بە شکڵێكی دیارو بەرچاو بگۆڕدرێت. زۆر جار کاربەدەستانی ڕێژیم ئەو پرسیارەیان لە" وڤدی" دانوستانکاری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران کردوە لە کاتیخۆیدا، کە بۆچی حدکا ئەو شیعارەیان بەدژی ڕێژیم هەڵگرتووەو ئەوەتا ئەوان واتە حکوومەت نەروخاوەو ئێستا لە گەڵتان وتووێژ دەکات. لە وڵامدا نوێنەری حیزب دەلێت ڕاستە ئێوە ماونو لێرەن بۆ ئەوەی بەڕێگای ئاشتیدا پرسی سیاسیو نەتەوەی کورد چارەسەربکەن، مەبەستی شیعاری حیزب ئەوەیە کە ڕێژیمی ئاڵۆگۆڕ بەسەرخۆیدا بێنێتو دەستووری وڵات بە جۆرێك دابنرێتو بنووسرێت کە مافو ئازادیەکانی گەلانی وڵات بەگشتی تێیدا ڕەنگ بداتەوەو کۆتای بە حوکمڕانیو فەرمانڕەوای کەمایەتی نەتەوەی بە سەر زۆرینەی گەلانی ئێراندا بێت، ئەوە مانای ڕوخانی حکوومەت دەگەیەنیت لە ڕوانگەی" حدکا وەو مەبەستی ئێمەیش ئەوەنیە کە پێمان وابێت ڕێژیمی دیواری بەقوڕو بەردەو دەبێت بروخێت". بەڵکوو نیەتی حیزب ئەوەیە کە ڕێژیم خۆی بگۆرێو ئاڵوگۆڕی سیاسیو ئیداریو فرەنەتەوەی وڵات وەك هەیە بسەلمێنێت. دیارە ئەو هێزانەیش کە نەیاری ئەو شیعارەن، ڕۆژێك حکوومەتی ناوەندی ئامادەبێ لە گەڵ نوێنەرایەتی گەلی کورد سەبارەت بە چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەی کورد کۆبێتەوەو ئامانجەکانیان بەدی بێنێت، ئەوە مانای روخانی ڕێژیم دەگەیەنێت. مەبەست لە روخانی زۆرتر بواری تاکتیکیو هەراسانترکردنی دەسەڵاتی ئاخوندەکان دەگەیەنێت. بەڵام باوەڕ ناکرێت ئەو ڕێژیمە بەڕێگای ئاشتیو ئاقلانیدا هەڵسوکەوتی بەرپرسانە لە گەڵ قەیرانە نیوخۆیەکاندا بکات. بۆیە خوێندنەوەیەك کە پێیوابێت ئەگەر بێتو وازلە دروشمی روخانی ڕێژیم بێت، ئەوە حکوومەت دەرگای بەزەیو روحمیان بەروودادەکاتەوە، هەڵسەنگاندنو لێكدانەوەیەکی زۆر سادەو بێبنەمایە، "کاتێك حکوومەت بەوڕازیبێ، پرسی نەتەوەی لە ئێراندا چارەسەربکات، ئەوە روخاوە". ئەی ئەو هێزوو دەسەتەو کەسایەتیانەی کوردستان، دەبێت ئەو کات چی بکەن، قبوڵی بکەن یان بڵێن وەری ناگرین لە بەر ئەوەی ڕێژیم روخاوە.......! زۆر بەداخەوە کورد بەردەوام بەدوای شتێكدا دەگەڕێت هەتا لە نێو ماڵیخۆیدا، پەرتەوازەی سیاسی دروست بکات، ئەگینا ئەو باسەو وروژاندنی هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت و، لە جیاتی ئەو قسە بێ هێزو بێکردارانە، باشتروایە بیر لە چۆنیەتی توندوتۆڵترکردنەوەی پەیوەندی سیاسیو نەتەوەی بکرێتەوەو خەیاڵ لە سەر" ڕەوتە" ریفۆرمخوازەکانی نێو بازنەی دەسەڵات لەئێران هەڵ نەچنین. چوونکی ئەو روتانەش بەشیخۆیان زیانیان بە جمووجۆڵو تێکۆشانی دێمۆکڕاتیكو مەدەنی لە کوردستان گەیاندوەو هیچ خێرێکیان بۆ کورد نەبووە.
-----------------------------------------------------------------------------------------------
بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرو ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه

