حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بانگەوازێکدا دوای ئازادیی زیندانیانی سیاسیی بەنداکراو لە زیندانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە تایبەت محەممەد سدیقی کەبووەدوەند دەکات.
دەقی بانگەوازەکە به شێوهی خوارهوهیه:
بانگەوازێک بۆ ئازادیی زیندانیی سیاسی
هاونیشتمانیانی مافخواز،
گەلانی ستەملێکراوی ئێران،
کۆڕو کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان،
هەروەک لە ڕاگەیەنە گشتییەکاندا بڵاو بووەتەوەو بیروڕای گشتی ئاگادارە، محەممەد سدیقی کەبوودوەند بەرپرسی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بۆ ماوەی ٩ ساڵە کە دەسبەسەر کراوەو لەو ماوەیەدا وێڕای هەموو تۆمەتە بەناحەق وەپاڵدراوەکانی، لە زۆر مافی سەرەتایی ئینسانیی زیندانیەکی سیاسی بێبەش کراوەو لە زینداندا لەگەڵ زۆر نەخۆشی بەرەوڕوو بووەتەوە.
سەرەڕای ئەوە لەم ساڵدا دووبارە تۆمەتی دیکەیان لە زینداندا خستە پاڵی بۆ ئەوەی یاسایەکی تایبەتیی ڕێژیم کە ماوەی زیندانیی هێندێک زیندانیی سیاسی کەم دەکردەوە ناوبراو نەگرێتەوە، ئەمانە هەمووی بوونە هۆکاری ستەمی زیاتر لەسەر ناوبراوو ئەویش دەستی داوەتە ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بەو ستەمکاریە چەند قاتەیە.
بە پێی هەواڵەکان، محەممەد سدیقی کەبوودوەند لە ڕۆژی ١٩ی بانەمەڕەوە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردنو داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمە نارەواو داسەپاوەکان لە سەر خۆی دەکات.
ئەوەی کە ڕوونو ئاشکرایە، لە نێو سیستمی کۆماری ئیسلامیدا هیچ بایەخێک بە گیان، ئازادیو کەرامەتی مرۆڤ نادرێت، ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهـ، لە سەرتاسەری ئێراندا دژی ئازادیو مافی مرۆڤ لە هیچ تاوانێک ناسڵەمێتەوەو بەتایبەت لە نێو نەتەوە ستەملێکراوەکاندا تاوانو بێدادیەکانی چەند قاتە دەبنەوە.
لە نێو هەموو نەتەوەکان لە ئێراندا ڕۆڵە ئازاو ئازادیخوازەکانی ئەو نەتەوانە هەن کە کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە لە زیندانی خستوونو لە نێو نەتەوەی کوردیشدا ژمارەیکی زۆر لە مافویستانی کورد ئێستاش لە زیندانەکانی ئەم ڕێژیمە دژی ئازادیەدا بە بارمتە گیراون، بۆیە دەنگی ناڕەزایی سدیقی کەبوودوەند دژ بە بێدادیو ستەمکاریی بێدادکاکانی ڕێژیم بە نیسبەت ئەوەوە، دەنگی هەموو زیندانیانی سیاسیی نەتەوەکانو بەتایبەت نەتەوەی کوردە کە خوازیاری ئازادیو ژیانی ئینسانین.
ئێمە وەکوو دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای پشتیوانی لە داخوازیی محەممەد سدیق کەبوودوەند بۆ ئازادیو هەڵگرتنی بێدادی لەسەر ناوبراو، پشتیوانی لە ئازادیی هەموو زیندانیانی سیاسیی نەتەوەکانی ئێرانو بەتایبەت نەتەوەی کورد دەکەین.
داواکارین هەرچی زووتر کەبوودوەند لە زیندان ئازاد بکرێ.
لە پێناوی سەرخستنی ئەم داواکاریەو ئەم پشتیوانیەدا داوا لە هەموو ئەندامو لایەنگرانی حیزبی دێموکرات دەکەین کە چالاک بن وبە هەر شێوەیەک کە ئیمکانو دەرەتانیان هەبێ لەو پێناوەدا تێ بکۆشن.
هەندێک لەو ئیقدامانەی کە دەکرێ بەڕێوەی ببەن، بریتین لە:
١ـ وەڕێخستنی کەمپەینی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ ئازادیی کەبوودوەند.
٢ـ لە شارەکانی کوردستانی باشوورو لە شارە ئورووپاییەکاندا ئەندامانی حیزبی لە پێناوی گەیاندنی دەنگی ئازادیخوازیی زیندانیانی سیاسیی کوردو بۆ پشتیوانی لە داخوازیەکانیان چالاکانە هەوڵ بدەن.
٣ـ لە هەر شوینێکی وڵاتانی ئورووپاییو بەتایبەت لە شارە گرینگەکانی ئورووپا لە بواری سیاسیەوە، وەکوو بروکسێلو پاریسو ژنێڤو ... کۆبوونەوەی پشتیوانی لە کەبوودوەندو ئازادیی زیندانیانی سیاسی بەڕێوە ببرێ.
٤ـ نوێنەری پێوەندیەکانی حیزب لە وڵاتانی دەرەوە لەگەڵ ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، بەشی مافی مرۆڤی وەزارەتەکانی دەرەوەی وڵاتان، پێوەندی بگرنو داواین لێ بکەن بۆ ئازادیی محەممەد سدیق کەبوودوەند، کۆماری ئیسلامی بخەنە ژێر گوشارەوە.
٥ـ ئەندامانی حیزبیو ڕێکخستنەکانی حیزب بە هەر شێوازیکی دیکە کە بۆیان دەڕەخسێت لە پێناوی پشتیوانی لەو داخوازیەدا چالاک بنو هەروەها هەوڵ بدەن کە هەرچی زیاتر سەرنجی خەڵكی کوردو بیروڕای گشتیی ڕۆژاواییەکان بۆ لای پرسی داخوازیی ئازادیی کەبوودوەندو ئازادیی هەموو زیندانیانی سیاسیی کورد ڕابکێشن.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
١٣ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی
٢ی ژوئەنی ٢٠١٦ی زایینی
-----------------------------------------------------------------------------------------------
بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرو ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه

