مێژوو بەتایبەتی مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان گەلێک هەورازو سەرەولێژو هەڵدێری بەسامی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام کوردو دۆزەکەی نەشکاون دوای سەدساڵ دابەشکردنی بەفەرمی کوردستان وا لەسەر مێزی کاراکتێرە سیاسییە نێودەوڵەتیەکان دەوڵەتی کوردی خەریکە بە قووڵی موتالعە دەکرێ هەمان ئەو ئستراتیژیەی کە شێخ مەحموودی بەرزنجی شێخ عوبەیدوڵای نەهری فەرزەندەو سمکۆی شکاک تا سەرکۆماری کوردستانو هەنووکەش حیزبە نیشتمانیەکانی گۆڕەپانی خەباتی کورد لە هەر چواربەشەکەیدا وا خەریکە تێکۆشانیان ئەو بەرهەمە دەڕسکێنێ کە کورد بە پانتایی مێژوو خەونی پێوە دەبینێ!
ئەویش چ خەونێک؟ خەونێک کە خەریکە لە ڕئال دا دەبێتە ئەو پوتانسێلە دووژمنانی کوردو ڕێکخەرانی پەیمانی شوومی سایکس پیکۆ بەردی پەشیمانی لە ئەژنۆی خۆیان دەدەن
ئەیا کورد بێ توانابوو لە ڕێکخستنی کیانێکی سەربەخۆیی دا یان داگیرکەرانی ئاوو خاکی کوردستان بە هێز تر بوون؟ جوڵانەوەکانی دوای ئەو هەرەسە پێمان دەسەلمێنن کە کورد ناسەرکەوتوو نەبوو، ئەو سەرەنگرێبوونە وای لە کورد نەکرد ڕێگای ڕزگاری خۆیی نەناسێ
ڕاستە هەتا ئێستاش ئەو هۆکارانەی ئەو پەیمانەیان ڕێکخست بە تەواوی قاشەبڕ نەبوون هەم فاکتە ناوخۆییەکان هەم فاکتە دەرەکیەکان تا بە هەنووکەش کارتێکەری نێگەتیڤی خۆیان هەر ماوەتەوە، بەڵام خاڵی پۆزەتیڤ ئەوەیە کە کورد لە ئیرادەکردنی ڕزگاری خۆیی دا لەوەش گرینگتر دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی وا پلانی خۆی هەیە، دۆستو دوژمنانی کورد ئەوە دەزانن کە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا تا جوغرافیایەکی کوردستانی نەبێت ژئۆپۆلۆتیکی ئەو ناوچەیە ناتوانێ قسە لە بابەتی ژئۆئستراتیژیکی وەک دێموکراسیو سۆسیالیزم بکا:
کورد سەلماندوویەتی کە ئیرادەی ئەمڕۆی لێبڕاوترە لە ئیرادەی دوێنێی
هەر چوار دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان لە زۆر پەیمانی بە ئاشکراو نهێنی دا سیاسەتی ژینۆسایدی کوردیان گەڵاڵە ڕێژی کردووە،لەگەڵ ئەوەشدا هەنووکە کورد لە گەڵ چوار دەوڵەتی داگیرکەرو دەوڵەتێکی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی بەنێوی داعش لەشەڕ دایەو بەهیچ هێزێک ناتوانرێ چۆکی نەهامەتی بە بەژنی کورد دا بهێنرێ
لە دونیای ئەوڕۆ دا کوردو پێناسەکەی پێشمەرگە لە دونیا دا توانیویەتی سیمایەکی دژە ترۆرو دژە داگیرکەر بە دونیا بناسێنێو بەجیهان بوونی ئەو ڕاستی حاشا هەڵنەگرەی کە کورد دەتوانێ پاڵپشتێکی بەهێزبێت بۆ وڵاتانی ڕۆژئاواو سەلمێنەری لۆژیکی دێموکراسییەکی بەرینو بێ هاوتا بێت
لەکورتە نوسینێکی ئێرەدا ناکرێ بەوردی لەسەر هەموو فاکتەکانی چۆنێتی پێکهاتنی سایکس پیکۆ قسە بکرێ، چوونکە دەرەتانێکی ئاوا پێویستی بە چەمکی ماتریالێکی مێژووی هەیە کە لێرەدا دەرەتان تەنگەبەرە، بەڵام تەنیا خاڵێکی کە زۆر گرینگە لە ئەزموونی سایکس پیکۆدا پێداچوونەوەی پێدا بکرێ خاڵی دوبەرەکی نێو ماڵی کوردە ئەمڕۆ کورد دەبێ تێبگا کە بەشی زۆری کەوتنەکانی لە ئەنجامی ئەو فاکتە نێگەتیڤەیە کە کورد ئەرکدار دەکا بۆ کۆکردنەوەو وەسەریەک خستنەوەی وزەو هێزی نەتەوەیی شێلگیرانەتر هەوڵ بداو فترهەنگو دابوونەریتی دژایەتیو لە قەڵەمەی قاچی یەکدان بخاتە نێو زبڵدانی مێژووەوە
دوای سەدساڵ پەیمانی سایکس پیکۆ هەنووکە کورد بەخولیاکانی دەگا ئەوەش بابەتێکە کەپێمان دەڵێ کورد بەهیچ پیلانێک ناسڕێتەوەو هیچ گەڵاڵەیەک ناتوانێ کورد بە نادەوڵەتو نەتەوە پێناسە بکات
پەیمانی شوومی سایکس پیکۆ دووەمین تێخی پڕ ژەهرە لە جەستەی جوگرافیای کوردستان، تێخێکی ژەهراووی کە ڕۆژ نیە بەچاوی خۆمان نەیبینینو نەتوانین قەڵغانی بەرگری وەپێشی بخەین! ئەگەر چاو بەدەوروبەری خۆماندا بخشێنین دەبیین وڵاتانێکی زۆر هەنە کە بیست لە سەدی ئێمەی کورد خاوەن هیچ کلتوورو دابوونەریتێک نین، بەڵام خاوەن ژئۆپۆلۆتیکی تایبەت بەخۆیانن! مخابن ئێمەی کورد تا بە چەن دەیەی ڕابردوو نەمانتوانیوە خەونی بەرینی هەرتاکێکی کورد وەدی بێنینو ڕاسانی دەوڵەت بوون لەسەر نەخشەی جیهان زیندوو کەینەوە،
لەدوای سەد ساڵ دابەش بوونو دابڕانو سەرهەڵدانی چەندین میرنشینو شۆڕشی مەزن لە هەر چواربەشی کوردستان بە خۆشحاڵییەوە وا دەبینرێ سەرەڕای بوونی چەندین فکرو هزری جۆراوجۆر بەیک دەنگو یەک ڕەنگ لە وڵاتانی دەرەوە لەژێر یەک ئاڵاو بەزمانێکی پڕ حەماسەت کۆڕگێڕیو میتینگی مەزن بۆ یەکبوونو یەکڕیزی ماڵی کورد دەگیردرێ،
وەهەروەها خاڵێکی گرینگ کە دەبێتە جێی تێڕامانو خەونو خولیای ئێمەی کورد زۆرتر دەبووژێنێتەوە ئەوەیە کە پاش ئەو هەموو پێکناکۆکیە بە دیالۆگو دانوستان هەموو کێشەو گرفتەکانمان چارەسەر دەکەینو وەکوو پێشتر سەنگەری ناکۆکیو دژایەتی لەیەک گرین،
هەموو ئاماژەکان ئەوەی دەردەخەن کە بۆ جارێکی دی شەڕێکی یەکتر سڕینەوە لەنێو ئێمەی کورد دا چێ نابێتەوەو هێمای یەک بوونو پاڵپشتی بەهێز بووە بە پاڵدەرو گووشارێکی قوورس بۆ بوون بە دەوڵەتی کوردیو ڕیسوا بوونی پەیمانی سایکس پیکۆ.
---------------------------------------------------------------------------------------------------
بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرى ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه

