باسی رێفراندۆمی کوردستان باسی هەڵتەکاندنی ژێرخانی جوغرافیای سیاسیی هەموو ناوچەکەیەو کاریگەریی راستەوخۆی دەبێ لەسەر پێداچوونەوە بە هەڵوێستە سیاسی ئابوورییەکانی ناوچەکەو جیهاندا بۆ لانیکەم پەنجا ساڵی دیکە.
رێفراندۆمی باشووری کوردستان خۆڕسکانە نەخشەرێگەی رێفراندۆم لەهەموو بەشەکانی کوردستاندا خۆش دەکاتو وای لێدێ کە گەر لە سبەی رۆژدا لە بەشێکی دیکەی کوردستاندا باسی رێفراندۆم بۆ جودابوونەوە لە ئێران، تورکیە یان سوریە بکرێ، چ لە ئاستی نێوخۆیداو چ لە ئاستی دەرەوە، ئەو هەڵوێستە نابێتە هۆی سەرسوڕمانێکی پڕ لە نییەتی دوژمنی لە لایەن نەتەوەو وڵاتانی داگیرکەری کوردستانو نەتەوەو وڵاتانی دیکەی جیهان لە لایەکی دیکەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە هەر ئەو هەنگاوەی باشووری کوردستان باوەڕبەخۆبوونێکی زۆر دەدا بە بەشەکانی دیکەی کوردستانو لە ئەگەری سەرکەوتنی رێفراندۆمی باشوور وپێکهاتنی کوردستانێکی سەربەخۆ لەو بەشە، رای گشتیی کوردی لەبەشەکانی دیکە زیاتر خۆی زانستی دەکاتەوەو ئەودەم قۆناغی "حەز، پلانو کردەوە" جێبەجێ دەبێ.
تورکەکان دەکرێ لە کورت ماوەدا نیگەران بن لە دروستبوونی ئەو وڵاتە ، بەڵام بە چەند هۆکار بە پێچەوانەی مەیلی خۆشیان هەر قەبووڵی دەکەن.
یەکەم ئەوەی کە تورکیە وڵاتێکی پیشەسازییە بەڵام ئێنرژیو ووزەی نییەو پێویستییەکی زۆری بە نەوتو گازی کوردستان ئەبێو نەتەوەی تورکیە دەتوانن لە داهاتوودا لە رێی کوردستانەوە خۆیان لە هەژموونی هێزو نەوتو گازی روسو ئێرانییەکان بپارێزنو ببنە کڕیارێکی باش بۆ کوردستانو لە بەرانبەردا کوردیش بتوانێ لەو پیشەسازییەی ئەوان کەڵک وەرگرێ. هاوکات تورکەکان لە سیاسەتەکانی خۆیاندا پێداچوونەوەیەک دەکەنو دیسان ناسیۆنالیزمی تورکی بۆ قۆناغی پاش دامەزرانی دەوڵەتی کوردی بەهێز دەکەنەوەو ئەودەم دەتوانن زیاتر لە ئیسرائیل نزیک ببنەوەو ببنە هێزێکی نزیک لە کوردو ئیسرائیل لە پاش لەسەرکار نەمانی دەسەڵاتی ئاکەپە کە هەوڵی ئەوەیە تورکیە بەرەو سەردەمی عوسمانییەکان بباتەوە. گەر بێتو رەوتی دەسەڵاتدارەتیی ئائینیش هەر لە تورکیە سەقامگیر بێ، ئەوە دیسان دەتوانێ بە قازانجی کوردستانی سەربەخۆ لە باشوور بێو لە گەمە سیاسییە ناوچەییەکاندا لەگەڵ یەکدی مامەڵە بکەن. تورکەکان باشتر لە هەموو کەس دەزانن کە گەیشتنی کورد بە سەربەخۆیی داوایەکی بناغەیی کوردو مەحاڵە کورد بەو داوایە نەگات. کەواتە باشتر بۆ ئەوان ئەوەیە کە دەمارگرژانە روبەڕووی نەبنەوەو قەبووڵی بکەن. گەر بێتو تورکیەش لە داهاتوودا دابەش ببێ، دیسان وڵاتی تورکیە کۆمەڵێک خاڵی بەهێزی دیکەی هەیە کە دەتوانێ باڵانسی خۆی لە ناوچەکەو لە جیهاندا بپارێزێ. ئەمە لە کاتێکدایە کە کورد بە رەزامەندیی ئیسرائیلو تورکیەو عەرەبستانی سعودیو بە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی، دەتوانێ ئاسانتر بگاتە سەر دەریای ئازاد.
ئێران وڵاتێکە کە زۆر بە شێوەیەکی ریئالیستی دوژمنەکانی خۆیان پێناسە دەکاو لە بەرانبەریدا هەرچییان لەدەست بێ ئەنجامی دەدەن. ئەوان لە ناوەوە ئائین دەکەنەوە چەکێکی گەورە بۆ یەکپارچەییو لە سیاسەتی دەرەوەشیاندا وانیشان دەدەن کە پابەندن بە سیاسەتە نێودەوڵەتییەکانو سیاسەت دەکەن نەک دینداری.
ئەو رێژیمە بەو ئیدئولوژییە بەرچاوتەنگەیەوە کۆمەڵێک حەزی گەورەی بۆ خۆی داناوا کە حەزی هەرە گرنگیشی فەرمانڕەوایی تەواوی جیهانی ئیسلامەو بەمەش نیشان دەدات لە لیبرالیزمی ئائینیو ریفۆرم لەو رێژیمەدا بابەتێکی خەیاڵییەو نابێ چاوەڕوانی بی.
لەگەڵ ئەو هەموو پەلهاوێژییەی، رێژیمی ئێران تەنیا لە نەتەوەیەک دەترسێو دڵی لێی تۆقیوە. ئەو نەتەوەیەش نەتەوەی کوردە.
گەر سەرنج بدەین ، دەبینین کە رێژیمی ئێران لە کوردستاندا بۆ پووچەڵکردنەوەی زیانەکانی کورد، بەردەوام هەوڵ دەدا مەزهەبی شیعەی تێدا بڵاو بکاتەوە لە رێی گوایە یارمەتیدانی ماڵیی خەڵک، دامەزرانی ناوەندی جیاجیای خێرخوازی لە باشووری کوردستانو هەروەها کردنەوەی حوسەینییەو زۆر شتی دیکەی لەو بابەتە. ئەوە لە کاتێکدایە هەوڵی ئەوەش دەدات لەو ناوچە کوردنشینانەی کە خەڵکەکەی شیعە مەزهەبن، پاشکەوتێکی مەزهەبیی وا بکات کە ببێتە هەوێنی کێشەو ململانێکانی داهاتوو.
رێژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەوەی زۆر هەوڵ دەدا لە کورد نزیک بێتەوە لە باشوورو باکوورو باشووری رۆژئاوا، لە هەمانکاتدا هەردەم پێی وایە کورد خەنجەرێکی دوو دەمەو لەوانەیە رۆژێک لە کۆنترۆڵی دەرچێو بچێ بە زگی خۆیدا.
بۆیە زۆر بە پارێزەوە نزیک دەبێتەوە لە کوردو وەک ئەوە وایە پێش لەوەی کە بیەوێ بە رێگەکەدا تێپەڕ ببێ، پێویستە مینەکانی بەرپێی هەڵگرێتەوە. نزیکایەتیی ئێران لە شیعەکانی عێراقیش لەگەڵ ئەوەی بە قازانجی ئەو رێژیمەیە لە کورت خایەندا، لەوانەیە لە داهاتوودا یەکێک بێ لەو زەربە گەورانەی کە وەبەر یەکگرتوویی ئێران دەکەوێ، لەبەر ئەوەی بوونی شیعستانێکی عەرەبی لە عێراقی داهاتوو، هێزو ورەیە بۆ شیعستانێکی عەرەبیی سەربەخۆ لە ئێرانی داهاتوودا کە ئەبێتە هۆی ترازانێکی گەورەی جوغرافی سیاسی لە جوغرافیای ئێرانو ئەمەش لە درێژخایەندا دەتوانێ بە قازانجی کورد بێ لە رۆژهەڵات.
بابهتی پێوهندیدار:
رێفراندۆمی کوردستان - بەشی یەکەم!
---------------------------------------------------------------------------------------------------
ـ بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرو ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه

