شەرو تێکڵچوونەوەی سەر لە نوێی هێزی پێشمەرگەی کوردستانو میلیشیا چەکدارەکانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو کە شەهیدیو برینداری لە ڕۆڵەکانی گەلی کورد لێکەوتەوە، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بە دەسیسەو پیلانی ئاژاوەگێڕانەی کاربەدەستانی حکوومەتی ئاخوندی ئێران دووبارەبوویەوەو نیازی تاران ئەوەیە بە ڕێگای ململانەی تایفیو مەزهەبیو نیزامیدا باڵی تونڕەوی شیعەی هاوپەیمانی عێراقی گوێلەمستیان بەسەر ئیرادەی خەڵکی کوردستان لە ناوچە کوردیەکاندا فەرزبکاتەوە. کاربەدەستانی حکوومەتی ئاخوندی کە ڕاستەوخۆ حوکمی بەغدا دەکەن، هەوڵدەدەن قورساسی بارگرژیو نائارامیەکانی ناوەندو خوواری ئێراق بۆ کوردستان بگوازنەوەو بۆ ئەوە مەبەستەیە حەشدی شەعبی لە خورماتووو ناوچەکێشەلەسەرەکان دەرکەوتووەو جار بەجار شەر بەکورد دەفرۆشن. بەئاشکرای دیارە کە رووداوەکانی ئەو چەند ڕۆژەی ڕابردووی خورماتوو دەستی ڕێژیمی ئاخوندی ئێراندا تێدایەو ئەگەر ئەو وڵاتە فەرمان دەرنەکات، هیچ حەرەکەیەکی شیعەی ئێراق ناتوانێت جمووجۆڵی لانیکەم سەربازی بەدژی هێزی پێشمەرگەو خەڵکی کوردستان ئەنجامبدات. ئێران بە ڕێگای پەرەپێدانی ئاژاوەو ناکۆکیەکانی نێوان شیعەو کورد دەیهەوێت بیروڕای سیاسیو نەتەوەی ڕۆڵەکانی ئەوبەشەی کوردستان سەبارەت بەپرسی "ڕیفراندۆم" کە بڕیارە لە مانگی ٩ی ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت بە ئاڕاستەیەکیتردا بەرێتو حومکڕانی سیاسی کورد سەرقاڵی چارەسەرکردنی ئەو مەسەلەیە بکات. ڕێژیمی ئاخوندی هەرگیز نابێتە ئەو دۆستەی خەڵکی کوردستانو هێزە سیاسیەکانی ئەو بەشەی کوردستان کە هێندێك لایەنی کوردی کیسەیان بۆ هەڵدرووەو ئەو وڵاتە بە دۆستو هاوپەیمانی خۆیان لە قەڵەمدەدەن بەدڵنیایەوە لە سەر هێلێکی بەتەواوی هەڵە سیاسەتیان داڕشتووەو دوژمنی خاكو نیشتیمان نابێتە دۆستی خوێنو دڵسۆزی نەتەوەی گەلی کورد.
دەسەڵاتدارانی تاران لە دەرفەت دەگەڕین بۆ ئەوەی بەڕێگایەکدا ئەزموونی حوکمڕانی سیاسی کوردلە با باشوری وڵاتدا لە نێوبەرن. حەشدی شەعبی بەهۆی پێك هاتەو بنەمای فیکریو بەستراوە سیاسیو ڕێکخراوەیان بە کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەگەر رەزامەندیو گڵۆپی سەوزیان لە لایەن تارانەوە بۆ هەڵنەکرێت، ناتوانن بەو جۆرە لە ناوچەکوردستانیەکاندا خۆیان بەدەربخەن یان هەوڵی خۆسەپاندنیان بدەنو شەر بەکورد بفرۆشنەوە. گەلی کوردو سەرکردایەتی سیاسیو بەتایبەت ئەو هێزانەی باشور کە دۆستایەتی نزیكو مێژوویان لە گەڵ ئەو ڕێژیمەدا هەیە، دەبێت زۆر بەرچاوروونترو چاو کراوەتربن لە ئاستی ئێرانو حەشدی شەعبیدا، چوونکی هەر کاتێك بیان هەوێت پەلاماری کوردستان دەدەنەوە. ئەوە بۆ جاری چەندەمە کوردو لایەنی ئێرانیو شیعەی ئێراق هەوڵیانداوە بە ڕێگای گفتووگۆی سیاسیو ئیدارییەوە بگەنە ئەنجامی چارەسەرێکی گشتی لەبارەی قەیرانی خورماتوو. هەروەك دەرکەوتووە لە کۆبوونەوەکانی پێشووتریشداوەڤدی کوردیو شیعە بە دانوستاندن کێشەکانیان بەلایەکدا خستووەو هەردوولا لەسەر ئەوە کۆکبوونەکە سەرپێچی لە گێرەشێوێنان قبووڵ ناکرێت. دیارە هاتنی میلیشیای حەشدی شەعبی بۆ خورماتوو، لە ڕاستیدا بە پیلانگێڕی دادەنرێو مەبەستی ئەو میلیشیایە دروستکردنی پەشێویو ئاژاوەگێڕیە لە ناوچەکوردیاکاندا کە بە درێژای مێژوو کورد خوێنی لە پێناودا داوە. سەرکردایەتی سیاسی لە باشوری کوردستان دەبێت لەو پەیوندیەدا ستڕاتیژی سیاسیو نیزامی خۆی بگۆڕێتو ناکرێت لەسەر خوێنی شەهیدانی ئەو ناوچانە مساوەمە لە گەڵ لایەنێكدا بکرێت کە لە هیچ روویەکەوە مافی بەسەر ئەو ناوچانەوەنیەو هاتنیان هۆکاری سەرەکی بارگرژیو شەری تایفیە لە خورماتوودا. کاتی هاتووە کورد بە مێژووی چەند ساڵەی پەیوەندیەکانیدا لە گەڵ لایەنی شیعەو سوننەی ئێراقدا بچێتەوەو بەدڵنیایەوە هیچکام لەو دوو پێك هاتە ئاینیو تایفیە دۆستی کورد نینو لەهەر کوێیەك بۆیان بلوێ زیان بە کوردو دەسکەوتەکانی دەگەیەنن. حکوومەتی هەرێمی کوردستانو سەرۆکایەتی ئەو هەرێمە لە قۆناخی ئەمڕۆدا ئەرکێکی گەلێك گرینگو هەستیاری مێژوویان لەسەرشانەو بۆ یەك لایکردنەوەو چارەسەرکردنی کۆی قەیرانەکان لە گەڵ ناوەندو حەشدی شەعبی پێویستی بەیەك ڕیزیو هاوهەڵوێستی سیاسیو نەتەوەی نێوماڵی خۆی هەیەو ناکۆکیە نێوخۆیەکان لە پێناوی ئامانجی گەورەترو چارەنووس سازدا وەلابنرێنو بیر لە بیناکردنەوەی سەرلەنوێێ بیری نەتەوەیو ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی بکرێتەوە. کورد دەمێکە لە ناوەندەوە جوابکراوەو هەر بە روتینی لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەدا ماوەتەوەو هیچ خێرێکی لە حکوومەتی بەناو فیدڕاڵی بەغدا پێنەگەشتووە.
---------------------------------------------------------------------------------------------------
ـ بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرو ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه

