بە هاوکاریی تەنگاتەنگی ئێرانو عێراق، داعش بە ئاسانی بە چەند سەد کەسەوە موسڵی گرتو زیاتر لە نۆسەد کیلۆمتر سنووری لەگەڵ باشووری کوردستان پەیدا کردو عێراق تەنیا پازدە کیلۆمتر سنووری لەگەڵ کوردستاندا مایەوە. مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێی وابوو لەو دەرفەتەی پێکهاتووە کە مادەی ١٤٠ بە کردەوە کۆتایی پێهاتووەو هەنووکە حکومەتێکی دیکەیە کە هاوسنووری کوردستانە نەک حکومەتی ناوەندیی عیراق، بانگەشەی ئەوەی بکات کە پێویستە رێفراندۆم بکرێ بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان کە ئەوەش هەنگاویکی بەجێ بوو لە سەرکردەیەکەوە کە ریسک دەکاتو ئامرازەکانی ئەو ریسکە بە ئامادە دەبینێ بۆ سەرکەوتن.
لە بیرمان بێ کە لە کاتی هاتنی داعش بۆ موسڵ ،کوردستان لە سەقامگیرییەکی سیاسیو ئابووریی وادا دەژیا کە ماڵی کوردی لە باشوور زۆر باشتر لە ئێستە بوو. حیزبەکان تەباتر بوون لە گەڵ یەکدی، شرۆڤەی دوورخایەن دەکرا بۆ رووداوەکانو کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ لە بواری رۆشنبیریو زانستییەوە هەنگاوی بەرەو پێشەوە دەنا. هەرێمی کوردستان خەریکی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریو هەناردەکردنی نەوت بوو لە رێی تورکیەو لە ئاستی سیاسیو ئاکادێمیدا ،شەڕی گواستنەوەی نەوتو بۆرسی جیهانیی دەکرد.
ئێران وەک درواسێیەکی ژەهراویو ژەهرێک کە نەیەوێ ئاسەواری کاریگەرییەکەشی دیار بێ، لە چەند لاوە هەوڵی دا تەنگ بە باشووری کوردستان هەڵچنێ.
نەخشە رێگەی ئێران بۆ لیدانی کورد ئەم خاڵانەی خوارە بوونو هەن:
١.بڕست بە کورد ببڕێو نەهێڵی باشووری کوردستان کاتی هەبێ بۆ وروژاندنی دۆزی کورد لە باشووری رۆژئاوا ( کوردستانی سوریە) ،لە ئاستی نێودەوڵەتیداو هەوڵ نەدا کە ماڵی کورد لەوێ تەبا بێو نزیک بن لە یەکدیو کارتی کورد بەهێزتر نەبێ لە ناوچەکە.
٢.لە بەرانبەر نزیکایەتیی حکومەتی هەریمی کوردستان لە تورکیە، هەوڵ بدات هەردەم پێگەی خۆی لە رێی حیزبەکانی نزیک لە خۆیەوە لە باشووری کوردستان بەهێزتر بکاتو بەردەوام هەڕەشە بێ بۆ سەر پارتی دێموکراتی کوردستانو ئەزموونی بە دەوڵتبوونی باشوور.
٣. بەغداو بەشێک لە باشوور بە کردەوە بکاتە مەیدانی رمبازێنی خۆیو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا مامەڵەیان پیوە بکات.
٤. لە رێی داعشەوە ناوچە سوونییەکان وێران بکاتو دێموگرافیی ئەو ناوچانە لە درێژخایەندا بگۆڕیو هاوکات بە بەهانەی هێرش بۆ سەر داعشیشەوەو بە کەڵکوەرگرتن لە فەتوای مەرجەعی شیعەکان لە عێراق واتە ئایەتوڵا سیستانی " حشد الشعبی" یان هەمان " بسیج مردمی" کە لە ئێراندا هەیە دامەزرێنێو ئەو سپایە بکاتە هێزێکی سەرکوتکەر لە عێراقداو نەهێڵی کەس سەر بەرز بکاتەوە. رێژیمی ئێران لە ئەزموونی دامەزرانی سپاسی پاسدارانو بەسیجی ئێران بۆ ئەم بابەتە کەڵکی وەرگرتووەو هێشتا بە کردەوە دەرنەکەوتووە کە ئایا ئەو هێزە دەتوانێ لە عێراقدا رۆڵی بەسیجو سپای پاسداران بگێڕێ وەک ئەوەی ئێران یان نا.
بەڵام نیشانە بەراییەکان ئەوە دەڵێن کە پێناچی بتوانێ وەک ئەوەی لە ئێران کارێگەریی هەبووە لە دوای شۆڕشی گەلان لەو وڵاتە، لە عێراقیشدا وا بچێتە پێش.
٥. رێژیمی ئێران شارە کوردییەکانی باکووری کوردستانی تووشی شەڕێکی ئاڵۆز کردو لە راستیدا پارتی کرێکارانی کوردستانی بە سەر هەڵەیەکی گەورەدا بردو تووشی شەڕی کرد بۆ ئەوەی کارتێکی گووشار بۆ سەر تورکیە دروست بکات بۆ ئەوەی لە سوریەو عێراقو ناوچەکە نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئێرانو هاوکات بە پێش چاوی کوردو پەکەکەشەوە دەچنە ئانکاراو ویلایەتی، راوێژکاری سەرەکیی خامنەئی بۆ بابەتە نێودەوڵەتییەکان دەڵێ: ئێمە رازی نابین بە هیچ شێوەیەک تورکیەی وڵاتی برامان تووشی دابەشبوون ببێ. واتە لیرەدا ئەیانەوێ بە تورکیە بڵێن کە وەرە با رێکەوینو نەهێڵین کوردەکان بتوانن ببنە خاوەن کیانی سەربەخۆ.
٦. ئێران بەردەوام هەوڵ دەدا کە پیوەندیی خۆی لەگەڵ پارتی دێموکراتی کوردستان دروست بکاتەوەو ئەوەی کە ئایا ئەو پێوەندییە دروست ببێتەوە یان نە، بەرژەوەندییە نزیکو دوورەکانی ئەو دوو لایەنە دیاریی دەکەن. هەربۆیە رێژیمی ئێران لە هەوڵدایە کە لقو باڵە ئابووریو سیاسیو سەربازییەکانی پارتی دێموکرات لێبدات بۆ ئەوەی بتوانێ بیباتە سەر مێزی وتووێژێک کە ئاکامەکەی وابێ پارتیش وەک لایەنەکانی دیکەی باشوور، ئێران وەک باڵادەستی خۆیان قەبووڵ بکەنو ملکەچی بەغدا بن. لە سیاسەتدا هیچ شتێک دوور نییە، بەڵام لەم بارودۆخەی ئێستادا بە دووری دەزانم کە رێژیمی ئێران بەو شتانە بگات کە مەبەستێتی.
ئەو خاڵانەو کۆمەڵێک خاڵی وردی دیکە ئامانجە نزیکەکانی رێژیمی ئێرانن بۆ ئەوەی داهاتووی ئێران لە پارچە پارچەبوون بپارێزێ. من لەو باوەڕەدام ئوپوزیسیۆنی ئێرانیش بە چەپو راستەوە کە ئێستا خۆیان مات داوە، هەموویان لەگەڵ ئەو جوڵانەی رێژیمی ئێراننو بۆیان گرنگ نییە ئەو رێژیمە لە کوێ سەرکووت دەکات یان نایکات. تەنیا ئەوەیان بۆ گرنگە کە ئەو رێژیمە نەهێڵی وڵاتێک بە ناوی کوردستان پێکبێ لە ناوچەکە، لەبەر ئەوەی ئەوە بە هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتی نەتەوەییو خاکیی خۆیان دەزانن.
---------------------------------------------------------------------------------------------------
ـ بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرو ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه

