کۆمەڵگای ئێران لە دوایی هاتنە سەرکاری ئیسلامی یەکانو دامەزراندنی سیستەمێکی ئیسلامی، لەڕوویی بەدیهێنانو دەستەبەرکردنی ئامانجو مافو ئازادی یەکانی خەڵکی ئێران بەگشتیو خەڵکی کوردستان بەتایبەتی ساڵ لە دوایی ساڵ لە پاشەکشەدایەو هەنگاوی بۆ دواوەناوە. کۆمەڵگایی ئێران بە هۆی زاڵبوونی سیستەمێکی کۆنەپەرستانەو ڕەجعی ئیسلامی لە ناو چەندین گرفتو کێشەی جۆراوجۆری سیاسیو ئابوورییو چینایەتیو کۆمەڵایەتیو. .. و... هیتد گیرۆدەبووە، ساڵ لە دوایی ساڵ سەرجەم گرفتو کێشەکان لە جیاتی چارەسەر بوونەتە قەیرانی کوشندە لە ناو کۆمەڵگادا. هەر چەند ساڵ جارێک کاربەدەستانو لێپرسراوانی ڕژێمی کۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێران شانۆگەری هەڵبژاردنو دەنگ دان بەگەڕدەخەنو کاندیدکراوان چەندین بەڵێنی درۆینەی جۆراوجۆری چاکسازی کردنو. ... و... هیتد بە خەڵک دەدەن بەڵام کاتێک دەردەچنو دەچنە پەرلەمانو دەبنە بەرپرس، کێشە وگرفتەکانی خەڵکی ئێران دووبارەو چەند بارە دەبنەوە. لەوانە کێشەو گرفتی گەنجانو لاوانی ئێرانو هەبوونی گەشەی بێکاریو بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر بەپێی پلانو بەرنامەی بەرپرسانی ڕژێم لە ناو گەنجانو لاواندا، نەبوونی ئازادی ڕادەربڕینو ئازادی گۆرانیو سەماو هەڵپەکێی کچان وکوڕان بەیەکەوە، کێشە کانی ژنانو کچان سەرتاپایی کۆمەڵگایی ئێرانی گرتۆتەوە، بازرگانی کردن بە ژنانو کچانی ئێرانی ساڵ بە ساڵ لەگەشەکردندایە، بەپێی سەرچاوەی ڕاگەیاندنەکان، بازرگانی کردن بە ژنانو کچان کە لە لایەن چەند گرووپی جیاوازەوە ڕێک دەخرێتو بۆ وڵاتی ئیماڕاتو عێراقو هەرێمی کوردستانو وڵاتانی ئەوروپا دەبردرێت، لەوێ ناچار بە لەشفرۆشیو کارپێکردنی زۆرەملێ دەکرێن، کێشەو گرفتەکانی بەساڵاچوانی ئێران هەر لە نەبوونی بیمەی تەئمینو ئیجتماعی یان پارەیەکی کەم وەردەگرن بەشی پێداویستی یەکانی تەندوستیو خۆراکیان ناکات.
لە زۆرێک لە شارەکانی ئێراندا بە ڕێژەیەکی زۆر دەبیندرێت بەساڵاچوان ناچاری سواڵکردننو بە شێوازی کوللە مەرگی ژیان دەگوزەرێنن، کێشەو گرفتەکانی کرێکارانو زەحمەتکێشانی ئێران کە ڕۆژ لە دوایی ڕۆژ زیاتر دەبێت، دەردو کێشەو نەهامەتی زیاتر بەرۆکیان دەگرێت، هەر لە نەبوونی هەقدەستی تەواوو شایەستە بە بەرهەمو کارەکەیانو نەبوونی بیمەی تەندروستیو کۆمەڵایەتی و.. .. هیتد کرێکارانو زەحمەتکێشان وەک چینێکی گەورەو گاریگەری ئێران کە دەستیان هەیە لە جوڵاندنو بزواندنی باری پێکهاتەی ئابووری دەوڵەتی ئێرانو کوالێتی خوانی هەموو بنەماڵەکانی کۆمەڵگایی ئێراندا بەڵام کرێکاران وجوتیارانو زەحمەتکێشانی ئێران کەمترین سوود لە بەرهەمو سامانی گشتی وڵات وەرناگرن، هەر وەک کۆیلە ئاسا ژیان دەگوزەرێنن، لەژیانێکی ئاسوودەو سەردەمی بێبەشن. کێشەو قەیرانەکانی ئێران ساڵ بە ساڵ زیاتردەبێت. کارل مارکس ووتویەتی ( هەژاری شۆڕش بەرپا ناکات، بەڵکو هۆشیار بوونەوەی هەژارانە شۆڕش بەرپادەکات ) کەواتە چارەسەر تەنها هۆشیاربوونەوەی خەڵکی هەژارو چەوساوەی ئێرانو کوردستانە بۆ بەر پاکردنی ناڕەزایەتیو هێزی بەرینی ئازادیخوازیو یەکسانیخوازی ئێران، ئەگەر خەڵکی ئێرانو کورد ستان ناڕازین بە سیستەمی ئیسلامی کە ڕۆژانە خەڵک لە سێدارەدەداتو زیندانی دەکاتو ئازادییەکان قەدەغە دەکاتو مناڵان ڕاپێچی مەیدانەکانی کار دەکاتو ژنانو کرێکارانو جوتیارانو زەحمەتکێشان دەچەوسێنێتەوەو. .. هیتد، ڕێگا چارەی دروست هاتنە مەیدانی یەکگرتوانەی خەڵکی ناڕازییو چەوساوەیە بۆ تێکۆشان بۆ کارکردن بۆ گۆڕانی سیستەمی ئیسلامی بە سیستەمێکی سیکۆلارو مەدەنیو کۆمەڵگایەکی باشترو دوور لە چەوساندنەوە، ئەمەش بە هاتنە مەیدانی تەواوی خەڵکی ئێرانو کورد ستان مەیسەر دەبێت.
---------------------------------------------------------------------------------------------------
بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرى ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه

