هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

ڕوونکردنەوەیەک لەسەر قسەکانی ئەم دواییانەی بەڕێز خالید عەزیزی

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

ڕاگەیاندنی پەیامی نەۆرۆزیی بەڕیز سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە لەگەڵ پێشوازی گەرمی زۆرێک لە چالاکانی سیاسی‌و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی خۆرهەڵات بەرەوڕوو بووە، مشتومڕێکی زۆریشی لە نێو کۆڕ‌و کۆمەڵ‌و میدیاکانی ئێرانی لە نێوخۆ‌و دەرەوەی وڵاتدا پێکهێنا کە هەرکام لە گۆشەنیگای بۆچوون‌و لێکدانەوەی خۆیان بۆ خەباتی کورد لەو بەشەدا‌و مافەڕەواکانی، ئەو پەیامەیان لێکدایەوە.

 

rookrdnawa_-_pdki_-_12


بەشێک لە میدیاکانی فارسی زمان کە وەک هەمیشە نیگەرانی دابەش بوونی خاکی ئێرانن‌و هەر هاواڕێکی کورد‌و باقی نەتەوە مافخوازەکانی ئێران‌و هەرچەشنە خەباتێکی ئەو نەتەوانە نیگەرانییەکانیان بەهێزتر دەکا، بە چاوی گومانەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەو پەیامە کرد کە ئێمەش چاوەروانییەکی دیکەمان لەوان نەبوو، چوونکە لە تەواوی مێژووی خەباتی کورد بۆ گەیشتن بە مافە زەوت کراوەکانیداو بەتایبەت خەباتی حەفتا ساڵەی حیزبی دیموکرات، بێجگە لەو تەسک بیرییەیان بیر کردنەوەیەکی دیکەی ئەوانمان لە بواری داننان بە مافی کورد بە قەدەر مافێک کە لەو وڵاتەدا بۆ خۆیانی بە ڕەوا دەزانن‌و تەنانەت بڕێکیش کەمتر لەوەمان نەدیتوە.

بەڵام ئەوەی ئێمەی هێنایە سەر ئەو باوەڕەی کە سەبارت بەم بابەتە بینە دەنگ،دەربڕینی هێندێک بیروبۆچوون یان باشترە بڵێین دژ کردەوە لە لایەن بەرێز خالید عەزیزییەوە بوو( کە هیوادارین بیروبۆچوونی حیزبەکەی نەبێ). هەرچەند کاک خالید لە وڵامی پرسیارێکی کاناڵی تەلەفزیۆنی "کوردستان٢٤"دا دەڵێ:" ئەو قسانەی لە کۆبوونەوەکەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرانسە کردوویەتی لە وڵامی قسەکانی کاک مسەفا هیجری(پەیامەکەی نەورۆز) نەبووە". بەڵام کێ هەیە کە پەیامەکەی نەورۆزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی خوێندبێتەوە‌و گوێی لێ بووبێ‌و قسەکانی کاک خالید بە وڵامی ئەو پەیامە نەزانێ؟

خۆ ئەگەر کاک خالید بەرپرسایەتیی سیاسی نەبوایەو وەکوو تاکێک بیروبۆچوونی خۆی سەبارەت بەم پەیامە، ئەویش بەو شێوەیە دەربڕیبا جێگای نیگەرانی نەدەبوو‌و پێویستی بە وڵامدانەوەشی نەدەکرد، هەروەک زۆر کەسی دیکە ئەو پەیامەیان بە ئەرێنی یان نەرێنی هەڵسەنگاندووە‌و لە دەربڕینی خۆیان ئازادن‌و قەزاوەتی کۆتایی بۆ خەڵک دەمێنێتەوە بەڵام کاک خالید وەک سکرتێری لایەنێک کە بە دژبەری کۆماری ئیسلامی ناسراوە‌و دەربڕینەکانی وەک بیروبۆچوونی حیزبەکەی حیسابی لەسەر دەکرێ، ئەو شێوە لێدوان‌و دەرىرینانە بەدەر لەوەی کە چەند راست یان ناراستن وەک بۆ خۆی دەفەرموێ چەند لەسەر بنچینەیەکی واقعبینانە هەڵچێنراون کە ئەوەش بۆ خۆی جێگای باس‌و موناقشەیە، لە ناوەڕۆکی خۆیدا هەڵگری چەندین پەیامی نەرێنین:

پێکناکۆکییەکان لە نێوەڕۆکدا، کاک خالید هەر بۆ ئەوەی دژ کردەوەی خۆی لەبەرانبەر پەیامی نەورۆزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتدا نیشانبدا‌و بە خەیاڵی خۆی لە بایەخی ئەو پەیامە کەم بکاتەوە، بەبێ ئەوەی سەرنجی پێویستی دابێتە پەیامەکە، بۆخۆی وایدانەوە کە لەو پەیامەدا حیزبی دێموکرات ڕادەگەیەنێ کە پێشمەرگە دەنێرێتەوە نێوخۆی وڵات بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر هێزەکانی رێژیم‌و مەسەلەن گوندێک ئازاد بکەن‌و ... کەوتۆتە نێو لێدوانی پێکناکۆکی بەرفراوان بە مەبەستی رەد کردنەوەی ئەو ئامانجە وەهمییە، بەبێ هیچ پێویستییەک. جا ئەو جار بۆ رەدکردنەوەی ئەو گریمانە وەهمییە، دەکەوێتە ئیستدلال کردن. بەرێزیان لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی"کودستان٢٤" دەفەرمێ: خەباتی چەکداریمان بۆ دەکرێ‌و قەتیش رەدمان نەکردۆتەوە‌و لە هەموو دەرفەتێکیش بۆ ئەوە کەلکمان وەرگرتووە. هەروەها دەڵێ: هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەرهەمی خەباتێکی دوور‌و لە مێژینەی حیزبی دێموکراتە‌و هێزی پێشمەرگە دەبێ بمێنێ‌و بەهێزتر بکرێ، چونکە خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دژی کۆماری ئیسلامی خەباتێکی فرە ڕەهەندییە. لە بەشێکی دیکەدا دەڵێ:" لە چەند ساڵی رابردوودا پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە شاهێدیی خەڵکی کوردستان لە قووڵایی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بوون‌و زەربەیان لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی داوە‌و شەهیدیشمان داوە". خۆ ئەوەی کە تا ئێرە کاک خالید باسی کردووە دووپات کردنەوەی پەیامی نەورۆزیی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە بە دەربڕینێکی دیکەوە. ئەگەر ئەو شتانە بۆ کاک خالید‌و حیزبەکەی رەوایە بۆچی بۆ حیزبێکی دیکە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ناڕەوایە‌و دەبێ ڕەد بکرێتەوە؟ ئەو حەقانیەت‌و نا حەقیانە لە چ لۆژیکێکەوە سەرچاوە دەگرێ؟

ئەگەر رەخنەی کاک خالید لەوەیە کە پەیامی نەورۆزیی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە کاک خالید وایداناوە کە شەڕی چەکداری ڕاگەیاندووە‌و لە شاشەی تەلەفزیۆن ڕاگەیاندراوە، بەڵام ئەوان خەباتی چەکداری لە شاشەی تەلەفیۆنەوە ڕاناگەیەنن، ئەدی ئەوە نییە کە قسەکانی خۆی سەبارەت بە پێشمەرگە، خەباتی چەکداری لە نێوخۆی وڵات، زەربەوەشاندن لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و... لە کاناڵی تەلەفزیۆنی "کوردستان٢٤" ڕادەگەیەنێ‌و پێشتر لە تەلەفزیۆنی خۆیان"کوردکاناڵ" ئەو چالاکییانەیان بە گەورە کردنەوە‌و بە شانازییەوە ڕاگەیاندووە؟

لە قسەکانی کاک خالید وا دەردەکەوێ کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ماوەی نزیک بە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا کە لەبەشێکی زۆری ئەو ماوەیەدا یەک حیزب بووین تا ئەو کاتەی ئەوان لە حیزب جیابوونەوە، لەوە حاڵی نەبووە کە خەباتی چەکداری "پێویستی بە ئامادەکاری نیزامی" هەیە. هەر لە درێژەی ئەو دێڕەدا دەڵێ:"پێویستی بە هەماهەنگی نێوان لایەنەکان لەگەڵ یەکتری هەیە".

بێ گومان هەماهەنگ لە نێوان هێزە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی کارێکی زۆر باشە، بەڵام یەکەم پرسیارێک کە لێرەدا دێتە پێش ئەوەیە کە ئایا لایەنەکی کاک خالید لەو چالاکییە چەکدارییانەی کە پێشتر ئاماژەی پێکردوون، هیچ هەماهەنگییەکی لەگەڵ لایەنەکان کردووە؟ ئەوەی ئێمە بیزانین لانیکەم لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هیچ هەماهەنگییەکان نەکردووە، ئەگەر لەگەڵ لایەنەکانی دیکە هەماهەنگیان کرد بێ نازانین، بەڵام ویناچێ ئەو هەماهەنگییە کرابێ.

دووهەم، بێجگە لەوە ئایا ئەو شێوە بیرکردنەوەیەی کاک خالید هیچ ڕێگایەک بۆ هەماهەنگی کردن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دەهێڵێتەوە؟

لەو هەموو قسە دژبەیەکانە دەکرێ لە خوێندنەوەی ئەو قسانە لانیکەم دوو پەیام هەڵێنجرێ کە هیوادارین مەبەستی کاک خالید ئەوە نەبوو بێ.:

ئا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نیگەران نەبێ، چونکە" بەو پرش‌و بڵاوییەی کە ئێستا لە نێو حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، خەباتی چەکداری سەرکەوتوو نابێ‌و لەو دۆخەی ئێستادا تەنانەت ئەگەر بتوانین گوندێکیش رزگار بکەین، زۆر ئەستەمە بتوانین ڕایگرین‌و ئیدارەی بکەین". بەو شێوەیە سەرەڕای پێداهەلکوتنەکانی پێشوو بە پێشمەرگە، هێڵکی باتڵبوونیان بەسەردا دێنێ، چونکە بەبۆچوونی بەرێزیان ئەو شێوە خەباتە"خەباتی چەکداری" سەکەوتوو نابێ.

ب، پەیامێکیش بۆ خەڵکی کوردستانە بەو واتایە کە مادام خەباتی چەکداری سەرکەوتوو نابێ، سەری خۆتان بەردەنەوە‌و گوێڕایەڵی رێژیمی کۆماری ئیسلامی‌و ڕێنوێنییەکانی ڕێبەری موسولمانانی جیهان(وەلی فەقیە) بن‌و هێندە خۆتان ماندوو مەکەن، ئەو پەڕەکەی چاو ببڕنە ئاکامەکانی هەوڵ‌و تێکۆشانی کاربەدەستانی شار‌و نوێنەرانی مەجلیسی رێژیم کە داکۆکی لە مافە نەتەوایەتییەکانتان بکەن، وەک ڕێنوێنیانە کە کاک خالید لە پەیامەی نەورۆزیی خۆیاندا بەم چەشنە دەیدەن:" هەروەها ئەرک دەخرێتە سەر شووڕای شارەکان،سەر نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی ئێران کە لەوێ نوێنەرایەتی ناوچەکانی خۆیان دەکەن، ئاوڕدانەوەیەکیان لە ناوچکەی خۆیان هەبێ، ئەگەر ئەوان لەوێ هەن لە نەتیجەی دەنگی خەڵکی ناوچەکانی خۆیان لەوێ هەن. سەرڕای تەعەهوداتی ناوچەیی، تەعەهوداتی میللی ئەوان ئەوەیە کە دیفاع لە مافە نەتوایەتییەکانی خۆیان بکەن".

خۆئەگەر هیچکام لەوانەش کاریگەر نەبوون"خەڵکی کورد لە کوردستانی ئێران حەقی خۆیەتی ئەو مافە بۆ خۆی بێڵێتەوە، کە لە چوارچێوەی مەیدانی نێوەدەوڵەتیش دا قەبووڵ کراو ئێعترافی پێ کراوە شتێکی ئینسانی‌و قانوونییە،موراجعە بە ڕەئی خەڵکەکەی خۆی بکا، ڕیفراندۆم بکا"( پەیامی نەورۆزی ئەمساڵی کاک خالید عەزیزی).

ئەوەش بەڵێنی قەرزێکە کە بە خەڵک دەدرێ بەبێ ئەوەی کات‌و چۆنیەتی بەرێوەبردنی دیار بێ، چونکە مادام خەباتی چەکداری سەرکەوتوو نابێ، کاک خالید هەر بە هێزی پارلمانتارانی کورد‌و ئەنجومەنی شارەکان ئەو ڕیفراندۆمە بەسەر کۆماری ئیسلامی دا دەسەپێنێ؟ یان ڕێگای دیکەی هەیە؟ بەم چەشنە دەبینین کە پەیامی نەورۆزی بەرێز کاک خالید‌و ئەو چەند وتووێژەی دوای ئەوە کە لە رەدی پەیامی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کردوویەتی پڕن لە ناکۆکی، چاندنی تۆوی بێ هیوایی‌و بێ توانایی خەڵکی کوردستانی خۆرهەڵات.

لە لایەکی دیکەوە ورەبەخشین بە کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر زیندوویی‌و خەباتکاریی ئەو خەڵکە کە لە ماوەی نزیک بە چل ساڵ ستەم‌و زۆرداریی ئەو رێژیمە دڕندەیە، کۆڵیان نەداوە‌و باجەکەشیان بە قیمەتی هەزاران شەهید‌و بریندار‌و زیندانی‌و دەربەدەری داوە.

هەروەها ئەو شێوە بۆچوونە بێ قیمەت کردنی خەبات‌و تێکۆشانی هەزاران پێشمەرگەی ریزەکانی خەبات دژی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتاوە تا ئێستایە، بەو پێشمەرگانەشەوە کە لە ریزی حیزبەکەی کاک خالیددا شەهید بوون یان ئەوانەی هەر ئێستا لە ژێر سەرکردایەتی بەرێزیاندا خەبات دەکەن‌و ژمارەیەکی بەرچاویشیان هەموو تەمەنی لاوەتی خۆیان لەو ڕێگایەدا بە شانازییەوە تێپەڕ کردووە. زیاتر لە هەموو ئەوانەش ئەو بۆچوونانە لەگەڵ ڕۆحی بەرنامەی حیزبەکەی کاک خالید ناتەبایە کە تەنیا چەن مانگ لەوە پێش لە کۆنگرەکەیاندا پەسند کراوە، وەک:" لە فەزایەکی ئاوادا حیزبی ئێمە لەو باوەرەدا بوو کە دەبێ سەرنجی خۆمان‌و خەڵک‌و لایەنەکانی دیکەش بۆ ئەو زەروورەتە ڕابکێشین کە وزە‌و توانای سیاسی‌و خەباتگێڕیی ڕۆژهەڵات پێش هەموو شتێک بۆ بەهێز کردنی ئەو پارچەیەی کوردستان تەرخان بکرێ"..." ئێمە خۆڕاگری‌و خەباتی چەکدارانە بۆ خۆمان وەک گەلێکی خاوەن مافی چارەنووس‌و لەبەرانبەر ڕێژیمێکدا کە لە جیاتی پێکهێنانی دەرفەتی چارەسەری سیاسی بە دڕندانەترین شێوە سەرکووتی دەکا، بە مافی ڕەوا‌و تەنانەت ئەرکی خۆمانی دەزانین".

بەڵام واقعییەتەکانی نێو کۆمەڵگای کوردستانی ئێران بە پێچەوانەی ئەوەی کاک خالید لێی حاڵی بووە، بریتییە لە هیواداری بە خەبات، بەربەرەکانێ لەگەڵ رێژیم‌و ڕەدکردنەوەی سیاسەتە دژی گەلییەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی، ئەو واقعییەتانەی تیمەکانی پێشمەرگە لە نێوخۆی وڵات لە ورە‌و ئیرادەی خەڵک بۆ درێژەدان بە خەبات بە چاوی خۆیان دیتوویانە‌و بە دڵ دەرکیان کردووە‌و بێ گومان پێشمەرگەکانی حیزبەکەی، لەگەڵ کاک خالیدیش باسیان بۆ کردووە.

ئێمە لەوە دڵنیاین کە خەڵکی کوردستان زۆر لەوە وشیارترن کە بەو جۆرە قسانە لە لایەن هەرکەس‌و لایەنێک بێ، ورە بەردەن‌و لە ڕێبازی ڕاستەقینەی خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان پاشگەز ببنەوە، بەڵام بێ گومان چاوەڕوانیشیان لە حیزبە سیاسییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی‌و بەتایبەت ڕێبەرایەتییەکانیان ئەوەیە کە بە داهاتوو هیواداریان بکەن‌و ورەیان پێ ببەخشن نەک ئیرادەیان تێک بشکێنن‌و لە ڕابردووی پڕ لە خەبات‌و قوربانیدان پەشیمانیان بکەنەوە، لەو پێوەندییەدا قسە بۆ گوتن زۆرە، بەڵام جارێ ئەوەندە بەسە.

لە کۆتاییدا جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە کە هیوادارین ئەو بۆچوونانە بە دوور بن لە بۆچوونەکانی حیزبەکەی کاک خالید‌و بەرێزیشی جارێکی دیکە لە ئاکامی نەرێنی ئەو بۆچوون‌و دەربڕینانە ورد بێتەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمسیۆنی ڕاگەیاندن

١٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی

٣ی ئاپریلی ٢٠١٦ی زایینی

 

 ---------------------------------------------------------------------------------------------------

 بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌ى ماڵپه‌ڕ له رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ئێره‌ كلیك بكه‌



ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 949
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy