هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ خه‌باتی‌ چه‌كداريی‌ حیزبی‌ دێموكرات‌و هه‌ڵوێستی‌ دۆڕاوانی‌ سیاسی‌

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

Hallo_Janani_-_logo_-_web_-_2016دوای ئه‌وه‌ی‌ رۆژی هەینی رێکەوتی 28ی ڕەشەمەی 1394ی هەتاوی، به‌ڕێز مسته‌فا هیجری‌، سكرتێری‌ گشتیی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران، له‌ سنووره‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان، له‌نێو ئاپۆرای‌ ئه‌ندامان‌و كادرو پێشمه‌رگه‌كانی‌ حیزبدا په‌یامی‌ نه‌ورۆزیی‌ پێشكه‌ش كرد، ده‌یان ماڵپه‌ڕ‌و ته‌له‌ڤزیۆن‌و رادیۆ‌و سه‌دان چالاكی‌ سیاسی‌‌و مه‌ده‌نی‌ به‌رده‌وام باس له‌ نێوه‌ڕۆكی‌ ئه‌و په‌یامه‌‌و هه‌روه‌ها باس له‌و وتووێژانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌ندامانی‌ رێبه‌ریی‌ ئه‌و حیزبه‌ له‌گه‌ڵ‌ راگه‌یاندنه‌كاندا دیكه‌ن.

پێش له‌وه‌ی‌ بچمه‌ سه‌ر نێوه‌ڕۆكی‌ ئه‌و باسانه‌‌و په‌یامه‌كه‌ پێویسته‌ بگوترێ‌ كه‌ سه‌رقاڵ‌ بوونی‌ راگه‌یاندنه‌كان‌و چالاكان به‌و په‌یامه‌ نه‌ورۆزییه‌ خۆی‌ له‌ خۆیدا نیشانه‌ی‌ گرینگیی‌ ئه‌و باسه‌‌و هه‌روه‌ها نیشانه‌ی‌ جێگه‌‌و پێگه‌ی‌ ئه‌و حیزبه‌یه‌ له‌نێو كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستاندا، ئه‌گینا هه‌موو حیزبه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵات‌و زۆرێك له‌ كه‌سایه‌تییه‌كان په‌یامی‌ نه‌ورۆزیيان داوه‌ كه‌ جگه‌ له‌ پێگه‌كانی‌ راگه‌یاندنی‌ خۆیان، هیچ شوێنێكی‌ دیكه‌ باسی‌ نه‌كردووه‌‌و هیچ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی‌ به‌دوای‌ خۆیدا نه‌هێناوه‌، ئه‌مه‌ له‌ حاڵێكدایه‌ په‌یامی‌ نه‌ورۆزیی‌ سكرتێری‌ حیزبی‌ دێموكرات واته‌ به‌ڕێز مسته‌فا هیجری‌، كه‌ به‌ شێوه‌ی‌ راسته‌وخۆ له‌ چه‌ندین كاناڵی‌ ته‌له‌ڤزیۆنی‌ بڵاو ده‌بۆوه‌‌و ته‌نیا 24 كاتژمێر پێش له‌ نه‌ورۆز پێشكه‌ش كرا، كاریگه‌ریی‌ زۆر به‌رچاو‌و بێ‌وێنه‌ی‌ له‌سه‌ر چۆنیه‌تی‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ جێژنی‌ نه‌ورۆز له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان دانا‌و كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان زۆر بوێرانه‌ له‌ ده‌یان شار‌و ناوچه‌ی‌ كوردستان، به‌ سروودی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ ئه‌ی‌ ره‌قیب‌و سرووده‌ شۆڕشگێڕییه‌كانی‌ حیزبی‌ دێموكرات ئاگری‌ نه‌ورۆزیان كرده‌وه‌‌و به‌ وتنه‌وه‌ی‌ ناوی‌ حیزبی‌ دێموكرات‌و دروشم‌و هێنانی‌ ناوی‌ شه‌هیدانی‌ حیزبی‌ دێموكرات‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ئاڵا‌و ئاڕم‌و وێنه‌ی‌ شه‌هیدان، رێوڕه‌سمه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ جێژنی‌ نه‌ورۆزیان‌ به‌ڕێوه‌ برد‌.

هه‌روه‌ها هه‌زاران ئه‌ندامی‌ نهێنیی‌ ئه‌و حیزبه‌ له‌ ورمێوه‌ تا لوڕستان ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه‌‌و به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ وێنه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و پێوه‌ندی‌ گرتن به‌ حیزبی‌ دێموكراته‌وه‌ رایانگه‌یاندووه‌ چاوه‌ڕوانی‌ بڕیاری‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ حیزبی‌ دێموكراتن‌و سكرتێری‌ ئه‌و حیزبه‌ به‌ "سه‌رۆك هیجری‌" ناو ده‌به‌ن‌و چالاكیی‌ ته‌بلیغیی‌ به‌م بۆنه‌وه‌ ئێستاش درێژه‌ی‌ هه‌یه‌‌و ئاماده‌یی‌ خۆیان ده‌ریڕیوه‌‌ بۆ هه‌ر چه‌شنه‌ خه‌باتێكی‌ چه‌كداری‌ له‌ نێوخۆ‌ی‌ رۆژهه‌ڵات. هه‌روه‌ها به‌پێی‌ زانیارییه‌كان جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ رۆژانه‌ ده‌یان‌و سه‌دان پێوه‌ندیی‌ به‌ حیزبی‌ دێموكراته‌وه‌ بۆ پێشوازیی‌ له‌ خه‌باتی‌ چه‌كداری‌ ئه‌كرێ‌، سه‌دان كه‌س له‌ ئه‌ندامانی‌ حیزب له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ خه‌باتی‌ چه‌كداری‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ چیاكانی‌ كوردستان‌و هه‌روه‌ها په‌یوه‌ستبوونی‌ لاوان له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان به‌ ریزه‌كانی‌ حیزبی‌ دێموكراته‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو زیادی‌ كردووه‌.

 

pdki_-_xebati_chekdari_-_1_-_2


ئه‌و په‌یامه‌ی‌ كه‌ دوای‌ 20 ساڵ‌ حیزبی‌ دێموكرات له‌ رێگه‌ی‌ سكرتێره‌وه‌ واته‌ به‌ڕێز مسته‌فا هیجری‌ بڵاوی‌ كرده‌وه‌‌و له‌ ده‌یان ته‌له‌ڤزیۆن‌و رۆژنامه‌‌و راگه‌یاندنی‌ ئورووپا‌و ئامریكاش ره‌نگی‌ دایه‌وه‌، باس له‌ ناردنه‌وه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ نێوخۆی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان ده‌كا. له‌ به‌شێك له‌و په‌یامه‌دا روو له‌ "لاوانی بەهەست‌و سەرکوتکراوی خۆرهەڵات" هاتووه‌ كه‌:

" ئێمە لە جێژنی نەورۆزدا ئەو پەیامەتان ئاراستە دەکەین‌و لەبەر داین لەو ساڵدا دەرفەتتان بۆ بڕەخسێنین کە لە ساڵی نوێ‏دا پەیوەست بن بە ڕیزی پێشمەرگەکانی دێموکرات بۆ دەستپێکردنەوەی ژیانی سەربەرزانە‌و بەجێ‏هێشتنی هەرچی سەرشۆڕیی‌و دواکەوتووییە".

له‌م به‌شه‌ی‌ ئه‌م په‌یامه‌دا به‌ ئاشكرا حیزبی‌ دێموكرات داوا له‌ لاوانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان ده‌كا كه‌ ببنه‌ پێشمه‌رگه‌، ئه‌مه‌ له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ به‌رده‌وام لاوانی‌ رۆژهه‌ڵات بۆ پێشمه‌رگایه‌تی‌ كه‌م‌و زۆر روویان له‌و حیزبه‌ كردووه‌، به‌ڵام 20 ساڵه‌ كه‌ حیزبی‌ دێموكرات به‌و شێوه‌ داوای‌ نه‌كردووه‌ كه‌ لاوه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵات په‌یوه‌ست بن به‌ ریزی‌ پێشمه‌رگه‌كانی‌ حیزبی‌ دێموكرات‌و خۆی‌ ئه‌مه‌ نیشانه‌یه‌كه‌ كه‌ حیزبی‌ دێموكرات ده‌یه‌وێ‌ خه‌باتی‌ چه‌كداری‌ ده‌ست پێ‌ بكاته‌وه‌، به‌ڵام چۆنیه‌تی‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌‌و شێوه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌ له‌ به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌م بابه‌ته‌دا ئاماژه‌ پێ‌ ده‌كرێ‌.

هه‌روه‌ها هه‌ر ئه‌و رۆژه‌‌و له‌دوای‌ پێشكه‌شكرانی‌ په‌یامی‌ نه‌ورۆزیی‌، كاناڵی‌ ته‌له‌ڤزیۆنی‌ رووداو وتووێژێكی‌ چه‌ند خوله‌كی‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێز مسته‌فا هیجری‌ پێك هێنا‌و ناوبراو وتی‌ كه‌:

ـ دەمانەوێت رێچکەی حیزبەکەمان بگۆڕین‌و بەردەوامیش بین لە خەبات، ئێمە کاردەکەین بۆ تێکەڵکردنی خەباتی شار‌و شاخ.

هه‌روه‌ها له‌ به‌شێكی‌ دیكه‌دا وتی‌:

ـ ئیمە بەنیازین پێشمەرگەکانمان بنێرینەوە بۆ نێو خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەوەی لەگەڵیاندا تێکەڵ ببنەوەو، لەو رێگەیەوە دەرفەتیک بۆ گەنجان بێتە دی کە پەیوەندی بە ریزەکانی حیزبی دیموکراتەوە بکەن.

سه‌باره‌ت به‌ كردنه‌وه‌ی‌ ئاگری‌ نه‌ورۆزیش له‌ سنووره‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستانی‌ له‌ لایه‌ن حیزبی‌ دێموكراته‌وه‌ روونی‌ كرده‌وه‌ كه‌:

کردنەوەی ئاگری نەورۆز لەو چیایانە هێمایەکە بۆ ئەوەی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات روو لە چیا‌و روو لە وڵاتی خۆیانن.

هه‌موو ئه‌مانه‌‌و هه‌ڵسوكه‌وت‌و جموجۆڵی‌ حیزبی‌ دێموكرات له‌ یه‌ك ساڵی‌ رابردوودا پێمان ده‌ڵێ‌ كه‌ حیزبی‌ دێموكرات ده‌یه‌وێ‌ شه‌ڕی‌ چه‌كداری‌ به‌ دژی‌ رێژیمی‌ كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێران ده‌ست پێ بكاته‌وه‌‌و خه‌باتی‌ شار‌و شاخ پێكه‌وه‌ به‌ره‌وپێش بچن بۆ وه‌ده‌ستهێنانی‌ مافه‌ ره‌واكانی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد. ئه‌گه‌رچی‌ به‌ دڵنیایه‌وه‌ نابێ‌ چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌ بین كه‌ كتوپڕ‌و له‌ سه‌ره‌تاوه‌ وه‌كوو ده‌یه‌ی‌ 60ی‌ هه‌تاوی‌ حیزبی‌ دێموكرات شه‌ڕ ده‌ست پێ‌ بكاته‌وه‌‌و ده‌ست بكا به‌ گرتنی‌ پادگان‌و لێدانی‌ بنكه‌‌و باره‌گاكانی‌ نیزامی‌‌و گوند‌و شار رزگار بكا، به‌ڵام حیزبی‌ دێموكرات پێشمه‌رگه‌كانی‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو ده‌نێرێته‌ نێوخۆ‌و روو له‌ گوند‌و شار ده‌كه‌ن‌و ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ چالاكی‌‌و كۆبوونه‌وه‌ بۆ خه‌ڵك‌و به‌پێی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ كه‌ هه‌موومان له‌ رێژیمی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ هه‌مانه‌، رێژیمیش بێ‌ هه‌ڵوێست نابێ‌‌و بۆ كوشتن‌و لێدان‌و گرتنی‌ پێشمه‌رگه‌كان چالاكی‌ به‌ربڵاو ده‌كا‌و ئه‌م كاره‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ تێكهه‌ڵچوونی‌ چه‌كداریی‌ له‌ نێوان رێژیمی‌ دیكتاتۆریی‌ ئێران‌و ئازادیخوازانی‌ دێموكرات‌و ده‌نگدانه‌وه‌ی‌ گه‌وره‌شی‌ چ له‌ ئاستی‌ ناوچه‌یی‌‌و چ له‌ ئاستی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ لێ‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌.

له‌ چه‌ند وتووێژی‌ دیكه‌شدا كه‌ له‌م چه‌ند رۆژه‌دا له‌گه‌ڵ‌ سكرتێر‌و جێگری‌ سكرتێرو چه‌ند كه‌سی‌ دیكه‌ له‌ ئه‌ندامانی‌ رێبه‌ری‌ حیزب كراوه‌، كۆمه‌ڵێك كه‌س هه‌ندێك وشه‌‌و ره‌سته‌ له‌نێو وتووێژه‌كان‌دا زه‌ق ده‌كه‌نه‌وه‌‌و بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ لێی‌ تێ‌ بگه‌ن ده‌ڵێن كه‌ حیزبی‌ دێموكرات شه‌ڕی‌ چه‌كداری‌ ناكا!

بۆ وێنه‌ مسته‌فا هیجری‌ له‌ وتووێژێدا له‌گه‌ڵ‌ باس نیوز وتوویه‌ كه‌:

"بەهۆی هەلومەرجی هەرێمی کوردستان‌و ئێران، ڕێبەریی حیزبی دێموکرات بڕیاری داوە پێشمەرگە بنێرێتەوە نێوخۆی کوردستان، نەک بۆ شەڕ، بەڵکو بۆ تێکەڵاوبوون لەگەڵ خەڵک‌و بەرەوپێشبردنی ئامانجە سیاسییەکانی حیزبی دێموکرات، لەو کاتەشدا ئەگەر ئێران هێرش نەکاتە سەر تیمەکانی پێشمەرگه، ئێمە نامانهەوێت شەڕی چەکداریان لەگەڵ بکەین. بەپێچەوانەوە ئەگەر بیانخەنە ژێر گوشار‌و پەلاماریان بۆ بێن، بێگومان تیمەکانی پێشمەرگە بەرگری لە خۆیان دەکەن".

دژبه‌رانی‌ حیزبی‌ دێموكرات كه‌ به‌ شوێن وشه‌‌و نوقته‌ ده‌گه‌ڕێن كه‌ گیری‌ پێ‌ بده‌ن، وا ده‌زانن كه‌ حیزبی‌ دێموكرات له‌ قسه‌كانی‌ خۆی‌ پاشگه‌ز بۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌ حاڵێدایه‌ كه‌ له‌ راستیدا نه‌ ته‌نیا حیزبی‌ دێموكرات كه‌ رێبه‌ری‌ بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌ رۆژهه‌ڵات، به‌ڵكوو هه‌موو شۆڕشگێڕێكی‌ راسته‌قینه‌ش خۆشی‌ له‌ شه‌ڕ نایه‌ت‌و ده‌یه‌وێ‌ ئازادانه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتدا بۆ ئازادی‌ خه‌بات بكا‌و سه‌رنجی‌ خه‌ڵك به‌ره‌و بیروڕای‌ خۆی‌ رابكێشێ‌. حیزبی‌ دێموكراتیش بۆ به‌ره‌وپێشبردنی‌ ئامانجه‌ سیاسییه‌كانی‌ خۆی‌ كه‌ هه‌ر هه‌مان ئازادی‌‌و دێموكراسییه‌ كه‌ خه‌ڵك ده‌یه‌وێ‌، ده‌ست ده‌كا به‌ ناردنه‌وه‌ی‌ هێز، به‌ڵام هه‌ر وه‌ك له‌و وتووێژه‌شدا دیاره‌ كاتێ‌ كه‌ هێرش بكرێته‌ سه‌ر پێشمه‌رگه‌كان ـ كه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ رێژیمی‌ ئێران له‌ هه‌ركوێ‌ پێی‌ بكرێ‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كا ـ شه‌ڕ‌و تێكهه‌ڵچوونی‌ چه‌كداریی‌ روو ده‌دا‌و ئه‌وه‌ مافی‌ هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌كه‌ كه‌ به‌رگری‌ له‌ خۆی‌ بكا. بێ‌گومان هیچ وڵاتێكی‌ بیانی‌‌و هیچ رێكخراوێكی‌ نێونه‌ته‌وه‌ییش ناتوانێ‌ ره‌خنه‌ له‌ حیزبی‌ دێموكرات بگرێ‌ كه‌ بۆچی‌ شه‌ڕ ده‌كه‌ن، چونكی‌ حیزبی‌ دێموكرات بۆ شه‌ڕ نه‌چووه‌، بۆ به‌ره‌وپێشبردنی‌ ئامانجه‌كانی‌ سیاسیی‌ خۆی‌ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ جاڕنامه‌ی‌ جیهانیی‌ مافی‌ مرۆڤدا خۆی‌ ده‌نوێنێ‌ چۆته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ رێژیمی‌ ئێرانه‌ كه‌ یه‌خه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌گرێ‌‌و شه‌ڕیان به‌سه‌ردا داده‌سه‌پێنێ‌‌و هه‌ر به‌م هۆیه‌وه‌ ئه‌و ره‌خنه‌ رووبه‌ڕووی‌ رێژیمی‌ ئێران ده‌بێته‌وه‌، نه‌ك حیزبی‌ دێموكرات. له‌ شه‌ڕیشدا پێشمه‌رگه‌ بۆ به‌رگری‌ له‌ خۆی‌ ده‌ست بۆ هه‌موو شێوه‌ شه‌ڕێكی‌ ئوسوولی‌‌و جێى په‌سند‌و مه‌شرووع ده‌بات‌و له‌وانه‌شه‌ له‌م شه‌ڕانه‌دا كه‌لاكی‌ جاش‌و پاسدار له‌ شه‌قام‌و كۆڵان بكه‌وێت‌و بنكه‌‌و مۆڵگه‌ی‌ رێژیمش له‌ ئاگردا بسووتێ‌.

به‌ڵام له‌م نێوه‌دا‌و له‌ كاتی‌ ئێستادا كۆمه‌ڵێك كه‌س‌و گرووپ‌و تاقم كه‌ هه‌ندێكیان خۆیان به‌ شۆڕشگێڕ ده‌زانن‌و هیچیان پێ‌ ناكرێ‌‌و هه‌ندێكیشیان كه‌سانێكن كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ بۆ رۆژێكی‌ وه‌ك ئه‌مڕۆ خه‌ریكی‌ په‌روه‌رده‌كردنیانه‌‌و خۆیان به‌ رۆشنبیر‌و سیاسی‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، كه‌ووتوونه‌ته‌ دژایه‌تی‌ كردنی‌ حیزبی‌ دێموكرات‌و دژایه‌تی‌ ناردنه‌وه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ نێوخۆی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان. ئه‌م كه‌س‌و گرووپ‌و تاقمانه‌ تا پێش له‌ په‌یامی‌ نه‌ورۆزی‌ به‌ڕێز مسته‌فا هیجری‌، حیزبیان به‌ كه‌مپ نشین‌و بێ‌ هێز‌و ده‌سه‌ڵات‌و خه‌وتوو له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دا‌و ده‌یانوت كه‌ رۆژهه‌ڵات به‌ شه‌ڕی‌ چه‌كداری‌ ده‌بێ‌ رزگار بكرێ‌‌و كات كاتی‌ شه‌ڕی‌ چه‌كدارییه‌، به‌ڵام له‌دوای‌ په‌یامه‌ نه‌ورۆزییه‌كه‌‌و به‌پێی‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ی‌ كه‌ پێیان سپێردراوه‌، ده‌ڵێن كه‌ بارودۆخی‌‌ رۆژهه‌ڵات بۆ شه‌ڕی‌ چه‌كداری‌ نابێ‌‌و ته‌نانه‌ت باس له‌ نه‌توانینی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ رزگاركردنی‌ گوندێكیش ده‌كه‌ن.

لێره‌دا نامه‌وێ‌ كه‌ باس له‌م كه‌سانه‌ بكه‌م كه‌ دۆڕاوی‌ سیاسین به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌وان ده‌یكه‌ن‌و ده‌یڵێن ـ ئاگاهانه‌ یان نائاگاهانه‌ ـ خزمه‌ت به‌ رێژیمه‌ نه‌ك نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد‌و پێویسته‌ به‌ خۆیاندا بچنه‌وه‌‌، چونكی‌ ئه‌وان ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ دژایه‌تی‌ حیزبی‌ دێموكرات بكه‌ن، خه‌ریكی‌ یاریی‌ كردنن له‌گه‌ڵ‌ كه‌سایه‌تی‌‌و چاره‌نووسی‌ خۆیان‌و هاوبیرانیان.

حیزبی‌ دێموكرات هه‌موو ساڵێك پێشمه‌رگه‌ی‌ بۆ چه‌ندین ناوچه‌ له‌ باكوور تا باشووری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان ناردۆته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م قۆناخه‌ له‌ خه‌بات كه‌ به‌ شێوه‌ی‌ فه‌رمی‌ له‌ نه‌ورۆزدا رایگه‌یاند، لانیكه‌م ساڵێكه‌ به‌ شێوه‌ی‌ ئاشكرا ئاماده‌كاری‌ بۆ ده‌كرێ‌‌و شه‌هیدیشی‌ بۆ داوه‌‌و هه‌ر كه‌سێك كه‌ خۆی‌ به‌ شۆڕشگێڕ‌و ئازادیخواز ده‌زانێ‌‌و له‌ هه‌ركوێیه‌ك هه‌یه‌، ده‌بێ‌ یارمه‌تیده‌ری‌ ئه‌م رێگایه‌ بێ‌‌و ئه‌وه‌ی‌ له‌ توانایدایه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی‌ ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ به‌كاری‌ به‌رێ‌. ئێستا كه‌ بارودۆخی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان گۆڕاوه‌‌و زلهێزانی‌ جیهان پشتیوانی‌ لێ‌ ده‌كه‌ن‌و رێژیمی‌ ئێران چیتر ناتوانێ‌ به‌ بیانووی‌ حیزبی‌ دێموكرات كێشه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان درووست بكا‌و رێبه‌ریی‌ حیزبی‌ دێموكرات بڕیاری‌ داوە پێشمەرگە بنێرێتەوە نێو خۆی کوردستانی خۆرهەڵات، با هه‌موومان پشتیوانی‌ لێ‌ بكه‌ین‌و یارمه‌تیده‌ری‌ سه‌ركه‌وتنی‌ ئه‌و پڕۆسه‌ بین.

 

 ---------------------------------------------------------------------------------------------------

 بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌ى ماڵپه‌ڕ له رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ئێره‌ كلیك بكه‌


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 2093
بۆچوونه‌کان (1)Add Comment
...
نووسراوه‌ له‌ لایه‌ن Naser, April 03, 2016
Slaw spas bo lekdanawakakatan,
Mn bryarem dawa agar hezb brwatawa bo nawxo la bari maliawa abet paray chak bo peshmarga dabin bkam.
Niatem amaya,klash,naranjak,xashab,kisaxao

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy