مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی جێژنی نەتەوەیی نەورۆزو سەری ساڵی نوێی کوردییەوە، له چیاكانی كوردستانهوه پەیامێکی روو بە خەڵکی کوردستانو چینو توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە به شێوهی خوارهوهیه:
هاونیشتمانانی تێکۆشەر !
ئامادەبووانی بەڕێزی ڕێوڕەسمی ئەمساڵی نەورۆزمان !
لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پیرۆزباییەکی گەرم، بە گەرمیی ئاگری نەورۆز پێشکەش بە هەموو ئێوە، بنەماڵەی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە چنگ زۆرداریو ملهوری، زیندانیانی سیاسیی سەربەرز کە سەریان لە بەرانبەر ستەمو ئازارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا نەوی نەکردووە، کادرو پێشمەرگەو ئەندامانو لایەنگرانی حیزبی دێموکراتو ئێوە بەڕێزان، ئامادەبووانی ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵمانو هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم.
خوشکو برایانی ئازیز !
بە کۆتایی هاتنی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، ساڵێکی دیکە لە تەمەنی پڕ لە تاقیکاریی ڕێژیم تێپەڕ بوو، هەر وەک زۆر زووتر پێشبینیمان کردبوو، لەو ساڵەدا دەسەڵاتبەدەستانی کۆماری ئیسلامی، دوای زیاتر لە یەک دەیە پێداگری لەسەر پیتاندنی یورانیوم لە ڕاستای بەدیهێنانی ئامانجە بەرزەفڕەکانیان کە دەست پێڕاگەیشتنیان بە چەکی ناوکی بووو بەفیڕۆدانی سەدان میلیارد دۆلار لە داهاتی ئەو وڵاتەو بە بەهای بێ نانو بێکار کردنی خەڵک، سەرئەنجام لە ڕووی ناچاری، ملیان بۆ مەرجەکانی خۆرئاوا ڕاکێشاو ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ ئیمزا کردن کە ئاکامەکەی هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو بەرنامانە بوو کە لەو ماوەیەدا بۆ ئەو مەبەستە بنیادیان نابوو. ئەوەش بە مەبەستی ڕزگارکردنی ڕێژیم لە ژێر قورسایی ئەو گەمارۆ ئابوورییانە بوو کە خۆرئاوا خستبوویە سەر ئێرانو بنچینەی ئابووری وڵاتی هەڵتەکاندبوو.
لە هەمانکاتدا بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی هێندێک لە وڵاتانی خۆرئاوایی، چاوەدێرانی سیاسیو هێندێک لە دەستوپێوەندەکانی ڕێژیم، دەسکەوتی هەڵگیرانی گەمارۆکان، دەستی ڕێژیم پڕ دەکا بۆ یارمەتیدانی زیاتر بە گرووپو هاوپەیمانە تیرۆریستەکانی بە مەبەستی پەرەدانی زیاتری شەڕ، ئاژاوەو ماڵوێرانی لە هەموو شوێنێک بە تایبەت، لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵام بەشی خەڵکی ئێران هەژاری، بێکاریو بێ هیوایی دەبێ.
لەگەڵ ئەوەشدا ڕامانگەیاندوو بوو کە کرانەوەی ڕێژیم بە ڕووی دنیای دەرەوەدا، هاوکات دەبێ لەگەڵ توندوتیژیو بەستراوە بوونی زیاتری فەزای سیاسیی ئێران، بۆ هەموو ئازادیخوازانی وڵات بە تایبەت بۆ تێکۆشەرانی کوردو باقی نەتەوەکانی ئێران.
ئێستاش بۆخۆتان شاهێدی ڕاستییەکانی دوای "برجام"ن لە نێوخۆی وڵات لە پێوەندی لەگەڵ دەسکەوتی خەڵک لە نێوخۆو دەرەوەی وڵات لە درێژەدانی یارمەتییەکانیان بۆ کوشتارو ماڵوێرانیی سەدان هەزار کەس لە خەڵکی وڵاتانی سووریە، ئێراق، لوبنان، یەمەنو ... .
ڕووداوێکی دیکەی جێگای سەرنج، وەڕێخستنی دوو شانۆی هەڵبژاردنی مەجلیسی "شوورای ئیسلامی"و "شارەزایانی ڕێبەری" لە سەرەتای ڕەشەمەی ١٣٩٤دا بوو، کە ڕێژیم بۆ جارێکی دیکەش دوای هەراو بەزمێکی زۆرو پڕوپاگەندەیەکی بەربڵاو بۆ چەواشەکردنی خەڵک لە نێوخۆو دەرەوە، ژمارەیەکی دیکە لە مۆرەکانی خۆی لەو دوو شوێنە دانان، مەجلیسی شوورای ئیسلامییەک کە بوونێکی ڕواڵەتیو بێ دەسەڵاتەو تەنانەت بە وتەی دەسەڵاتدارانی خودی ڕێژیمیش، هیچ شوێندانەرییەکی لەسەر داڕشتنو چاوەدێریی سیاسەت لەسەر وڵات نیە، مەجلیسی شارەزایانی ڕێبەرییش وەک هەمیشە ملکەچو چاو لەدەمی وەلی فەقیهنو هیچ دەسەڵاتێکیان بە سەریدا نیە.
ئەو تاقیکارییانە لەسەر قەولو بەڵێنیەکانی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم، پڕوپاگەندای بەربڵاوو ڕێکخراو لە لایەن هێندێک لە مۆرە ئاشکراو نهێنییەکانی کۆماری ئیسلامی، بۆ سەرلێشێواندنی خەڵکو وێناکردنی ڕواڵەتێکی ڕزگاریدەرانە لە تاوانبارترین کەسایەتییەکانی ئەم سیستمە دواکەوتوویە وەک ڕەفسەنجانی، پێمان دەڵێ کە هیوابەستن بە دابینبوونی سەرەتاییترین مافەکانی ئازادی لە ژێر دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمەدا بێجگە لە دەرفەت پێدانی زیاتر بە مۆرە درشتەکانی ڕێژیم بۆ درێژە پێدان بە دەسەڵاتداریی سەرەڕۆیانەو جینایەتکارانەیان، هیچی دیکە نیە.
تاقیکارییەکانی نزیک بە ٤٠ ساڵی ڕابردوو، هەمووی بەڵگەی حاشا هەڵنەگرن کە بە بوونی ئەم ڕێژیمە ئاواتو خەونەکانی خەڵکی ئێران بە تایبەت نەتەوەی کورد نایەتە دی، مەگەر ئەو کاتەی خەڵک یەکگرتوو بێو یەکگرتووییەکەی بکا بە هێزێکی شوێندانەر بۆ ستاندنی مافەکانی.
پەیامی ئێمە لە جێژنی نەورۆزدا ئەوەیە کە؛ دەنگو توانامان لە شاخو شاردا ڕێکبخەین بۆ پێکهێنانی هێزێکی پتەوی چارەنووسساز کە ژیانێکی نوێمان بۆ بنووسێتەوە، ژیانێکی دوور لە ملکەچیو بێمافی.
حیزبی دێموکرات ئەو تواناییە لە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتدا دەبینێو لە زۆرێک لە ڕووداوەکانی ساڵانی ڕابردوودا شاهێدی نیشاندانی ئەو توانایانە بووە، بۆیە پێمان وایە کە هەموومان پێکەوە دەتوانین نەورۆزو ساڵی نوێی ١٣٩٥ی هەتاوی بکەینە ساڵێکی جیاواز لە ساڵانی ڕابردووو بە پەیامو پەیمانێکی هیوابەخش، بۆ ژیانەوەی سەربەرزانە.
لاوانی بەهەستو سەرکوتکراوی خۆرهەڵات !
ئێمە لە جێژنی نەورۆزدا ئەو پەیامەتان ئاراستە دەکەینو لەبەر داین لەو ساڵدا دەرفەتتان بۆ بڕەخسێنین کە لە ساڵی نوێدا پەیوەست بن بە ڕیزی پێشمەرگەکانی دێموکرات بۆ دەستپێکردنەوەی ژیانی سەربەرزانەو بەجێهێشتنی هەرچی سەرشۆڕییو دواکەوتووییە.
ژنانو کچانی وشیارو مافخوازی وڵاتەکەمان، وەک هەمیشە، لە قوتابخانە، لە شوێنی کارو لە هەر جێگایەک کە هەن، دەتوانن بە پێکهێنانی کۆڕو کۆمەڵی ئاشکراو نهێنی، ڕیزەکانیان ڕێکخەنو بە کۆمەڵ بەگژ بەکرێگیراوانی ڕێژیمدا بچنەوە و، هاواری مافخوازیی خۆیان بە گوێی دنیا بگەیەنن.
ڕووناکبیران، کرێکاران، بازاڕییانو بە گشتی هەموو چینو توێژەکانی کۆمەڵگا پێویستە یەکگرتووانە لە دژی زەوتکردنی مافەکانیان وەدەنگ بێنو تەواوکەری خەباتی ئازادیخوازی یەکترو خەباتی شاخ بن.
دڵنیاتان دەکەینەوە توندوتیژی ڕێژیم دژ بە ئازادیخوازان نەک نیشانەی هێزو توانا، بەڵکوو نیشانەی ئەوپەڕی ترسنۆکیو نیگەرانی لە خەڵکە، بۆیە خەباتی یەکگرتووانەی ئێوە هێندەی دیکە ورەی ڕێژیم دادەبەزێنێو داماوی دەکا. بۆ ڕزگاری بێجگە لەوە ڕێگایەکی دیکەمان نیەو ئەزموونی خەباتی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش هەر ئەو ڕێگایەمان پێ نیشان دەدا.
بە هیوای دەسپێکی ساڵێکی نوێ بە خەباتێکی نوێو دەسکەوتی نوێ
ئاگری نەورۆزتان دوژمن سووتێنو خەباتتان بەهێزو جێژنتان پێرۆز بێ
بۆ دیتنی دهقی پهیامهكه به شێوهی ڤیدیۆ ئێره كلیك بكه
---------------------------------------------------------------------------------------------------
بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرى ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه

