کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی نەورۆزو ساڵی نوێ، بانگەوازێکی بڵاو کردەوە.
دەقی بانگەوازەکە به شێوهی خوارهوهیه:
نەورۆزی کورد هێمای یەکڕیزیو سەرکەوتن، پیرۆز بێ
هاونیشتمانانی تامەزرۆی ئازادی!
هاتەوە نەورۆزی کوردستان هێمای خەباتی شێلگیرو کۆڵ نەدان، ڕەمزی تێکۆشانو نەوەستان تا سەرکەوتنی ئامانجو بەهاری نەتەوەکەمان.
ساڵەهایە کۆماری تاوانی تاران، لە کوردستان دەستی ناوەتە بینی ژیان، گۆڵ دەشێلێ، مۆسیقا دەتۆرێنێو گۆرانی دەخنکێنێ، ساڵەهایە ڕوخساری سروشتو جوانی دەشێوێنێ.
گەلی ئێمە زۆر زستانی تووشی دیوە، زۆرداری بێ ئەژماری لەبەر ڕەویوەو گەلێک بەربەستی ئەستەم لە ئاست باهۆی ئیرادەی هەرمانی داخزیوە.
هزری نەورۆز پێمان دەڵێ، جەورو ستەم، داگیرکاری، وەک شەوگاری تۆسنی تووشو سەرما، شەماڵی ڕاسانی خاکەلێوە ڕایدەماڵیو لە توێی گەڵاو گولیلکی ئاوەدانی دا، مەلی شادی سروودی سەربەستی دەجریوێنێ. گەلو پێشمەرگە لە داوێنی ژیان دەڕوێنەوەو بەندو سەهۆڵبەندانی چلەکان لە بن پێیان دەتوێنەوە.
خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان!
لاوانی دڵ پڕ لە گڕی نیشتمانپەروەری!
وێڕای پیرۆزبایی نەورۆزو ساڵی تازە داواکارین ئەم نەورۆزەشمان وەک هەمیشە یەکڕیزو یەکگرتوو، بەهێزو باوەڕبەخۆ، پاریزگاری لە سەنگەرەکانی تێکۆشانو ئیرادەی نەتەوەییمان بکەین. هاوخەبات بین، ئەم نەورۆزەش بکەین بە جێژنی بەگژداچوونەوەی دەسەڵاتی تاریک پەرستی، فەرهەنگی خۆڕنینو قوڕپێوانو دۆش دامان. بەکردنەوەی ئاوری نەورۆزو پێکهێنانی ڕێوڕەسمی پڕشکۆو سۆز، جارێکی دیکەش بڵێینەوە، گەلی کورد تا هەڵهاتنی خۆری ڕزگاری دەست لە خەباتو تێکۆشان هەڵناگرێو لە بەرامبەر هەموو هێزێکی ملهوڕو سەرەڕۆدا کلتووری ڕەسەنی نەتەوەییو هێماکانی بەرخۆدانی دەپارێزێ.
نەورۆز بوو ئاگرێکی وەهای خستە جەرگەوە
لاوان بە عەشق ئەچوون بە بەرەوپیری مەرگەوە
بە باوەڕمان، نووتەکو تاریکیی کۆماری ئیسلامیو زوقمو شەختەی بێدادی، چۆک دادەدەن هەمبەر شەماڵو خۆری ڕاپەڕین، لەبەر قریوەی کۆڕی شادیو قاقاو قریشکەی پێکەنین .
دڵنیاین لە کوردستان، زەمهەریری شڵێوەی ڕاسان، ئاوماڵکی داگیرکەران ڕادەماڵێ تا هەڵدێرگەو تا کەنارەکانی نەمان. لاوانی وڵات، ئاڵای ئازادیی گەل هەڵدەدەن لە هەواری ڕزگاریی نیشتمان، لە کۆشکی سەربەستی کوردستان.
ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە
جێژنێکی کۆنی کوردە بەخۆشیو بە هاتەوە
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمیسیۆنی تەشکیلات
نەورۆزی ٢٧١٦ی کوردی
---------------------------------------------------------------------------------------------------
بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرى ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه

