هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

بەیاننامەی دەفتەری سیاسيى حیزبی‌ دێموكرات سەبارەت بە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانە لە ئێراندا

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

هاونیشتمانیانی بەڕێز!

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!

هەروەک لەپێشتردا باس کرا بوو‌و چاوەڕوان دەکرا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی شانۆیەکی دیکەی لە ژێر ناوی هەڵبژاردندا بەڕێوە برد کە لە سەرەتای نمایشەکەوە هەتاکوو پەردەی کۆتایی شانۆکەی، بەرنامەی بۆ داڕشتبوو‌و بە وەڕێخستنی هەندێک دەنگۆ‌و خۆڵ لە چاوی خەڵک کردن، وای دەنواند کە شانۆی ئەمجارەی لەگەڵ جارانی دیکە جیاواز دەبێ‌و هەندێک لە مۆرە‌و باندەکانی نێو ڕێژیمیش وایان دەنواند کە لەبەر نەخۆشیی ڕێبەری ڕێژیم‌و هەروەها تەسلیمبوونیان بەرانبەر بە ڕۆژئاوا لە پرسی ناوکیدا، هەڵبژاردنی ئەم جارە کاریگەریی زۆرتری لەسەر سیاسەتەکانی ڕێژیم‌و جێگرەوەی داهاتووی خامنەیی دەبێ. بەڵام هەموو ئەوانە تەنیا بۆ گەرمکردنی بازاڕی شانۆگەریی هەڵبژاردن بوو‌و ڕێبەری ڕێژیمیش کە لە دۆخی نالەباری ڕێژیمەکەیدا داوای لە تەنانەت دژبەرانی ڕێژیمیش کردبوو کە لەم هەڵبژاردنەدا بەشدار بن، دوایە لە ترسی ئەوەی کە نەکا دۆخەکەیان لەدەست دەر بچێ، ڕایگەیاند کە وتوویانە کە دژبەرانی ڕێژیم دەنگ بدەن‌و نەیانوتووە کە دەتوانن بچنە مەجلیس!

 

pdki_halbjardn_10_1


بەم شێوەیە ڕێژیم هەموو ئامادەکارییەکی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی بێنێوەڕۆک‌و چەواشەکراو‌و فریوکارانە کردبوو‌و لە قۆناغە جیاجیاکاندا بەرنامەکانی بردنە پێش‌و لە ڕۆژی ٧ی ڕەشەمەشدا کە بۆ ڕۆژی دەنگدان دیارییان کردبوو ، هەموو دەزگای تەبلیغی‌و پڕوپاگەندە‌و بەسیج کردنی خەڵکی وەگەڕ خست تاکوو خەڵک بکێشێتە سەر سندووقەکان‌و لە بەر چاوی دووربینەکانەوە ڕیزی دوور‌و درێژی خەڵکی بەشدار نیشان بدا.

لەم ماوەیەدا کە حیزبی دێموکرات وەک هێزێکی ئازادیخوازی واقیعبین، سیاسەتی بایکۆتی شانۆگەریی ڕێژیم‌و هاندانی خەڵک بۆ نەچوونە سەر سندووقەکانی دەنگدانی ڕێژیمی گرتە پێش، لە سەر بنەمای لێکدانەوەیەکی دروستی سیاسی‌و بە ناسینی ڕێژیم‌و بە ئاگادار بوون لە هەموو چەواشەکارییەکانی ئەو ڕێژیمە، ئەو سیاسەتەی گرتە پێش‌و هەم دروستیی سیاسەتەکەی دەرکەوت‌و هەم ئەندام‌و لایەنگرانی تێکۆشەری حیزبیش لەم ماوەیەدا بۆ سەرکەوتنی ئەو سیاسەتە‌و بردنی سیاستی حیزب بۆ نێو خەڵک ئەوەی لە دەستیان هات ئەنجامیان دا‌و بە چالاکییەکانیان هەنگاوی کردەییان بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی ڕێژیم هەڵگرت.

هاونیشتمانیانی بەڕێز!

هەروەک ئاگادارن، ڕێژیمی ئیسلامی بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکان لە پیلانی جۆربەجۆر‌و بڵاوکردنەوەی دەنگۆی ناڕاست‌و تەماح وەبەرنان‌و هەڕەشە‌و چاوسوورکردنەوە لە خەڵک هەوڵی دا کە بەناچاری بەشێک لە خەڵک پەلکێشی سەر سندووق بکا. هەروەها بە دیاریکردنی بەربژێری دەسکردی خۆی لە نێو گرووپ‌و پێکهاتە‌و چین‌و توێژی جۆربەجۆری کۆمەڵگا‌و بەتایبەت لە کوردستاندا، هەوڵی دا کە هەم بازاڕگەرمییەکی ناواقیعی بۆ هەڵبژاردنەکەی وەدەست بخا‌و هەم کێشە‌و ململانێی ناتەندروست بخاتە نێو کۆمەڵگای کوردستانەوە. لە ڕۆژی بەناو دەنگدانیشدا، هەم ژمارەیەکی زۆری دەنگی لەپێشدا ئامادەکراوی خستە نێو سندووقەکانەوە‌و هەم خەڵک‌و دەستوپێوەندییەکانی خۆی لەمبەر بۆ ئەوبەر گواستەوە، تاکوو هەم تەقەلوبیان پێ بکا‌و هەم لە بەرچاوی دووربینەکانی خۆیەوە مانۆڕ‌و نمایشیان پێ بدا.

وەکوو ئاکامی هەڵبژاردنیش، لە ئاستی سەرتاسەریدا، ڕێژیم ڕایگەیاند کە؛ بەشدارییەکی نزیک بە ٦٠%ی هەبووە، کە بە لەبەرچاوگرتنی دەسکاری‌و گزەکردنی هەمیشەیی ڕێژیم لە ئامارەکاندا، بۆمان دەردەکەوێ کە ئاستی بەشداریی خەڵک بەگشتی لە خوارەوە بووە.

هەروەها لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا، بەپێی هەندێک تایبەتمەندی، بەشداریی خەڵک جیاواز بووە. بەپێی ئەو ئامارانەی لە لایەن خودی ڕێژیمەوە بڵاو بوونەتەوە، ئاستی بەشداریی خەڵک لە پارێزگای سنە لە خوارەوە بووە کە زانیارییەکان باس لە بەشداریی کەمتر لە ٤٠%ی خەڵک لەو پارێزگایە دەکەن. لە پارێزگاکانی دیکەی کوردستانیش ئاستی بەشداریی خەڵک کەمتر لە ئاستی گشتیی ئێران بووە، تەنیا لە چەند شوێنی ئیلام‌و پارێزگای ورمێ نەبێ کە لەبەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی ئەو ناوچانە‌و تایبەتمەندییان، هەروەها هەندێک پیلانی ڕژیم بۆ زەقکردنەوەی کێشەکانی نێو پێکهاتەکان، لە ڕێگەی کاندیدا دسنیشانکراوەکانەوە، بەداخەوە ڕێژیم لە ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک لەو شوێنانەدا سەرکەوتوو بووە.

ئەوەی لەم بەناو هەڵبژاردنەشدا بۆ جارێکی دیکە نیشان درایەوە، ئەوە بوو کە ڕێژیم لەوپەڕی ترس‌و لەرزۆکییدا تەنانەت کاندیداکانی خۆیشی کە پێشتر لێیان دڵنیابوو، لە مەیدان دەری کردن، تاکوو هیچ جۆرە ڕیسکێکی بۆ دۆخی لەرزۆکی داهاتووی نەکردبێ‌و مەبەستی ڕژیم تەنیا ئەوە بوو کە خەڵکێک بکێشێتە سەر سندووقەکان، دەنا نە مەجلیسەکانی دەسەڵاتی ئەوتۆیان هەیە‌و نە باندە جیاوازەکانی نێو ڕێژیم هیچ خەمێکی مافی خەڵک دەخۆن، تەنیا لە سەر بەرژەوەندیی خۆیان پێکەوە کێشەیان هەیە‌و لە سەر ستەمکردن لە خەڵک هاودەنگن‌و لە کاتی هەستیاردا بۆ پاراستنی نیزامەکەیان هەموو دژبەرییەکانیان وەلا دەنێن.

پێویستە لە کۆتاییدا سپاسی هەموو ئەو کەسانە‌و ئەو تێکۆشەرانەی دێموکرات بکەین کە لە پێناو سەرخستنی هەڵوێستی حیزبی دێموکراتدا تێکۆشان، هەڵوێستێک کە هاوتەریب‌و هاوئاهەنگ بوو لەگەڵ زۆربەی هەرەزۆری ڕێکخراو‌و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کە هەڵبژاردنەکانیان بایکۆت کرد. هەروەها سپاس‌و پێزانین بەرانبەر بەو خەڵکە دەرببڕین کە سندووقەکانی چەواشکاریی ڕێژیمیان بایکۆت کرد.

هەروەها بەو ژمارەیەی خەڵکیش کە بە ناچاری یان لە دۆخی ئاڵۆزکراوی ڕژیمدا چوونە سەر سندووقەکان ڕابگەیەنین کە دوای ڕۆژی بەناو دەنگدان، ڕوونتر دەردەکەوێ کە هەموو ئەو کەسانەی کە دەبرێنە مەجلیسی ڕێژیم، دامودەزگاکانی ڕێژیم خۆیان دیارییان کردوون‌و دەچنە شوێنێک کە هیچیان لەدەست نایە بۆ پشتیوانی لە مافی گەل، بەڵکوو ئەوان تەنیا بەڕێوەبەری سیاسەتەکانی دەزگای ویلایەتی فەقیهن‌و هیچی تر.

نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی

سەرکەوتن بۆ ئازادی

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەفتەری سیاسی

٩ی ڕەشەمەی ١٣٩٤

٢٨ی فێوریەی ٢٠١٦

 

---------------------------------------------------------------------------------------------------

ـ بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌و ماڵپه‌ڕ له رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ئێره‌ كلیك بكه‌


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 963
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy