ئەو کێشەو ئاریشانەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەخەباتی ٣٧ساڵی رابردوودا بەتایبەتی ئینشعابو دابڕانەکانی پاش کۆنگرەی چوارو هەشتو سێزدە تووشی بوو بە شێوازو فۆرمێکی دیکە کۆماری کوردستانیشی تووشی سەرئێشە کردبوو ئەویش ئەوەبوو کە بەشێک لە سەرۆک عەشیرەتو ئاغاو دەرەبەگەکان کە بەشدارییان لە حکومەتی کۆماری کوردستاندا کردبوو بە هۆی ئەوەی کە نەیاندەتوانی لەگەڵ بیری مۆدێڕنو سەردەمیانەی پێشەواو بەرنامەو پێڕەوی ناوخۆی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا بێنەوەو بەرنامەکانی کۆماریان بەدژی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەبینیو پێش بینی ئەوەیان کردبوو کە چی دیکە ناتوانن وەک پێشوو قۆناغی دەرەبەگایەتی زیندووبکەنەوەو خەڵکی هەژارو چەوساوە بچەوسێننەوە بۆیە ناچار ژێربەژێرو بەوپەڕی نەفس نزمییەوە لەگەڵ ئەرتە شی حەمەرەزا شاو دەزگای ساواک ڕێککەوتنو خیانەتیان لە پێشەواو کۆماری کوردستانو حیزبی دێموکرات کە دامەزرێنەری کۆماری کوردستان بوو کردو بەم چەشنە پایەکانی دەسەڵاتی کۆماریان لاواز کرد تا سەرەنجام کۆماریان بەرەو داڕمان برد، هەرچەند ئەمە تەنیا هۆکاری شکستی کۆماری کۆردستان نەبوو بەڵام لەپاڵ فاکتەری ناوچەییو سەروناوچەیی سەرەکیترین فاکتەری لاوازکردنو رووخانی کۆماری کوردستان بوو.
قۆناغێکی دیکە کە زەربەی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستانی رۆژهەڵاتو حیزبی دێموکرات دا ئینشعابی پەیرەوانی کۆنگرەی چوار بوو کە بە تاقمی حەوت کەسی ناسراون، لەراستیدا ئەم کەسانە پەیرەوانی حیزبی تودە بوون کە ئەوکات تووشی تەوەهومو سەرگەردانی فکری گەورەبوو. ئەم جەماعەتە پۆلێنبەندییەکی سەیریان هێنابووە نێو ریزەکانی حیزبەوە ـ کە هەرکەسو لایەنێک ئامادەی خۆش خزمەتی بە رژێمی کۆنەپەرستی خومەینی نەبوایە بە دژە شۆڕشو پەیڕەوی ئەمپریالیسم ناودێریان دەکردو لەراستیدا کێشەی کوردیان لەچوارچێوەی رژێمدا گرێ دابوو بە خودموختاری فەرهەنگیو ئیداری لە چوارچێوەی تەواویەتی ئەرزی ئێراندا بەڵام دوکتور قاسملووو هاورێیانی پشتیوانی لە شۆڕشو رێبەرایەتییەکەیان گرێ دابوو بە چارەسەری کێشەی کورد لەچوارچێوەی گەڵاڵەی پێشنیارکراوی خودموختاریو راگەیاندنو جێبەجێکردنی لەلایەن کاربەدەستانی تارانەوەـ خوێندنەوەیەکی تودەییانە بۆ کێشەی کوردو کۆماری ئیسلامیو رێبەرایەتی شۆڕش لەراستیدا کێشەیەکی قوڵی فکری ئەو تاقمە لەگەڵ دوکتور قاسملووو هاورێیانی بوو کە هەڵگری دروشمی نەتەوەخوازیو دیموکراتیک بوون. سەرەنجام لە ٢٥/٣/١٣٥٩ ئەو تاقمە جیابوونەوەی خۆیان لە بەیاننامەیەکدا بەناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ پەیرەوانی کۆنگرەی چوار راگەیاند کە دیارە چارەنووسیان بە کوێ گەیشت. بەداخەوە ئەو تاقمە لە چەند ناوچەیەکدا شانبەشانی پاسدارانی ئێرانی لەگەڵ پێشمەرگەکانی حیزب بەشەڕ هاتنو تەنانەت چەند ناوچەیەکیشیان لەدەست حیزب دەرهێناو رادەستی دوژمنیان کرد. جەماعەتێکیان بوونە مۆرەی رژیم بەدژی یەکدیو لەتەسویە حیساباتی ناوخۆدا کوژرانو ژمارەیەکیان دواتر هاتنەوە ناو ریزەکانی حیزبی دێموکرات بەو مەرجانەی کە حیزب بۆیانی دیاری کردبووو جەماعەتێکیشیان وەک فارۆق کەیخوسرەوی چوونەوە ناو رژیمو بەشێکیشیان دواتر لە راگەیەندراوێکدا هەڵوەشانەوەی خۆیان بەفەرمی راگەیاند پاشان کەسانێکی وەک مامە غەنی بلوریانو سراجی بەفەرمی چوونەوە باوەشی حیزبی تودەو مامە غەنی بوو بە ئەندامی دەفتەری سیاسی تودە، بەم چەشنە ئەم دابڕانە کە لەراستیدا دابڕانی فیکری بوو لەناو ریزەکانی حیزبی دێموکراتدا زەربەیەکی دیکەی لە حیزبو بزووتنەوەی کورد دا.
دابڕانی دیکە لە ساڵی ١٣٦٧و پاش کۆنگرەی هەشت لەرێزەکانی حیزبی دێموکراتدا روویدا کە بەباوەڕی من دەکڕێ هەم وەک کێشەی فکریو سیاسی سەیری بکەین هەمیش وەک ململانێی دەسەڵات، چونکوو ئەوکاتیش بەشێکی زۆر لەو کەسانە هەر گیرۆدەی فکری تودەیی بوونو هەمیش بەشێکیان هەزیان دەکرد بەسەر کەسایەتی دوکتور قاسملوودا سەرکەون بەڵام ئەمە شتێکی مەحاڵو دەتوانم بڵێن وەک ئەفسانە وابوو بۆیە بەناچار لەساڵی ١٣٦٧دا لە بەیاننامەیەکدا بەناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ رێبەرایەتی شۆڕشگێڕ جیابوونەوەی خۆیان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران راگەیاند، هەرچەند ئاکامی ئەم دابڕانەش زیانی گەورەی بە حیزب گەیاند بەڵام ریزەکانی حیزبی یەکدەستو تۆکمە کردەوە. ئەم جەماعەتەش بۆ دژایەتی حیزب پاڵیان بە ( مجاهدین خلق ایران)ەوەدا کە حیزبی دێموکرات هاوپەیمانی خۆی لەگەڵیان بەهۆی پاوانخوازیی موجاهدینەوە یەک لایەنانە هەڵوەشاندبووەوەو لەلایەکیتریشەوە لەگەڵ کۆمە رێککەوتن کە ئەوکات لەگەڵ حیزبی دێموکراتدا لەشەڕدا بوون، هەموو ئەمانە بۆ دژایەتی حیزبی دێموکراتو زیندووکردنەوەی خۆیان بوو. وەک دەڵێن باری لارو گێڕ قەت بە مەقسەد ناگا، ئەمانیش پاش چەند ساڵ دابڕان لەحیزبی دێموکرات لەساڵی ١٣٧٥دا بەفەرمی پەیوەست بوونەوە بە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە.
دوا جیابوونەوەو ئینشعاب لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە رێبەرایەتی ئەندازیار مەلا عەوڵا حەسەنزادە بوو کە لەراستیدا تەنیا ئینشعابێک بوو لەناو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا کە تەنیا پاوانخوازییو زێدەخوازیی بەڕێز حەسەنزادە هۆکاری روودانی بووو تەنانەت بەرادەی نووکە دەرزییەکیش کێشەی فکری لەو دابڕانەدا دەخیل نەبوو. ئەوانەی دوور یان نزیک ئاگایان لە رووداوەکانی سەرەتاو دوای کۆنگرەی سێزدەیەمی حیزب هەیە دەزانن کە هۆکاری ئەو دابڕانە چی بووەو پێش ئەو دابڕانەش ئەو هەڤاڵانە چی نەما کە بەسەر حیزبدا نەیهێننو کۆسپو تەگەرە نەما لەبەردەم بەڕێوەچوونی کاروبارەکانی حیزبدا دروستی نەکەن. من نامەوێ بچمەناو تەفاسیری ئەو ئەرکەی کە بەرێنوێنی بەڕێز مەلا عەوڵا حەسەنزادە بە پێڕەوانی سپێردرا بوو بۆ ئەوەی درێژە بە دووبەرەکیو ئاشوب لەریزەکانی حیزبدا بدەن. بەڵام ئەوەی مەبەستمە لێرەدا ئاوڕێکی خێرای لێبدەمەوە ئەوەیە کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەڕێز مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پراکتیک هەموو هەوڵەکانی خۆیو رێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی خستەگەڕ بۆ ئەوەی ئەو زامەی لەئاکامی پاوانخوازیی بەڕێز حەسەنزادەدا بەجەستەی حیزبەوە درا سارێژ بکاتەوەو هەموو نەرمییەکی نواند بۆئەوەی ریزەکانی حیزبی دێموکرات یەکبخاتەوەو دڵی بنەماڵەی شەهیدانو دڵسۆزانی نەتەوەکەمان خۆش بکاتو دوژمنانی پێ خەمبار، ئەمە لەحالێکدابوو کە لایەنی بەرامبەر کە خۆیان لەریزەکانی حیزبی دێموکرات ئینشعابیان کردبوو بۆ چەواشەکردنی بیروڕای گشتی پەیتا پەیتا لەدەزگا راگەیاندنەکەیاندا باسیان لە یەکگرتنەوە دەکرد هەربۆیە رێبەرایەتی حدکا بۆ ئەوەی بەبیرورای گشتی خەڵکی کوردستان بسەلمێنێ کە ئەوەی لایەنی بەرامبەر دەیکا تەنیا بۆ چەواشەکردنی راستییەکانەو لە پڕوپاگەندەی میدیایی زیاتر شتێکی تر نییە بە پراکتیک هاتە مەیدانو لەم بوارەشدا هەنگاوی بوێرانەی هەڵگرت تەنانەت رێبەرایەتی حدکا لەهەموو شارو ناوچەکانی کوردستانو کەمپەکانی خۆیدا کۆبوونەوەی بۆ ئەندامانو کادرو پێشمەرگەکانی گرتو پێی راگەیاندن کە بەمزوانە جێژنی یەکگرتنەوەی دووباڵی حیزبی دێموکرات بە خەڵکی کوردستان رادەگەیەنن، بەڵام لەدوا پلینۆمی ئەو هاورێیانەدا لەجیاتی ئەوەی هەواڵی دڵخۆشکەر بە خەڵکی کوردستانو لایەنگرانی هەردوو لای حیزب بدەن بەداخەوە دیسان بە هێنانەوەی بڕوبیانووی جۆراوجۆر کۆسپیان لەسەر رێگای یەکگرتنەوەی حیزب دروست کرد. بەڵام ئەوەی لێرەدا دەمەوێ زیاتر جەختی لەسەر بکەمەوە ئەوەیە کە لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەو هاورێیانە لەتێڕوانینو دونیا بینییان بەنسبەت رووداوەکانی ناوچەو ئێرانەوە بەتایبەت بە نسبەت باڵی رێفۆرمخوازو هەڵبژاردنەکانەوە تووشی تەوەهومو خوێندنەوەیەکی ناواقعی بوونە کە دەتوانم بڵێم لێرەدا کێشەیەکی فکری زۆر لە نێوان هەردوولادا هاتۆتە پێشەوە بە جۆرێک کە زۆربەی ئەو ئەندامانەی حیزبی دێموکرات کە تا دوێنێ لایەنگری یەکگرتنەوەی هەر دوو باڵی حیزب بوون ئەمڕۆ لەو هەڵوێستەی خۆیان پاشگەز بوونەتەوە چونکو دەزانن بەم شێوە بیرکردنەوەوە دوور نییە دوای یەکگرتنەوە دیسان ئینشعابی تر لە رێزەکانی حیزبدا روو نەدات. نموونەیەکی هەرە بەرچاوی ئەو جیاوازییە ئەوەیە کە یەکێک لەئەندامانی کومیتە ناوەندی ئەو هاوڕێیانە لەچاوپێکەوتنێکی لەگەڵ یەکێک لە کەناڵە تلویزیۆنییەکانی باشووری کوردستاندا رایگەیاند کە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەردەوام هەواڵێکی ناراست لەم کەناڵەوە بڵاو دەکرێتەوە کە گۆیا خەڵکی ئێرانو کوردستان لەترسی نانبڕاو کردن یان بڕینی یارانەکان یان لەئەگەری مۆرنەکردنی شناسنامەکانیان لەوانەیە کێشەیان لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ درووست ببێ دەچن دەنگ دەدەن کە بەڕای ئەو بەڕێزە ئەوە فڕی بەراستییەوە نییە! وەک بڵێی ئەو بەڕێزە لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا نەژییاوە یان وادیارە ئەوەندە دوورە لە خەڵکی کوردستان بۆیە هەست بەو شتانە ناکات. هەروەها لە دوابەیاننامەیاندا باس لەوە دەکەن کە لە هەندێ ناوچە ئێمە کێشەی شوناسمان هەیە پێویستە دەنگ بدەین بۆیە بایکۆتکردن بە هەڵوێستێکی باش نازانن، ئەمە لەحاڵێکدایە کە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیش لەو ناوچانە هەر ئەوە بووە بۆ راکێشانی خەڵک بۆ پای سندوقەکانی دەنگدان. بۆ کۆماری ئیسلامی گرنگ نییە لەو ناوچانە کوردێک دەنگی زۆرتر بێنێتەوە یان نەتەوەیەکی دیکە ، بۆ ئەوان گرنگ بەشداریی بەرفراوانی خەڵکە لە پای سندوقەکانی دەنگداندا، بەقەولی خۆیان ـ میزان دەنگی خەڵکە ـ تا لەو رێگایەوە بەرامبەر بە وڵاتانی دەرەوەو تەنانەت ئوپۆزسیۆنیش بڵێن ئەوەتا خەڵک بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەنو مەشروعییەتی نیزامەکە پەسند دەکەن، ئایا بۆئەو هاوڕێیانە باشتر وانەبوو کە هاوڕێ لەگەڵ لایەنەکانی تری ئۆپۆزسیۆنی کوردی دژبەری کۆماری ئیسلامیدا کاریان لەسەر خەڵکی کوردستان بکردایەو لەو چوارچێوەیەدا داخوازییە نەتەوەیی، ئابووری، فەرهەنگیو ... کۆمەڵگای کوردستانیان بۆ خەڵک روون بکردایێتەوە بەشێوەیەک کە ئەو باوەڕەیان لەناو خەڵکدا دروست بکردایەت کە خەڵک بەنەچوونە پای سندوقەکانی دەنگدان باشتر دەتوانن بە مافەکانیان بگەن بەچەشنێک کە ئەگەر خەڵکی کوردستان بە رێژەیەکی بەرچاو بایکۆتی هەڵبژاردنیان بکردایەت ئەو کات دەسەڵات بەخۆیدا دەهاتەوەو لەخەوی نکۆڵیکردن لەمافەکانی گەلی کورد رادەچڵەکاو بەم جۆرە لەرێگای نافەرمانی مەدەنییەوە پەیامی راستەقینەی خۆیان بەدەسەڵات دەگەیاند کە ئەمە شێوازێکی باشی بەرخۆدانە کە کەمترین هەزینەی هەیە بۆ خەڵک؟ گرنگ نییە لەماوەیەکی کورتدا سەدلەسەد خەڵک بەپیر بانگەوازەکەتەوە بچن، گرنگ ئەوەیە وەک پارتێکی سیاسی تووشی هەڵەی کوشندە نەبی. هیوادارم ئەو بەرادەرانە چیتر لەکەونە شوێن قسەی هەندێ رێفۆرمخوازی قازانج ویستی پارێزەری دەسەڵاتی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامیو بەخۆیاندا بێنەوە کە پاش حەفتا ساڵ خەبات زۆر عەیبە لەجیاتی ئەوەی رێنوێنو رێنیشاندەری خەڵک بن ببنە پاشکۆی رێفۆرمخوازانی ناوخۆ.
---------------------------------------------------------------------------------------------------
ـ ناوەڕۆکی ئەم بابەتە راو بۆچوونی نووسەرەو ماڵپەڕی "ههڵۆی كوردستان" لێی بەرپرسیار نییە
ـ بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرو ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه

