ساڵی ١٣٧٧ی هەتاوی، لە زستاندا دوای ئەوەی سەرۆکی رێکخراوێکی کوردیان لە بەشێکی دیکەی کوردستان دەسبەسەر کردو بە شێوەیەیک لە راگەیاندنەکانەوە نمایشیان کرد کە سووکایەتی بە کوردو خەباتی کورد بووو هەموو نەتەوەی کورد هەستیان بە ئەوپەڕی ستمەلێکراوی خۆیان کرد، لە کوردستانی رۆژهەڵاتدا دژ بەو دەسبەسەرکردنەو سووکایەتی بە هەستی نەتەوەییە خۆپیشاندانیان کرد.
لە خۆپیشاندانەکانی رەشەمەی ١٣٧٧ی هەتاوی، واتە ١٩٩٩ی زاییندا، ئەوە ژمارەیەک گەنجی هەڵچووو بزۆز نەبوون کە رژابوونە سەرشەقام بەڵکوو هەستی بریندارکراوی نەتەوەیەک بوو کە لە تلویزیۆنەکانەوە سووکایەتیی بە بیرو ناسنامەی نەتەوەیی بینیو تەواوی ئێشو ئازارەکانی دەیەکانی رابردوو کە لە لایەن دەسەڵاتە جۆربەجۆرەکانەوە لە ئێرانو عێراقو تورکیەو سووریە بە دژی کرابوون وەبیر هاتەوەو لە یەک وێنەی دەسبەسەرکراویی سەرۆکی رێکخراوێکدا خۆیی بە دیلیو سووکایەتی پێکراوی بینیەوەو نەیتوانی لە ماڵەوە دابنیشێو هاتە نێوەڕاستی گۆڕەپانی شار.
نەتەوەی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات، لە زۆر بڕگەی مێژووییدا سەلماندویەو دووپاتەو چەندپاتەی کردۆتەوە کە لەگەڵ ئازارەکانی براو خوشکەکانی لە بەشەکانی دیکەدا ئازار دەکێشێو لە خۆشیو سەرکەوتنەکانی ئەواندا شایی دەکاو شایی بەخۆیە. کاتێک کە لە ١٩٩١دا دوای راپەڕین، ئەرتەشی سەددام هێرشی کردەوە بۆ کوردستانو کورد لە کوردستانی باشوور بە کۆڕەو بەرەو رۆژهەڵات ئاوارە بوون، ئەوە نەتەوەی کورد لە شارو گوندەکانی کوردستان بوون کە خانووو نانەکەیان لەگەڵ میوانە ئاوارەکانیان دابەش کرد، هەرچەند دواتر هەندێک لە بەرپرسانی ئەوان هەر سپاسی میوانداریی کۆماری سێدارەی ئیسلامییان دەکرد!
یان لە چەسپاندنی فیدرالیزم لە باشوور دا لەگەڵ براو خوشکەکانیان هەڵپەڕینو شاییان کرد، لە ماڵوێرانیو ئاوارەیی شەنگالدا بە پیری کورد لە باشوور هاتنەوە، لە هێرشی تیرۆریستان بۆ کۆبانێدا تا ناو کۆبانێش چوون بۆ بەرگەری لە خاکو نەتەوەکەیان، لە ئاوارەبوونی خەڵکی جەلەولاو خانەقینو گەرمیاندا لە ژێر هێرشی داعشدا بەباوەشی ئاوەڵاوە یارمەتیی براو خوشکەکانیان دا، هەرچەند لە رووداوانەدا لە لایەن هەندێک کەسەوە سپاسی سپای پاسدارانی سەرکوتکەری خەڵکو کۆماری سێدارە کرا!
ساڵی ١٣٧٧ی هەتاویش کە خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات خۆپیشاندانیان کردو دوایە رێرەوی خۆپشاندانیان بەرەو دژایەتیی کۆماری ئیسلامی گۆڕی، دامودەزگای داپڵۆسێنەری ئیسلامیی تاران، ئەوەی دڕندەیی لەدەستیان دەهات بە دژی خەڵك کردیان، بەتایبەت لە ٣ی رەشەمەی ١٣٧٧ لە سنەداو لە ورمێو دەوروبەری زانکۆی ورمێدا، خۆپیشاندانی خەڵک بە گولەو ئاگرو ئاسن وەڵام درایەوەو دەیان کەس بێسەروشوێن کران کە ئێشتاشی لەگەڵ بێ بنەماڵەکانیان نازانن چییان لێ بەسەر هات.
٣ی رەشەمە رۆژی دەربڕینی رقی پیرۆزی خەڵک لە ستەمکاری بووو ستەمکاران بە کوشتار بەرەوڕویان بوونەوە، بەڵام بەداخەوە کە دووبارە ئەو هەستە نەتەوییە لە لایەن رێکخراوێکی دیارەوە بە باشی وەر نەگیراو گوترا کە ئەوە دەستی ئیمپریالیزمو سەهیۆنیزمی لە پشت بووە!
زۆرجارو بە درێژایی مێژوو دەسەڵاتدارانی سەرکوتکەر هەوڵی بێدەنگ کردنی چەوساوەکانیان داوەو بەتایبەت بە نیسبەت نەتەوەی کوردەوە دوای دابەشبوونی ئەم خاکو نەتەوەیە بە سەر چەند وڵاتدا، حاکمانی تارانو بەغداو دەمشقو ئانکارا وایان نواندوە کە تازە کورد بووە بە تۆزو بەدەم باوە لە مێژوودا ون بووە. وایان نواندوە کە توانیویانە کە کوردستان بە چۆکدا بێننو بوونی سیاسیی نەتەوی کورد بسڕنەوەو ئەوپەڕەکەی لە گۆرانیو هەڵپەڕکێدا بمێنێتەوە! بەڵام نەتەوەی کورد دووبارەو دووبارە، لە ناکاودا بە راسانو راپەڕینی نەتەوەیی وا دوژمنانی تووشی سەرسووڕمان کردوە کە تا چەندین ساڵ لە حەپەساویدا ماونەتەوە کە "ئەمە بۆ وای لێ هات؟".
رۆژی ٣ی رەشەمەی ١٣٧٧ی هەتاوی لەو رۆژە مێژوویانە بوو کە دوژمنانی کوردو کۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێستاشی لەگەڵدا بێ بە حەپەساویو سەرسووڕمانەوە لێی دەڕوانن، چونکە نەتەوەی بەئیرادەو شۆڕشگێڕی کورد بەوانە ناسڕێتەوەو دەنگی بۆ هەتاهەتایە کپ ناکرێ. وەکوو گڕکانێکە کە لەناکاودا کڵپە دەکاو مێژوو دەخولقێنێ.
---------------------------------------------------------------------------------------------------
ـ بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرو ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه

