لە ٣٠ ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاویدا، بۆ یەكەمین جار لە مێژووی ڕزگاریخوازیی گەلی كورددا، لە سەر دەستی سەرۆك كۆمارو پێشەوای مەزنی كورد قازی محەممەد، بە مەبەستی ئۆرگانیزە كردنی ویستو خواستە سینفییەكانی توێژی لاوو گرینگی پێدانیان لە لایەن كۆماری كوردستانەوە، ڕێكخراوێكی تایبەت بە لاوان بە نێوی "اتحادیە جوانان كوردستان" دامەزراو دواتر لە بەردەوامیی ڕەوتی خەباتو تێكۆشانی دا، نێوی كرا بە یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران. دامەزراندنی ڕێكخراوی تایبەت بە لاوانو هەروەها ڕێكخراوی تایبەت بە ژنان لە وەها سەردەمێكدا، خاڵێکی وەرچەرخانی مێژووییە لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی نەتەوەكەمانو دەرخەری واقعی بیری پێشكەوتووانەی بەڕێوەبەرانی كۆماری كوردستانو لە سەرووی هەموویانەوە بیرمەندییو زانابوونی پێشەواو سەركۆماری كوردستانە كە وەك ئەزموونێكی بەنرخ بۆ كۆمەڵگای كوردستان دێتە هەژمار. لاوانی كوردستان بە كۆبوونەوە لە دەوری ئەو ڕێكخراوە، وێڕای خۆپێگەیاندنو هەوڵدانیان بۆ مسۆگەركردنی خەونو هیواكانییان، دەورو كاریگەرییەكی بەرچاویان لە ئاوەدانكردنەوەو ئیدارەكردنی كۆماردا هەبووو یەكەمین گۆڤاری تایبەت بە لاوان بە نێوی "هاواری نیشتمان" كە زمانحاڵی ئەو ڕێكخراوەیە بوو، لە ١ی خاكەلێوەی ساڵی ١٣٢٥ی هەتاویو لە گەڵ یەكەم ڕۆژی دەست پێكردنەوەی ساڵی نوێ دا چاپو بڵاو كرایەوە، كە لە قۆناغەكانی دواتری خەبات دا، نێوی كرا بە گۆڤاری "لاوان".
یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران، كە لە ژێر سێبەری كۆماری كوردستانو ئامۆژگارییەكانی پێشەوای كورد قازی محەممەدی نەمردا فرچك دەگرێتو بە درێژایی ٧٠ ساڵ خەباتو تێكۆشانی بێوچانی خۆی وێرای هەوڵدان بۆ پەروەردە كردنو پێگەیاندنی لاوانی كوردو هەوڵدان بۆ دابین كردنی ویستو خواستە سینفییەكانیان، هەردەم لە سەنگەری پێشەوەی خەباتو تێكۆشانی نەتەوەییداو شان بە شانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بەرەڤانی لە مافو كەرامەتی خەڵكی كوردستان كردووەو لەو پێناوەدا نرخی زۆری داوە. یەكیەتیی لاوان هەمیشە لە سەر ئەو باوەڕە بووە كە، تاوەكوو نەتەوەی كورد لە ژێر زوڵمو ستەمی داگیركەران ڕزگار نەبێتو كوردستان ئازاد نەبێت، لاوانی كوردیش كە قوربانیی سەرەكیی سیاسەتی چەپەڵو مرۆڤكوژانەی داگیركەرانن، ناتوانن بە هیواو خەونەكانیان بگەنو بە ئازادیو بەختەوەری بژین. بۆیە بە لە بەرچاو گرتنی ئەو ڕاستییە، یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی ئەو ڕێكخراوەیە، پەرەدان بە بیری نەتەوەییو شۆڕشگێری لە نێو لاوانی كوردستاندایەو بەردەوامبوونە لە سەنگەری خەباتی نەتەوەییدا تا گەیشتن بە ترۆپكی ڕزگاری لە چوارچێوەی سیاسەتو ستراتیژییە نەتەوەییەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران.
یەكیەتیی لاوان لە ماوەی خەباتی خۆی دا، وێڕای گرینگیو پەرەدان بە بوارەكانی زانستیو ڕۆشنبیریو وەرزشیو كولتووری لە نێو لاوانو كۆمەڵگای كوردستاندا، توانیویەتی لە بواری سیاسیشدا، زۆر لاوی بە ئەزموونو پێگەیشتوو بۆ مەكتەبی دێموكرات پەروەردە بكات كە هەنووكە بەشێكیان لە ئاستی ڕێبەرایەتیو ئۆرگانەكانی ئەم حیزبەدا ئەركە نیشتمانییەكانی خۆیان بەڕێوە دەبەنو خاوەن تێكۆشانی بەرچاون. لەو پێوەندییەدا دەتوانین ئاماژە بە ڕێبەری بێ هاوتاوی كورد شەهید د. قاسملوو بكەین كە بۆ یەكەمین جار تێكۆشانی سیاسیو ڕێكخراوەیی خۆی بە دامەزرانی كۆمیتەی یەكیەتیی لاوان لە ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی لە شاری ورمێ دەست پێدەكاتو لە بووژاندنەوەو سەر لە نوێ ڕێكخستنی ئەو ڕێكخراوەیەدا، بە تایبەتی لە دوای ڕووخانی كۆماری كوردستان، كاریگەریی بەرچاوی هەبووە.
مێژووی یەكیەتیی لاوان لە ماوەی ئەم ٧٠ ساڵە دا، دەكرێت بە سەر سێ قۆناغدا دابەش بكەین. قۆناخی یەكەم كە دامەزراندنی ئەو ڕێكخراوەیە لە سەردەمی كۆماری دێموكراتیكی كوردستان، تاكوو سەركەوتنی شۆڕشی گەڵانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا. لەو سەردەمەدا، بە تایبەت لە ماوەی كورتی تەمەنی كۆماری كوردستاندا، ئەو ڕێكخراوەیە توانی لە دەرفەتو ئەزموونەكانی كۆمار كەڵك وەربگرێتو ببێتە جێگای هیواو ئۆمێدی لاوانی كوردستانو هەنگاو بەرەو گەشەسەندنەوە لە پێناو داهاتوویەكی ڕوون بۆ لاوانی كوردستان باوێتو بە دەورو كاریگەرییەكانی ببێتە جێگای بایەخو گرینگی پێدانی بەڕێوەبەرانی كۆمارو لە سەرووی هەموویانەوە پێشەوای نەمڕ قازی محەممەد. لە دوای ڕووخانی كۆماری كوردستانیش، ئەندامو لایەنگرانی یەكیەتیی لاوان، بە دژی كوژرانو ئەشكەنجەدانی لاوانی كورد، بە تایبەتی لە جۆزەردانی ساڵی ١٣٣٢ ی هەتاویدا، چەند جارێك لە شاری مەهاباد خۆپیشاندانیان بە دژی دەسەڵاتدارانی ئەو كاتی ڕێژیمی شا ڕێكخست كە لە ئەنجام دا، زیاتر لە ٦٠ كەس لە ئەندامانی ئەو ڕێكخراوەیە لە لایەن ڕێژیمی ئەوكاتەوە دەستبەسەر كران، كە دواتر بە هۆی ناڕەزایەتیو مانگرتنی دانیشتوانی شاری مەهاباد، سەرەنجام ئازاد كران. هەروەها بەشداری كردنی ئەندامانی ئەو ڕێكخراوەیە لە ڤێستیڤاڵی نێونەتەوەیی لاوان لە بۆخارێست، پێتەختی وڵاتی ڕۆمانیو بەشداربوونیان لە چەندین چالاكی لە دەرەوەی كوردستاندا، سەڵمێنەری دەوری كاریگەری ئەو ڕێكخراوەیە بوو لە گشت بوارەكاندا. یەكیەتیی لاوان هەروەها لە سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوییشدا، توانی بە ئۆرگانیزە كردنی خۆی لە ژێر ڕێنوێنیو كاریگەرییەكانی حدكا دا، دەوری سەرەكیی خۆی ببینێت.
قۆناغی دووهەم لە تێكۆشانی ئەو ڕێكخراوەیە، لە دوای سەركەوتنی شۆڕشی گەڵانی ئێران، تاكوو ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی دەست پێدەكات.
ئەم قۆناغە بە بووژانەوەی سەرلەنوێی ڕێكخستنەكانی یەكیەتیی لاوانو خەباتو تێكۆشانی دووبارەی ئەو ڕێكخراوەیە بە ئەژمار دێت. لەم قۆناغەدا، دەورو ڕێنوێنییەكانی ڕێبەری گەورەمان د. قاسملوو لە گرینگی دانو بووژانەوەی یەكیەتیی لاواندا، بەرچاوو شوێندانەر بوو. ئەو ڕێكخراوەیە بە كۆكردنەوەی لاوان بە دەوری خۆیو سازماندانیان لە چوارچێوەی شانەو كۆمیتەكانی تایبەتیداو پەروەردەكردنیان لە بوارەكانی زانستیو ڕۆشنبیریو پەرەدان بە بیری نەتەوایەتی لە نێو ئەو لاوانەدا، چالاكانە لە مەتەرێزی خەباتو تێكۆشاندا ئەركی وڵاتپارێزیی خۆیان بەڕێوە دەبردو وەك هێزێكی ئەكتیڤو هیوابەخش، شان بە شانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بەرگرییان لە مانو موجوودییەتی گەلی كورد دەكرد. یەكیەتیی لاوان لە سەنگەری خەباتی نەتەوایەتییشدا، وەك هێزێكی شوێندانەر، نرخی زۆری داوەو زۆرن ئەو لاوانەی كە لە چوارچێوەی تێكۆشانی ئەو ڕێكخراوەیەدا، لە پێناو ئازادی نەتەوەكەیاندا، شەهید بوون.
قۆناغی سێهەم، لە مانگی گەڵاوێژی ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی ڕا دەست پێدەكات. لەم قۆناغەی خەباتدا، یەكیەتیی لاوان بە كەڵك وەرگرتن لە مێتۆدەكانی خەباتی سەردەم، ئۆرگانیزەكردنی ڕێكخستنەكانی خۆی لە نێوخۆی كوردستانو دەرەوەی وڵاتو باشووری كوردستان، یەكەمین كۆنگرەی خۆی لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی بەڕێوە دەباتو ڕێڕەوی خەباتو ستراتیژیی تێكۆشانی خۆی بۆ داهاتوو دیاری دەكات.
گرینگیی ئەم قۆناغە لە خەباتو تێكۆشانی یەكیەتیی لاوان ئەوە بوو كە توانی ئۆرگانیزاسیۆنی خۆی لە ئاستی وڵاتانی ئورووپاو ئەمریكاو كانادا ڕێك بخاتو ببێتە هاواری مافخوازانەی لاوانی بەش مەینەتو ستەملێكراوی گەلانی ئێران بە گشتیو لاوانی كوردستان بە تایبەتی لە ئاستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دا. لاوانی بەئەزموونو پێگەیشتووی سەر بە یەكیەتیی لاوان، بە بەشدارییان لە كۆڕو كۆبوونەوە جیهانییەكاندا، سیاسەتە چەپەڵو دژی مرۆڤییەكانی ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران بە دژی كۆمەڵگای مافخوازی ئێرانو لاوان بە تایبەتی، بۆ ڕای گشتی ئاشكرا دەكردو هەروەها بە هەوڵدان بۆ بوونە ئەندام لە ڕێكخراوە جیهانییەكانی تایبەت بە لاوان، بە تایبەت لە ڕێكخراوی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیستی لاواندا، پشتیوانیو سەرنجی كۆمەڵگای نێونەتەوەیی بۆ لای بزووتنەوەی مافخوازی كورد بە گشتیو لاوان بە تایبەتی ڕابكێشێت. بەڕێوەبردنی كۆڕو كۆبوونەوەی سیاسیو ڕۆشنبیری بۆ لاوانی كورد لە دەرەوەی وڵاتو پەڕەدان بە بواری فەرهەنگیو كولتووریی كوردستانو ناساندنیان بە كۆمەڵگای جیهانی، لە تێكۆشانە بەرچاوەكانی ڕێكخستنەكانی لاوانە لە دەرەوەی وڵات.
لە ئاستی كوردستانیشدا، هاوپێوەندی لە گەڵ لاوانی هەر چوار پارچەی كوردستانو دەورو كاریگەرییەكانی لە پێكهێنانی فێدراسیۆنەكانی تایبەت بە لاوانو بە تایبەتی هەوڵدان بۆ پێكهێنانو بەڕێوەبردنی كۆنگرەی لاوانی چوار پارچەی كوردستانو فێدراسیۆنی تایبەت بە ڕێكخراوەكانی لاوانی كوردستانی ڕۆژهەڵاتو دۆستایەتی لە گەڵ ناوەندو ڕێكخراوەكانی لاوانی سەر بە گەلانی ئازادیخوازی ئێران، ئەزموونی سەركەوتووی ئەم قۆناغە لە خەباتی یەكیەتیی لاوانە.
گرینگیدانی زیاتر بە بواری پەروەردەیی، پێوەندی، ڕاگەیاندنو ڕێكخستنو كەڵك وەرگرتن لە ئامرازەكانی خەباتی سەردەم، خاڵی شوێندانەری خەباتو تێكۆشانی یەكیەتیی لاوان بوو كە توانیی دەرفەتو دەرەتانی زیاتر بۆ لاوان بە گشتی بڕەخسێنێتو زۆر لاوی بەئەزموونو پێگەیشتوو لە ڕیزەكانی خۆیدا پەروەردە بكات كە هەنووكە لە ڕەوتی خەباتو تێكۆشان بۆ گەیشتن بە مافو ئازادییەكانیان ڕۆڵی بە باندۆریان هەیەو بوونەتە هیواو ئۆمێدی نەتەوەكەیان.
یەكیەتیی لاوان لە ماوەی ٧٠ ساڵ خەباتو تێكۆشانی خۆیدا، بە زۆر قۆناغی سەختو دژواردا تێپەڕیوەو هەورازو نشێوی زۆری بینیوە. ئەم ڕێكخراوەیە بە كەڵك وەرگرتن لە ئەزموونەكانی ڕابردووی خەباتی خۆیو بە پشتیوانیی بەردەوامی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، شێلگیرانەو بەهێزتر لە ڕابردوو، هەروا لە مەتەرێزی خەباتو تێكۆشان بۆ گەیشتن بە مافو سەروەرییەكانی نەتەوەكەیو بە تایبەتی ویستو خواستە سینفییەكانی توێژی لاو تێدەكوشێت.
---------------------------------------------------------------------------------------------------
ـ بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرو ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه

