هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

کاریگەریی بایکوتی ئەمجارەی هەڵبژاردنەکان!

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

mansor_azizi_logo_web_1جێی بایەخ‌و گرنگ دەبێ کە هەندێک جاران بە پێچەوانەی رێڕەوی ئاو یان رووبارێک رێ بپێوین. دەکرێ هەندێک جار بەو پێیەی کە پێمانوایە بڕیارەکەمان دروستە، تەریک بکەوینەوە یان ئەوەی کەسمان لەگەڵ نەبێ لە پێوەندی لەگەڵ ئەو رایەی کە هەمانە یان ئەو جوڵەیەی کە دەیکەین.

بە پێی تایتڵی بابەتەکەمان، دەتوانین بچینە سەر باسی هەڵبژاردنەکان لە ئێران‌و دروستی یان نادروستیی بەشداری لەو هەڵبژاردنانە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک حیزبێکی شۆڕشگێڕ کە خۆی بە یەکێک لەو حیزبانەی پێشڕەوی خەباتی نەتەوەیی دێموکراتیکی کورد دەزانێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لانیکەم لە سەرەتای هاتنە سەرکاری رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تا ئێستا لە پێوەندی لەگەڵ رێژیمی ئێستای ئێران کۆمەڵێک بڕیاری فەرمی‌و راسپاردەی روونی هەبووە.

کە ریفراندۆم دەکرێ بۆ هەڵبژاردن لە نێوان رێژیمی ئێستای ئێران‌و رێژیمی پاشایەتی، ئەودەم حیزب بە فەرمی ئەو رێفراندۆمەی بایکۆت کرد‌و هۆکارەکەشی روون بوو کە نێوەڕۆکی ئەو رێژیمی ناناسێ‌و خەڵکی کوردستان لە بنەمادا نازانن کە ئەو رێژیمە چۆن سیستمێک پێڕەو دەکات. لە پێوەندی لەگە دەست بەسەرداگرتنی باڵیۆزخانەی ئامریکا لە پاش شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ هەتاوی لە ئێران، دیسان حیزبی دێموکرات ئەو کارەی مەحکوم کرد‌و پێیوابوو کە ئەوە پێشێلکردنی یاسا‌و ریسا نێونەتەوەییەکانە‌و لە نێوبردنی عورفی دێبلوماسییە‌و دەتوانێ دیسان دوپات بێتەوە لە پێوەندی لەگەڵ باڵیۆزخانەی وڵاتیکی دیکە لە ئەگەری ئاڵۆزبوونی پێوەندی نێوان ئەو رێژیمە لە گەڵ ئەم یان ئە وڵات.

حیزبی دێموکرات، بەردەوام بە فاکتەوە یاسای بنەڕەتیی ئێران، داڕێژراوی رێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی رەد کردۆتەوە‌و پێیوابووە کەمڕەنگکردن، یان لە خشتەبردنی مافەکانی نەتەوە نافارسەکانی دیکەی دانیشتووی جوغرافیای سیاسیی ئێران لە چوارچێوەی مادەکانی ١٩‌و ١٥ی یاسای بنەڕەتیی وڵات، جێی پەسندی کورد نابێ‌و ئەو خاڵانە کە هەمووان مارکی حکومەتیشیان پێوەیە ،لە داهاتوودا لە دوو ئاستی توانەوە لە فەرهەنگی نەتەوەی باڵادەست‌و هەروەها بە کولتوورکردنی مەزهەبی " اثنا عشری" ی " تشیع" ی ئەبنە هۆی زیانێکی گەورە‌و لە راستیدا بنەما بۆ ماڵوێرانیی زیاتر دروست دەکەن.

 

tahrim_-_hallbjardn_-_m_a_1


لای هەمووان روونە کە حیزبی دێموکرات لە دژوارترین بارودۆخی سیاسیی نێوخۆی وڵاتیشدا لە هە ر دەرفەتێک کەڵکی وەرگرتووە کە لە بار بووە بۆ ئەوەی دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵک بەرز بکرێتەوە‌و بزووتنەوە گشتیی جەماوەرییەکان رەنگ بگرن. بەڵام زۆر جاریش بە وردبینییەوە هەڵبژاردەناکنی بایکوت کردووە‌و خەلكی هان داو ەکە بەشداری نەکەن.

لە راستیدا هەروەک گووتم، لەو کاتانەی کە خەڵکێکی زۆر لە دانیشتووانی ئێران‌و تەنانەت زۆر لە حیزبە چەپەکانیش پێیانوابوو کە رێژیمی دژی ئیمپریالیزمیی ئاخوندیی ئێران " بە قەولی ئەوان" دەبێ تەئید بکرێ، حیزبی دێموکرات بە دروستی عەمەڵی کرد‌و نیشانی دا کە بڕیارەکانی دروستن.

ئەودەم کۆماری ئیسلامی بە زۆر هۆکاری ئابووری، سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و جەنگی ئێران‌و عێراق کەمتر لە ژێر چاوی کۆنترؤڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو‌و لە راستیدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆر جار چاویان لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران‌و مافی نەتەوەکان لە ئێران‌و مافی کەمایەتییە ئائینییەکان دەپۆشی. بەو مانەیە کە ئەودەم هەژموونی رێژیمی ئێران بە ناوی ناردنی شۆڕش بۆ دەرەوەی ئێران‌و بوونی سەمپاتی بۆ ئەو رێژیمە بە هۆی جەنگی ئێران‌و عێراقیشەوە لە نیوخۆ‌و زۆر هۆکاری دیکەی وەک سەرکوت‌و ترس‌و تۆقان‌و ئەشکەنجە‌و هەڕەشە لە سەر خەڵک، یارمەتیدەری رێژیم بوون بۆ ئەوەی کە رەوتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان وەک ئەوەی کە دەیەوێ ئەندازیاری بکات، کێی بوێ بینێرێتە مەجلس یان خوبرەگان‌و کێی بوێ بیکا بە رێبەر‌و چۆنی بوێ دەنگدانەکان نیشان بدات. ئەودەم زۆر بوون ئەو حیزبانەی کە ئەو هەڵبژاردنانەیان لە لا نادێموکراتیک بووە‌و هەڵوێستی خۆیان دەربڕیوە. راستە کە خەڵک بەشدارییان کردووە هەر لەو هەڵبژاردنانە، بەڵام لە راستیدا ئەوە بەو مانایە نییە کە حیزبەکان هەڵە بوونە لە ناسینی نێوئاخنی ئەو رێژیمە. راستە کە بایکۆتیان کردووە‌و بە قەولی کاک خالد هەڵبژاردن هەر بەڕێوە چوونە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ئەو رێژیمە بە فەرمی بناسرێ‌و حیزبەکان هەڵەیان کردبێ. خەڵک لە ژێر گووشاری ئابووری، سیاسی‌و کۆمەڵایەتی براونەتەوە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە ئەو خەڵکە ئەو رێژیمەیان قەبووڵ بووە!

بەو کورتە باسە لە سەر ئەوکاتی بەشداری لە هەڵبژاردنەکان‌و دروستیی سیاسەت‌و دووربینیی حیزبی دێموکرات، دەپەرژێینە سەر باسی ئێستای هەڵبژاردنەکان.

باڵانسی هێز‌و بارودۆخی رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە. جاران رێژیم بۆی گرنگ نەبوو کە کێ بەشداری دەکات‌و کێ نایکات، لەبەر ئەوەی هەم لە نێوخۆ‌و هەم لە ئاستی دەرەوە زەمانەتی خۆی کردبوو. جاران‌و لە نزیک بە بیست ساڵ پێشەوە بە وەڕێخستنی کوشتنە زنجیرەییەکان هەوڵی دەدا کە ویستی دێموکراسیخوازی لە ئێراندا لە خشتە بەرێ‌و کەسیش نەتوانێ پێشی بگرێ، جاران رێژیمی ئێران دەیتوانی روداری بکات لە ئاست کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و بەردەوام هەڕەشە‌و گوڕەشەی دەکرد.

ئێستا یارییەکە گۆڕاوە. رێژیمی ئێران لە پێنج وڵاتی ناوچەکەدا دووچاری جەنگێکی گەورەیە، لە پێوەندی لەگەڵ چەکی ناوکی ،خۆی تەسلیمی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد‌و لە زۆر شتی خۆی پاشگەز بوویەوە. رێژیمی ئێران ئێستا بە دوای رێگە چارەیەکی گونجاوترە بۆ ناردنی شؤڕش بۆ دەرەوەی ئێران‌و وادیارە لەو کارەشی زۆر سەرکەتوو نابێ. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ئاستی نێوخۆشدا کێشەکان چەند هێندە بوونەتەوە.

لە لایەک نەسڵێک ئێستا لە ئێراندا زەق بۆتەوە کە خۆی لە قەوارە‌و سیستمی کۆماری ئیسلامیدا نابینێتەوە. ئەو نەسڵە ئێستا راوێژوەرگر نییە لە نەسڵی پێش خۆی‌و بگرە بڕیاردەرە کە دەیەوێ چی بکات بۆ داهاتووی، لە لایەکی دیکەوە کایەکان گۆڕاون لە نێوخۆی رێژیمدا‌و سپای پاسداران هەموو جمگە سیاسی ئابوورییەکانی وڵاتی لە چنگ گرتووە‌و بە دوای ئەوەوەن کە رێبەرێکی دیکە بۆ وڵات هەڵبژێررێ کە خۆیان دەیانەوێ. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر لە نێوخۆی رێژیمدا بە هۆی نەخۆشبوونی خامنەئئ‌و پرسی بوونی رێبەرێک بۆ داهاتووی رێژیم‌و هەندێک پرسی دیکە لەسەر بەڕێوەبردنی نیزامی کۆماری ئیسلامی، کۆمەڵێک کێشە هەنە. لە ئاستی ناوچەکە، هەندێک رووداو ئەگەری رودانیان هەیە‌و کۆماری ئیسلامی لە ژێر گووشارێکی بەرچاودایە‌و وەک دەبینین ئاڵیانسی وڵاتانی عەرەبی‌و سوننەی ناوچەکە ئێستا زۆر بوێرانەتر لە بەرانبەر رێژیمی کۆماری ئیسلامیدا دەوەستن.

راست ئا لێرەدایە کە بایکووتی هەڵبژاردنەکانی " خبرگان"‌و " مجلس" نەک هەر کارێکی دروستە، بگرە زۆر زۆر پێویستە لەم کاتەدا. دوایین بەلگە بۆ ئەوەی کە بسەلمێنرێ ئەو رێژیمە خەریکە لە لایەن خەڵکەوە پشتی تێدەکرێ، ساڵیادی ٢٢ی رێبەندانی ئەمساڵ بوو کە لە راستیدا خەڵکی ئێران بە گشتی هەر لەو رۆژەدا وەڵامی نایان بەو رێژیمە گووت‌و ئەمجارە بەشدارییەکی زۆر کەمی خەڵک دەبینرا. گەر جاران بە قەولی کاک خالد عەزیزی ئێمە هەر بایکوتمان کردووە‌و ئەو رێژیمە هەر هەڵبژاردنەکانی خۆی بەڕێوە بردووە‌و هیچ کاریگەرییەک لەسەری نەبووە، نابێتە هۆکار بۆ ئەوەی کە ئێمە بڵێین لەم هەڵبژاردنەدا بەشداری بکەین. بەپێچەوانە، لەم کاتەدا کە دەنگی خەڵک کاریگەر دەبن لەسەر گشتییەتی رێژیم‌و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئێستا بەرژەوەندییەکانی لەوەدایە کە لەگەڵ دیموکراسیدا یەکانگیری بکات، پێویستە ئوپوزسیۆن بە گشتی بایکوتی چالاک وەبەر بدات. کاک خالد عەزیز کە لە " ئێن. ئار. تی" وتووێژ دەکات، دەڵێ کە هونەر نییە زوو بایکوت بکەین، ئێمە دەبێ چاوەڕێ بین بزانین رووداوەکان چۆن دەبن!

بە باوەڕی من ئەوە ئەوپەڕی لاوازیی لایەنێک نیشان دەدات کە بیەوێ چاوەڕێی ئەوە بێ لە یەک حەوتوو یان چەند رۆژی پێش هەڵبژاردنەکان‌و ئەویش بە دڵەڕاوکێوە رای خۆی بە خەڵک بڵێ.

بوونی رێکخراو‌و دانانی پلان‌و بەرنامە بۆ ئەنجامی چالاکییەکی بەربڵاوی وەک بایکۆتی چالاک ـ بەو ناسینەی کە لەسەر ناسنامەیەکی ناسراوی وەک کۆماری ئیسلامی هەمانە ـ پێویستیی بە کات هەیە‌و بە پیچەوانەی رای ئەوان حیزبێکی بەهێز‌و خاوەن تەشکیلات‌و بە پلان ،دەبێ زۆر جار پێش رووداوەکان بکەوێ‌و بە خەڵکەکەی بڵێ کە خۆیان بۆ چی شتێک ئامادە بکەن.

 

---------------------------------------------------------------------------------------------------

ـ بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌و ماڵپه‌ڕ له رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ئێره‌ كلیك بكه‌


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1103
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy