بریارە بۆ جارێکی تر، لە رێکەوتی ٧ی مانگی ڕەشەممەی ئەمساڵدا، خولی دەیەمی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شووڕای ئیسلامیو خولی پێنجەمی مەجلیسی بژاردەکان “خبرگان”ی ڕێبەری، لە ئێران بەڕێوە بچێ. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ڕاگەیەندنەکاندا هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی کۆمەڵانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان پەلکێش بکەنو تەنانەت لەم مەیدانەدا، خامنەیی رێبەری ئەو رێژیمە بە پانەوە داوای کرد، دژبەرانی کۆماری ئیسلامی برۆنە سەر سندوقەکانی دەنگدانو دەنگ بدەن. کەچی هەر ئەو رێژیمە سەرەرای زۆر بەربەستو فیلتێر زۆربەی پاڵێوراوەکانی پاڵێوەناننو ناردینیەوە ماڵەوە… بانگەوازو تا رادەیەک پاڕانەوەی دەسەڵات بۆ بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکان دا، لەو روانگەوە نیە کە باوەڕی بە دەسەڵاتی خەڵکو بەشداری چالاکانەی هاووڵاتیان بۆ زاڵ بوون بەسەر چارەنووسی خۆیان دا بێ. بەڵکوو بۆ ئەوەیە لە دانوستاندنو کێشمەکێشی دیپلۆماسی دا وەکوو کارێتکی براوە پشتی پێ ببستێ بۆ ئەوەی نیشان بدات کە بە زۆری سەرەنێزە حوکم ناکاتو پێگەو پشتیوانی جەماوەی هەیەو لەم دەروەوە گەرەکیە مەشرۆعیەت بۆ خۆی دەستەبەر بکاتو هەرچەشنە نارەزایەتیو مافخوازیەک وەکوو هەمیشە سەرکوت بکات… کەوایە لە وەها دۆخێک دا ئەرکی ئێمەو وەکوو لایەنگرانی هەڵبژاردنی ئازادو دێموکراتیکو باوەڕمەند بە دێموکراسی، دەبێ چ بێ جیا لە هەوڵدان بۆ بایکوت کردنێکی چالاکانەو بەربڵاوو؟
ئێمە دەبێ هەوڵبدەین کە کۆمەڵانی خەڵک لە وەها هەلومەرجێک دا نەرۆنە سەر سندوقەکانی دەنگدانو بە کەڵک وەرگرتن لە مافی دەنگنەدان لە هەمبەر بارودۆخی زاڵ وەدەنگ بێنو نارەزایەتی خۆیان نیشان بدەن، دەبێ ئەو ترسە بشکێ کە دامودەزگای سەرکوتکەرو داپلۆسێنەر دواتر کە ناسنامەکانیان مۆر نەخوات ئەوا کێشەو ئاستەنگی ئیداریان بۆ ساز دەکەن! بابەتەکە ئەوەیە کە بەشداری کردن هیچ چەشنە گۆرانێکی بە قازانجی مافو ئازادییەکانی خەڵک لێناکەوێتەوەو یارمەتی بە گەشەو بوژانەوەی ئابوری وڵات ناکات، لە ڕابردوودا لانیکەم لە نێوچەکانی دیکەی ئێران کە مەودای نێوان دەسەڵاتو خەڵکەکەی بە رادەی کوردستان دوور نیە، ئەمە تاقیکراوەتەوە. هەتاکوو ئێستاش روانگەی دەسەڵات سەبارەت بە کوردستان روانینێکی ئاسایشیو چەکداریە. جیا لەمانەش هەڵبژاردن لە بنەرەتدا وەکوو چەمکێکی دێموکراتیک لەگەڵ فەلسەفەریو باوەری جەوهەری رژیم یەکناگرێتەوە. با لێرەدا ئاماژە بە چەند نموونەیەک بکەین. یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئەو رژیمە واتە “بەنی سەدر” بە جلوبەرگی ژنانەوە لە ئێران هەڵات. یەکەم سەرۆک وەزیری ئەو رژیمە واتە “مووسەوی” بە تاوانی هەوڵدان بۆ رازاندنەوەی روخساری خوێناوی رژیم، ئەوە لە گرتووخانەیە. سەرۆکی مەجلیسی شەشەم واتە ئاغای کەرووبی بە هەمان شێوە. لە بیرمانە کە مەجلیسی کەرووبی دەیویست کۆمەڵێک یاسای بەرتسک لەهەمەبر ئازادی چاپەمەنی پەسەند بکات، کە دواتر خامنەیی نامەی لێ نووسینو پێیراگەیاندن واز لەو بابەتە بێننو هەرواشیان کرد. کەرووبی بۆ یەکمجار بە فەرمیی لە نامەکەی وەلی فەقیە وەکوو “حکم حکومتی”، ناوی برد. کەوایە لە وەها نیزامێکدا چ دەرەتانێک بۆ خزمەت بە ئازادیو دێموکراسیو دادپەروەری هەیە کە داوا بکرێ خەڵک بەشداری ئەو شانۆسازییە بن کە بە ناڕەوا ناوی هەڵبژاردنی لێنراوە؟! دەنا هەر لە تەمەنی کۆماری ئیسلامی دا، هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆمار، مەجلیسی شورای ئیسلامی، مەجلیسی خوبرەگانو هەڵبژاردنی شۆراکان بەرێوە چوە.. لە پاش شۆرشی گەلانی ئێران لە ١٩٧٩ بە دواوە سەرجەم تاکوو ئێستا، ١٢ جار هەڵبژاردن بۆ سەروککۆماری، ١٧ جار هەڵبژاردنی مەجلیسی شورای ئیسلامی، ٥ جار مەجلیسی خوبرەگانو ٤ جار هەڵبژاردن بۆ شوراکانی شارو دێ بەڕیوە چووە. ئەمە جیا لەوەی کە ٣ جار گشتپرسی کراوە بۆ: ١. ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ بۆ دەسنیشانکردنی سیستمی بەڕیوەبەری. ٢. بۆ دیاری کردنی یاسای بنەڕەتی وڵات لە سالی ١٣٥٨ی هەتاوی دا، ٣. هەروەها گوڕانکاری لە یاسای بنەڕەتی دا لە ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی دا. با لایەنگرانی نیزامی ولایەتی فەقیە پێمان بیژن کە کام یەک لەم هەڵبژاردنانە لە خزمەت خەڵکو مافو ئازادییەکانی ئەوان دا بوە تاکوو ئەوانەی ٧ی رەشەممەی ئەمساڵ بۆ خەڵکو لە پێناو خەڵک دا بن. با بە کورتی بیبرێنیەوە، بە گوێرەی یاسای بنەرەتی ئەو وڵاتە خەڵک رانەمەڕنو وەلی فەقیە شوانەو ئەم چەمکە بە وردی لە باوەڕو جیهابینی کۆماری ئیسلامی دا رەگی داکوتاوە. کەوایە ئەو رەوتە چەواشەکارەی لە کوردستان بانگەوازی ئەوە دەکات کە گەرەکیانە ئەزموونی خەباتی باکوور لە رۆژهەڵات دووپات کەنەوە، بە تەواوەتی ناراستە. چوونکە خەباتی باکوورو سیستەمی ئێرانو تورکیە عەرز تاکوو ئاسمان لێک جیاوازنو لەگەڵ ئەمەش دا، سەرەڕای بوونی دەرفەتو بوار بۆ تێکۆشانی سیاسیی ئازادانە لە تورکیا هەیە، جا با کەمیش بێ. هەروەها خەباتگێرانی کوردی باکوور لە شار سوێند بەسەری بەرێز ئۆجەلان دەخۆنو خۆیان لە تێڕوانینی قەندیڵ دانەبڕیوە، کارم بە چاک یان خراپی ئەم روانگە نیە. مەبەستمە ئەوە بێژم کە لە رۆژهەڵات، ئەگەر کەسێک بیهەوێ شتێک بکات، ئەوە بۆ سەلماندنی نیازپاکیو وەفاداری بە کۆماری ئیسلامی بە هێرش کردنو جنێودان بۆسەر حیزبە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەست پێدەکەنو هەوڵ دەدەن کە پاساو بۆ ئەو هەموو تاوانو غەدرە بێنەوە کە کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە گەلی زوڵملێکراوی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کردویەتی. ئەوانەی بڕوبیناووی ئەوە دێنەوە کە گۆیا خەڵک هەر بەشدار دەبنو با بایکۆتی نەکەین، یان وەکوو خۆیان باس دەکەن با خەڵک “دەستەوەستان” نەبێ، لە بەرانبەر ئەم تێروانینە سەقەتەدا، ئەو پرسیارە دێتەگۆڕێ کە ئەرکی تێکۆشەری سیاسییو حیزبی دەروەست چی بەسەر دێت. ئەمن پێم وایە بە جێگای ژەنینی ئەم سازەناسازە، باشترە چالاکانە تێبکۆشین بۆ ئەوەی خەڵک لە مافی بەشداری نەکردن لەو بە ناو هەڵبژاردنەدا کەڵک وەرگرنو بەم جۆرە رژیم لە گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی ناکام بێڵنەوەو بە جیهان نیشان بدەن کە ئەو سیستەمە نوێنەرایەتی ئەوان ناکات… لانیکەمی ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە نەبینە بەشێک لەو گاڵتەجاریەی کۆماری ئیسلامی ناوی ناوە هەڵبژاردن!
---------------------------------------------------------------------------------------------------
ـ بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهر، ماڵپهڕو
ههروهها ئاگاداربوون له بابهتی نوێی ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه

